شاخ

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر - به‌روار: 2022-01-22-22:30:00 - کۆدی بابەت: 7670
شاخ

ناوه‌ڕۆك

شاخ چییە؟

شاخ (بە ئینگلیزی: mountain، بە عەرەبی: جبل)، شاخ بەشێکی بەرزە لە توێکڵی زەوی و بە گشتی بە لا تیژەکانییەوە بەردی چینی ژێرە‌وەی زەوی دەردەخات، شاخ بە هەبوونی ناوچەی لووتکە لە بان جیادەکرێتەوە و لە گردیش گەورەترە، هەروەها بەلایەنی کەمەوە 300 مەتر لەسەر زەوی دەوروبەرییەوە بەرزدەبێتەوە، چەند شاخێکی کەم لووتکەکانیان دابڕاون و زۆربەی ئەم حاڵەتانەش لە زنجیرە شاخەکاندا ڕوودەدەن، شاخەکان بەهۆی هێزی تێکتۆنیکی و داخوران یان چالاکی گڕکانییەوە دروست دەبن کە بە پێی کاتپێوی جیۆلۆجی بۆ زیاتر لە دەیان ملیۆن ساڵە کاریگەریان لەسەر دروستبوونی شاخەکان هەیە.

بەرزاییەکانی سەر شاخەکان کەشوهەوایەکی ساردتریان هەیە وەک لە ئاستی دەریا با لە هێڵی پانیشدا هاوشێوەبن، ئەم کەشوهەوا ساردەش بەتوندی کاریگەری لەسەر سیستمی ژینگەیی شاخەکان هەیە، بەرزییە جیاوازەکان ڕووەک و ئاژەڵی جیاوازی تایبەت بە خۆیانیان هەیە، بەهۆی کەمی ناوچەی باش و کەشوهەواوە شاخەکان کەمتر بۆ کاری کشتوکاڵی بەکاردێن و زیاتر بۆ دەرهێنانی سەرچاوە کانزاییەکان بەکاردێن، وەک کانسازی و بڕینی دارەکان، لەگەڵ ئەوەشدا بۆ سەیران و کات بەسەربردن بەکاردێن، وەک شاخەوانی و خلیسکێنە.

بەرزترین شاخی سەر زەوی شاخی ئێڤێرێستە لە هیمالایای ئاسیا، بەرزی لووتکەکەی 8,850 مەترە لە ئاستی دەریاوە، هەروەها بەرزترین شاخی ناسراو لەسەر هەر هەسارەیەک لە سیستمی خۆردا شاخی ئۆلیمپوسە لە مەریخ و بەرزییەکەی‌ 21,171 مەترە.

پێناسە

هیچ پێناسەیەکی پەسەندکراوی جیهانی بۆ شاخ نییە، بەڵام وشەکانی بەرزی، کەڵەکه، بەرزی‌ونزمی، لێژی تووند، مەودا و پێکەوەبەستراو وەک پێوەرێک بۆ ناسینەوەی شاخ بەکار دەهێنران، لە فەرهەنگی ئینگلیزی ئۆکسفۆرددا، شاخ بە بەرزبوونەوەیەکی سروشتی ڕووی زەوی پێناسە کراوە کە کەم یان زۆر و لەناکاو لە ئاستی دەوروبەرەوە بەرز دەبێتەوە و دەگاتە بەرزییەک کە بە شێوەیەکی ڕێژەییانە لە نزیکی بەرزییەکی ھاوسێی گەور یان بەرزەوەیە.

لە بەریتانیا و کۆماری ئیرلەندا، بە شێوەیەکی گشتی وا پێناسەی شاخ دەکرێت کە دەبێت بەرزی لووتکەی شاخەکە بەلایەنی کەمەوە 610 مەتر بێت، کە ئەمەش لەگەڵ پێناسەی فەرمی حکومەتی بەریتانیادا دەگونجێت کە ئەوانیش دەڵێن پێویستە بەرزی لووتکەی شاخ 610 مەتر یان بەرزتر بێت، لەگەڵ ئەوەشدا، هەندێک لە پێناسەکان پێویستی دەرپەڕیووی تۆپۆگرافی لەخۆ دەگرن، وەک بەرزبوونەوەی شاخی 300 مەتری بەسەر زەوییەکانی دەوروبەردا.

