لیسبۆن

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر - به‌روار: 2022-02-07-22:30:00 - کۆدی بابەت: 7772
لیسبۆن

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

لیسبۆن (بە ئینگلیزی: Lisbon)، پایتەخت و گەورەترین شاری پورتوگالە و ژمارەی دانیشتوانەکەی لە سنوورە کارگێڕییەکانییەوە بە 544,851 کەس خەمڵێنراوە، هەروەها ڕووبەری 100.05 کیلۆمەتر دووجای داگیرکردووە، نزیکەی 2.9 ملیۆن کەس لە ناوچەی سەر بە لیسبۆن دەژین کە نزیکەی 27٪ ی دانیشتوانی وڵاتەکەیە، شاری لیسبۆن بەشی سەرەکی ئەوپەڕی ڕۆژئاوای ئەورووپایە و تاکە شارە کە بەدرێژایی زەریای ئەتڵەسی درێژبوەتەوه، لیسبۆن دەکەوێتە ڕۆژئاوای نیمچەدوورگەی ئیبیریا لەسەر ئۆقیانووسی ئەتڵەسی و ڕووباری تاگوس.

گرنگی و مێژووی لیسبۆن

لیسبۆن بەهۆی گرنگی دارایی، بازرگانی، ڕاگەیاندن، کات بەسەربردن، هونەر، بازرگانی نێودەوڵەتی، پەروەردە و گەشتوگوزارەوە وەکوو شارێکی جیهانی ئاستی ئەلفا ناسراوە، لیسبۆن یەکێکە لەو دوو شارە پورتوگالییەی (شان بەشانی شاری پۆرتۆ) کە وەکوو‌ شارێکی جیهانی دەناسرێتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەم شارە یەکێکە لە ناوەندە ئابوورییە گەورەکانی کیشوەرەکە بە کەرتێکی دارایی گەشەکردوو‌ و یەکێک لە گەورەترین بەندەرەکانی کانتینێری کەناری ئەتڵەسی ئەورووپاوە.

هەروەها فڕۆکەخانەی هومبێرتۆ دێڵگادۆ لە ساڵی 2018دا خزمەتی 29 ملیۆن گەشتیاری کردووە، کە قەرەباڵغترین فڕۆکەخانەی پورتوگال بوو، سێیەم قەرەباڵغترین فڕۆکەخانەی نیمچەدوورگەی ئیبریا و 20ـەم قەرەباڵغترین فڕۆکەخانەی ئەورووپایە، تۆڕی رێگەی ئۆتۆمبێل و سیستمی شەمەندەفەری خێرای ئەلفایە و شارە سەرەکییەکانی پورتوگال بە لیسبۆن دەبەستێتەوە. ئەم شارە نۆهەمین شاری ‌هەرە سەردانکراوی‌ باشووری ئەورووپایە‌ لە دوای ئەستەمبوڵ، ڕۆما، بەرشەلۆنە، میلان، ئەسینا، ڤینیسیا، مەدرید و فلۆرانس بە 3539 هەزار و 400 گەشتیار لە ساڵی 2018دا.

لیسبۆن یەکێکە لە کۆنترین شارەکانی جیهان و لە دوای ئەسینا دووەم کۆنترین شاری پایتەختی ئەورووپایە، ماوەی چەندین سەدە لە پێش پایتەختەکانی تری ئەورووپای مۆدێرنەوە دروست بووە. دوای ڕووخانی ئیمپراتۆریەتی ڕۆمانی لە سەدەی پێنجەمەوە لەلایەن زنجیرە هۆزێکی ئەڵمانییەوە بەڕێوەدەچوو، دواتر لە سەدەی هەشتدا لەلایەن مۆرس (Moors)ـەکانەوە گیرا، لە ساڵی 1147دا ئەفۆنسۆ هێنریکەس شارەکەی داگیرکرد و لەو کاتەوە بووە بە ناوەندی سیاسی، ئابووری و کولتووری پورتوگال.

دانیشتوان

بەپێی سەرژمێرییەکی ساڵی 2010، لەناو شاری لیسبۆندا، 545 هەزار کەس هەن، بەڵام کاتێک ناوچە شارستانییە دوورەکان ڕەچاو دەکرێن، دانیشتوانەکە بەشێوەیەکی بەرچاو گەشە دەکات، وا مەزەندەکراوه که لە ناوچەکانی دەوروبەری لیسبۆن 2,800,000 کەس هەبێت، ئەو کەسانەی لە لیسبۆن دەژین 5.164٪ ی کۆی دانیشتوانی پورتوگال پێکدێنن و بە پێی نوێترین سەرژمێری ڕێژەی گەشەکردن لە ساڵانی ڕابردوودا کەمی کردووە، ئەمەش بەو واتایەی کە ئەگەر ژمارەی دانیشتوان بە هەمان ئاستی ساڵانی نێوان 2001 و 2011دا دابەزێت ئەوا تێکڕای ژمارەی دانیشتوان دەبێتە 533,920 کەس.

