نووری مالیکی

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2022-07-28-12:25:00 - کۆدی بابەت: 9585
نووری مالیکی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

نووری مالیکی (بە ئینگلیزی: Nouri al-Maliki، بە عەرەبی: نوري المالكي)، لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٦ بۆ ٢٠١٤ سەروەزیرانی پێشووی عێراق بوو. لە ٩ی ئەیلوولی ٢٠١٤ تاوەکوو ١١ی ئابی ٢٠١٥ جێگری سەرکۆمار بووە، سکرتێری گشتیی حیزبی دەعوەی ئیسلامییە.

مالیکی و حکوومەتی ڕاگوزەری عێراق لە ٢٠ـی ئایاری ٢٠٠٦ سوێندی یاساییان خوارد، لە ماوەی دوو خولدا پۆستی سەرۆکوەزیرانی گرتە ئەستۆ، هەروەها پۆستەکانی وەزارەتی ناوخۆ بە وەکالەت و وەزارەتی بەرگری و ئاسایشی نیشتیمانی وەرگرتووە. مالیکی لە سەردەمی سەدام حسێن سەرکۆماری پێشووی عێراق لە کۆتایی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا ژیانی سیاسی خۆی وەک ناڕازییەکی شیعەی عێراقی دەستپێکرد و حوکمی لەسێدارەدانی بۆ دەرچوو، بەهۆیەوە بەرەو سووریا هەڵات و لە ساڵی ١٩٨٢ ڕووی لە ئێران کرد و دواتر بەهۆی ناکۆکییەوە گەڕایەوە سووریا.

لەو ماوەی دەرەوەی وڵات، بووە سەرکردەیەکی باڵای حیزبی دەعوەی ئیسلامی و هەماهەنگیی چالاکییەکانی دژە سەدام کرد و پەیوەندیی لەگەڵ بەرپرسانی ئێران دروست کرد کە هەوڵی ڕووخاندنی سەدام حسێنیان دەدا، مالیکی هاوپەیمانێکی ئەمریکییەکان بوو، لەدوای زنجیرەیەک شکستی سەربازی بەرانبەر دەوڵەتی ئیسلامی و هۆزە ناوخۆییەکان لە باکووری عێراق، بەرپرسانی ئەمریکا ڕایانگەیاند کە پێویستە مالیکی دەستبەرداری سەروەزیرانی ببێت، لە ١٤ی ئابی ٢٠١٤ ڕایگەیاند کە دەستبەرداری پۆستی سەروەزیران دەبێت و خۆی کاندید ناکاتەوە.

ژیان

نووری کامیل مالیکی ناوی تەواوی نووری کامیل محەمەد حەسەن ئەبوولمەحەسین مالیکییە، لە ١٩٥٠/٦/٢٠ لە هندییە لە عێراق لەدایکبووە، خاوەنی بڕوانامەی بەکالۆریۆسە لە کۆلێژی بنەماکانی ئایین لە بەغدا، هەروەها ماستەری هەیە لە زمانی عەرەبی لە زانکۆی سەڵاحەدین لە هەولێر. باپیری ناوی محەمەد حەسەن ئەبوو ئەلمەحاسینە و یەکێکە لە سەرکردەکانی شۆڕشی بیستەم.

لە ساڵی ١٩٨٠ سەدام حسێن فەرمانێکی دەرکرد کە چالاکییەکانی حیزبی دەعوە قەدەغە دەکات و هەڕەشەی کوشتنیان لە ئەندامانی دەکرێت، ئەمەش وایکرد مالیکی و زۆرێک لە ئەندامانی حیزبی دەعوە بۆ دەرەوەی وڵات هەڵبێن. پەنای بۆ سووریا برد و تا ساڵی ١٩٨٢ لەوێ مایەوە و دواتر ڕووی لە ئێران کرد، بەڵام دوای ئەوە گەڕایەوە سووریا. دواتر حیزبی دەعوە بۆ دوو باڵ دابەش بوو، یەکێکیان لایەنگری ئێرانی و ئەوی تریان ڕەتیکردەوە بچێتە ناو سوپای ئێرانەوە و شەڕی سوپای عێراقی بکات لە ماوەی جەنگی ئێران و عێراقدا، مالیکییش لە سووریا مایەوە تاوەکوو لەشکرکێشی ئەمریکا بۆ سەر عێراق.

