سووتان

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی سروشت ناجی - به‌روار: 2022-05-20-21:01:00 - کۆدی بابەت: 8716
سووتان

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

سووتان (بە ئینگلیزی: Burn یان Combustion) پڕۆسەیەکی کیمیاییە کە تیایدا دوو گەرد یان گەردیلە یەک دەگرن و وزەیەکیان لێ‌دەردەچێت، ئاساییانە یەکێک لە ئەم دوو گەردە بریتییە لە ئۆکسجین یان هەر گەردێکی تر کە لە ڕووی کیمیاییەوە لە ئۆکسجین بچێت و پێی دەوترێت ئۆکسێنەر. ئەو وزەیەی کە لە یەکگرتنی ئەم دوو گەردەوە دەردەچێت لە شێوەی گەرمی و زۆرجار ڕووناکییە. مرۆڤەکان ئاشنان بە ئەو شتانەی کە دەسووتێن وەک کاغەز یان دار. لە ڕاستیدا سادەترین پڕۆسەی سووتان بریتییە لە سووتانی هایدرۆجین. هایدرۆجین لەگەڵ ئۆکسجیندا دەسووتێت و ئاو بەرهەم دەهێنێت.

بۆچی هەندێک شت دەسووتێن و هەندێکی تر دەتوێنەوە؟

توانەوە پڕۆسەیەکی فیزیاییە کە تیایدا دۆخی ماددەیەک لە ڕەقەوە دەگۆڕێت بۆ شل، بەڵام سووتان پڕۆسەیەکی کیمیاییە کە تیایدا ماددەیەک تێکدەشکێنرێت و دەکرێت بە شتێکی تر. بۆ نموونە کاتێک پارچە سەهۆڵێک دەتوێتەوە دەبێتەوە بە ئاو، هەر هەمان ماددەیە و نەبووە بە شتێکی تر، واتە دەتوانیت دووبارە پلەی گەرمی ئەم ئاوە دابەزێنیت و بیکەیتەوە بە سەهۆڵ، بەڵام کاتێک دارێک دەسووتێت و دەبێت بە خەڵووز، بووە بە ماددەیەکی تر و ناتوانرێت ئەم خەڵووزە بکرێتەوە بە دار.
ئەو ماددانەی لەجیاتی ئەوەی بتوێنەوە دەسووتێن، پلەی گەرمی سووتانیان نزمترە لە پلەی گەرمی توانەوەیان. واتە پێش ئەوەی هەلی ئەوەیان هەبێت بگەن بە ئەو پلەی گەرمییەی کە پێویستە بۆ توانەوەیان، دەگەن بە ئەو پلە گەرمییەی کە پێویستە بۆ سووتانیان.

ماددە سووتاوەکان 

ماددە سووتاوەکان یان بسووتەکان ئەو ماددانەن کە پڕۆسەی سووتانیان بەسەردا دێت، ئەم ماددانە بە بوونی هەوا و هۆکاری سووتان دەبنە هۆی دەرپەڕاندنی وزە و گەرمی و ڕووناکی. زۆر جار بە ماددە سووتاوەکان دەوترێت ماددە گڕگرتووەکان، ئەم ماددانە توانای سووتان و گڕگرتنیان هەیە. ماددە سووتاوەکان دەبێت ئاماژەی ئاگادارکردنەوەیان بۆ دابنرێت تاکوو نەبنە هۆی ڕووداوی نەخوازراو، نموونەی ئەم ماددانەش:

جۆرەکانی سووتان

دوو جۆر لە سووتان بوونی هەیە کە بریتیین لە (سووتانی تەواو و سووتانی ناتەواو)

سووتانی تەواو

سووتانی تەواو بریتییە لە ئۆکسانی تەواوی سووتەمەنی. ئەم کارلێکە گەرمیدەرێکی بەهێزە و بڕێکی بەرزی وزە بەرهەم دەهێنێت و بڕێکی سنووردار لە بەرهەمی دەبێت. کاتێک سووتەمەنییەک دەسووتێت هایدرۆکاربۆنەکانی ناوی لەلایەن ئۆکسجینی هەواوە دەئۆکسێنرێن، بەرهەمی ئەم کارلێکی سووتانەش بریتی دەبێت لە دووانە ئۆکسیدی کاربۆن (CO2) و ئاو. کارلێکی سووتانی تەواو کاتێک ڕوودەدات کە بڕی پێویستی ئۆکسجین بوونی هەبێت. بە بوونی ئۆکسجین گەردەکانی کاربۆنی ناو هایدرۆکاربۆنەکان دەئۆکسێنرێن و دەبن بە دووەم ئۆکسیدی کاربۆن، هەروەها هایدرۆجین دەئۆکسێنرێت و دەبێت بە ئاو. ئەم کارلێکی سووتانە بڕێکی کەم لە پیسکەری ژینگە بەرهەم دەهێنێت و دەتوانرێت بە گڕە شینەکەیدا بناسرێتەوە.
کارلێکی گشتی سووتانی تەواو بریتییە لە:  

