هەستیاری بە ژینگە

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی - به‌روار: 2022-05-13-21:39:00 - کۆدی بابەت: 8634
هەستیاری بە ژینگە

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

هەستیاریی ژینگەی دەوروبەر (بە ئینگلیزی: Environmental Allergies) بریتییە لە کاردانەوەی سیستمی بەرگری لەشی مرۆڤ بۆ شتێک لە ژینگەی دەوروبەردا کە بەشێوەیەکی گشتی بێ‌زیانە، واتە کەسێک بەشێوەیەکی تایبەت هەستیاری بۆ شتێکی بێزیانی دەوروبەری هەیە، نیشانەکانی ئەم هەستیارییە لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر دەگۆڕێت، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی نیشانەکانی بریتیین لە پژمین و کۆکە و هەستکردن بە ماندووێتی.
هەستیاری بە ژینگە جیاوازە لە هەستیاری بە خۆراک لەبەر ئەوەی کاتێک کەسێک هەستیاری بە ژینگە هەیە هۆکارەکەی خواردنی شتێک و هەرسکردنی نییە، بەڵکوو کەسەکە هەستیاری بە بەرکەوتن لەگەڵ شتێکی هاندەر یان هەڵمژینی لە دەوروبەریدا هەیە.

نیشانەکان

دەکرێت نیشانەکانی هەستیاری بە ژینگەی دەوروبەر وەک نیشانەکانی هەڵامەت و سەرمابوون بێت، بەڵام هۆکاری تووشبوونەکەیان هەمان شت نییە، چونکە مرۆڤ بەهۆی ڤایرۆسەوە تووشی هەڵامەت دەبێت، بەڵام هەستیاری بە ژینگە بەهۆی کاردانەوەی سیستمی بەرگری بۆ ماددەیەکی دەوروبەر ڕوودەدات.
هەندێک لە نیشانەکانی هەستیاری ژینگە بریتیین لە:

  • پژمین
  • ئاوکردنی لووت
  • کورتی هەناسەدان
  • خوورانی پێست
  • سەرئێشە
  • قوورسی هەناسەدان
  • ماندووێتی و شەکەتی

ئەگەر کەسێک تووشبووی ڕەبۆ بێت ئەوا نیشانەکانی توندتر دەبن و مەترسی بۆ سەر ژیانی دروست دەکەن.
ئەگەر کەسێکیش تووشبووی هەستیاری وەرزی بێت ئەوا نیشانەکانی لە کاتێکی دیاریکراوی ساڵدا خراپتر دەبن.

هۆکارە باوەکان

هەستیارکەر بە هەر شتێک دەوترێت کە ببێتە هۆی ئەوەی سیستمی بەرگری هانی کاردانەوەیەکی هەستیاریی بدات. دۆزینەوەی ئەو شتەی کە هەستیاریت پێی هەیە هەنگاوێکی گرنگە لە پلانی چارەسەری هەستیاریدا. پێنج جۆری باوی هەستیارکەر هەن کە بریتیین لە: 

مێرووی مایکرۆسکۆپی تەپوتۆز - Dust mites

یەکێکن لە باوترین هەستیارکەرەکانی ناوماڵ، کە مێرووی مایکرۆسکۆپین و لەسەر کەلوپەلی ناوماڵ دەژین. ئەگەر کەسێک کە هەستیاری بەم مێرووانە هەبێت دەکرێت نیشانەکانی لە مانگەکانی وەرزی بەهار و هاویندا خراپتر ببن. ئەمەش لەبەر ئەوەیە کە مێرووی مایکرۆسکۆپی تەپوتۆز حەزیان بە ژینگەی گەرم و شێدارە.

هەڵاڵە - Pollen

هەڵاڵە هەستیارکەرێکی تری ژینگەییە، کاتێک کەسێک هەستیاری لە هەڵاڵەی گوڵ هەبێت، نیشانەکانی وەک پژمین و ئاوکردنی چاو و خورانی قوڕگی خراپتر دەبن کاتێک کە لە وەرزی بەهار و کۆتایی وەرزی پاییزدا هەڵاڵە زیاد دەکات.


