ئەورووپای کۆن

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2022-07-12-16:15:00 - کۆدی بابەت: 9368
ئەورووپای کۆن

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

مێژووی ئەورووپا (بە ئینگلیزی: History of Europe، بە عەرەبی: تاريخ أوروبا) بە شێوەیەکی نەریتی بەسەر چوار قۆناغی کاتیدا دابەشکراوە: ئەورووپای پێش مێژوو (پێش نزیکەی ٨٠٠ ساڵ پێش زایین)، دێرینی کلاسیکی (٨٠٠ پێش زایین تا ٥٠٠ زایینی)، سەدەکانی ناوەڕاست (٥٠٠ی زایینی تا ١٥٠٠ی زایینی)، سەردەمی مۆدێرن (لە دوای ساڵی ١٥٠٠).

کورتەی مێژووی ئەورووپا

یەکەم مرۆڤی مۆدێرن و سەرەتایی ئەورووپی لە تۆماری بەردبووەکاندا دەردەکەون و دەگەڕێنەوە بۆ نزیکەی ٤٨ هەزار ساڵ لەمەوبەر، لە سەردەمی بەردینە کۆنەکاندا. خەڵکی ئەم قۆناغە چەندین شوێنەواریان بەجێهێشتووە، لەوانە بەرهەمی هونەری و شوێنی ناشتن و ئامڕازەکان. لە سەردەمی کۆچەکانی هیندۆ ئەورووپیدا، ئەورووپا کۆچی لە ڕۆژهەڵات و باشووری ڕۆژهەڵاتەوە بەخۆیەوە بینی. کشتوکاڵی نیشتەجێبوو سەردەمی بەردینە نوێیەکانی دیاری کرد، کە بە هێواشی لە سەرانسەری ئەورووپادا لە باشووری ڕۆژهەڵاتەوە بۆ باکوور و ڕۆژاوا بڵاوبووەوە. قۆناغی دواتری بەردینە نوێیەکان هێنانەکایەی کانزاسازی سەرەتایی و بەکارهێنانی ئامراز و چەکی دروستکراو لە مس و دروستکردنی پێکهاتەی مێگالیتیکی بەخۆیەوە بینی، وەک ستۆنهێنج. 

ئەو قۆناغەی بە دێرینی کلاسیک ناسراوە بە سەرهەڵدانی شار-دەوڵەتەکانی یۆنانی کۆن دەستی پێکرد. هەندێک لە نموونە سەرەتاییەکانی ئەدەب و مێژوو و فەلسەفە لە نووسینەکانی یۆنانییە کۆنەکانەوە هاتووە، وەک هۆمێر و هێرۆدۆت و ئەفلاتوون. دواتر ئیمپراتۆریەتی ڕۆم هاتە سەر هەموو حەوزی دەریای ناوەڕاست. سەردەمی کۆچی گەلی ژێرمانی لە کۆتایی سەدەی چوارەمی زایینی دەستی پێکرد و وردە وردە هێرشیان کردە سەر ناوچە جیاوازەکانی ئیمپراتۆریەتی ڕۆم. لەگەڵ نیشتەجێبوونی ئەم خەڵکە کۆچبەرانە و پێکهێنانی کۆمەڵگەی دەوڵەتی تایبەت بە خۆیان، بە قۆناغی گواستنەوە لە سەردەمی کلاسیک ناسرا.

کەوتنی ئیمپراتۆریەتی ڕۆمانی ڕۆژاوا لە ساڵی ٤٧٦ی زایینی بە شێوەیەکی نەریتی دەستپێکردنی سەدەکانی ناوەڕاستە. لە کاتێکدا ئیمپراتۆریەتی ڕۆمانی ڕۆژهەڵات بۆ ماوەی ١٠٠٠ ساڵی تر بەردەوام بوو، بەڵام خاکەکانی پێشووی ئیمپراتۆریەتی ڕۆژاوا دابەش بوون بۆ ژمارەیەک دەوڵەتی جیاواز. لە هەمان کاتدا سلاڤەکانی سەرەتایی وەک گروپێکی جیاواز لە ناوچەکانی ناوەڕاست و ڕۆژهەڵاتی ئەورووپا دەستیان کرد بە جێگیربوون. یەکەم ئیمپراتۆریەتی گەورەی سەدەکانی ناوەڕاست ئیمپراتۆریەتی فرانکەکانی شارلمان بوو، دواتر فەتحی ئیسلامی ئیبەریا لە ئەندەلووس ڕوویدا. سەردەمی ڤایکینگەکانیش دووەم کۆچی گەورەی گەلانی نۆرزی بەخۆیەوە بینی. هەوڵەکان بۆ وەرگرتنەوەی شام لە دەوڵەتە موسڵمانەکان، وایکرد سەدەکانی ناوەڕاستی باڵا ببێتە سەردەمی جەنگە خاچپەرستەکان، لەگەڵیشیدا سیستمی سیاسی فیۆدالیزم گەیشتە لوتکە. کۆتایی سەدەکانی ناوەڕاست بەهۆی تاعوونەوە ڕێژەی دانیشتووان بە شێوەیەکی بەرچاو کەمی کرد، کە هاوکاتیش بوو لەگەڵ لەشکرکێشییەکانی گەلانی مەغۆل لە چەمی ئۆراسیاوە. لە کۆتایی سەدەکانی ناوەڕاستدا قۆناغێکی ڕاگوزەری بوو کە بە ڕێنێسانس ناسرابوو.