Hydrocarbon + Oxygen → Carbon dioxide + Water

سووتانی ناتەواو

سووتانی ناتەواو ئەو کارلێکە کیمیاییەیە کە نیمچە ئۆکسانی سووتەمەنی دەگرێتەوە، کاتێک بڕی پێویستی ئۆکسجین بوونی نەبێت ئەوکات سووتانی ناتەواو ڕوودەدات. لەگەڵ ئەوەی کە سووتەمەنییەکە بەتەواوی نەئۆکسێنراوە، سووتانی ناتەواو ژمارەیەک بەرهەمی دەبێت. بەڵام بڕی ئەو وزەیەی کە لە ئەنجامی ئەم سووتانەوە دەردەپەڕێت بە بەراورد بە سووتانی تەواو کەمترە. بەرهەمی سەرەکیی سوتانی ناتەواو بریتییە لە یەکەم ئۆکسیدی کاربۆن (CO) و تۆزی کاربۆن (سووتک) و ئاو. بەرهەمەکانی ئەم کارلێکی سووتانە دەکرێت بە پشت بەستن بە بڕی ئەو ئۆکسجینەی کە بەکاردێت بگۆڕێت.
کارلێکی گشتی سووتانی ناتەواو بریتییە لە:  

Hydrocarbon + Oxygen → Carbon monoxide + Carbon + Water

شێوازەکانی سووتان

کارلێکەکانی سووتان بەشێوەیەکی سەرەکی لەسەر بنچینەی چۆنیەتی ڕوودانی کارلێک و ئەو بەرهەمەی دروست دەبێت، بەسەر سێ شێوازدا دابەشکراون:

سووتانی خێرا

سووتانی خێرا بۆ دەست پێکردنی پێویستی بە وزەی گەرمیی دەرەکی هەیە، ئەم کارلێکە دەبێتەهۆی دەرپەڕاندنی بڕێکی زۆری گەرمی و وزە. هەروەک بە ناوەکەیدا دیارە ئەم شێوازی سووتانە بەخێرایی ڕوودەدات و تاکوو سووتەمەنی بمێنێت بەردەوام دەبێت. پڕۆسەی سووتانی خێرا ماوەی گڕەکەی زۆرترینە و بۆ ئەو ئامێرانە بەکاردێت کە بە سووتانی ناوەکی کاردەکەن. نموونەی سووتانی خێرا بریتییە لە:

سووتانی خودکار

سووتانی خودکار یان سەربەخۆ پێویستی بە هیچ وزەیەکی دەرەکی نییە بۆ دەستپێکردن، ئەم سووتانە لە پلەی گەرمی ژووردا بەهۆی خود گەرمبوونەوە ڕوودەدات. ئەم کارلێکە بەهۆی ئۆکسانی ناوەکی ماددەکە خۆیەوە ڕوودەدات و دەبێتەهۆی گۆڕان لە پلەی گەرمییەکەیدا، کاتێک ئەم ماددەیە دەگاتە پلەی گەرمیی خاڵی گڕگرتن و ئۆکسجینی پێویستی دەبێت بۆ دەستکردن بە پڕۆسەی سووتان، لە ئەنجامدا بە شێوەیەکی خودکارانە ماددەکە دەست دەکات بە سووتان.
بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی لەناو ماددەکەدا بەهۆی کارلێکی ناوەکییەوەیە، کە جۆری ئەم کالێکە بریتییە لە کارلێکی گەرمیدەر. ئەم جۆرە کارلێکە بەزۆری لە ئەو ماددانەدا ڕوودەدات کە پلەی گەرمیی گڕگرتنیان نزمە.

نموونەی سووتانی خودکار:

  • گڕگرتنی دارستانەکان.
  • فۆسفۆرۆز کە لە پلەی گەرمی ژووردا لە خۆوە دەسووتێت.
  • کارلێکی کانزا ئەلکالیەکان کاتێک لەگەڵ ئاودا یەکدەگرن.

سووتانی تەقینەوەیی

سووتانی تەقینەوەیی کاتێک سەرچاوەیەکی وزە گڕدەگرێت، زۆر بەخێرایی ڕوودەدات و بڕێکی زۆر گەورە لە وزەی گەرمی و ڕووناکی و دەنگ دەردەپەڕێنێت. دەکرێت وەک تەقینەوەیەک پێناسەی ئەم شێوازی سووتانە بکرێت. بەدرێژایی ئەم سووتانە ئەو گازانەی کە لە ئەنجامی کارلێکەکەوە دروست بوون بەخێرایی بڵاودەبنەوە و لە ئەنجامدا دەنگێکی لێدەردەچێت. نموونەی سووتانی تەقینەوەیی:

  • سووتاندنی یاری ئاگرین
  • تەقینەوەی داینەمایت (جۆرێکی تەقەمەنییە)


سەرچاوەکان



722 بینین