کۆنیشانەی جەیکەب

له‌لایه‌ن: - شاگوڵ فوئاد شاگوڵ فوئاد - به‌روار: 2022-07-20-13:29:00 - کۆدی بابەت: 9449
کۆنیشانەی جەیکەب

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

کۆنیشانەی XYY، کۆنیشانەی جەیکەب یان کۆنیشانەی YY (بە ئینگلیزی: Jacob's syndrome یان XYY syndrome) بریتییە لە حاڵەتێکی بۆماوەیی کە تێیدا ڕەگەزی نێر کرۆمۆسۆمێکی زیادەی Yی هەیە.

کەسی ئاسایی لە هەر خانەیەکی لەشیدا ٤٦ کرۆمۆسۆم هەیە. لە ڕەگەزی نێردا توخمە کرۆمۆسۆمەکان یەکێکیان Xـە و ئەوی تریان Yیە. کۆنیشانەی XYY حاڵەتێکی بۆماوەیییە و کاتێک ڕوودەدات کە ڕەگەزی نێر لەبەرگیراوەیەکی زیادەی کرۆمۆسۆمی Y لە هەر خانەیەکی جەستەیدا هەیە. ئەو کەسانەی ئەم کۆنیشانەیەیان هەیە ٤٧ کرۆمۆسۆمیان هەیە بەهۆی ئەو کرۆمۆسۆمە Yیە زیادەیەوە. بە پێی دەزگای نەتەوەیی تەندروستی لە هەزار کوڕدا یەک کوڕ تووشی ئەم حاڵەتە دەبێت و  زۆربەی ئەو کەسانەی تووشبووی ئەم حاڵەتەن ژیانێکی ئاسایی دەژین. هەندێکیان لەوانەیە باڵایان بەرزتر بێت لە کەسانی چواردەوریان یان ڕووبەڕووی کێشە ببنەوە لە کاتی فێربوون و قسەکردندا، یاخود لە ڕووی جەستەییەوە ماسولکەکانیان لاوازترە. جیا لەم کێشە تەندروستییانە کەسانی تووشبووی ئەم حاڵەتە هیچ نیشانەیەکی جەستەیی وایان نییە جیایان بکاتەوە لە کەسانی ئاسایی و گەشەی کۆئەندامەکانی زاوزێیان ئاساییە.

هۆکاری ڕوودانی ئەم نەخۆشییە

کۆنیشانەی XYY بەهۆی تێکەڵبوونێکی هەڕەمەکی یان بازدانێکەوە ڕوودەدات لەکاتی دروستبوونی کۆدە بۆماوەییەکانی ڕەگەزی نێر. زۆربەی حاڵەتەکانی ئەم کۆنیشانەیە بۆماوەیییانە ناگوازرێتەوە. ئەو کەسانەی ئەم کۆنیشانەیەیان هەیە ٤٧ کرۆمۆسۆم لە هەر خانەیەکی جەستەیاندا هەیە و دوو کرۆمۆسۆمی Yیان هەیە. زۆربەی حاڵەتەکانی ڕوودانی ئەم کۆنیشانەیە بەهۆی هەڵەیەکەوە لە کاتی دابەشبوونی خانەی تۆودا پێش پیتاندن ڕوودەدات، بە دەگمەنیش حاڵەت هەیە دوای پیتاندن هەڵەکە ڕوودەدات و دەبێتە هۆی ئەوەی خانە ٤٦ کرۆمۆسۆمییەکان ببن بە مۆزایکی و ژمارەی کرۆمۆسۆمەکان ببن بە ٤٧ دانە. بە تەواوی ئەو هۆکارە دیاری نەکراوە کە دەبێتە هۆی ڕوودانی ئەو هەڵەیە لە کاتی دابەشبووندا.

نیشانەکان

نیشانەکان لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر و لە تەمەنێکەوە بۆ تەمەنێکی تر دەگۆڕێت.

