بەکارهێنانی ترشی لاکتیک لەسەر پێست

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی - به‌روار: 2022-02-12-23:04:00 - کۆدی بابەت: 7816
بەکارهێنانی ترشی لاکتیک لەسەر پێست

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ترشی لاکتیک (بە ئینگلیزی: Lactic acid یان AHA) ترشێکی ئەلفا هایدرۆکسییە کە لە شیرەوە دەردەهێنرێت، پێکهاتەیەکە کە لە بەرهەمەکانی گرنگیدان بە پێست و ئەو چارەسەرە پیشەگەرانەی کێشەکانی پێستدا بوونی هەیە کە پێویستییان بە ڕەچەتەی پزیشکی نییە.
ترشی لاکتیک پۆلێکە لە پێکهاتە دژەپیربوونەکان کە پێیان دەوترێت ترشە ئەلفا هایدرۆکسییەکان (بە ئینگلیزی: AHAs)، بەکاردێت بۆ لابردنی خانە مردووەکانی پێست و ڕوونکردنەوەی پەڵەی تۆخ و کەمکردنەوەی چرچی دەموچاو.

ترشی لاکتیک چۆن سوود بە پێست دەگەیەنێت؟

پاککەرە کیماییەکان بە بەکارهێنانیان لەسەر پێستێکی خاوێن کاریگەری خۆیان جێدەهێڵن، چینی سەرەوەی پێست لادەبەن، هەندێک پێکهاتەی کیمیایی تری بەهێزیش بوونی هەیە کە کاردەکاتە سەر چینی ناوەوەی پێست.
ترشی لاکتیک بەتایبەت بەکاردێت بۆ چارەسەری پەڵەی قاوەیی پێست و خاڵەکانی تەمەن و هەر هۆکارێکی دیکە کە ناڕێکی و ناڕوونی ببەخشێت بە ڕووخسار، سوودێکی تری ترشی لاکتیک بریتییە لە یەک ڕەنگکردنی پێست و بچوککردنەوەی کونیلەکانی پێست.
ترشی لاکتیک کاریگەرییەکەی نیانە و توند نییە لەسەر پێست بۆیە هەڵبژاردەیەکی باشە بۆ ئەو کەسانەی پێستێکی هەستیارییان هەیە، هەروەها ئەگەر ترشە ئەلفا هایدرۆکسییەکانی دیکەت بەکارهێنا و تیژ بوون بۆ پێستت ئەوا دەتوانیت ترشی لاکتیک تاقی بکەیتەوە.

ئایا زیانی لاوەکی هەیە؟

لەگەڵ ئەوەی ترشی لاکتیک سروشتێکی نیانی هەیە لەسەر پێست بەڵام وەک ترشێکی ئەلفا هایدرۆکسی بەهێز پێناسە دەکرێت، کاریگەریی پاککردنی پێست وای لێدەکات کە پێست ناسک و تەنک ببێت و تیشکی زیانبەخشی خۆر بەئاسانی زیانی پێ بگەیەنێت، کەواتە بەکارهێنانی دژەخۆر پێویستییە، دەبێت بەیانیان دژەخۆر بەکاربهێنیت پێش چوونە درەوەت و بە درێژایی ڕۆژەکە بەپێی پێویست تازەی بکەیتەوە.
ئەگەر دژەخۆر بەکارنەهێنیت بەپێی تێپەڕبوونی کات پەڵەی تەمەنی زیاتر و سووربوونەوە لەسەر پێستت دەردەکەون، هەروەها مەترسی تووشبوونت بە شێرپەنجەی پێست زیاد دەکات.
ترشی لاکتیک دەتوانێت ببێتە هۆی سووتانەوە و خوران و زبربوونی پێست، ئەم کاریگەرییانە نیانن و کاتێک پێستت بە بەرهەمەکە ڕاهات باش دەبن، ئەگەر دوای ماوەیەک لە بەکارهێنان ئەم کاریگەرییان باش نەبوون ئەوا وازبهێنە لە بەکارهێنانی ترشی لاکتیک.
ئەو کەسانەی ئەم کێشانەی پێستیان هەیە نابێت ترشی لاکتیک بەکاربهێنن:

ئەگەر بەشێوەیەکی سروشتی ڕەنگی پێستت تۆخە ئەوا دەبێت پێش بەکارهێنانی ترشی لاکتیک سەردانی پزیشک بکەیت و گفتوگۆ بکەن لەبارەیەوە.

بەکارهێنان

شێوازی بەکارهێنان بەپێی بەرهەمەکە و خەستییەکەی دەگۆڕێت، هەمیشە پێش بەکارهێنانی هەر بەرهەمێک زانیاری سەر بوتڵەکەی بخوێنەوە و ڕێنوێنییەکان جێبەجێ بکە.

