چارەسەری قەپگرتنی سەگ

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار مونا ڕزگار - به‌روار: 2022-05-30-21:11:00 - کۆدی بابەت: 8846
چارەسەری قەپگرتنی سەگ

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

پەلاماردانی سەگ حاڵەتێکی بەردەوامە و زۆرن ئەوانەی دووچاری هێرشی سەگ دەبنەوە، هەندێک کات هەر ڕێگایەک تاقی بکەیتەوە ناتوانیت ڕێگری بکەیت لە هێرشی سەگ. بۆیە قەپت لێ دەگرێت و لە ئەنجامی ئەمەش بریندار دەبیت و مەترسی تووشبوونت بە هاری زیاد دەکات. 
پێویستە کاتێک سەگێک هێرشت دەکاتە سەر بزانیت پاش برینداربوونت، کام ڕێگا بەکاردەهێنیت بۆ ڕێگریکردن لە زیانەکانی قەپگرتنی سەگەکە.

فریاگوزاری سەرەتایی 

  • کاتێک سەگێک قەپت لێ دەگرێت، ئەگەر خوێنبەربوونت هەبوو پێش هەر کارێک ڕێگری بکە لە خوێنبەربوونەکە و پەستان بخەرە سەری.
  • شوێنە بریندارکراوەکە بە ئاو و سابوون بشۆ، ئەگەر ماددەی پاککەرەوەی پزیشکیت هەیە دەتوانیت بەوە پاکی بکەیتەوە
  • برینەکە و دەوروبەری بە پەڕۆ مەبەستە و بهێڵە برینەکە کراوە بێت.
  • شوێنی برینەکە بەرزتر لە ئاستی دڵ ڕابگرە تاکوو دووربێت لە ئاوسان و ئەگەری تووشبوونی میکرۆبی کەم ببێتەوە.
  • پاشان بۆ چارەسەر وەرگرتن بە خێرایی سەردانی پزیشک بکە

چارەسەر

لەسەر بنەمای قووڵی برینەکە پزیشک بڕیاردەدات کام جۆری چارەسەر ئەنجام بدات:

  • کاتێک ڕووشانێک یاخود برینی بچووکە، پزیشک شوێنی برینەکە پاک دەکاتەوە، بە گیراوەی نۆڕماڵ سەلاین برینەکە پاک دەکاتەوە لە خوێن و پیسی.
  • دەرزی پێکوتە دەدات لە نەخۆشەکە، ئەگەر جێگاکەی قووڵ بێت لەگەڵ ئەوانەشدا پزیشک دژە تەنی هاری دەدات لە نەخۆشەکە.
  • زۆرجار پزیشک دوور دەکەوێتەوە لە بەستنی شوێنی قەپی سەگ، مەگەر ئەوەی کە برینەکە لەسەر ڕووخسار بێت، یاخود کۆمەڵێک ناوچەی هەستیاری دووچاری تووشبوونی میکرۆبی کردبێت.
  • پێدانی دەرمانی دژەبەکتریا بۆ ڕێگریکردن لە تووشبوونی میکرۆبی، کە نیشانەکانی بریتین لە:
    سووربوونەوە
    ئاوسان
    بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی جەستە
    هەبوونی هەوکردن و کێم لە شوێنی برینەکە
  • ئەگەر برینەکە هی سەگی ماڵی بێت، لەم کاتەدا پێکوتەکە بە سێ جار دەدرێت لە نەخۆش، بۆ نموونە دەبێت پێکوتەی دووەم سێ ڕۆژ دوای پێکوتەی یەکەم بدرێت، پێکوتەی سێیەمیش هەفتەیەک دوای پێکوتەی دووەم.
  • ئەگەر سەگێکی بەڕەڵا قەپی گرتبێت، دەبێت پێنج بۆ حەوت جار پێکوتە بدرێت لە نەخۆشەکە، ئەمە وادەکاتە مەترسی دووچاربوون بە تووشبوونی میکرۆبی کەم ببێتەوە.

مەترسییەکانی دوای قەپگرتنی سەگ

چەند حاڵەتێک هەیە کە مەترسییەکی گەورەن دوای قەپگرتنی سەگ کە ئەمانەن:

  • ئەگەر سەگەکە قەپی لە دەست و قاچی کەسەکە گرتبێت و برینێکی زۆر قووڵی دروست کردبێت.
  • لە کاتێکدا کە کەسی بەرکەوتوو نەخۆشییەکانی شەکرە، جگەر، سییەکان، شێرپەنجە، ئایدز، یاخوود هەر نەخۆشییەکی تری هەبێت کە وابکات نەخۆشەکە کۆئەندامی بەرگری لەشی لاوازبێت و ئەگەری دووچاربوونی بە تووشبوونی مێکرۆبی زیاتر بێت.
  • کەسەکە نیشانەکانی تووشبوونی میکرۆبی تێدا دەربکەوێت
  • لە کاتێکدا کە خوێنبەربوونەکە تاکوو ١٥ خولەک نەوەستێتەوە دوای ئەوەی پەستانیشی لەسەربوو.
  • شکانی ئێسک بەهۆی قەپی سەگەکەوە، یاخود زیانگەیشتن بە لوولەکانی خوێن.
  • ئەگەر سەگەکە سەگێکی بەڕەڵا و هار بێت.
  • مەترسی تووشبوونی کەسەکە بە هاری کە نەخۆشییەکی ڤایرۆسی توندە و ئەگەر لە چەند ڕۆژی سەرەتادا چارەسەر نەکرێت دەبێتە هۆی مردنی نەخۆشەکە.
  • کاتێک برینەکە زۆر گەورە بێت ئەگەری هەیە شوێنی خۆی لە جەستەی کەسەکەدا بەجێ بهێڵێت و جەستەی ناشرین بکات.
  • هەروەها ئەگەر کەسێک برینەکەی زۆر قووڵ بێت و خێرا چارەسەری پێ نەگات ئەگەری مردنی زیاد دەکات.


سەرچاوەکان



543 بینین