قەبزی لە مانگی ڕەمەزاندا

له‌لایه‌ن: - ئیلهام ئەنوەر - به‌روار: 2022-04-17-02:00:00 - کۆدی بابەت: 8284
قەبزی لە مانگی ڕەمەزاندا

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا 

یەکێک لەو کێشانەی کە ڕەنگە ڕۆژووانان لە مانگی ڕەمەزاندا تووشی ببن قەبزیییە، لەبەر کەمی بەکارهێنانی شلەمەنی لە ڕۆژدا ڕێژەی تووشبوون بە قەبزیی زۆر دەبێت.

بۆچی لە ڕەمەزاندا دووچاری قەبزیی دەبین؟

قەبزیی بە یەکێک لە باوترین کێشەکانی ڕۆژووان دادەنرێت، لە ڕاستیدا برسییەتی و کەم ئاوی دەبێتە هۆی قەبزیی، کەمی جووڵە و چالاکی جەستەیی مەترسی قەبزیی زیاد دەکەن، هەروەها بەهۆی گۆڕانی کاتی ژەمەکان، کاتی خەوتن و کەمبوونەوەی جووڵەی گەدەوە دەبێت، کەسانی تووش بوو بە قەبزیی لەم مانگەدا، بە پەیڕەوکردنی سیستمێکی خۆراکی تەندروست دەتوانن تا ڕادەیەکی باش ئەم کێشەیە چارەسەر بکەن.

نیشانەکانی قەبزیی بەهۆی ڕۆژووگرتنەوە

لە گرنگترین نیشانەکامی قەبزیی، کەمبوونەوەی پیسایی بۆ کەمتر لە سێ جار لە هەفتەیەکدا، هەروەها کرداری دەرهاویشتن قورس دەبێت، ئاوسان و ئازاری سک لەبەر توندی و وشکی پیسایی، قەبزیی دەتوانێت کاریگەری نەرێنی لەسەر ژیانی کەسەکان دابنێت، سەلامەتی جەستەیی و دەروونی کەسەکان تێک بدات.

ڕێگاکانی چارەسەرکردنی قەبزیی لە مانگی ڕەمەزاندا

  •  بەکارهێنانی ئەو خواردنانەی پێکهاتەی ڕیشاڵیان زۆر تێدایە، پسپۆڕان کۆکن لەسەر ئەوەی ژەمە خواردنی پڕ ڕیشاڵ و جووڵەکردن ڕێگری لە قەبزیی دەکەن.
  • زیادکردنی بەکارهێنانی شلەمەنی بەلایەنی کەمەوە ڕۆژی دوو لیتر یەکێکە لەو ڕێگایانەی کە یارمەتی چارەسەری قەبزیی دەدات.
  • وەرزشکردن و جووڵە، کەم جووڵەیی یەکێکە لە هۆکارەکەنی قەبزیی، جووڵەکردن و وەرزشکردن یارمەتی گەڕانی خوێن دەدات بە گەدەدا، کرداری هەرس ئاسان دەکات، وەرزشی وەکوو پیادەڕەوی، مەلەکردن و ڕاکردن. کاتی گونجاو بۆ وەرزشکردن کاتژمێرێک دوای بەربانگە.
  • کەم کردنەوەی بەکارهێنانی شیرینی و چەوری، بۆ ڕێگریکردن لە قەبزیی وا باشترە چەند دەتوانن شیرینی و چەوری کەم بکەنەوە، چونکە هۆکارێکن بۆ قەبزیی.
  • خواردنی شۆربای نیسک یەکێکە لە باشترین و بەسوودترین خواردنەکان بۆ چارەسەری قەبزیی، لە هەر کوپێک نیسکدا نزیکەی شەش گرام ڕیشاڵ هەیە، ئەم ڕیشاڵە یارمەتی نەرمکردنەوەی پیسایی دەدات و قەبزیی ناهێڵێت.
  • ترێ یەکێکی ترە لە چارەسەرە زۆر باشەکان بۆ قەبزیی، ئەم میوەیە هەم ڕیشاڵی زۆری تێدایە هەم ئاو، کە هەردووکیان کاریگەرن لە نەهێشتنی قەبزییدا.
  • شلەی سپێناخ و سەوزەواتەکانی تر بڕێکی زۆر ڕیشاڵیان تێدایە و یارمەتی کرداری هەرسکردن دەدەن
  •  خواردنی پرتەقاڵ، پرتەقاڵ ڤیتامین C زۆری تێدایە کە یارمەتی نەرمکردنەوەی پیسایی دەدات، هەروەها ڕیشاڵیشی تێدایە.

ڕێگریکردن لە تووشبوون بە قەبزیی

- قەبزیی و کەم ئاوی پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆیان هەیە، لەبەر ئەوە باشترە لە ماوەی نێوان بەربانگ بۆ پاشێو ئاوی زۆر بخورێتەوە.
- دوورکەوتنەوە لە خواردنی زۆر گەرم و خواردنی سوێر و سوورکراوە.
- خواردنی فستق، بادەم و گوێز دەتوانن ڕێگری بکەن لە قەبزیی
- خواردنی هەنگوین و خورما لەبەر بوونی کاربۆهیدراتی زۆر تێیاندا، یارمەتیدەرن وەکوو دەرمانی قەبزیی.


سەرچاوەکان



556 بینین