ئەشکەوتی قزقاپان

له‌لایه‌ن: - کەنار ئەبووبەکر کەنار ئەبووبەکر - به‌روار: 2022-07-09-14:38:00 - کۆدی بابەت: 9338
ئەشکەوتی قزقاپان

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ئەشکەوتی قزقاپان (بە ئینگلیزی: Qizqapan cave، بە عەرەبی: كهف قزقابان) ئەشکەوتێکە لە دەشتی چەمی ڕێزان لە شاری سلێمانی مێژووەکەی بۆ سەدەکانی ناوەڕاست دەگەڕێتەوە، ئەشکەوتەکە لە بەرزاییی ١٠ مەتر لەنێو شاخێکدا ھەڵکەندراوە و کۆمەڵێک نەخشی مادەکان لەسەر دیوارەکانی داتاشراون. لە ناوەندی شاری سلێمانییەوە نزیکەی ٥٠ کیلۆمەتر دوورە، نزیکی گوندی زەرزییە. 

دەربارەی ئەشکەوتەکە

به‌پێی سه‌رچاوه‌ شوێنه‌وارییه‌كان ئه‌شكه‌وتی قزقاپان، مێژووه‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ٥٥٠ بۆ ٦٠٠ ساڵ پێش زایینی و كۆنترین شوێنه‌واری مێژوویی ئه‌م ناوچه‌یه‌یه، واته‌ مێژووه‌كه‌ی بۆ دوای چاخی فه‌رمانڕه‌وایی میدییه‌كان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌.

ئەشکەوتەکە دەرگایەکی بچووکی ھەیە بۆ چوونە ژوورەوە کە لە باڵای مرۆڤ نزمترە. لەنێو ژوورەکەدا، سێ گۆڕی بچووک ھەن بە بەرزی مەترێک کە کۆمەڵێک شوێنەواری مێژوویییان تێدا بوو، بەڵام لەدوای ڕاپەڕینی ١٩٩١ تاڵان کران.

له‌ خوێندنه‌وه‌ی نه‌خشه‌كه‌دا ئه‌وه‌مان بۆ ده‌رده‌كه‌وێت، كه‌ ئه‌و دوو كه‌سه‌ی لەسەر دیوار بەندی ئەشکەوتەکە ده‌ستیان به‌رزكردووەته‌وه‌ و كه‌وانه‌كانیان له‌سه‌ر زه‌وی داناوه‌ په‌یامی ئاشتی ڕاده‌گه‌یه‌نن و ئه‌م نه‌خشه‌یه‌ جیاواز له‌ زۆرێك له‌ نه‌خشه‌ شوێنه‌وارییه‌كانی تر كه‌ نیشانه‌ی شه‌ڕ و شه‌ڕ خوازی به‌دی ده‌كرێت.

لەنێو ئەشکەوتی قزقاپان شوێنەواری تۆپ و مێزێک لەسەر دیوارەکە نەخشێندراون کە گوزارشت لە خۆر دەکەن. پەیکەرتاشی ئەم دیکۆرە مەبەستی بووە بە نەخش و نیگار ڕێککەوتنی نێوان پادشای چاخی ناوەڕاست سیاکساریس و پادشا لیدیان پیشانبدات.

 هەر دوو پادشاکە لە شەڕێکی قورسی یەکدیدا بوون، بەڵام بە وتەی بەڕێوەبەری شوێنەواری سلێمانی، لەو کاتەوە خۆر گیراوە و ئەوانیش بە تووڕەیی ئاسمان لێکیانداوەتەوە و شەڕیان وەستاندووە.

لەباره‌ی خوێندنه‌وه‌ی نه‌خشه‌كه‌شه‌وه‌  شوێنه‌وارناسان‌ دەڵێن: دوو بۆچوون له‌سه‌ر ئه‌م نه‌خشه‌یه‌ هه‌یه‌، كه‌ یه‌كه‌میان بۆچوونی (ئه‌دمۆن، تۆفیق وه‌هبی و ته‌ها باقر) و پیانوایه‌ ئه‌م دوو پیاوه‌ پیاوی ئایینی زه‌رده‌شتین و سوێند به‌ ئاگر ده‌خۆن.

بۆچوونی دووه‌م، كه‌ بۆچوونی شوێنه‌وارناسانی تره‌، ئه‌وه‌ ده‌خاته‌ ڕوو كه‌ پێده‌چێت ئه‌م دوو كه‌سه‌ پیاوی ئایینی نه‌بن و ده‌سه‌ڵاتدار بن.

 ناوی ئەشکەوتەکە

قزقاپان وشه‌یه‌كی توركییه‌ و بەواتای (كچ فڕێن) دێت و ئه‌مه‌ش ناولێنانێكی نوێیە هه‌ر به‌پێی سه‌رچاوه‌ مێژووییه‌كان ئه‌م ناوه‌ نوێیه‌ عوسمانییه‌كان به‌سه‌ر ناوچه‌كه‌دا سەپاندوویەنە، چونكه‌ ناوی زۆرێك له‌ ناوچه‌كانی كوردستان له‌و سه‌رده‌مه‌دا گۆڕاون.

شوێنەوارناسان دەڵێن: ناوی ئه‌شكه‌وته‌كه هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی به‌و نه‌خشه‌ و هه‌ڵكۆڵراوه‌ شوێنه‌وارییانه‌وه‌ نییه‌ كه‌ له‌و شوێنه‌دایه‌، چونكه‌ ئه‌و ناوه‌ له‌ سه‌رده‌می داگیركاری عوسمانییه‌كانه‌وه‌ له‌و شوێنه‌ نراوه‌.


سەرچاوەکان



2526 بینین