سەرەتای ئەورووپای مۆدێرن بەزۆری دەگەڕێتەوە بۆ کۆتایی سەدەی پازدەهەم. گۆڕانکارییە تەکنەلۆجییەکانی وەک دەرکەوتنی بارووت و چاپخانە گۆڕانکاری لە چۆنیەتی بەڕێوەچوونی شەڕ و چۆنیەتی پاراستن و بڵاوکردنەوەی زانیاری گۆڕی. چاکسازیی پرۆتستانت پارچە پارچەبوونی بیری ئایینی بەخۆیەوە بینی، کە بووە هۆی شەڕی ئایینی. سەردەمی گەڕان بووە هۆی کۆلۆنیالیزەکردن و خراپ سوودوەرگرتن لە خەڵکی گەلانی تر و هاوردەکردنی سەرچاوە سروشتی و خۆڕسکەکانیان بۆ ئەورووپا.

دوای ساڵی ١٨٠٠، شۆڕشی پیشەسازی کەڵەکەبوونی سەرمایە و شارنشینی خێرای هێنایە ئەورووپای ڕۆژاوا، لە کاتێکدا چەند وڵاتێک لە دەسەڵاتی ڕەهاخوازەوە دوورکەوتنەوە و بوونە ڕژێمی پەرلەمانی. سەردەمی شۆڕشەکان سیستمە سیاسییە لەمێژە دامەزراوەکانی ڕووخاند. لە سەدەی بیستەمدا، جەنگی جیهانیی یەکەم بووە هۆی دووبارە دروستکردنەوەی نەخشەی ئەورووپا، چونکە ئیمپراتۆرییە گەورەکان دابەش بوون بۆ دەوڵەت-نەتەوەی نوێ. درێژخایەنیی پرسە سیاسییەکان بووە هۆی جەنگی جیهانیی دووەم، کە لەو ماوەیەدا ئەڵمانیای نازی هۆلۆکۆستی ئەنجامدا.

دوای جەنگی جیهانیی دووەم قۆناغی نەمانی داگیرکردنی وڵاتان هات لەلایەن ئەورووپای ڕۆژاواوە، بەتایبەت بەریتانیا کە زۆرێک لە دەوڵەتەکانی ژێردەستی ڕزگاریان بوو. دواتر سەردەمی جەنگی سارد دەستی پێکرد و زۆربەی وڵاتانی ئەورووپا بەهۆی پەردەی ئاسنییەوە دابەشبوون بەسەر دوو بلۆکی سەربازیدا: ناتۆ و پەیماننامی وارشۆ. بەڵام وردە وردەی پرۆسەی یەکگرتنی ئەورووپای تێدابوو، کە بووە هۆی دروستبوونی یەکێتیی ئەورووپا؛ دوای ڕووخانی دیواری بەرلینیش وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ئەورووپای بۆ زیاد بوو. سەدەی بیست و یەک قەیرانی قەرزەکانی ئەورووپا و کشانەوەی شانشینی یەکگرتوو لە یەکێتیی ئەورووپا و جەنگی ئۆکرانیای بەخۆیەوە بینی.

ئەورووپای کۆن

مینۆکان و میسینەکان ٢٠٠٠-١١٠٠ پێش زایین

یەکەم شارستانیەتی خوێندەواری ناسراو لە ئەورووپادا شارستانییەتی مینۆییەکان بوو. شارستانیەتی مینۆییەکان شارستانیەتێکی سەردەمی برۆنزی بوو کە لە دوورگەی کریت سەریهەڵدا و لە نزیکەی سەدەی ٢٧ی پێش زایین تا سەدەی ١٥ی پێش زایین گەشەی کرد. لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا لە ڕێگەی کارەکانی شوێنەوارناسی بەریتانی "ئارسەر ئیڤانس" دۆزرایەوە. ویل دورانت بە "یەکەم بەستەر لە زنجیرە ئەوروپیدا" ناوی بردووە. 

