بانکۆک

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر - به‌روار: 2022-03-02-17:45:00 - کۆدی بابەت: 7908
بانکۆک

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

بانکۆک (بە ئینگلیزی: Bangkok)، پایتەخت و ئاوەدانترین شاری تایلەندە، شارەکە ڕووبەری 1,568.7 کیلۆمەتر دووجا لە دێلتای ڕووباری چۆپرایا لە ناوەڕاستی تایلەند داگیر دەکات و ژمارەی دانیشتوانەکەی لە ساڵی 2020دا بە 10.539 ملیۆن کەس خەمڵێنرا، کە دەکاتە 15.3٪ی دانیشتوانی وڵاتەکەی، بەگوێرەی سەرژمێرییەکەی ساڵی 2010 زیاتر لە 14 ملیۆن کەس لە دەوروبەری ناوچەکانی سەر بە پایتەخت ژیاون و شاری بانکۆکیان کردووە بە گەورەترین شاری وڵاتەکەیان، بانکۆک ناوەندی سیاسی و دارایی وڵاتەکەیەتی.

دانیشتوانی شارەکە

لەڕووی دیمۆگرافییەوە و بەگوێرەی سەرژمێرییەکەی ساڵی 2010، لە کۆی 8.28 ملیۆن کەس تەنیا 5.7 ملیۆنیان بە دانیشتووی شارەکە تۆمارکراون، زۆربەی ئەو کەسانەی کە بە ڕۆژدا لە شارەکەدان خەڵکی ناوچەکانی دەوروبەری بانکۆکن و پێکەوە دانیشتوانێکی 15 ملیۆن کەسی پێک دەهێنن، هەروەها بانکۆک شارێکی جیهانی و دوور لە نەریتی ناوچەگەرییە، نیشتیمانی خەڵکی سەرانسەری جیهانە، بەگوێرەی سەرژمێرییەکەی ساڵی 2010 ئەم دانیشتوانانە لەشارەکەدا نیشتەجێن:

  • ژاپۆنی: 82,000
  • چینی: 56,000
  • وڵاتانی تری ئاسیا: 117,000
  • ئەورووپی: 48,000
  • ئەمریکی: 24,000
  • ئوستڕالی: 5,300
  • ئەفریقی: 3,000
  • بێرمە: 303,000
  • کامبوجیایی: 64,000
  • لائۆ: 18,000

زۆربەی خەڵکی ئەم شارە بە ڕەگەز تایلەندین، هەرچەندە لە سەرژمێرییەکەدا ڕەگەز و نەژادی هاوڵاتیانی دیاری نەکراوە و شارەکەش زانیاری لەسەر پێکهاتە ڕەگەزییەکان ڕانەگەیاندووە، بەڵام لە ئەنجامی کۆچکردن و داگیرکردنەوە چەندین گرووپ لە وڵاتەکەدا هەن، ئەوانیش ڤێتنامی، کمێر، باکووری تایلەندی، لائۆ، تاڤۆیان، مالایی و مۆن دەگرێتەوە. یەکێک لە دیارترین گرووپە نەژادییەکانی شارەکە چینییەکانن، کە لە ساڵی 1828دا 75٪ی دانیشتوانی شارەکە بوون و لە ساڵی 1950دا ڕێژەیان دابەزی بۆ 50٪.

گەشەی دانیشوان

گەشەی دانیشتوانی شارەکە لە سەدەی 18یەم و سەرەتای سەدەی 19یەمدا زۆر هێواش بوو، بەڵام لە سەدەی 19یەمدا ژمارەی دانیشتوانی شارەکه گەشەسەندنی بە خۆیەوە بینی و شارەکە بوو بە شارێکی مۆدێرن، چاوەڕوان دەکرێت لە ساڵی 2030دا شاری بانکۆک ببێتە یەکێک لە گەورەشارەکانی جیهان بە دانیشتوانێکی زیاتر لە 10 ملیۆن کەسییەوە.

