ڤیتامین C بۆ منداڵ

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2021-12-16-00:11:00 - کۆدی بابەت: 7267
ڤیتامین C بۆ منداڵ

ناوه‌ڕۆك

ڤیتامین C چییە؟

ڤیتامین C ڤیتامینێکه کە لە ئاودا دەتوێتەوە و جەستە خۆی ناتوانێت بەرهەمی بهێنێت و دەبێت لە سەرچاوەیەکەوە وەریبگرێت، ئەم جۆرە ڤیتامینە ڕۆڵێکی گرنگی هەیە بۆ جەستەی منداڵ چونکە دەبێتە هۆی بەهێزبوونی کۆئەندامی بەرگری جەستە و زیادبوونی مژینی ئاسن و بەرهەمهێنانی کۆلاجین، کە کۆلاجین گەورەترین پڕۆتینی ناو لەشی مرۆڤە.
ئەم ڤیتامینە وەک دژە ئۆکسانێک لە جەستەدا کاردەکات و دژە ئۆکسانەکان پارێزگاری دەکەن لە خانەکانی جەستە دژی هێرشەکانی تەنۆلکە سەربەستەکان، تەنۆلکە سەربەستەکان ماددەی کیمیایی زۆر زیانبەخشن کە زیان دەدەن لە خانەکانی جەستە، دژە ئۆکسانی وەک ڤیتامین C دەتوانێت بلکێت بە تەنۆلکە سەربەستەکانەوە و هێزی زیانەکەی کەم بکاتەوە بۆ سەر خانەکان.

ڤیتامین C بۆ منداڵ

ئەم ڤیتامینە بە شێوەیەکی سروشتی جەستە بەرهەمی ناهێنێت و دەبێت لە سەرچاوەی دەرەکییەوە دەستی بکەوێت، منداڵان لەچاو گەورەکاندا پێویستیان بە ڤیتامین C کەمتر هەیە، کە بڕەکەی بەمشێوەیەیە بۆ منداڵ:

  • منداڵ تاکوو تەمەنی ٦مانگی ڕۆژانە: ٤٠ میلیگرام 
  • منداڵی ٦ مانگ تاکوو ١ ساڵ ڕۆژانە: ٥٠ ملیلیگرام

ڤیتامین C بۆ ئەو منداڵانەی کە شیری دایکیان دەخۆن

ئەو خانمانەی کە شیری خۆیان دەدەن بە منداڵەکەیان، بۆ ئەوەی ڤیتامین C پێویست دابین بکەن بۆ جەستەی منداڵەکەیان دەبێت وەرگرتنی ئەم ڤیتامینە زیاد بکەن بەتایبەت بۆ ئەو منداڵانەی کە هێشتا ناتوانن خواردن بخۆن و تاکە سەرچاوەیان شیری دایکیانە، دەبێت ڕۆژانە ١٢٠ میلیگرام ڤیتامین C وەرگرن کە ئەم بڕە زیاترە لە ٪٦٠ـی ڤیتامین C ئەو خانمانەی کە شیر نادەن.

ڤیتامین C و شیری وشک

شیرە وشکەکان ڤیتامین C پێویستیان تێدایە و بۆیە پێویست بە ترس ناکات و منداڵەکە بڕی پێویستی دەست دەکەوێت.

زیادەڕەوی لە بەکارهێنانی ڤیتامین C بۆ منداڵ

بەپێی ڕاگەیەندراوی دامەزراوەی تەندروستیی میلـلی شیری وشک و شیری دایک و ماددەی خۆراکی دەبێت تاکە سەرچاوەی ڤیتامین C منداڵ بن، بەکارهێنانی تەواوکەری ماددەی خۆراکیی ڤیتامین C بۆ منداڵێکی تەندروست پێویست نییە و ئەگەر زۆریش بەکاربهێنرێت زیانبەخشە و منداڵەکە ژەهراوی دەبێت بە ئەم ڤیتامینە کە دەکرێت تووشی ئەم حاڵەتانە ببێت:

تەنها ئەو منداڵانە دەتوانن تەواوکەری ماددەی خۆراکیی ڤیتامین C وەرگرن کە ناتوانن ئەم ڤیتامینە بە بڕی پێویست وەرگرن لە شیر و ماددەی خۆراکییەوە و بۆیە پزیشک ئەم چارەسەرەیان بۆ دادەنێت و لەم حاڵەتەدا دەتوانن وەریبگرن ئەویش تەنها لە ژێر چاودێری پزیشکدا.

کەمبوونەوەی ڤیتامین C

کەمیی ڤیتامین C ئەوەندە حاڵەتێکی باو نییە و تەنها لە کۆمەڵێک حاڵەتی تایبەتدا منداڵ تووشی کەمبوونەوەی ڤیتامین C دەبێتەوە ئەوانیش وەک، کێشەکانی کۆئەندامی هەرس، شێرپەنجە، نەخۆشی پەیوەست بە مێشکەوە، کەمبوونەوەی توندی ئەم ڤیتامینە هۆکاری سەرەکی یەکێک لە نەخۆشییە مەترسیدارەکان کە ناسراوە بە (Scurvy) کە نیشانەکانی ئەمانەن:

  • خوێنبەربوونی پووک.
  • شینبوونەوەی بێ هۆکاری پێست.
  • ماندوویەتی.
  • کەمبوونەوەی حەزی خواردن.

سەرچاوەی خۆراکی بۆ وەرگرتنی ڤیتامین C 

لە دوای تەمەنی ٦ مانگییەوە کە ئیتر خواردن دەدرێت بە منداڵ و جگە شیری دایک و شیری وشک سەرچاوەیەکی دیکە هەیە بۆ وەرگرتنی ڤیتامین C ئەویش خۆراکە کە ئەمانەن:

  • ٢٣ گرام بیبەری سووری شیرین ڕۆژانە ٪٥٨ـی ڤیتامین C بۆ منداڵەکە دابین دەکات.
  • ٤١ گرام شلیک ڕۆژانە ٪٤٨ـی ئەم ڤیتامینە دابین دەکات.
  • ٤٤ گرام کێوی ڕۆژانە ٪٨٢ـی ئەم ڤیتامینە دابین دەکات.
  • ٤٩ گرام لالەنگی ڕۆژانە ٪٢٦ـی ئەم ڤیتامینە دابین دەکات.
  • ٢٤ گرام بڕۆکلی ڕۆژانە ٪٣١ـی ئەم ڤیتامینە دابین دەکات.

کۆمەڵێک خۆراکی دیکە کە سەرچاوەیەکی  باشن بۆ ڤیتامین C:

مزرەمەنییەکان، ترێی ڕەش، دانەوێڵە، برنج، کەلەرم، مەعکەرۆنی، سڵق، ماسی، گۆشت، هێلکە، پەتاتە، شیر، پەنیر، ماست.

سوودەکانی ڤیتامین C بۆ منداڵ

  • بەهێزکردنی کۆئەندامی بەرگری جەستە تا بتوانێت زاڵ ببێت بەسەر نەخۆشییەکان و بەرگەیان بگرێت.
  • مەترسی توشبوون بە شێرپەنجە و ئەنفلۆنزا کەم دەکاتەوە ئەویش بەهۆی ئەوەی کە کۆئەندامی بەرگری جەستە بەهێز دەکات.
  • جەستە بەهێزتر دەکات و ماسولکەکان پتەو دەکات.


سەرچاوەکان



691 بینین