مینۆییەکان لەلایەن شارستانیەتی میسینی شوێنیان گیرایەوە کە لە ماوەی نێوان ساڵانی ١٦٠٠ پێش زایین گەشەیان کرد، کاتێک کولتووری هێلادی لە یۆنانی کۆن لە ژێر کاریگەرییەکانی کریتی مینۆییەکان گۆڕدرا، لە ١١٠٠ پێش زایین. شارە سەرەکییەکانی میسینیا بریتی بوون لە میسینا و تیرین لە ئەرگۆلیس، پایلۆس لە مێسێنیا، ئەسینای پایتەخت لە ئاتیکا، تیبس و ئۆرکۆمێنۆس لە بۆیۆتیا، ئیۆلکۆس لە تێسالی. لە دوورگەی کریتیش میسینییەکان شاری نۆسۆسیان داگیرکرد. هەروەها دواتر شوێنی نیشتەجێبوونی میسینییەکان بووە ئیپیرۆس، مەقدۆنیا، لە دوورگەکانی دەریای ئیجە، لە کەنارەکانی ئاسیای بچووک، شام، قوبرس و ئیتاڵیا. تەنانەت شوێنەوارەکانی میسینی بە باشی لە دەرەوەی سنووری جیهانی میسینییش دۆزراونەتەوە. 

تەواو جیاواز لە مینۆییەکان کە کۆمەڵگاکەیان لە بازرگانی سوودمەند بوو، میسینییەکان لە ڕێگەی داگیرکرارییەوە پێشکەوتن. دواتر شارستانیەتی میسینیا لەلایەن ئەرستۆکراسی جەنگاوەرەوە کۆنترۆڵ کرا. لە دەوروبەری ساڵی ١٤٠٠ پێش زایین، میسینییەکان کۆنترۆڵی خۆیان بۆ کریت درێژکردەوە کە ناوەندی شارستانیەتی مینۆیە و فۆرمێکی ڕێنووسی مینۆییان گرتەبەر (کە پێی دەوترێت هێڵی A) بۆ نووسینی فۆڕمی تایبەت بە خۆیان کە لە فۆڕمی سەرەتایی یۆنانییەکان وەرگیرابوو لە هێڵی B

شارستانیەتی میسینی بە ڕووخانی شارستانیەتی سەردەمی برۆنزی لە کەنارەکانی ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاستدا لەناوچوو. بەگشتی هۆکاری داڕمانەکە دەگەڕێتەوە بۆ داگیرکاری دۆریان، هەرچەندە تیۆرییەکانی تریش کە باس لە کارەساتی سروشتی و گۆڕانی کەشوهەوا دەکەن کۆمەڵێک تیۆری پڕبەڵگە و سەرکەوتوون. شارستانیەتی میسینی لە دوای گەڕی سێیەمی ماوەی هێلادی (LH III C) نەما. 

سەرەتای سەردەمی دێرین

یۆنانی و ڕۆمەکان میراتێکیان لە ئەورووپا بەجێهێشت کە لە زمان و بیرکردنەوە و هونەرە بینراوەکان و یاساکانی ئەورووپادا دیارە. یۆنانی کۆن کۆمەڵێک دەوڵەتی شاری بوو، کە فۆڕمی ڕەسەنی دیموکراسی تێیدا پەرەی سەند. ئەسینا بەهێزترین و پێشکەوتووترین شار بوو و لە سەردەمی پێریکلیسەوە بوو بە ناوەندێکی فێربوون. هاوڵاتیان مشتومڕیان لەسەر سیاسەتی دەوڵەت دەکرد و یاسایان دادەنا و لێرەوە هەندێک لە دیارترین فەیلەسووفەکانی کلاسیک سەریان هەڵدا، وەک سوکرات و ئەفلاتوون و ئەرستۆ کە دواهەمینیان مامۆستای ئەلێکساندەری مەکدۆنی بووە. 

لە ڕێگەی هەڵمەتە سەربازییەکانییەوە، پاشای شانشینی مەقدۆن، ئەلێکساندەر، کولتووری هێلینیستی و فێربوونی بۆ کەناری ڕووباری ئیندوس بڵاوکردەوە. لەم نێوەندەدا کۆماری ڕۆمانی لە ڕێگەی سەرکەوتن بەسەر کارتاژ لە جەنگەکانی پونیکدا بەهێزتر بوو. دانایی یۆنانی چووە نێو دامەزراوە ڕۆمییەکان، ئەسیناش کەوتە ژێر ئاڵای ئەنجوومەنی پیران و گەلی ڕۆما (SPQR). ڕۆمەکان دەسەڵاتیان لە ئەنادۆڵی ڕۆژهەڵات بۆ بەریتانیا لە ڕۆژاواوە دەبوو. لە ساڵی ٤٤ پێش زایین لە هەوڵێکدا بۆ گەڕاندنەوەی کۆماری ڕۆم، دیکتاتۆر جولیۆس قەیسەر لەلایەن سیناتۆرەکانەوە کوژرا. لە گێژاوی دواتردا، ئۆکتاڤیان کۆنتڕۆڵی دەسەڵاتی گرتەوە و شەڕی لەگەڵ ئەنجوومەنی پیرانی ڕۆمانی کرد. دوای ئەمانە دەوڵەتی ڕۆمانی گوازرایەوە و بوو بە ئیمپراتۆریەتی ڕۆم، کە نزیکەی ١٥ سەدە بەردەوام بوو تا ڕووخانی ئیمپراتۆریەتی ڕۆمانی ڕۆژهەڵات. 