ئایین

وا مەزەندە دەکرێت کە لە 60٪ بۆ 70٪ی دانیشتوانی شاری لیسبۆن کاسۆلیکی بن، بەڵام ڕاستییەکی سەرنجڕاکێش ئەوەیە کە هەرچەندە ژمارەی کڵێسای کاسۆلیکی ڕۆمانی زۆرن، بەڵام ژمارەی ئامادەبوانی ڕاستەقینە لە کڵێساکاندا تا ڕادەیەک کەمن و تەنها نزیکەی 30٪ی تەواوی دانیشتوانی لیسبۆن بە شێوەیەکی ڕێکوپێک لە ڕێوڕەسمە ئاینییەکاندا ئامادە دەبن.

کەشوهەوای لیسبۆن

کەشوهەوای لیسبۆن و ناوچەکانی سەر بە لیسبۆن تایبەتمەندی کەشوهەوایەکی مامناوەندی دەریای سپی ناوەڕاستیان هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا زستانی کورت، مامناوەند و باراناوییە، هاوینی گەرم و وشکە، بەپێی پۆلێنکردنی کەشوهەوای ترۆل-پافن، لیسبۆن کەشوهەوایەکی گەرم و نيمچە خولگەيي هەیە، هەروەها بەپێی پۆلێنکردنی کەشوهەوای سیگموند/فرانکنبێرگ، لیسبۆن کەشوهەوایەکی نيمچە خولگەيي هەیە.

تێکڕای پلەی گەرمی ساڵانەی لیسبۆن بە ڕۆژدا 17.4 بۆ 21.3 پلەی سەدییە و لە شەودا 13.5 پلەی سەدییە، هەروەها لە ساردترین مانگ کە کانوونی دووەمە بەرزترین پلەی گەرمی لە ماوەی ڕۆژدا بە شێوەیەکی ئاسایی 11 بۆ 19 پلەی سەدی دەبێت، نزمترین پلەی گەرمی لە مەوداکانی شەودا 3 بۆ 13 پلەی سەدییە، لە گەرمترین مانگیشدا کە مانگی ئابە بەرزترین پلەی گەرمی لە ماوەی ڕۆژدا بە شێوەیەکی ئاسایی 25 بۆ 32 پلەی سەدییە، نزمترین پلەی گەرمی لە مەوداکانی شەودا لە 14 بۆ 20 پلەی سەدییە.

لیسبۆن لە ساڵێکدا نزیکەی 750 ملیم بارانی لێ دەبارێت و مانگەکانی تشرینی دووەم و کانوونی یەکەم باراناویترین مانگن و بەرپرسی یەک لەسەر سێی کۆی بارانی ساڵانەی شارەکەن، هەروەها مانگەکانی تەمووز و ئاب وشکترین مانگەکانی ساڵن.

ئابووری لیسبۆن

ناوچەی لیسبۆن دەوڵەمەندترین ناوچەی پورتوگالە و ئابووری لیسبۆن بە شێوەیەکی سەرەکی لەسەر کەرتی سیانی دامەزراوە، زۆربەی ئەو بارەگا فرە نەتەوانەی کە لە پورتوگال کاردەکەن لە بەشی گراندی لیسبۆدا چڕبوونەتەوە، بەتایبەتی لە شارەوانی ئۆیراس.

بەندەری سەرەکی وڵات، تایبەتمەندی یەکێک لە گەورەترین و پێشکەوتووترین بازاڕەکانی هەرێمی لە نیمچەدوورگەی ئیبریادا هەیە، شاری لیسبۆن و ناوچە قەرەباڵغەکانی دەوروبەری‌ وەکوو ناوەندێکی گرنگی دارایی و ناوەندێکی تەکنەلۆجیای دینامیکی گەشە دەکەن.

هەروەها گەشت و گوزاریش پیشەسازییەکی گرنگی ئەم شارەیە، لە ڕاپۆرتێکی ساڵی 2018دا هاتووە کە لیسبۆن لە ساڵێکدا بە تێکڕایی 4.5 ملیۆن گەشتیار وەردەگرێت، داهاتی هۆتێل بە تەنیا و لە ساڵی 2017دا 714.8 ملیۆن یۆرۆی بەرهەم هێناوە، ئەمەش 18.7٪ زیادی کردووە لەچاو ساڵی 2016.


سەرچاوەکان



334 بینین