نیشانەکان لە ساواییدا 

  • لاوازی ماسولکەیی
  • دواکەوتنی توانای ڕۆشتن و گاگۆڵکێ
  • دواکەوتنی توانای قسەکردن

نیشانەکان لە منداڵ و هەرزەکاردا

  • کەسەکە بە تووشبووی حاڵەتی ئۆتیزم دەستنیشاندەکرێت
  • کێشەی لە سەرنجداندا (تەرکیزکردن) هەیە
  • دواکەوتنی توانای نووسین
  • دواکەوتن و قورسی قسەکردن
  • کێشەی ڕەفتاریی و سۆزەکی
  • لەرزینی دەست
  • لاوازی ماسولکەیی
  • دواکەوتنی فێربوون
  • باڵایان بەرزترە لە ئاسایی

دیارترین نیشانە لە کەسی پێگەیشتوودا بریتییە لە نەزۆکی و بێ توانایی لە وەچە خستنەوە.

دەستنیشانکردن

ئەم نەخۆشییە بە کۆمەڵە هەڵسەنگاندنێکی پزیشکی، مێژووی وردی پزیشکیی نەخۆشەکە و چەند پشکنینێکی تایبەت وەکوو پشکنینی شیکردنەوەی کرۆمۆسۆمی، دەستنیشان دەکرێت. پشکنینی شیکردنەوەی کرۆمۆسۆمی دەتوانێت ئەوە دەستنیشان بکات کە کرۆمۆسۆمێکی زیادە بوونی هەیە.

دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکە دەکرێت پێش لەدایکبوون بکرێت لە ڕێگەی وەرگرتنی نموونە (سامپڵ) لە تورەکەی سەراو و گۆچکە کۆریۆنییەکان. لە کاتی وەرگرتنی نموونەی تورەکەی سەراو نموونە لەو شلەیە وەردەگیرێت کە دەوری کۆرپەلە دەدات و پشکنینی بۆ دەکرێت، لە کاتێکدا وەرگرتنی نموونەی گۆچکەکانی کۆریۆنی بریتییە لە لێکردنەوەی نموونەی شانە لە بەشێکی وێڵاش. پشکنینە کرۆمۆسۆمییەکان لەسەر ئەم شلە و شانانە دەتوانێت ئەوە دەربخات کە کرۆمۆسۆمێکی زیادەی Y بوونی هەیە.

لە ماوەی ٢٤ مانگی یەکەمی تەمەنیدا دەبێت توانای قسەکردن و زمانی هەڵبسەنگێندرێت. لە ماوەی تەمەنی قوتابخانەیدا توانای نووسین دەبێت هەڵبسەنگێندرێت و ئەو منداڵانەشی کە کێشەی تەرکیز و توانا کۆمەڵایەتییەکانیان هەیە دەبێت لە ڕووی ڕەفتارییەوە هەڵسەنگاندنیان بۆ بکرێت.

چارەسەر

ئەم کۆنیشانەیە چارەسەری بنبڕی نییە، بەڵام چارەسەرەکان دەتوانن کاریگەری نیشانەکان کەمبکەنەوە. ئەو کەسانەی تووشبووی ئەم حاڵەتەن دەتوانن لەلای کەسانی شارەزای بواری چاودێری تەندروستی چارەسەر وەربگرن بۆ باشترکردنی توانای قسەکردنیان، توانای ماسولکەیی و جووڵەیان و لە کاتی پێگەیشتنیشیاندا دەتوانن سەردانی کەسانی شارەزا بکەن بۆ وەرگرتنی زانیاری و چارەسەری پێویست بۆ وەچە خستنەوە.

کەسانی تووشبووی کۆنیشانەی جەیکەب دەتوانن ژیانێکی ئاسایی و دوورودرێژ بژین، لە ڕاستیدا هەندێک حاڵەت بە درێژایی ژیانی کەسەکەش دەستنیشان ناکرێت و پێی نازانرێت.


سەرچاوەکان



266 بینین