یۆنانی كۆن

شارستانیەتی یۆنانی کۆمەڵێک دەوڵەتی شار بوو کە حکوومەت و کولتووری جیاوازیان هەبوو و پێشکەوتنی بەرچاویان لە حکوومەتداری و فەلسەفە و زانست و بیرکاری و سیاسەت و وەرزش و شانۆ و مۆسیقادا بەدەستهێنا. بەهێزترین شار-دەوڵەتەکان بریتی بوون لە: ئەسینای پایتەخت، سپارتا، تیب، کۆرینت و سیراکیوز. ئەسینا دەوڵەتێکی بەهێزی یۆنانی بوو بە فۆرمێکی سەرەتایی دیموکراسی ڕاستەوخۆ خۆی بەڕێوە دەبرد کە کلیستێن دایهێنابوو؛ هاوڵاتیانی ئەسینا خۆیان دەنگیان لەسەر یاسادانان و پڕۆژە یاساکانی جێبەجێکردن دەدا. ئەسینا ماڵی سوکرات ئەفلاتوون و ئەکادیمیای ئەفلاتوونییە.

شار-دەوڵەتەکانی یۆنانی لە کەنارەکانی دەریای ڕەش و دەریای ناوەڕاست کۆمەڵێک کۆلۆنییان دامەزراند (ئاسیا بچووک، سیسیلیا و باشووری ئیتاڵیا لە ماگنا گریسیا). تا کۆتایی سەدەی شەشەمی پێش زایین، هەموو شارەکانی یۆنان لە ئاسیای بچووکدا خرانە ژێر ڕکێفی ئیمپراتۆریەتی فارس، لە کاتێکدا یۆنانییەکان کۆمەڵێک خاکی لە باڵکان بەدەست کەوت وەک (مەقدۆن، تراک، پایۆنیا) و ئەورووپای ڕۆژهەڵات. لە درێژەی سەدەی پێنجەمی پێش زاییندا، بەشێک لە دەوڵەتە شارییەکانی یۆنان لە ڕاپەڕینی ئایۆنیدا هەوڵی ڕووخاندنی دەسەڵاتی فارسیان دا، کە شکستی هێنا. ئەمەش بووە هۆی یەکەم هێرشی فارسەکان بۆ سەر یۆنان.

لە کاتی جەنگە یۆنانی و فارسەکانی دواتردا، بەتایبەت لە کاتی داگیرکردنی دووەمی فارسەکان بۆ یۆنان و دوای شەڕی تەرمۆپیلە و شەڕی ئارتمیسیۆم، نزیکەی هەموو یۆنان تاوەکوو باکووری ئیستموسی کۆرنتی لەلایەن فارسەکانەوە داگیر کرا، بەڵام دواتر یۆنانییەکان لە شەڕی پلاتیادا گەیشتنە سەرکەوتنێکی یەکلاکەرەوە. لەگەڵ کۆتایی هاتنی جەنگەکانی یۆنانی و فارس، فارسەکان لە کۆتاییدا بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە ناچار بوون لە خاکەکانیان لە ئەورووپا بکشێنەوە. جەنگەکانی یۆنان و فارس و سەرکەوتنی دەوڵەتانی شارەکانی یۆنان، ڕاستەوخۆ کاریگەرییان لەسەر تەواوی رێڕەوی زیاتری مێژووی ئەورووپا هەبوو.

هەندێک لە شار-دەوڵەتەکانی یۆنان بۆ بەردەوامبوون لە شەڕی فارس هاوپەیمانی دێلیانیان پێکهێنا، بەڵام پێگەی ئەسینای پایتەخت وەک سەرکردەی ئەم هاوپەیمانییە وایکرد سپارتا لە بەرانبەردا هاوپەیمانی پێلۆپۆنێسی ڕکابەر دروست بکات. کە بووە هۆی جەنگەکانی پێلۆپۆنێس و هاوپەیمانی پێلۆپۆنێس سەرکەوتوو بوو. دواتر ناڕازیبوون لە هەژموونی سپارتەکان بووە هۆی شەڕی کۆرینتی و شکستی سپارتا لە شەڕی لیوکترا. لە هەمان کاتدا لە باکوور حوکمڕانی شانشینی ئۆدریسیانی تراکییان دەکرد لە نێوان سەدەی پێنجەمی پێش زایین و سەدەی یەکەمی زایینی. 

