پشکنینی کریاتینین

له‌لایه‌ن: - ڕابەر محەمەد ڕابەر محەمەد - به‌روار: 2022-01-14-02:00:00 - کۆدی بابەت: 7597
پشکنینی کریاتینین

ناوه‌ڕۆك

پشکنینی کریاتینین چییە؟

کریاتینین (بە ئینگلیزی Creatinine) پاشەڕۆیەکە لە ئەنجامی زیندەچالاکی ماسولکەخانەکان و بەکارهێنانی ماسولکەکانی لەش و زیاد بەکارهێنانی پڕۆتینەوە دروست دەبێت لەناو خوێندا،  کریاتینین لە ڕێگەی خوێنەوە دەگاتە گورچیلەکان و لەوێدا دەپاڵێورێت، پاشان لەڕێگەی میزەوە دەکرێتە دەرەوەی لەش، بەڵام ئەگەر گورچیلەکان بەباشی کار نەکەن بەهۆی نەخۆشییەوە ئەوا لەش ناتوانێ ڕزگاری بێت لە کریاتینین و بەو شێوەیەش ڕێژەکەی لەناو خوێندا بەرزدەبێتەوە و مەترسی لەسەر ژیانی نەخۆشەکە دروست دەکات، چەندین هۆکاری دیکە هەیە کە دەبێتە هۆی زیادبوونی کریاتینین لە خوێندا و پێویستی بە چارەسەری خێرا هەیە، چونکە لەش ناتوانێ بەباشی کاربکات لە کاتی زیادبونی ئەم پاشەڕۆیە.

پشکنینی کریاتینین لە خوێندا

پشکنینێکی سادەیە کە لەپاڵ پشکنینەکانی دیکەدا بۆ کەسێک دەکرێ کە چەند نیشانەیەکی وەکو (هیلاکی، کەمخەوی، کەمبوونەوەی ئارەزووی خواردن، هەڵئاوسانی ڕوخسار و ئانیشک و قوولەپێ، ئازاری خوارەوەی پشت نزیک لەگورچیلەکان، کێشە لەکۆئەندامی میزەڕۆ، بەرزی پەستانی خوێن، هتد) هەبێت، هەروەها ئەم پشکنینە بەمەبەستی چارەسەر دەکرێت یاخود بۆ دیاریکردنی نەخۆشیەکانی گورچیلە وەکو:

• هەوکردنی گورچیلە.
• هەوکردنی گوچیلەکان بەهۆی بەکتریاوە.
• نەخۆشییەکانی پڕۆستات.
• گیرانی کۆئەندامی میزەڕۆ بەهۆی بەردی گورچیلەوە.
• کەمبوونەوەی خوێن بۆ گورچیلەکان بەهۆی پەککەوتنی دڵ و شەکرە.
• دەرمان.

چۆنییەتی خۆئامادەکردن بۆ پشکنینی کریاتینین

پشکنینی کریاتینین پێویستی بە هیچ ئامادەکارییەکی پێشوەختە نییە، نەخۆشەکە پێویست ناکات بەڕۆژوو بێت و دەکرێت هەر بەشێوەیەکی ئاسایی خواردن و خواردنەوەکانی بخوات بۆ ئەوەی ئەنجامی پشکنینەکە بە وردی دەرچێت، لەگەڵ ئەوەشدا پێویستە پزیشکەکە نەخۆشەکەی ئاگاداربکاتەوە سەبارەت بە وەرنەگرتنی هەندێک دەرمان کە ئەگەر پێش پشکنینەکە بەکاربهێنرێت دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی کریاتینین لەخوێندا، لەو دەرمانەنەش:
• سیمتیدین.
• ئازار شکێن و دژەهەوکرنەکانی وەک ئیبۆپڕۆفین.
• چارەسەرەکانی شێرپەنجە و هەندێک لەدژە زیندەییەکان.
پشکنینی کریاتینین  لەڕێگەی وەرگرتنی بڕێکی کەم لەخوێن لە خوێنهێنەری قۆڵەوە ئەنجامدەدرێ و بەگشتی پشکنینێکی سەلامەتە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا چەن کاریگەرییەکی لاوەکی هەیە: 
لەهۆشچوون لە کاتی بینینی خوێندا.
• گێژبوون.
•  سووربونەوە.
•  ئازار.
•  هەوکردنی دەورووبەری ئەو خوێنهێنەرەی کە خوێنەکەی لێ وەرگیراوە.
دواتر نموونەکە دەنێردێت بۆ شیکاری تاقیگەیی و لەماوەیەکی کەمدا ئەنجامەکەی دەردەچێت.

