هەوکردن

له‌لایه‌ن: - ڕابەر محەمەد - به‌روار: 2021-12-20-01:43:00 - کۆدی بابەت: 7316
هەوکردن

ناوه‌ڕۆك

هەوکردن چییە؟

هەوکردن (بە عەرەبی إلتهاب، بە ئینگلیزی Inflammation) زنجیرە ڕووداوێکە کە خڕۆکە سپییەکان و بەرهەمەکانیان لەش دەپارێزن لە میکرۆبەهەوکردن و هێرشکەرە دەرەکییەکانی وەکو بەکتریا و ڤایرۆس، بەڵام لە هەندێ نەخۆشیدا وەکو نەخۆشی هەوکردنی جومگەی ئێسک، کۆئەندامی بەرگری هانی هەوکردن دەدات کاتێک کە کارتێکەری دەرەکی نەبێت تاکو ڕووبەڕووی ببێتەوە، لەو خۆییە بەرگرییە نەخۆشیانەدا کۆئەندامی بەرگری پەلاماری شانەی ساغ دەدات و تێکی دەدات.

جۆرەکانی هەوکردن

هەوکردن لەوانەیە کورتخایەن یان درێژخایەن بێت، هەوکردنی کورتخایەن ماوەی چەند کاتژمێرێک تا چەند ڕۆژێک دەخایەنێت، بەڵام هەوکردنی درێژخایەن چەندین مانگ و ساڵ دەخایەنێت، تەنانەت ئەگەر هۆکاری هاندەریش بوونی نەمابێت، ئەو حاڵەتانەی کە پەیوەستن بە هەوکردنی درێژخایەن ئەمانەن: 

شێرپەنجە.
 • نەخۆشیەکانی دڵ.
 • نەخۆشی شەکرە.
 • ڕەبۆ.
 • نەخۆشی ئەلزەهایمەر (لەبیرچوونەوە). 

نیشانەکانی هەوکردن

 • سووربوونەوە.
 • ئاوسانی جومگە لە کاتی دەست لێدان.
 • ئازاری جومگە.
 • ڕەقبوونی جومگە و لەکارکەوتنی.
زۆرجار تەنها یەک یان دوو نیشانەی هەوکردن بەیەکەوە دەردەکەون، واتا مەرج نییە هەمو نیشانەکان پێکەوە دەربکەون، دەشێت هەوکردن ببێتە هۆی دەرکەوتنی نیشانەکانی هەڵامەت، لەو نیشانانە:

 • تا
 • خوراندن.
 • بێ توانایی و بێهێزی.
 • سەرئێشە.
 • نەمانی ئارەزووی خواردن.
 • ڕەقبوونی ماسولکەکان.

هۆکارەکانی هەوکردن و کاریگەری هەوکردن لەسەر لەش

کاتێک کە هەوکردن ڕوودەدات ماددە کیمیاییەکانی ناو خڕۆکە سپییەکان دەچنە ناو سوڕی خوێن یان شانەکانەوە بۆ پاراستنی لەش لە تەنی نامۆ و هێرشکار، ئەمەش سوڕی خوێن بۆ ئەو ناوچەیە زیاد دەکات کە زیانی بەرکەوتووە یان تووشی میکرۆبەهەوکردن بووە، هەروەها ئەو ناوچەیەش سووردەبێتەوە و گەرم دادێت، هەندێک ماددەی کیمیایی دەبنە هۆی دزەکردنی بڕێکی زۆر لە شلە بۆ ناوچەی دیاریکراو ئەم ڕووداوەش شانەکە دەئاوسێنێت، لەوانەیە ئەم پڕۆسە پارێزەرەش دەمارەکان هان بدات و ئازار دروست بکات.
تێپەڕبوونی کات، ژمارەیەکی زۆر لە خڕۆکە سپییەکان و دروستکراوەکانیان لە نێو جومگەکاندا بە پلەبەندی دەبنە هۆکاری ڕووشاندن و هەڵاوسانی ناوەکی بۆ جومگەکان، پاشان لەدەستدانی کڕکڕاگە (سەرینی کۆتایی ئێسکەکان)

