هیستێریا

له‌لایه‌ن: - مەبەست کوردە مەبەست کوردە - به‌روار: 2022-02-26-19:56:00 - کۆدی بابەت: 7893
هیستێریا

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

هیستێریا (بە ئینگلیزی: Hysteria) زاراوەیەکە واتای زۆربوونی هەستی سۆزداری یان باری ناجێگیری هەست و سۆز و هەڵچوونە کە لە کۆندا بە نەخۆشی دادەنرا. هیستێریا هەندێک جار بەو ڕەفتارە سۆزدارییانەش دەوترێت کە ناتوانرێت جڵەو بکرێن.

زۆرجار ئەو کەسانەی کاردانەوەیەکی زیاد لە پێویستیان دەبێت بۆ حاڵەتێک و زۆر خۆیان تێکدەدەن، پێیان دەوترێت کەسانی هیستری وەک تێکچوونی کەسایەتیی هێستریۆنی. لەماوەی سەردەمی ڤیکتۆریادا دەستەواژەی هیستێریا بە کۆمەڵێک نیشانە و ڕەفتار دەوترا کە تەنیا لە ئافرەتدا دەبینران و زۆرجار ئەم ڕەفتارانە هەراسانکەر بوون بۆ پیاوان، بۆ نموونە لەهۆشخۆچوون یان تووشبوون بە ئیفلیجییەکی کاتی، لەم کاتەدا ناهاوسەنگی باری دەروونی یان تەنانەت نەبوونی سوڕی مانگانە و شوونەکردنیش وەک هۆکارێک بۆ دروستبوونی ئەم حاڵەتە لە ئافرەتدا دادەنرا. هەروەها نەخۆشیی پەرکەم کە ئێستا هەیە و پەیوەستە بە کۆئەندامی دەمارەوە ئەوکات وەک نیشانەیەکی هیستێریا وابوو کە تووشی گەشکە دەبوون.

لەو کاتەدا چەند چارەسەرێک بۆ هیستێریا بەکاردەهێنران وەکوو شووکردن و هاوسەرگیری، دووگیانبوون و منداڵبوون یان پشوودان. بە تێپەڕبوونی کات، لەگەڵ لێکۆڵینەوە و دۆزینەوەی نوێدا لەکاتی چارەسەرکردنی حاڵەتە جیاوازەکان بەڕێگەی جیاواز کەم کەم زاناکان زیاتر لە هۆکار و ڕاستودروستی حاڵەتەکە تێگەیشتن و ئەمەش بووە یارمەتیدەرێکی باش لە بەرەوپێشبردنی دەروونشیکاری

لەکاتێکدا کە سەردەمانێک هیستێریا بە نەخۆشی لەقەڵەمدەدرا، بەڵام لە ساڵی ١٩٨٠ نەخۆشی هیستێریا لە ڕێبەری دەستنیشانکردن و ئاماری تەخۆشییە دەروونییەکان (DSM) لابرا و پزیشکەکان نەخۆشیی هێستێریایان ڕەتکردەوە و بەپێی هۆکار و نیشانەکان جیاکرایەوە بۆ چەند نەخۆشییەکی تر، لە ئێستادا نیشانەکانی هیستێریا دەکرێت بە نەخۆشیی پەرتبوونی دەروونی (Dissociative disorder) یان نەخۆشیی نیشانەی جەستەیی (Somatic symptom disorder) دابنرێن و دەستنیشان بکرێن. 

لە زمانی یۆنانیدا وشەی هیستێرا (Hystera) بە واتای منداڵدانی ئافرەت دێت، وابیردەکرێتەوە کە نەخۆشی هیستێریا (Hysteria) لەلایەن پزیشکی دێرینی یۆنانی، هەپۆکرەیتسەوە سەریهەڵدابێت کە ئەو نیشانانەی پەیوەست کردبوو بە جووڵانی منداڵدانی ئافرەت لە شوێنە جیاوازەکانی جەستەیدا، چونکە لە کۆندا باوەڕیان وابوو کە منداڵدانی ئافرەت دەتوانێت بە ئازادی بە هەموو شوێنەکانی جەستەدا بسوڕێتەوە و کە دەبێتە هۆی دروستبوونی نیشانەی جیاواز بەپێی جووڵەکەی.

لە سەردەمی ئەمڕۆدا هیستێریا نەخۆشییەکی دەروونی دانپێدانراو نییە، بەڵام نموونەیەکی باشە بۆ چۆنییەتی دەرخستن، گۆڕان و شوێنگرتنەوەی چەمکە دەروونییەکان بەگوێرەی تێگەیشتنی زیاتر لە بیرکردنەوە و ڕەفتارەکانی مرۆڤ.

نیشانەکان

لە کۆندا بە کۆمەڵە نیشانەیەکی زۆر بەیەکەوە وتراوە هیستێریا، هەرچەندە ئەم نیشانانە ئێستا بەپێی هۆکار بۆ نەخۆشی تر جیاکراونەتەوە بەڵام بە گشتی نیشانەکانی هیستێریا بریتین لە:

  • هەناسەتەنگی
  • دڵەڕاوکێ
  • بوورانەوە
  • دەرمارگیری یان تەنگەتیلەیی (عەسەبی بوون)
  • خەوزڕان
  • نیشاندانی حەزی سێکسی 
  • هەراسانی
  • هەژان
  • ئیفلیجی
  • گەشکە
  • بێتوانایی لە قسەکردن و بیستن
  • ڕەفتاری سەیر و نامۆ
  • هەلوەسە
  • ڕشانەوە

مێژووی هیستێریا

لە کۆتاییەکانی ساڵانی ١٨٠٠ـەکاندا هیستێریا وەک نەخۆشییەکی دەروونی سەیردەکرا، پزیشکی مێشک و دەماری فەڕەنسی جین مارتن چارکۆت خەواندن یان خەواندنی موگناتیسیی بەکارهێناوە بۆ چارەسەرکردنی ئەو ئافرەتانی تووشی هیستێریا دەبوون. 

