خەواندنی موگناتیسی

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی - به‌روار: 2021-10-29-23:36:00 - کۆدی بابەت: 7040
خەواندنی موگناتیسی

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

خەواندنی موگناتیسی کە پێشی دەوترێت چارەسەری موگناتیسی دۆخێکی هاوشێوەی لەهۆش خۆچوونە کە تێیدا سەرنج و چڕبوونەوەی بیر زیاد دەکات، خەواندنی موگناتیسی زۆرجار بە یارمەتی کەسێکی شارەزا و چارسەرکەری سروشتی ئەنجامدەدرێت بە بەکارهێنانی چەند وشەیەکی دووبارە و ئاماژەی تایبەت بە چارەسەر، کاتێک کەسێک لەژێر خەواندنی موگناتیسی دایە هەست بە ئارامی و ئاسوودەیی دەکات، خەواندنی موگناتیسی یارمەتیدەرە بۆ بەدەستهێنانی کۆنترۆڵ بەسەر خوڕەوشتی نەخوازراو، هەروەها دەتوانێت یارمەتیدەربێت بۆ باشتر زاڵبوون بەسەر دڵەڕاوکێ و ئازاردا، زیاتر توانای هەیە گۆڕانکاری لە ژیانیدا بکات و گوێ لە پێشنیارەکانی دەوروبەر بگرێت.

سوودەکان

چارەسەر بە خەواندنی موگناتیسی کاریگەرە بۆ ڕووبەڕووبونەوە لەگەڵ پەستانی دەروونی و دڵەڕاوکێ، هەروەها کاریگەری هەیە بۆ:

  • کۆنترۆڵکردنی ئازار: خەواندنی موگناتیسی یارمەتیدەرە بۆ کەمکردنەوەی ئەو ئازارانەی کە بەهۆی سووتان، شێرپەنجە، منداڵبوون، ئازاری ڕیخۆڵە، ڕیشاڵەئاوسان، نەخۆشییە دەروونییەکان و سەرئێشەوە تووشی مرۆڤ دەبن.
  • گەرمبوونی بەشی سەرەوەی لەش: خەواندنی موگناتیسی دەتوانێت نیشانەکانی گەرمبوونی سەرەوەی لەش کە پەیوەندی هەیە بە کەوتنە تەمەنی نائومێدییەوە کەم بکاتەوە.
  • گۆڕانی هەڵسوکەوت: خەواندنی موگناتیسی لە چەندین چارەسەری وەک خەوزڕان، تەڕکردنی جێگا، جگەرە کێشان، زۆرخۆریدا سەرکەوتوو بووە.
  • چارەسەری کاریگەرییە لاوەکییەکانی شێرپەنجە: خەواندنی موگناتیسی دەتوانێت کاریگەرییە لاوەکییەکانی پەیوەست بە چارەسەری کیمیایی و تیشکدانەوە کەم بکاتەوە.
  • کێشە دەروونییەکان: خەواندنی موگناتیسی یارمەتیدەرە لە چارەسەری نیشانەکانی دڵەڕاوکێ و فۆبیا و پەستانی دەروونی توند.

چۆن کار دەکات؟

بە درێژایی خەواندنی موگناتیسی، کەسێکی بە ئەزموون یان چارەسەرکەرێکی سروشتی دەتخاتە دۆخێکی چڕی بیرکردنەوە و ناوەندێکی سەرنجدان، ئەمە پرۆسەیەکی ڕێنموونی کراوە بە ئاماژەی زارەکی و دووبارەبووەوە، ئەو دۆخە هاوشێوەی لەهۆش خۆچوونەی دەکەویتە ناوی لە هەندێک ڕووەوە وەک خەوتن وایە، بەڵام تۆ بە تەواوی ئاگاداری لەوەی لە چواردەورت چی ڕوودەدات، کاتێک دەکەویتە خەواندنی موگناتیسی چەند پێشنیارێکی ڕێنموونی کراو دانراوە بۆ ئەوەی یارمەتیدەر بێت تاکوو بگەیت بە ئامانجی چاکبوونەوەکەت، چونکە دەکەویتە دۆخێکی بەرزی سەرنجەوە زیاتر ئامادەباشیت بۆ وەرگرتنی پێنشیار و ئامۆژگاری کە لە دۆخی ئاسایی خۆتدا لەوانەیە ئەو پێشنیار و ئامۆژگارییانا ڕەت بکەیتەوە، کاتێک چارەسەرەکە کۆتایی هات ئەوا چارەسەرکەر خۆی بە ئاگات دێنێتەوە یاخود لەوانەیە خۆت لەو دۆخە دەرچیت.
چارەسەر بە خەواندنی موگناتیسی وەک ئەوە وایە کە چارەسەرکەر چەند تۆوێک لە بیرکردنەوەی جیاواز بخاتە مێشکت لە دۆخی لەهۆش خۆچوونتدا، پاشان لە ماوەیەکی نزیکدا ئەم تۆوانە ڕەگ دادەکوتن و سەرکەوتوو دەبن، واتە مێشکت ئامادەباش دەبێت بۆ وەرگرتنی پێشنیار و ڕێنموونییەکان.

چی بەسەر مێشکدا دێت لە کاتی خەواندنی موگناتیسیدا؟

  • ئەو دوو ناوچەیەی مێشک کە بەرپرسن لە بە پڕۆسەکردن و کۆنترۆڵکردنی ئەوەی لە لەشدا ڕوودەدات، زیاتر چالاک دەبن لە کاتی ئەم چارەسەرەدا.
  • ئەو بەشەی مێشک کە بەرپرسە لە کردارەکانت و هەروەها ئەو بەشەی کە ئاگاداری کردارەکانتە ناپەیوەست دەبن لە کاتی خەواندنی موگناتیسیدا.

زیانەکان

هەرچەند کاریگەری لاوەکی و زیانی خەواندنی موگناتیسی دەگمەنە، بەڵام لەوانەیە ببێتە هۆی:

  • سەرئێشە.
  • تەمبەڵی.
  • دڵەڕاوکێ و پەستانی دەروونی.
  • دروستکردنی بیری نەرێنی.

ئاگاداربە ئەگەر چارەسەر بە خەواندنی موگناتیسی پێشنیارکرا وەک ڕێگایەک بۆ تێپەڕین بە ڕووداوە پڕ پەستانە دەروونییەکانی ڕابردوودا، ئەوا لەوانەیە ئەم چارەسەرە ببێتە هۆی هەستیاری دەروونی توند و مەترسی دروستکردنی بیرەوەری نەرێنی.


سەرچاوەکان



2111 بینین