شەڕی ناوخۆی یۆنانی دەوڵەتە شارییەکانی یۆنانی لاواز کرد و بووە هۆی ئەوەی فیلیپی دووەمی مەقدۆنی دەوڵەتە شارییەکانی یۆنانی بخاتە ژێر دەسەڵاتی خۆی. کوڕی فیلیپی دووەم کە بە ئەسکەندەری مەکدۆنی یان ئەلێکساندەر ناسراوە، هێرشی کردە سەر ئیمپراتۆریەتی فارسی دراوسێی و ڕووخاندی، دواتریش هەریەک لە میسڕ و هیندستانی داگیرکرد، ئەمەش پەیوەندی لەگەڵ خەڵک و کولتوورەکانی ئەم ناوچانە زیاد کرد لە سەرەتای سەردەمی هێلینیستی.

دوای مردنی ئەسکەندەری گەورە، ئیمپراتۆریەتەکەی دابەش بوو بۆ چەندین شانشین و لەلایەن جەنەڕاڵەکانیەوە فەرمانڕەوایی دەکرا، کە پێیان دەوترا دیادۆکی (Diadochi). دیادۆکیەکان لە زنجیرەیەک ململانێدا بە ناوی جەنگەکانی دیادۆکیەکان لە دژی یەکتر شەڕیان کرد. لە سەرەتای سەدەی دووەمی پێش زایین تەنیا سێ شانشینی گەورە مانەوە: میسری بەتلیمۆس، ئیمپراتۆریەتی سێلوقی و مەکدۆنیا. ئەم شانشینانە کولتووری یۆنانییان بۆ ناوچە دوورەکانی وەک باکتریا (بەڵخ) بڵاوکردەوە.

ڕۆمی کۆن

لە مێژوونووسیی مۆدێرن، ڕۆمای کۆن ئاماژە بە شارستانیەتی ڕۆمانی دەکات لە دامەزراندنی شاری ڕۆما لە سەدەی هەشتەمی پێش زایین تا ڕووخانی ئیمپراتۆریەتی ڕۆمانی ڕۆژاوا لە سەدەی پێنجەمی زایینیدا. کە شانشینی ڕۆمانی (٧٥٣-٥٠٩ پێش زایین) و کۆماری ڕۆمانی (٥٠٩-٢٧ پێش زایین) و ئیمپراتۆریەتی ڕۆمانی (٢٧ پێش زایین – ٤٧٦ زایینی) دەگرێتەوە تاوەکوو ڕووخانی ئیمپراتۆریەتی ڕۆژاوا.

ڕۆمای کۆن وەک شارۆچکەیەکی ئیتاڵی دەستی پێکرد، بە شێوەیەکی نەریتی مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ٧٥٣ پێش زایین، لە تەنیشت ڕووباری تیبەر لە نیمچە دوورگەی ئیتاڵیا. شارۆچکەکە گەشەی کرد و بوو بە شار و شوێنی ڕامیاری ڕۆما و لە ڕێگەی تێکەڵەیەک لە پەیماننامە و هێزی سەربازییەوە هاتە ژێر کۆنترۆڵی دراوسێکانی. لە کۆتاییدا بەسەر نیمچە دوورگەی ئیتاڵیادا زاڵ بوو و ئیمپراتۆریەتێکی بەدەستهێنا کە بەشێکی زۆری ئەورووپا و خاک و گەلانی دەوروبەری دەریای ناوەڕاستی گرتەوە. لە گەورەترین ئیمپراتۆریەتەکانی جیهانی کۆن بوو، کە بە ٥٠ بۆ ٩٠ ملیۆن کەس مەزەندە دەکرێت، واتە نزیکەی ٢٠%ی دانیشتووانی جیهان لەو کاتەدا لەژێر دەسەڵاتیاندا بووە. لە ئەوپەڕی دەسەڵاتدا لە ساڵی ١١٧ی زایینیدا نزیکەی ٥ ملیۆن کیلۆمەتر چوارگۆشەی گرتۆتەوە.

دەوڵەتی ڕۆمانی لە پاشایەتییەکی هەڵبژێردراوەوە پەرەی سەند بۆ کۆمارێکی کلاسیکی دیموکراتیک و دواتر بۆ دیکتاتۆریەتێکی سەربازی نیمچەهەڵبژێردراوی ئۆتۆکراتی، بەتایبەت لە سەردەمی ئیمپراتۆریەتدا. لە ڕێگەی داگیرکردن و ئاسمیلەکردنی کولتووری و زمانەوانییەوە، لە لوتکەیدا کۆنترۆڵی کەناراوەکانی باکووری ئەفریقا و میسڕ و باشووری ئەورووپا و زۆربەی ڕۆژاوای ئەورووپا و باڵکان و قرم و بەشێکی زۆری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی دەکرد، لەوانەش ئەنادۆڵ و شام و بەشێک لە میزۆپۆتامیا و عەرەبستان.