لەڕووی زەویزانییەوە

سێ جۆری سەرەکی شاخ هەن، ئەوانیش شاخی گڕکانی و شاخی نوشتاوە و شاخی تۆپەڵە، کاتێک بەشەکانی توێکڵی زەوی دەجوڵێن، دەڕووخێن و نقوم دەبن هەر سێ جۆرەکە لە سینیە تەکتونیەکانەوە پێک دێن، هەروەها هێزە پەستێنەرەکان و جووڵانی بەرەوسەری چینی زەوی بەهۆی تێکتۆنیک و پێکداچوونی ماددەی گڕکانی پاڵ بە بەردی ڕووکەشەوە دەنێن بۆ سەرەوە و شێوەیەکی سروشتی ڕووی زەویی بەرزتر لە شیوەکانی دەوروبەر دروست دەکەن، بەرزی شیوەکە وای لێدەکات یان گردێک بێت یان شاخێک ئەگەر بەرزتر و زۆر لێژ بێت، لەگەڵ ئەوەشدا شاخە گەورەترەکان لە کەوانێکی هێڵی درێژدا دروست دەبن و ئاماژە بە سنوور و چالاکی سینیە تەکتونیەکان دەکەن.

شاخەکان لە قورئانی پیرۆزدا

زانستە هاوچەرخەکانی زەوی ئەوەیان دەرخستووە کە شاخەکان لە ژێر زەویدا ڕەگی بن داکوتاویان هەیە و ئەم ڕەگانە چەند هێندەی بەرزاییەکانی سەر ڕووی زەوین، کەوایە گونجاوترین وشە بۆ وەسفکردنی شاخەکان لەسەر بنەمای ئەم زانیاریانە وشەی "مێخ"ە، هەروەها شاخەکان ڕۆڵێکی گرنگیان هەیە لە جێگیربوونی ڕووی زەویدا و ڕێگری لە لەرزینی زەوی دەکات، خودا لە قورئانی پیرۆزدا دەفەرموێت: ( وَأَلْقَىٰ فِى ٱلْأَرْضِ رَوَٰسِىَ أَن تَمِيدَ بِكُمْ وَأَنْهَٰرًۭا وَسُبُلًۭا لَّعَلَّكُمْ تَهْتَدُونَ) [سورة النحل:15]، واتە: هه‌ر خودا له‌سه‌ر ڕووکاری زه‌وی چیاکانی چه‌سپاندووه تا له‌نگه‌ری بگرێت و ئێوه ئه‌له‌رزێنێت و لارتان ئه‌کاته‌وه‌و ژێره‌و ژوور نه‌بن، هه‌روه‌ها چه‌م و ڕووبارو ڕێگه‌وبانی تیادا به‌دیهێناوه‌، بۆ ئه‌وه‌ی ڕێ ده‌رکەن و به مه‌رامی خۆتان بگه‌ن.

بە هەمان شێوە تیۆری مۆدێرنی سینییە تەکتونیەکان کە زانستێکە لە پێکھاتن و نەخشەی توێکلی زەوی دەکۆڵێتەوە لەو بڕوایەدایە کە شاخەکان وەک جێگیرکەری زەوی ڕۆڵ دەگێڕن، ئەم زانیارییەش دەربارەی ڕۆڵی شاخەکان وەک جێگیرکەرەکانی زەوی لە کۆتایی ساڵی 1960کانەوە و لە چوارچێوەی سینییە تەکتونیەکانەوە بۆ لێکۆڵەرەوان روونبوویەوە.

بە شێوەیەکی ئاسایی هیچ کەسێک بیر لە شاخی ڕەنگاوڕەنگ ناکاتەوە کە ڕەنگێکی سەرسوڕهێنەری هەبێت، بەڵام قورئان ئاماژەی بە بوونی شاخە ڕەنگاوڕەنگەکان کردووە وەکو یەکێک لە دروستکراوەکانی خودا، خوای گەورە دەفەرموێت: (أَلَمْ تَرَ أَنَّ ٱللَّهَ أَنزَلَ مِنَ ٱلسَّمَآءِ مَآءًۭ فَأَخْرَجْنَا بِهِۦ ثَمَرَٰتٍۢ مُّخْتَلِفًا أَلْوَٰنُهَا ۚ وَمِنَ ٱلْجِبَالِ جُدَدٌۢ بِيضٌۭ وَحُمْرٌۭ مُّخْتَلِفٌ أَلْوَٰنُهَا وَغَرَابِيبُ سُودٌۭ). [سورة فاطر:27]، واتە: ئایا سه‌رنجت نه‌داوه که به‌ڕاستی خوا له ئاسمانه‌وه بارانی باراندووه‌، جا ئێمه به‌و بارانه جۆره‌ها به‌روبوومی جیاوازمان ده‌رهێنا که (ره‌نگیان، قه‌باره‌یان، تامیان، بۆنیان، شێوه‌یان، شوێنیان و وه‌رزیان)جیاوازه‌، هه‌روه‌ها هه‌ندێ له‌که‌ژ و کێوه‌کانمان به‌زنجیره کێشاوه‌، هه‌یانه چین، هێڵ، نه‌خشی سپی، سووره و ئه‌وانیش ڕه‌نگیان جیاوازه‌، هه‌شیانه ڕه‌شێکی تاریك و تۆخه‌.


سەرچاوەکان



1273 بینین