ئەنجامی پشکنینی کریاتینین

ڕێژەی ئاسایی کریاتینین لەپیاواندا (0.7 -1.2) میلیگرام بۆ هەر دیسیلیترێکە (یەکەیەکی پێوانەیە)، بەڵام لە ئافرەتاندا (0.5-1.2) میلیگرام بۆ هەر دیسیلیترێکەو دەکرێت ئەم ڕێژەیە لە لەشدا بەرز بێتەوە بەهۆی چەند هۆکارێک، وەکو:

- نەخۆشی درێژخایەنی گورچیلە: کاتێک گورچیلەکان توشی نەخۆشی دەبن ناتوانن بەتەواوی کاربکەن، بەمەش کریاتینین لە خوێن ناپاڵیورێت و لەناو خوێندا دەمێنێتەوە و ڕێژەکەی بەرز دەبێتەوە.
- گیرانی کۆئەندامی میزەڕۆ بەهۆی بەردی گورچیلەوە: یاخود گەورەبوونی پڕۆستات دەبێتە هۆی گیرانی گورچیلەکان و کۆبونەوەی میز تێیدا بەمەش کاریگەری لەسەر کاری گورچیلەکان دەبێت و ڕێژەی کریاتینین بەرز دەکاتەوە.
- وشکبوونەوە: دەبێتە هۆی زیان گەیاندن بەگورچیلەکان و بەرزبوونەوەی کریاتینین لەخوێندا.
- وەرگرتنی لە ڕادەبەدەری پڕۆتین: وەرگرتنی بڕێکی زۆر لەو خۆراکە ماددانەی کە پڕۆتینیان تێدایە وەکو گۆشت کە هۆکارێکە بۆ بەرزبوونەوەی خەستی کریاتینین.
- وەرزشی توند: لەکاتی وەرزشکردنی توندا خانە ماسوولکەییەکان تێکدەشکێن بەمەش بڕێکی زۆر لە کریاتینین دەکەنە ناو خوێنەوە.
- دەرمان: هەندێک لەدژە زیندەییەکان(ئەنتیبایۆتیکەکان) ڕێژەی کریاتینین زیاد دەکەن.

هۆکارەکانی کەمبوونەوەی خەستی کریاتینین لە خوێندا

هەندێک جار ڕێژەی کریاتینین لە خوێندا لەئاستی ئاسایی کەمتر دەبێتەوە بەهۆی ئەم هۆکارانەوە:

- پووکانەوەی ماسولکەکان لە لەشدا بەهۆی تەمەن یاخود بەدخۆراکییەوە، یان هەندێک نەخۆشی درێژخایەن وەک (Myasthenia gravis).

- دووگیانیی، بەهۆی دووگیانییەوە ڕێژەی ڕۆشتنی خوێن بۆ گورچیلەکان زیاد دەبێت، بەمەش بڕێکی زیاتر لە میز و کریاتینین دەکرێتە دەرەوەی لەش.

- کەمبوونەوەی کێش، دەبێتە هۆی پووکانەوەی ماسولکەکان و کەمبوونەوەی کریاتینین.

چەند ڕێنماییەک بۆ کەمکردنەوەی کریاتینین لە لەشدا

  • چارەسەرکردنی ئەو هۆکارەی کە بۆتە هۆی بەرزبوونەوەی کریاتینین.
  • کەمکردنەوەی وەرزشی توند، سەرەڕای سوودەکانی وەرزشکردن، بەڵام دەبێتە هۆی زیادبوونی کریاتینین بۆیە پێویستە ڕاوێژ بە پزیشک بکرێت بۆ دیاریکردنی وەرزشی گونجاو.
  • کەمکردنەوەی ئەو خۆراکە ماددانەی کە کریاتینینیان تێدایە، بەتایبەت لە وەرزشوانەکاندا کە پێویستە خواردنی گۆشتی سوور کەمبکەنەوە و زیاتر گرنگی بەخواردنی سەوزەکان بدەن.
  • خۆپاراستن لەوشکبوونەوە و وەرگرتنی بڕێکی باش لە شلەمەنی.


سەرچاوەکان



1135 بینین