زۆرجار لەگەڵ یۆنانی کۆندا لە سەردەمی کۆنی کلاسیکدا کۆدەکرێنەوە پێکەوە و کولتوور و کۆمەڵگە هاوشێوەکانیان بە جیهانی یۆنانی-ڕۆمانی دەناسرێت. شارستانیەتی ڕۆمانی کۆن بەشداری لە پەرەپێدانی زمانی مۆدێرن، ئایین، کۆمەڵگە، تەکنەلۆژیا، یاسا، سیاسەت، حکوومەت، جەنگ، هونەر، ئەدەب، تەلارسازی و ئەندازیاریدا کردووە. ڕۆما سەربازەکانی خۆی پیشەیی و فراوانتر کرد و سیستمێکی حوکمڕانی دروست کرد بە ناوی (res publica) کە ئیلهامبەخش بوو بۆ کۆمارە مۆدێرنەکانی وەک ئەمریکا و فەڕەنسا. کۆمەڵێک گۆڕانکاری گەورەی دروستکرد، وەک دروستکردنی بۆری ئاو و ڕێگەوبان و شوێنەوار و ئاسانکاری گەورە بۆ مرۆڤەکان.

شەڕەکانی پونیک لەگەڵ کارتاج باڵادەستی بە ڕۆما بەخشی لە دەریای ناوەڕاستدا. دواتر لەگەڵ سەرکردایەتی ئیمپراتۆر ئۆگستۆس (لە ٢٧ پێش زایین) گەورەتربوو؛ کە بەپێی ئێستا ناوچەی ئیمپراتۆریەتی ڕۆما لە زەریای ئەتڵەسییەوە تا عەرەبستان و لە دەمی ڕووباری ڕاینەوە تا باکووری ئەفریقا درێژ دەبوویەوە. لە ساڵی ٩٢ی زایینیدا ڕۆما تووشی گەڕانەوەی ئیمپراتۆریەتی فارس بوویەوە و درێژترین جەنگی مێژوو سەریهەڵدا کە بریتی بوو لە جەنگەکانی ڕۆم و فارس و بۆ هەمیشە کاریگەریی بەردەوامی لەسەر هەردوو ئیمپراتۆریەتەکە هەبوو.

لە سەردەمی تراجاندا، ئیمپراتۆریەتی ڕۆما گەیشتە لوتکەی خاکی خۆی، کە تەواوی حەوزی دەریای ناوەڕاست و پەراوێزی باشووری دەریای باکوور و کەنارەکانی دەریای سوور و خەزەری گرتەوە. دەوڵەتە پەرتەوازەکراوەکان وەک ئیمپراتۆریەتی پالمیرین لە کاتی قەیرانی سەدەی سێیەمدا ئیمپراتۆریەتەکەیان بە شێوەیەکی کاتی دابەش دەکرد. دواتر بەشی ڕۆژاوای ئیمپراتۆریەتەکە بەهۆی ناسەقامگیری ناوخۆیی و هێرشی گەلانی جۆراوجۆری کۆچبەرەوە کەوتە بەر هەڕەشە. ئیمپراتۆریەتی ڕۆم چەندین جار لەلایەن سوپای داگیرکەر لە باکووری ئەورووپاوە هێرشی کرابووە سەر و لە ساڵی ٤٧٦دا دواجار ڕۆما ڕووخا. ڕۆمولوس ئۆگستۆس، دوا ئیمپراتۆری ئیمپراتۆریەتی ڕۆمانی ڕۆژاوا، خۆی ڕادەستی پاشای ژێرمانی، ئۆدۆئاسەر کرد.

هەندێک مێژووی بەرچاوی ڕۆما بریتین لە: شەڕی ئەدریانۆپل لە ساڵی ٣٧٨، مردنی تیۆدۆسیۆسی یەکەم لە ساڵی ٣٩٥ (دواین جار کە ئیمپراتۆریەتی ڕۆم لە ڕووی سیاسییەوە یەکگرتوو بوو)، بەزاندنی ڕووباری ڕاین لە ساڵی ٤٠٦ لەلایەن هۆزە ئەڵمانییەکانەوە دوای کشانەوەی لەشکرەکان بۆ بەرگریکردن لە ئیتالیا دژی ئالاریک یەکەم، مردنی ستیلیچۆ لە ساڵی ٤٠٨، دواتر هەڵوەشاندنەوەی لەشکرەکانی ڕۆژاوا، مردنی جوستینیانی یەکەم، دوا ئیمپراتۆری ڕۆمانی کە هەوڵیدا ڕۆژاوا داگیر بکاتەوە، لە ساڵی ٥٦٥ و هاتنی ئیسلام لە دوای ساڵی ٦٣٢.