مێژووی شارەکە

مێژووی بانکۆک بەلایەنی کەمەوە دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای سەدەی 15، ئەو کاتە گوندێک بوو لە کەناری ڕۆژئاوای ڕووباری چۆپرایا لەژێر فەرمانڕەوایی ئەیوتەیا، بەهۆی هەڵکەوتەی ستراتیجییەکەیەوە کە نزیکە لە ڕێژگەی ڕووبارەکەوە وردە وردە گرنگی شارۆچکەکە زیادی کرد، بانکۆک سەرەتا لەگەڵ قەڵاکانی هەردوو لای ڕووبارەکەدا وەکوو خاڵێکی گومرگی خزمەتیان دەکرد، هەروەها لە ساڵی 1688 کە فەڕەنسییەکان لە سیام دەرکران ئەم شارە شوێنی ئابڵوقەدان بوو، دوای ڕووخانی ئەیوتەیا بۆ بورمیس لە ساڵی 1767دا، پاشا تاکسین پایتەختی خۆی لە شارۆچکەکەدا دامەزراند و بوو بە بنکەی شانشینی ثۆنبوری، هەروەها 21ی نیسانی 1782 بە بەرواری دامەزراندنی بانکۆک وەکوو پایتەخت دادەنرێت، ئابووری بانکۆک لە ڕێگەی بازرگانی نێودەوڵەتییەوە وردە وردە فراوان بوو، سەرەتا لەگەڵ چین، پاشان لەگەڵ بازرگانە ڕۆژئاواییەکان کە دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتا تا ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەیەم. وەکوو پایتەختیش شاری بانکۆک ناوەندی نوێخوازی سیام بوو، چونکە لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەیەمدا ڕووبەڕووی فشاری هێزە ڕۆژئاواییەکان بوویەوە.

شارەکه لەڕووی گەشتیارییەوە

شاری بانکۆک لە ساڵی 2019دا پێشوازی لە نزیکەی 22.7 ملیۆن گەشتیاری نێودەوڵەتی کرد، زیادبوونی ساڵانەی گەشتیارانی بانکۆک ئەو ڕاستییەیان سەلماندووە کە بانکۆک‌ شارێکی بەناوبانگی گەشتیارییە، شوێنە گەشتیارییە سەرەکییەکانی ئەم شارە زۆربەیان شوێنی مێژوویین یان شوێنی ئایینیین وەکوو پەرستگاکانی بانکۆک، هەروەها چەندین شوێنی سەرنجڕاکێشی تری لێیە وەکوو کۆشکەکان، مۆزەخانەکان، پارکەکان و ناوەندە جۆراوجۆرەکانی بازاڕکردن.

کەشوهەوای شارەکه

بەپێی سیستەمی پۆلێنکردنی کەشوهەوای کوپن و لەژێر کاریگەری سیستمی مانسوونی باشووری ئاسیا ئاووهەوای بانکۆک وەکوو زۆربەی ناوچەکانی تایلەند ئاووهەوایەکی خولگەیی ساڤانایی هەیە، ئەم شارە سێ وەرزی هەیە: گەرم، باراناوی و سارد، هەرچەندە پلەکانی گەرما بەدرێژایی ساڵ گەرمە و تێکڕای پلەکانی گەرما لە کانوونی یەکەمدا 22.0 پلەی سەدی و لە نیساندا 35.4 پلەی سەدییە، هەروەها مانگی ئەیلوول تەڕترین مانگی ساڵە و تێکڕای دابارین 334.3 ملیمەترە، بەرزترین پلەی گەرمی تۆمارکراو لە شارەکەدا 40.1 پلەی سەدییە و لە مانگی ئازاری ساڵی 2013دا تۆمارکرا، نزمترین پلەی گرمی تۆمارکراو 9.9 پلەی سەدییە و لە کانوونی دووەمی 1955دا تۆمارکرا، بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە شارەکە ڕووبەڕووی هەڕەشەی ژینگەیی دەبێتەوە نموونەی ئەم جۆرە هەڕەشانەش بەرزبوونەوەی ئاستی دەریایە.


سەرچاوەکان



374 بینین