ئەبووزەبی

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر - به‌روار: 2022-03-10-22:00:00 - کۆدی بابەت: 7957
ئەبووزەبی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ئەبووزەبی (بە ئینگلیزی: Abu Dhabi، بە عەرەبی: أَبُو ظَبْيٍ‌)، پایتەخت و دووەم گەورەترین شاری وڵاتی ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبییە لە دوای شاری دوبەیەوە، هەروەها پایتەختی ئیماراتە، شاری ئەبووزەبی دەکەوێتە دوورگەیەک لە کەنداوی فارس، لە کەناری ڕۆژئاوای ناوەڕاستەوە، ڕووبەری ئەم شارە 972 کیلۆمەتر دووجایە و بەرزترین شوێنی 27 مەترە، لە ساڵی 2021دا ژمارەی دانیشتوانی ناوچەکانی دەوروبەری شاری ئەبووزەبی بە 1.5 ملیۆن کەس خەمڵێنرا، بارەگای دەسەڵاتی وەبەرهێنانی ئەبووزەبی لە شارەکەدایە و لە ساڵی 2021دا پێنجەم گەورەترین ئابووری سامانی سەربەخۆی جیهان بوو.

مێژووی شارەکە

ناوچەی دەوروبەری ئەبووزەبی پڕە لە بەڵگەی شوێنەواری شارستانییەتە مێژووییەکانی پێشوو، وەکوو کولتووری ئوم ئەلنار (أم النار) کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سێ هەزار ساڵ پێش زایینی، هەروەها لە دەرەوەی شاری هاوچەرخی ئەبووزەبی چەندین نشینگەی دیکە دۆزراونەتەوە، کە ناوچە رۆژهەلاتی و ڕۆژئاواییەکانی ئیماراتیش لەخۆ دەگرێت.

ناوی شارەکە

"ئەبوو" وشەیەکی عەرەبییە واتای باوک دەگەیەنێت و "زەبی" وشەیەکی عەرەبییە بە مانای ئاسک دێت، ئەبووزەبی واتە "باوکی ئاسک"، وابیردەکرێتەوە کە ئەم ناوە لە زۆریی ئاسکەکانی ناوچەکە و چیرۆکێکی میللییەوە سەرچاوەی گرتووە کە حاکمی دووەمی ئیمارات (شخبوط بن ذياب بن عيسى آل نهيان) تێدابووە.

دانیشتوانی ئەبووزەبی

ژمارەی دانیشتوانی شار بە 1,698,961 کەس دەخەمڵێندرێت و دانیشتوانی گوندەکان 1,085,529 کەسن، لەناو شاری ئەبووزەبیدا ژمارەی نێرەکان زیاترە لە مێیەکان، 1,831,741 نێر و 952,749 مێی تێدایە، هەروەها شارەکە دانیشتوانێکی گەورەی نەتەوەیی وڵاتی ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی تێدایە کە بە زیاتر لە 550,000 کەس دەخەمڵێندرێت، تێکڕای تەمەنی دانیشتوانی شارەکە لە ناو ئەبووزەبیدا 75.9 ساڵە بۆ پیاوان و 79.5 ساڵە بۆ ژنان، ڕێژەی گەشەسەندنی دانیشتوان لەم شارەدا لە نێوان ساڵانی 2010 بۆ 2016دا بە ڕێژەی 5.6٪ زیادی کردووە، ئایینی فەرمی شارەکە ئیسلامە و زمانی فەرمیش زمانی عەرەبییە، لە کاتێکدا هاوڵاتیان زمانی ئینگلیزیش زۆر بەکاردێنن.

شارەکە لەڕووی پەروەردەوە

سیستمی پەروەردە لەناو ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبیدا و تەنیا لە شاری ئەبووزەبیدا 441 خوێندنگەی جیاواز هەیە کە 373,586 خوێندکار فێر دەکەن، لە دوای قوتابخانە ئەو خوێندکارانەی کە مانەوە لە ئەبووزەبی هەڵدەبژێرن، مافی ئەوەیان هەیە لە یەکێک لەو نۆ زانکۆدا درێژە بە خوێندنەکەیان بدەن کە لە شارەکەدان، هەروەها ڕێژەی نەخوێندەواری لەم شارەدا بەهۆی باشی سیستەمی قوتابخانەوە کەمە و ژمارەکانیش ڕەنگدانەوەی ئەو ڕاستییەن کە تەنیا 6.4٪ی دانیشتوانی سەرووی تەمەنی دە ساڵ بە نەخوێندەوار دادەنرێن، لەگەڵ ئەوەشدا ڕێژەی نەخوێندەواری لەناو پیاواندا 6.5٪ و ژنان 6.2٪.

کەشوهەوای ئەبووزەبی

بەپێی سیستمی پۆلێنکردنی کەشوهەوای کوپن، شاری ئەبووزەبی ئاووهەوایەکی بیابانی گەرمی هەیە، بەدرێژایی ساڵ ئاسمانی ئەبووزەبی شین و ڕۆشنە، بە شێوەیەکی گشتی کەشوهەوای شارەکە لە مانگی حوزەیران تا ئەیلوول زۆر گەرم و شێدارە، لەگەڵ ئەوەشدا بەرزترین پلەی گەرما بە تێکڕایی لە سەرووی 41 پلەی سەدییەوەیە، لە ماوەی ئەم کاتەدا بە شێوەیەکی تاوتاو ڕەشەبای لماوی هەڵدەکات و لە هەندێک حاڵەتدا مەودای بینین بۆ چەند مەترێک کەم دەکاتەوە، کەشوهەوای ئەبووزەبی لە مانگی تشرینی دووەمەوە تا مانگی ئازار ساردترە، بە تێکڕایی لە نێوان کەشێکی گەرم تا مامناوەند، هەروەها تەمی چڕ دەبینرێت و چەند ڕۆژێکیش باران دەبارێت، کانوونی دووەم ساردترین مانگی ساڵە لە کاتێکدا مانگی ئاب گەرمترینە، هەرچەندە تێکڕای پلەی گەرمی لە ساردترین مانگدا 18.8 پلەی سەدییە، بەڵام کەشوهەواکەی زۆر وشکە تا وەکوو ئاووهەوایەکی خولگەیی پۆلێن بکرێت.

شارەکە لەڕووی گەشتیارییەوە

بەپێی وەزارەتی ڕۆشنبیری و گەشتوگوزاری ئەبووزەبی ژمارەی گەشتیارانی نێودەوڵەتی بۆ وڵاتی ئیمارات لە ساڵی 2019دا نزیکەی 11.35 ملیۆن کەس بووە، کە لە چاو ساڵی 2018دا 10.5٪ زیادی کردووە، پایتەختی وڵاتەکە زیاتر لە 168 ئوتێلی هەیە کە ژمارە ژوورەکانیان زیاتر لە 26000 ژوورە، هەندێک لە شوێنە گەشتیارییە سەرنجڕاکێشەکانی ئەبووزەبی بریتین لە:

  • مزگەوتی گەورەی شێخ زاید
  • دوورگەی یاس
  • لۆڤەر ئەبووزەبی
  • جیهانی فیراری
  • ژووری چاودێریکردن کە لە بەرزایی 300 مەتردایە و دیمەنی شارەکەی لێوە دەبینرێت.
  • پارکی نەتەوەیی مانگروڤ
  • کەناری کۆرنیچ
  • پارکی خەلیفە


سەرچاوەکان



350 بینین