فلۆرانس

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر - به‌روار: 2022-02-18-23:45:00 - کۆدی بابەت: 7852
فلۆرانس

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

فلۆرانس (بە ئینگلیزی: Florence، بە ئیتالی: Firenze)، شارێکە لە ناوەندی باکووری ئیتالیا و پایتەختی هەرێمی توسکانایە، ئەم شارە ئاوەدانترین هەرێمی تۆسکانایە، کە لە ساڵی 2013دا ژمارەی دانیشتوانەکەی 383,084 کەس بوو و زیاتر لە 1,520,000 کەس نیشتەجێی ناوچەکانی سەر بە پایتەختن.

مێژوو و گرنگی شاری فلۆرانس

شاری فلۆرانس لە سەدەکانی ناوەڕاستدا ناوەندێکی بازرگانی و دارایی ئەورووپا بووە و هەروەها یەکێک بووە لە دەوڵەمەندترین شارەکانی ئەو سەردەمە، لەلایەن زۆرێک لە ئەکادیمەکانەوە بە لانکی سەردەمی ژیانەوە دانراوە و‌ بووە بە ناوەندێکی گەورەی هونەری، کولتووری، بازرگانی، سیاسی، ئابووری و دارایی، لە ساڵی 1865 تا 1871 شارەکە وەکوو پایتەختی شانشینی ئیتالیا خزمەتی کردووە و لە ساڵی 1861 دامەزراوە، فلۆرانس ڕۆڵێکی گرنگ لە فاشیۆنی ئیتالیدا دەگێڕێت و پازدەیەم پایتەخی فاشیۆنی جیهانە، هەروەها ناوەندێکی گەورەی ئابووری نەتەوەیی، گەشتیاری و پیشەسازییە، لەگەڵ ئەوەشدا چوارەم دەوڵەمەندترین شاری ئیتالیایە.

فلۆرانس لەڕووی گەشتیارییەوە

ئەم شارە یەکێکه لە شارە ناسراوەکانی ئیتالیا و لە سەرتاسەری جیهاندا شوێنێکی بەناوبانگی گەشتیارییه، شارەکە لەڕووی ژمارەی دانیشتوانەوە هەشتەم گەورەترین شاری ئیتالیایە و ساڵانە سەرنجی ملیۆنان گەشتیار ڕادەکێشێت، فلۆرانس بە کولتوور، هونەر، تەلارسازی و پەیکەرەکانییەوه بەناوبانگە، هەروەها چەندین مۆزەخانە و پێشانگای هونەری تێدایە، لە ساڵی 2019 ژمارەی گەشتیارانی فلۆرانس گەشتووەتە 15.8 ملیۆن کەس، بەڵام لە ساڵی 2020دا و بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و کاریگەرییەکانی ژمارەی گەشتیارانی شارەکە ڕووی لە کەمی کرد و گەشتە 3.36 ملیۆن کەس.

شارەکە لەڕووی دیمۆگرافیاوە

بەگوێرەی سەرژمێرییەکەی31ی تشرینی یەکەمی 2010، ژمارەی دانیشتوانی شارەکە 370,702 کەس بووە، هەروەها لە ساڵی 2007دا 46.8٪ی دانیشتوانی شارەکە نێر و 53.2٪ مێ بوون، لەگەڵ ئەوەشدا کەمتر 14.10٪ی دانیشتوان لەخوار تەمەنی هەژدە ساڵیەوە بوون لەکاتێکدا خانەنشینان 25.95٪ دانیشتوانیان پێکهێناوە، تێکڕای تەمەنی دانیشتوانی فلۆرانس 49 ساڵە بە بەراورد بە تێکڕای تەمەنی دانیشتوانی وڵاتی ئیتالیا کە 42 ساڵە. لە پێنج ساڵی نێوان 2002 و 2007 دانیشتوانی فلۆرانس بەڕێژەی 3.22٪ زیادی کردووە، لە کاتێکدا ژمارەی دانیشتوانی ئیتالیا بەگشتی 3.56٪ زیادی کردووە، ڕێژەی لەدایکبوون لە فلۆرانس 7.66 لە هەر 1000 کەسێکدا بە بەراورد بە تێکڕای لەدایکبوون لە وڵاتی ئیتالیا کە 9.45.

لە ساڵی 2009دا 87.46٪ی دانیشتوان شارەکە هاوڵاتی‌ ئیتالی بوون، هەروەها 6000 هاوڵاتی چینی لە شارەکە دەژیان، گەورەترین گروپی کۆچبەر کە لە وڵاتانی دیکەی ئەورووپاوە هاتوونەتە شارەکەوە بەزۆری ڕۆمانی و ئەلبانییەکان بە ڕێژەی 3.52٪ بوون، لەکاتێکدا ڕۆژهەڵاتی ئاسیا بەزۆری چینی و فلیپینی 2.17٪، ئەمریکییەکان 1.41٪ و باکووری ئەفریقا بەزۆری مەغریب 0.9٪ بوون، بەنزیکەیی وەکوو زۆربەی خەڵکی ئیتالیا دانیشتوانی فلۆرانس کاسۆلیکی ڕۆمانین، لەگەڵ ئەوەشدا زیاتر لە 90٪ دانیشتوانەکەی سەر بە مەڵبەندی گەورەکڵێسای فلۆرانسن.

کەشوهەوای فلۆرانس

فلۆرانس کەشوهەوایەکی نیمچە خولگەیی شێداری هەیە، بەنزیکەیی تایبەتمەندی کەشوهەوای دەریای سپی ناوەڕاستی هەیە، هاوینی گەرم و مامناوەندە، هەروەها زستانی سارد و شێدارە و بارانێکی کەمی لێ دەبارێت، لەبەرئەوەی فلۆرانس باوەبای لێ هەڵناکات پلەکانی گەرما لە وەرزی هاویندا لە کەنارەکەی بەرزترە، با و بەفر بەنزیکەیی هەموو ساڵێک دەبارێت، بەڵام زۆربەی کات نابێتە هۆی دروستبوونی هیچ کەڵەکەبوونێک. بەرزترین پلەی گەرمی کە بە شێوەیەکی فەرمی تۆمارکراوە 42.6 پلەی سەدی بوو لە 26ی تەمووزی 1983 و نزمترین پلەی گەرمی 23.2 پلەی سەدی بوو لە 12ی کانوونی دووەمی 1985دا.


سەرچاوەکان



307 بینین