کڕین

ئەگەر ناتەوێت خەستییەکی زۆری بەرهەمەکە بەر پێستت بکەوێت ئەوا بۆ بەرهەمێک بگەڕێ کە خەستی ترشی لاکتیکەکەی ٥٪ بێت، خەستی مامناوەندیش بریتییە لە ١٠٪ بۆ ١٥٪، ئەو بەرهەمانەشی پیشەگەرانەن خەستییان زیاترە.
هەمیشە بەکارهێنانی چارەسەری پزیشکیی (پیڵین) ئەنجامی بەهێزترت پێ دەبەخشێت، بەڵام پێویست نییە بەشێوەیەکی بەردەوام بەرهەمی تیژ و بەهێز بەکار بهێنیت، چونکە کاریگەرییەکەیان بۆ ماوەیەی زۆر دەمێنێتەوە.

ئامادەکاری و بەکارهێنان

گرنگە کە پێش بەکارهێنانی هەر بەرهەمێک لەسەر بەشێکی بچووکی پێستت تاقی بکەیتەوە، ئەمە دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی مەترسیی تووشبوون بە زیانی لاوەکی بەرهەمەکە، بەم شێوەیە تاقیکردنەوەکە ئەنجام بدە:

  • بڕێکی کەم لە بەرهەمەکە بدە لە بەشی ناوەوە قۆڵت.
  • شوێنەکە بە باندیج داپۆشە و وازی لێبهێنە بۆ ماوەی ٢٤ کاتژمێر.
  • ئەگەر لەماوەی ٢٤ کاتژمێردا هەستت بە هیچ سووربوونەوە و هەوکردنێک نەکرد ئەوا بەرهەمەکە سەلامەتە بۆت و دەتوانیت بەکاری بهێنیت.
  • ئەگەر هەستت بە هەر زیانێکی لاوەکی بەرهەمەکە کرد ئەوا بوەستە لە بەکارهێنانی.

ترشی لاکتیک دروستکراوە بۆ بەکارهێنانی شەوانە، چونکە وەک هەموو ترشێکی ئەلفا هایدرۆکسیی دیکە دەبێتە هۆی تەنک بوونی پێست و هەستیاربوونی بە تیشکی خۆر، کەواتە نابێت هەرگیز لە بەیانییاندا بەکاری بهێنیت.

دۆزینەوەی بەرهەمی گونجاو

ڕەچاوی ئەوە بکە کە ترشێکی لاکتیکی پیشەگەرانەت دەست بکەوێت، زۆربەی توێژینەوەکان دەڵێن کە چارەسەر بە ماددە کیمیاییە قووڵە پزیشکییەکان باشترین ئەنجامت پێ دەبەخشن، هەروەها کاریگەرییەکەیان بۆ ماوەیەکی زۆرتر دەمێنێتەوە بە بەراورد بەو بەرهەمانەی کە بەکاردێن، کەواتە پێویست ناکات زوو زوو بەکاربێت.
بەڵام وا باشترە کە ئەگەر بە بەکارهێنانی بەرهەمێکی نیان سوودەکانیت دەست بکەوێت، ئەوا چارەسەری پزیشکی بە ماددەی کیمیایی قووڵ و پاککردنی پێست لەلای پزیشک بەکارنەهێنیت.

هەروەها پێش کڕینی ترشی لاکتیک لەگەڵ پزیشک یان شارەزایەکی بواری پێست گفتوگۆ بکە دەربارەی ئاستی هەستیاریی پێستت و ئەو بەرهەمانەی بەکاری دەهێنیت، چونکە ئەم هۆکارانە یارمەتیدەرن بۆ دیاریکردنی بەرهەمی گونجاو بۆ پێستت، و یارمەتیدەرە بۆ ڕێگریکردن لە تووشبوون بە زیانە لاوەکییەکانی وەک سووربوونەوە و برینی پێست.
هەروەها دەبێت ئەوە بزانیت کە پێستت پێویستی بە نزیکی دوو هەفتەیە بۆ چاکبوونەوە لە چارەسەری پیشەگەرانە بە ترشی لاکتیک، بەڵام بەرهەمە نیانەکان کاریگەرییە لاوەکییەکەیان بۆ ماوەی ڕۆژێک یان زیاتر دەمێنێتەوە و نامێنێت، بەڵام دوای بەکارهێنانی بەرهەمی قووڵ و بەهێز و چارەسەری پزیشکی لەوانەیە پێویستت بە چەند هەفتەیەک بێت بۆ چاکبوونەوە لە زیانە لاوەکییەکان.

پوختە

ترشی لاکتیک بەشێوەیەکی نیان یارمەتی پاککردنی پێست دەدات و پێست یەک ڕەنگ دەکات، هەروەها دەرکەوتنی پەڵەکانی تەمەن کەم دەکاتەوە و دەرکەوتەی پێست جوان دەکات و چرچی کەم دەکاتەوە.
هەروەها پاککردنی پزیشکی (پیڵین) بە ماددەی کیمیایی قووڵیش بوونی هەیە، گرنگە کە پێش بەکارهێنانی ترشی لاکتیک لە ماڵەوە پرس بە پزیشک یان شارەزایەکی بواری پێست بکەیت، چونکە هەندێک کێشەی پێست مەترسی تووشبوونت بە زیانی لاوەکی زیاتر دەکەن.
دەبێت بەیانیان دژەخۆر بەکاربهێنیت و بەپێی پێویست بە درێژایی ڕۆژ نوێی بکەیتەوە.


سەرچاوەکان



626 بینین