چاندنی ئەندامی جەستە

له‌لایه‌ن: - شنیار کەمال شنیار کەمال - به‌روار: 2022-06-20-21:57:00 - کۆدی بابەت: 9106
چاندنی ئەندامی جەستە

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

چاندنی ئەندامەکانی جەستە، گواستنەوەی ئەندامەکانی جەستە یان پەیوەندکردنی ئەندام (بە عەرەبیالزرع، بە ئینگلیزی: transplantationپرۆسەی گواستنەوەی خانە و شانە و ئەندامەکانی جەستەیە لە شوێنێکی جەستەوە بۆ شوێنێکی تر یان لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر، هەندێکجار بەهۆی زیان لێکەوتن یان نەخۆشکەوتن ئەندامێکی جەستە شکست دەهێنێت و لەکاردەکەوێت، لەبەر ئەمە پێویست بە چاندنی شانە و ئەندامی تەندروست دەکات.

جۆرەکانی چاندن

چاندن بەپێی گونجاندنی بۆماوەیی لە نێوان وەرگر و بەخشەردا چەند جۆرێکە:
1. چاندن و گواستنەوەی بەشێک لە شوێنێکی جەستەوە بۆ شوێنی تر وەک: چاندنی پێست.
2. چاندن لە نێوان دووانە لێکچووەکان.
3. چاندن لە نێوان دوو کەس لە ڕووی بۆماوەییەوە لێک جیاوازبن وەک: گواستنەوەی گورچیلە لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر.

4. چاندن لە نێوان دوو جۆری جیاوازی زیندەوەر وەک: چاندنی دڵی مەیموون لە مرۆڤدا.

ئەو ئەندام و شانانەی کە دەتوانرێت چاندنی بۆ ئەنجام بدرێت

• گورچیلە
جگەر
دڵ
پەنکریاس
• ڕیخۆڵە
• کۆرنیە
• دەست 
پێست
دوورگەکانی لانگەرهانز

ئەو ئەندامانەی کە ناتوانرێت بچێنرێت یان چاندنیان قورسە

• مێشک: دەمارەخانەکان توانای دروستبوونەوە و چاکبوونەوەیان نییە.
• سییەکان: بەهۆی زۆر هەستیاری و هەوکردن چاندنی سییەکان نەشتەرکارییەکی قورسە و ئەگەری سەرکەوتنی کەمە.

بۆ ئەوەی پرۆسەی چاندن سەرکەوتوو بێت پێویستە ئەم پشکنینانە لە نێوان بەخشەر و وەرگر هاوشێوەبن

1. گرووپی خوێن
2. پڕۆتینە ناسەرەوە سەرەکییەکانی سەر خانەکانی لەش کاتێک تەنێکی نامۆ دێتە جەستە ئەم گەردە پڕۆتینییە بەرپرسە لە ناسینەوە و چالاککردنی خڕۆکە سپییەکانی خوێن بۆ لەناوبردنی ئەو ماددە نامۆیەی کە تایبەت نییە بە جەستەی کەسەکە. 
3. پڕۆتینە ناسەرەوە لاوەکییەکانی سەر خانەکانی لەش گرووپی خوێن و پڕۆتینە ناسەرەوە سەرەکییەکانی سەر خانەکان ڕۆڵێکی زۆر گرنگیان هەیە لە ڕەتکردنەوە ئەو ئەندامەی کە بۆ کەسی وەرگر دەچێنرێت، لەبەر ئەمەش زۆر گرنگە پشکنینەکان هاوشێوە بن بۆ سەرکەوتنی پرۆسەی چاندنەکە.

چۆن دەتوانیت ئەندامێکی جەستەت ببەخشیت؟

دوای ئەنجامدانی پشکنینیە گونجاوەکان و بە پشتبەستن بە تەندروستی کەسی بەخشەر دیاری دەکرێت ئەندامەکە لەبارە بۆ بەخشین یاخود نا،  پاش ناو تۆمارکردن لە لیستی بەخشەرەکان ئەندامەکانی کەسی بەخشەر دوای کۆتایی پێهاتنی ماوەی ژیانی لە کەسانی تردا دەچێنرێت و ژیانی چەندین کەس ڕزگار دەکرێت، ئەندام دەکرێت لە کەسێکی زیندوو بگوازرێتەوە بۆ کەسێکی تر، دەشێت بەخشەرەکە گیانی لەدەست دابێت بە ڕەزامەندی خێزانی کەسەکە ئەندامەکانی ببەخشرێت.

ڕەتکردنەوە

پرۆسەیەکە کە تیایدا کەسی وەرگر ئەو ئەندام و شانانەی لە جەستەیدا چێنراوە بە نامۆی دەزانێت و ڕەتی دەکاتەوە. ڕەتکردنەوەی بەشی چێنراو لە جەستەدا دەکرێت هەموو کات ڕووبدات، بە پێچەوانەوە ئەگەری ڕەتکردنەوەی گورچیلە بە تێپەڕبوونی کات کەم دەبێتەوە، ئەمەش هۆکارە بۆ سەرکەوتنی نەشتەرکاریی چاندنی گورچیلە لە وەرگردا.

جۆرەکانی ڕەتکردنەوە 

ڕەتکردنەوەی زۆر توند

ڕوودەدات بەهۆی نەگونجانی گرووپی خوێن ئەمە دوای چەند خولەکێک لە پرۆسەی چاندن ڕوودەدات.

ڕەتکردنەوەی توند

ئەمەش بەهۆی نەگونجانی پرۆتینە ناسەرەوە سەرەکییەکانی سەر خانەکانی لەشی وەرگر و بەخشەر دوای چەند ڕۆژێک جەستەی وەرگر خانەکانی بەخشەر ڕەتدەکاتەوە.

ڕەتکردنەوەی درێژخایەن

بەهۆی ناسەرەوە لاوەکییەکانی سەر خانەکانی لەش ڕوودەدەن دوای چەندین ساڵ کەسی وەرگر دەست دەکات بە پرۆسەی ڕەتکردنەوە.

ڕێگریکردن لە ڕەتکردنەوە

کۆمەڵە دەرمانێک هەن وادەکەن کەسی وەرگر ئەندامی چێنراو ڕەتنەکاتەوە و بەرگری وەرگر کپ بکەن وەک (دەرمانە ستیرۆیدەکان، چارەسەری کیمیایی)، لەپێناو خۆپاراستن لە ڕەتکردنەوە زۆر گرنگە کەسی وەرگر دەرمانی گونجاو لە کاتی گونجاو وەربگرێت.

نەخۆشی خانەخوێی چێنراو

نەخۆشی خانەخوێی چێنراو (بە ئینگلیزی: Graft versus host diseaseحاڵەتێکە مۆخی ئێسک یان خانە بنەڕەتییە چێنراوەکان جەستەی کەسی وەرگر بە نامۆ لێکدەدەنەوە، بەرگری چالاک دەکەن هێرشی دەکەنە سەر و لەناوی دەبەن.

ڕێگریکردن لە دروستبوونی نەخۆشی خانەخوێی چێنراو

باشترین ڕێگەی ڕێگریکردن لە تووشبوون بە نەخۆشی خانەخوێی چێنراو دەرمانە ستیرۆیدەکانن، لە ڕێگەی کپکردنی بەرگرییەوە ڕێگری لە پەرەسەندن و سەرهەڵدانی نەخۆشییەکە دەکات، سەرەڕای سوودی ئەم دەرمانە لە کپکردنی بەرگریی جەستە کاریگەری لاوەکیی خراپ دادەنێت و زیان بە کەسی وەرگر دەگەیەنێت.


سەرچاوەکان



864 بینین