پشکنینی زەردوویی

له‌لایه‌ن: - سارا محێدین - به‌روار: 2022-04-08-23:25:00 - کۆدی بابەت: 8176
پشکنینی زەردوویی

ناوه‌ڕۆك

پشکنینی زەردوویی - TSB چییە؟

پشکنینی زەردوویی یاخود تێکڕای بیلیروبینی سیرەم (بە ئینگلیزی: Total Serum Bilirubin) کە زیاتر بە (TSB) ناودەبرێت، پشکنینێکی خوێنە کە ڕێژەی ماددەیەک دەپێوێت بەناوی بیلیروبین، ئەم پشکنینە لەپێناو زانینی ڕادەی باش کارکردنی جگەر بەکاردەهێنرێت، ڕێژەیەکی کەم لەم ماددەیە لە خوێندا ئاساییە، بەڵام بەرزی ڕێژەکەی ڕەنگە نیشانەیەکی ناساغی جگەر بێت.

جگەر بۆ هاوکاری کرداری هەرس شلەی زەرداو دەردەدات، زەرداویش بیلیروبین لەخۆدەگرێت، بیلیروبین بەزۆری لە ئاکامی پڕۆسەی تێکشکاندنی خرۆکە سوورە کۆنەکانەوە پەیدا دەبێت، جگەرێکی ساغ بەشێوەیەکی ئاسایی خۆی لەو بیلیروبینانە ڕزگار دەکات، بەڵام کاتێک کێشەی جگەرت هەبێت، ئەم ماددەیە تا ئاستێکی ناتەندرووست لە جەستەتدا کۆدەبێتەوە.

چ کاتێک پێویستیت بەم پشکنینەیە؟

ئەگەر نیشانەکانی نەخۆشی یاخود زیانپێگەشتنی جگەرت تێدایە، ئەوە ڕەنگە پێویستیت بەم پشکنینەبێت، نیشانەکان بریتین لە:

  • زەردهەڵگەڕانی پێست یان چاو
  • ئازاری گەدە
  • تۆخبوونی ڕەنگی میز
  • زەردهەڵگەڕانی ڕەنگی پیسایی
  • نیشانەکانی هاوشێوەی پەتا، وەکوو لەرز و تا

ئەگەر تۆ لەژێر چارەسەری نەخۆشی جگەردابیت، لەوانەیە واپێویست بکات ماوەماوە ئاستی بیلیروبینت بپشکنیت.

زۆرێک لە کۆرپە لەش ساغەکانیش تووشی زەردوویی دەبن، لەبەر ئەوەی جگەریان هێشتا بەتەواوی پێنەگەشتووە تاوەکوو بتوانێت ئەو بیلیروبینانە بکاتە دەرەوەی لەش. زۆرینەی جار زەردوویی کێشە بۆ کۆرپە دروست ناکات، بەڵام منداڵان بەزۆری دوای ماوەیەکی کەم لە لەدایکبوونیان پشکنینیان بۆ ئەنجام دەدرێت چونکە بەرزی ڕێژەی بیلیروبین ڕەنگە کارگەری لەسەر مێشک دروست بکات و ببێتە هۆی کەڕی یان کەموکووڕی ژیری و گەشەیی.

ڕێژەی ئاسایی پشکنینەکە

  • بەگشتی ڕێژەی ئاسایی بیلیروبین لە 1 (mg/dL) کەمترە.
  • کەسانی پێگەیشتووی تووشبوو بە زەردوویی ڕێژەی بیلیروبینیان لە 2.5 (mg/dL) زیاترە.
  • لە کۆرپەیەکی ساغدا، ڕێژەی بیلیروبینی بەرزتر لە 15 (mg/dL) ڕەنگە کێشە دروست بکات.

هەندێک جار بەرزی بیلیروبین لەوانەیە بەهۆی نەخۆشییەوە نەبێت، چونکە هەندێک دەرمان، دووگیانی، ڕاهێنانی سەخت تەنانەت خۆراکیش ڕێژەی بیلیروبین بەرز دەکەنەوە.

پشکنینەکە چۆن ئەنجام دەدرێت

پشکنینەکە لە ڕێگەی نموونەیەکی خوێنە دەبێت، سرنجێک بەکاردەهێنرێت بۆ دەرهێنانی خوێن لە قۆڵ یاخود دەستت، بۆ کۆرپەیش، نموونەیەکی خوێن لە پاژنەی پێیەوە وەردەگیرێت.


سەرچاوەکان



703 بینین