ئاڵۆزی و نهێنی هیستێریا ڕۆڵێکی گرنگی هەبووە لە بەرەوپێشبردنی دەروونشیکاریدا، زانای دەروونشیکاری بەناوبانگی نەمساوی سیگمۆند فرۆید لەگەڵ پزیشک جین مارتن چارکۆتدا بەیەکەوە لێکۆڵینەوەیان لەسەری کردووە. 

کارکردنی فرۆید و هاوپۆلێکی زانکۆی لەسەر کەیسی کچێکی گەنج بە ناوی ئانا ئۆ کە نیشانەکانی هیستێریای هەبوو، یارمەتیدەر بوو لە بەرەوپێشبردنی چارەسەری دەروونشیکاریدا، ئانا بۆی دەرکەوت کە تەنیا قسەکردن لەبارەی کێشەکانی بۆ چارەسەرکارەکەی کاریگەرییەکی گەورەی هەبوو لەسەر تەندروستیی، ئەو چارەسەرەکەی بە (چاکبوونەوە بە قسەکردن) ناوزەند کرد و تا ئێستاش ئەم چارەسەرە هەر بە چارەسەر بە قسەکردن ناسراوە.

کاڕل جەنگ کە هاوپۆلێکی تری فرۆید بوو لە زانکۆ، چارەسەری ئافرەتێکی گەنجی کرد بەناوی زابینا شپیلراین کە ئەویش وابیردەکرایەوە تووشی هیستێریا بووبێت، ئەم کەیسەش هەر یارمەتیدەر بوو لە بەرەوپێشبردنی بیردۆزەکانی فرۆید، زابینا خۆشی وەک دەروونشیکارێک ڕاهێنانی کرد و یەکەم ئافرەتی دەروونشیکار بووە، هەروەها ڕێبازی دەروونشیکاریی بە ڕووسیا ناساند بەرلەوەی لە جەنگی جیهانیی دووەم لەلایەن نازییەکانەوە بکوژرێت.

هیستێریا لە دەروونزانیی هاوچەرخدا

لە ساڵی ١٩٨٠ کۆمەڵەی دەروونزانی ئەمریکی دەستنیشانکردنی (هیستێریای نیورۆسس، جۆری گۆڕان)ـیان بۆ (نەخۆشیی دەروونیی گۆڕان) گۆڕی، نموونەیەکی نەخۆشیی گۆڕان کە زۆرجار دەبینرێت بریتیە لەوەی کاتێک کەسێک تووشی ئیفلیجییەکی کاتی یان هەر نیشانەیەکی تری پەیوەست بە کۆئەندامی مێشک و دەمار دەبێت بەبێ ئەوەی هیچ نەخۆشییەکی جەستەییی هەبێت، پێویستە ئەم کەسانە بۆ چارەسەر ڕەوانەی لای پزیشکی دەروونی بکرێن چونکە ناجێگیری باری دەروونی و فشار بووەتە هۆی دروستبوونی ئەم حاڵەتەیان. لە ئێستادا دەروونزانی جۆری جیاوازی نەخۆشیی دەروونیی دیاریکردووە کە لە مێژوودا بە هیستێریا ناسرابوون، کە بریتین لە نەخۆشیی پەرتبوونی دەروونی و نەخۆشیی نیشانەی جەستەیی و هاوشێوەکانی.

نەخۆشیی پەرتبوونی دەروونی

نەخۆشییە پەرتبوونە دەروونییەکان یان دابەشبوونە دەروونییەکان کۆمەڵێک نەخۆشی دەروونین کە بریتین لە نەمانی ڕەوشە ئاگایییەکانی وەکوو ناسنامە و یادەوەری، ئەم نەخۆشییە دەروونییانەش بریتین لە:

  • نەخۆشیی پەرتبوونی دەروونیی فیوگ
  • نەخۆشیی دابەشبوون یان پەرتبوونی کەسایەتی (فرەکەسایەتی)
  • نەخۆشی پەرتبوونی لەبیرچوونەوە

نەخۆشیی نیشانەی جەستەیی

لە نوێترین چاپی ڕێبەری دەستنیشانکردن و ئاماری نەخۆشییە دەروونییەکاندا (DSM 5)، ئەو نیشانانەی کە سەردەمێک بە هیستێریا لە قەڵەمدەدران جیاکرانەوە بۆ ئەو نەخۆشییانەی کە ئێستا پێیان دەوترێت نەخۆشییە نیشانە جەستەییەکان کە بریتین لە:

  • دڵەڕاوکێی ناساغی
  • نەخۆشیی گۆڕان
  • کۆنیشانەی مونچازن یان نەخۆشیی دروستکراو

لە نەخۆشیی نیشانەی جەستەیی کەسەکە زۆر سەرنج دەخاتە سەر نیشانە جەستەیییەکان وەکوو بێهێزی، ئازار و هەناسەتەنگی، ئەم خووپێوەگرتنە و خۆسەرقاڵکردنەش بەم نیشانانە دەبێتە هۆی ناڕەحەتی و بێزارییەکی زۆر، هەروەها پەککەوتنی کارەکانی ڕۆژانەش. ئەمە لە کاتێکدایە کە مەرج نییە کەسەکە نەخۆشییەکی جەستەییی هەبێت واتا ئەگەر کەسەکە نەخۆش بێت یان نا هەر پێی وایە کە نەخۆشە و ناساغە.


سەرچاوەکان



2800 بینین