درەنگانی دێرین و سەردەمی کۆچ

کاتێک ئیمپراتۆر قوستەنتین لە ساڵی ٣١٢دا لە ژێر ئاڵای خاچدا ڕۆمای داگیرکردەوە، هەر زوو دوای ئەوە فەرمانی میلانۆی دەرکرد لە ساڵی ٣١٣ (پێش فەرمانی سێردیکا کە لە ساڵی ٣١١ دەرچوو)، یاساییبوونی ئایینی مەسیحی لە ئیمپراتۆریەتی ڕۆمدا ڕاگەیاند. جگە لەوەش، قوستەنتین بە فەرمی پایتەختی ئیمپراتۆریەتی ڕۆمانی لە ڕۆمەوە گواستەوە بۆ شارۆچکەی بیزەنتی یۆنانی، کە ناوی کرا بە نۆڤا ڕۆما و دواتر ناوی نرا قوستەنتینیە ("شاری قوستەنتین"). 

تیۆدۆسیۆسی یەکەم کە ئایینی مەسیحی کردبووە ئایینی فەرمی ئیمپراتۆریەتی ڕۆمانی، دوا ئیمپراتۆر بوو کە سەرۆکایەتی ئیمپراتۆریەتی ڕۆمانی یەکگرتووی کرد تاوەکوو مردنی لە ساڵی ٣٩٥. دوای ئەو ئیمپراتۆریەتەکە بەسەر دوو نیوەدا دابەش بوو: ئیمپراتۆریەتی ڕۆمانی ڕۆژاوا کە ناوەندەکەی لە ڕاڤێنا بوو، لەگەڵ ئیمپراتۆریەتی ڕۆمانی ڕۆژهەڵات (دواتر بە ئیمپراتۆریەتی بیزەنتین ناودەبرا) لە قوستەنتینیە. ئیمپراتۆریەتی ڕۆم چەندین جار لەلایەن هۆزەکانی هونی، ژێرمانی، سلاڤی و "بەربەری"ـەکانی ترەوە هێرشی کرایە سەر،  لە ساڵی ٤٧٦دا دواجار بەشی ڕۆژاوا کەوتە دەست سەرۆک هێرولی ئۆدۆئاسەری ژێرمانی. 

دەسەڵاتی ڕۆمانی لە بەشی ڕۆژاوای ئیمپراتۆریەتەکەدا داڕمابوو و بۆشایییەکی دەسەڵات لە دوای ئەم داڕمانەوە بەجێمابوو؛ ڕێکخراو و دامەزراوە و یاسا و دەسەڵاتی ناوەندی ڕۆما تێکچووبوو، لە ئەنجامدا زۆرێک لە ناوچەکان کراوە بوون بۆ داگیرکاری لەلایەن هۆزە کۆچبەرەکانەوە. بە تێپەڕبوونی کات، فیودالیزم و مانۆریالیزم سەریان هەڵدا، دوو دامەزراوەی بەیەکەوە گرێدراو کە دابەشکردنی زەوی و کاریان دابین دەکرد. ئەم پلەبەندییە خۆجێییانە لەسەر بنەمای پەیوەندی خەڵکی ئاسایی بوو بەو زەوییەی کە لەسەری کاریان دەکرد، هەروەها پەیوەندییان بە ئاغایەکەوە، کە هەم یاسای ناوخۆیی بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی نێوان جووتیاران دابین دەکرد و بەڕێوەی دەبرد، هەروەها دەیپاراستن لە داگیرکەرانی دەرەوە. بە پێچەوانەی ژێر دەسەڵاتی ڕۆمەکانەوە، بە یاسا ستانداردەکانی و سەربازی لە سەرانسەری ئیمپراتۆریەتەکەدا و بیرۆکراسییە گەورەکەی بۆ بەڕێوەبردنیان و کۆکردنەوەی باج، هەر ئاغایەک تا ڕادەیەکی زۆر سەروەر بوو لە ناوچەی دەسەڵاتەکەیدا. 

ناوچەکانی ڕۆژاوا لەلایەن سێ زلهێزەوە بەڕێوە دەبرا: یەکەم، فرانکەکان (شانشینی مێرۆڤینگیان) لە فەڕەنسا ٤٨١-٨٤٣ی زایینی، کە بەشێکی زۆری فەڕەنسا و ئەڵمانیای ئێستای دەگرتەوە؛ دووەم، شانشینی ڤیزیگۆتیک ٤١٨-٧١١ی زایینی لە نیمچە دوورگەی ئیبەری (ئیسپانیای ئێستا)؛ و سێیەم: شانشینی ئۆسترۆگۆتیک ٤٩٣-٥٥٣ی زایینی لە ئیتاڵیا و بەشێک لە ڕۆژاوای بالکان.