مووی ئاژەڵ - Pet dander

موو و پێستی ئاژەڵ و لیکی ئاژەڵ دوو هەستیارکەری باون. نیشانەکانی بوونی هەستیاری بەم دوو جۆرە هەستیارکەرە بریتیین لە:

  • پژمین
  • خووران
  • کۆکە
  • لیروو

ئەو کەسانەی تووشبووی ئەم جۆرە هەستیارییەن، کاتێک نزیکی ئاژەڵێکی ماڵی دەکەونەوە یان لە ماڵێک یان ئۆتۆمۆبێلێکدا دەبن ئاژەڵی تێدا بووبێت ئەو نیشانانەیان تێدا دەردەکەوێت. تەنانەت دەکرێت کاتێک لە نزیکی کەسێکەوە دادەنیشن کە مووی ئاژەڵ بە جلەکانییەوەیە تووشی هەستیاری بن و نیشانەکانیان تێدا دەربکەوێت.

کەڕوو - Mold

تۆوی کەڕوو دەکرێت ببێتە هۆی کاردانەوەی هەستیاری مامناوەند بۆ توند لە ئەو کەسانەدا کە هەستیارییان بە کەڕوو هەیە. نیشانەکانی ئەم هەستیارییە بریتیین لە:

کەڕوو لە ژینگەی شێداردا زیاد دەکات، بۆیە ئەو کەسانەی ئەم جۆرە هەستیارییەیان هەیە لە ئەو مانگانەی ساڵدا کە شێداری تیایدا زۆرە نیشانەکانیان خراپتر دەبێت. کەڕوو بەشێوەیەکی باو لە ژێرزەمین و گەرماودا بوونی زیاترە.

دووکەڵی جگەرە

دووکەڵی جگەرە دەتوانێت لە زۆربەی خەڵکدا نیشانەکانی هەستیاری خراپتر بکات. دووربە لە کێشانی جگەرە و دوورکەوەرەوە لەو شوێنەی جگەرەی تێدا دەکێشرێت، بەتایبەت ئەگەر کەسێکیت هەستیاریت بە ژینگە هەیە.

دیاریکردن و پشکنین

کاتێک بۆ چارەسەری هەستیارییەکەت سەردانی پزیشک دەکەیت، پزیشک دەربارەی نیشانەکان و مێژووی نەخۆشی و خێزان پرسیارت لێدەکات، بەکارهێنانی ئەم زانیارییانە لەگەڵ ئەنجامی پشکنینی هەستیاریدا یارمەتیدەرە بۆ دیاریکردنی جۆری هەستیارییەکەت.
پشکنینەکانی هەستیاری دەکرێت ئەمانەی خوارەوە بن:

  • پشکنینی کونکردنی پێست
  • پشکنینی خوێن
  • پلانی خۆراک، ئەگەر پزیشک پێشبینی ئەوە بکات کە هەستیاری خۆراکت هەیە.

پشکنینی هەستیاری دەبێتەهۆی دیاریکردنی ئەو هەستیارکەرەی کە تۆ هەستیاریت پێی هەیە. هەرکە پزیشک توانی هەستیارکەرەکەت دیاری بکات، دەتوانێت پێشنیاری دەرمان یان چارەسەری هەڵبژاردە بکات.

ڕێگریکردن و خۆپاراستن لە ماڵەوە

ڕێگریکردن لە بەرکەوتن بە هەستیارکەرەکان دەکرێت یەکێک بێت لە کاریگەرترین ڕێگاکان بۆ کەمکردنەوەی نیشانەکان و خۆپاراستن لە تووشبوون بە هەستیاری. دەکرێت بە پەیڕەوکردنی ئەم ڕێگایانە ڕێگری لە تووشبوون بە هەستیاری لە ماڵەوە بکەیت:

بەکارهێنانی پاڵاوتەری هەوا

بەکارهێنانی پاڵاوتەری هەوا دەتوانێت بە ڕێگریکردن لە هەستیارکەر و پیسکەرەکانی هەوا، کوالیتی هەوای ماڵەوە بەرەو پێش ببات و پێش ئەوەی بێتە ماڵەوە پاکی بکاتەوە. 
بەتایبەت ئەو کەسانەی کە هەستیارییان بە مێرووی مایکرۆسکۆپی تەپوتۆز هەیە، دوای پەیڕەوکردنی ئەم ڕێگایە نیشانەکانی هەستیارییان بەرەو کەم بوونەوە ڕۆیشتووە.