چۆن نەخۆشیەکانی پەیوەست بە هەوکردن دیاری دەکرێن؟

پزیشکی پسپۆڕ دەربارەی مێژووی نەخۆشیەکە دەپرسێت هەروەها پشکنینی جەستەیی ئەنجامدەدات و بەتایبەت تیشک دەخاتەسەر:
- شێوازی ئازاری جومگە و دڵنیابوونەوە لەوەی کە ئایا نیشانەکە نیشانەی هەوکردنە؟
- ڕەقبوونی جومگە لە بەیانیاندا، هەروەها نیشانەکانی دیکەش، لەگەڵ ئەوەشدا تەماشای ئەنجامی X-ray و پشکنینی خوێن دەکات، لەو دیارخەرە زیندەییانە:
 - C-reactive protein (CRP)
- Erythrocyte sedimentation rate (ESR)

ئایا هەوکردن کاردەکاتە سەر ئەندامە ناوەکییەکان؟

هەوکردن وەک بەشێک لە خۆییە بەرگرییە نەخۆشیەکان دەتوانێت کاریگەر بێت، نیشانەکان پشت دەبەستێت بەوەی کە ئایا کام ئەندام کاریگەر بووە بە هەوکردنەکە؟ بۆ نموونە:
- هەوکردنی خانەکانی دڵ لەوانەیە هۆکاری هەناسەکورتی و کۆبوونەوەی شلە بێت.
- هەوکردنی بۆری هەوا دەبێتە هۆی هەناسەکورتی.
- هەوکردنی گیرفانەکانی گورچیلە هۆکاری بەرزی پەستانی خوێن و پەککەوتنی گورچیلەیە.
نەخۆشیەکانی هەوکردن ئازاریان نییە چونکە زۆرینەی ئەندامەکان دەماری هەستیار بە ئازاریان نییە بۆی.

چارەسەر

ئەمانە بۆ چارەسەری هەوکردن پێشنیار دەکرێن: دەرمان، پشوودان، ڕاهێنان، نەشتەرگەری باشکردنەوەی تێکچوونی جومگە.
پلانی چارەسەرکردنەکە بەندە لەسەر چەند شتێکی دیکە لەوانە: جۆری نەخۆشیەکە، تەمەن، دەرمان، تەندروستی جەستەیی، چەندێتی قورسیی نیشانەکان.
چارەسەرەکان  لەپێناو دەستەبەرکردنی ئەمانە خوارەوەدا بەکاردێن:
- چارەسەرکردن و کۆنتڕۆڵکردن یان هێواشکردنەوەی نەخۆشی.
- دوورکەوتنەوە لەو کارانە یان گۆڕینی ئەو چالاکیانەی دەبێتە هۆی زیادبوونی ئازار.
- پارێزگاری لە جوڵەی جومگەکان و بەهێزی ماسولکەکان لەڕێگەی چارەسەری سروشتییەوە.

دەرمانەکان

کۆمەڵێک دەرمان دەتوانن ئازار و هەڵاوسان کەمبکەنەوە، هەروەها ڕێگری لە نەخۆشی دەکەن و هێواشی دەکەنەوە، ئاسایی پزیشکان زیاتر لە یەک دەرمان پێکەوە دەنووسن، گرنگترین ئەو دەرمانانەی کە بۆ هەوکردن بەکاردێت ئەمانەن:
- دەرمانی دژە هەوکردنی ناستیرۆیدی: aspirin, ibuprofen, naproxen.
- دەرمانی دژە مەلاریا: hydroxychloroquine.
- دەرمانی دژە ڕۆماتیزم: azathioprine، methotrexate.

ڕێگرییەکان

 • دوورکەوتنەوە لە جگەرەکێشان.
 • دوورکەوتنەوە لە بەکارهێنانی کهول.
 • هێشتنەوەی کێش لە ئاستی ئاساییدا.
 • چارەسەری خەمۆکی.
 • جووڵەی بەردەوام.
 • خواردنی چای سەوز، ئۆمێگا ٣، مەگنیسیۆم، ڤیتامین B6.


سەرچاوەکان



2510 بینین