دواتر ئۆسترۆگۆتەکان جێگەیان گرتەوە بە شانشینی لۆمباردەکان ٥٦٨-٧٧٤. ئەم زلهێزە نوێیانەی ڕۆژاوا لەسەر نەریتی ڕۆمانی بنیات دەنران تا ئەو کاتەی پەرەیان سەند و بوون بە کۆکراوەیەکی کولتوورە ڕۆمانی و ژێرمانییەکان. هەرچەندە ئەم زلهێزانە خاکی گەورەیان گرتەوە، بەڵام سەرچاوە و بیرۆکراسی گەورەی ئیمپراتۆریەتی ڕۆمانییان نەبوو بۆ کۆنترۆڵکردنی ناوچەکان. لەشکرکێشییە بەردەوامەکان و ناکۆکییەکانی سنوور بەزۆری بە واتای ژیانێکی مەترسیدارتر و گۆڕاوتر بوو لە چاو ژیانی سەردەمی ئیمپراتۆریەت. ئەمەش بەو واتایە بوو کە بەگشتی دەسەڵات و بەرپرسیارێتی زیاتر بۆ ئاغا ناوخۆییەکان بەجێدەهێڵدرا. لە لایەکی ترەوە ئازادی لە ناوچە دوورەکان زیاتر و زیاتر دەبوو. 

لە ئیتالیا تیۆدۆریکی گەورە دەستی کرد بە ڕۆمانکردنی کولتووری ئەو جیهانە نوێیەی کە خۆی بنیاتنابوو. ڕاڤێنای کردە ناوەندێکی کولتووری هونەری ڕۆمانۆ-یۆنانی و بەردەستەکانی بە ئەدەب و فەلسەفە بە زمانی لاتینی پەروەردە کرد. لە ئیبەریا پاشا چینداسوینت "کۆدی ڤیزیگۆت"ـی دروست کرد. لە بەشی ڕۆژهەڵاتیشدا دەوڵەتی باڵادەست ئیمپراتۆریەتی ڕۆمانی ڕۆژهەڵات بوو کە مابووەوە.

لە سیستمی فیۆداڵیدا، شازادە و پاشای نوێ سەریان هەڵدا، کە بەهێزترینیان شارلمانی فەرمانڕەوای فرانک بوو. لە ساڵی ٨٠٠دا، شارلمان کە بەهۆی داگیرکارییە بەرفراوانەکانی لە سەر خاکەکاندا بەهێزتر بوو، لەلایەن پاپا لیۆی سێیەمەوە تاجی ئیمپراتۆری ڕۆمەکان (ئیمپراتۆر ڕۆمانۆروم)ـی لەسەر دانرا، ئەمەش وایکرد دەسەڵاتی خۆی لە ڕۆژاوای ئەورووپا بچەسپێنێت. دەسەڵاتی شارلمان سەرەتای ئیمپراتۆریەتێکی نوێی ڕۆمانی ژێرمانی بوو لە ڕۆژاوا، کە ئیمپراتۆریەتی ڕۆمانی پیرۆز بوو. لە دەرەوەی سنوورەکانی، هێزی نوێ کۆدەبوونەوە. ڕووسە کیێڤەکان سنووری خاکەکەیان دیاری دەکرد، مۆراڤیای گەورە لە گەشەکردندا بوو، لە کاتێکدا ئەنگڵەکان و ساکسۆنەکان سنوورەکانیان مسۆگەر دەکرد. بۆ ماوەی سەدەی شەشەم، ئیمپراتۆریەتی ڕۆمانی ڕۆژهەڵات تێکەڵ بە زنجیرەیەک ململانێی کوشندە بوو، سەرەتا لەگەڵ ئیمپراتۆریەتی ساسانی فارس، دواتر هێرشی خەلافەتی ئیسلامیی ڕاشیدین و ئومەوی.

تا ساڵی ٦٥٠ پارێزگاکانی میسڕ و فەڵەستین و سووریا کەوتنە دەست هێزەکانی موسوڵمانان، دواتریش ئیسپانیا و باشووری ئیتاڵیا لە سەدەی حەوتەم و هەشتەمدا فەتح کران. بەڵام لەشکرکێشی عەرەبەکان لە ڕۆژهەڵاتەوە دوای دەستێوەردانی ئیمپراتۆریەتی بولگاریا ڕاگیرا. 


سەرچاوەکان



1048 بینین