جێگای خەوی ڕێگریکەری هەستیاری

داپۆشەری پشتی و لێفەی دژ بە هەستیاری بوونی هەیە، کە دەتوانیت بە بەکارهێنانیان ڕێگری لە بەرکەوتن لەگەڵ مێرووی مایکرۆسکۆپی تەپوتۆز بکەیت، هەروەها پاککردنەوە و شۆردنی حەفتانەی پشتی و جێگە خەوەکەت، گسکدانی ژووری نووستنەکەت دەکرێت مەترسی بەرکەوتن لەگەڵ ئەم مێرووانەدا کەم بکاتەوە.
جێگای خەوەکەت و پشتییەکەت لە ئاوی گەرمدا بشۆ بۆ لابردن و لەناوبردنی مێرووە مایکرۆسکۆپییەکان.

پەنجەرەکان دابخە

هێشتنەوەی پەنجەرەی ماڵەکەت بە داخراوی دەکرێت ژمارەی هەستیارکەرەکانی ژینگە کەم بکاتەوە لە ماڵەکەتدا، بەتایبەت لەو ڕۆژانەدا کە هەست دەکەیت کەشوهەوا ناخاوێنە.
تاکە بەشێک لە ماڵەکەتدا کە دەبێت پەنجەرەکەی بکەیتەوە گەرماوە، چونکە بەم شێوازە شێی گەرماوەکە کەم دەکەیتەوە و ڕێگری لە گەشەکردنی کەڕوو دەکەیت.

ئاژەڵە ماڵییەکەت لە دەرەوەی ژووری نوستنەکەت دابنێ

ئەگەر کەسێکیت حەزت بە خاوەندارێتی ئاژەڵی ماڵی هەیە، لەو کاتەی کە زۆرترین کات لە ژووری نوستنەکەتدا دەمێنیتەوە ئاژەڵە ماڵییەکەت لە دەرەوەی ژوورەکەت دابنێ، بەم شێوەیەش نیشانەکانی هەستیاری کەم دەکەیتەوە و دوور دەبیت لە هەستیارکەرەکان.
هەوڵ بدە زوو زوو ئاژەڵە ماڵییەکەت بشۆیت، بەم شێوەیەش بڕی مووەکەی کەم دەکەیتەوە. ئەگەر ئاژەڵەکەت دەبەیتە دەرەوە بە هەمان شێوە شۆردنی ڕاستەوخۆ دوای هێنانەوەی بۆ ماڵەوە مەترسی بەرکەوتن لەگەڵ پیسکەرەکانی هەوا کەم دەکاتەوە.

گیراوەی خۆراکدەری پرژێنەری لووت

بەکارهێنانی گیراوەی خۆراکدەری پرژێنەری لووت دەتوانێت بەشێوەیەکی سەرکەوتوو ئەو کۆکەیەی کە بەهۆی هەستیارییەوە تووشی دەبیت کەم بکاتەوە.

پاکوخاوێنی خود

خۆشۆردن لەدوای هاتنەوە بۆ ماڵەوە دەکرێت یارمەتی لابردنی هەستیارکەرەکانی سەر لەشت بدات، هەروەها ئەگەر بەرکەوتنت لەگەڵ گوڵ و تەپوتۆزدا هەبووە دەبێت جلەکانیشت بشۆیت. ئەمە یارمەتیدەرە بۆ ڕێگریکردن لە بوونی تۆوی کەڕوو و هەڵاڵە لە ماڵەکەتدا.


سەرچاوەکان



724 بینین