لە حیزبی دەعوە

لە ساڵی ١٩٧٠ پەیوەندی بە حیزبی دەعوەی ئیسلامییەوە کردووە، بە درێژایی کاتەکانی لە دەربەدەریدا بووەتە ئەندامی سەرکردایەتی حیزبەکە و بەرپرسیار بووە لە ڕێکخستنەکانی ناوخۆ، هەروەها سەرپەرشتی “ڕۆژنامەی ئەلمەوقیف”ـی لە ئەستۆ گرتووە، کە لە دیمەشقەوە دەردەچوو. لەو ماوەیەدا کتێبێکی بە ناونیشانی "محەمەد حەسەن ئەبوو مەحاسین، ژیان و شیعرەکانی" نووسی. خاوەنی چەندین نووسراوی ترە لە بواری سیاسەت و فیکردا. 

سەرۆکی لیژنەی سەرپەرشتیکردنی کۆنفرانسی ئۆپۆزسیۆنی عێراق بووە لە بەیرووت لە ساڵی ١٩٩٠، هەروەها ئەندامێکی چالاک بووە لە هەموو کۆنفرانسی ئۆپۆزسیۆنی عێراق کە لە باکووری عێراق و دەرەوەی وڵات بەڕێوەدەچوون.

گەڕانەوە بۆ عێراق

دوای ڕووخانی ڕژێمی سەدام حسێن لە ٩ی نیسانی ٢٠٠٣، دوای کۆچکردنێک کە ٢٥ ساڵی خایاند، گەڕایەوە عێراق. وەک ئەندامێکی جێگرەوە لە ئەنجوومەنی بڕیاردەری عێراق هەڵبژێردرا کە لەلایەن دەسەڵاتی کاتی هاوپەیمانی بە سەرۆکایەتی پۆل بریمەر دامەزرابوو، هەروەها وەک جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نیشتمانی کاتی کاری کرد، بەشداری کردووە لە دامەزراندنی بلۆکی هاوپەیمانی یەکگرتووی عێراق و وتەبێژی فەرمی بووە، کە بووە هۆی کاندیدکردنی بۆ ئەوەی بەرپرسیارێتی سەرۆکایەتی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجوومەنەکەدا بگرێتە ئەستۆ. بەشداری لە لیژنەی داڕشتنی دەستووری عێراقدا کردووە و ئەندامی لیژنەکە بووە.

سەروەزیرانی

لە مانگی ئایاری ساڵی ٢٠٠٦دا بۆ پێکهێنانی یەکەمین حکوومەتی ھەمیشەیی ھەڵبژێردراوی عێراق ھەڵبژێردرا، دوای ئەوەی سەرۆکی حیزبی دەعوەی ئیسلامی و ئیبراھیم جەعفەریی سەروەزیرانی عێراق دوای دژایەتی توندی بەرەی سوننە و کورد وازیان لەو پۆستە هێنا. بارودۆخی ئاسایش لە سەرەتای خولەکەیدا خراپ بوو، بەوپێیەی ڕفاندن و ئاوارەبوون و کوشتنی تائیفی دەستی پێکرد. ساڵی ٢٠٠٧ پلانی سەپاندنی یاسای دەستپێکرد، لەنێو کردارەکانی ئەم پلانەشدا ئۆپەراسیۆنی "صولة الفرسان" بوو بۆ سەر میلیشیاکانی سوپای مەهدی لە بەسڕە و ناسریە و بەغداد و هەندێک پارێزگا، کە بەنزیکەیی لەژێر کۆنترۆڵی گرووپە چەکدارەکاندا بوو. هەروەها ئۆپەراسیۆنەکانی "أم الربيعين" لە مووسڵ بە مەبەستی هەڵوەشاندنەوەی قاعیدە.

جگە لە چەندین ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە شوێنە گەرمەکان. هەروەها واژۆی لەسەر لەسێدارەدانی سەدام حسێن سەرۆکی پێشووی عێراق کرد کە لەلایەن دادگایەکی عێراقەوە دەرچوو و سزاکەی بەخێرایی جێبەجێ کرد.

لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠١٠دا نووری مالیکی بە تەنیا لە بەغداد ٧٢٠ هەزار دەنگی بەدەستهێنا، هەروەها حیزبەکەی، هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا دوو کورسی لە دوای لیستی عێراقییەوە بووە، بەو پێیەی لیستەکەی ٨٩ کورسی لە ئەنجوومەنی نوێنەران بەدەستهێنا و عێراقییەش ٩١ کورسی بەدەستهێنا. دوای هەشت مانگ لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان، توانی پۆستی سەروەزیران بۆ خولێکی نوێی سەرۆکایەتی بەدەست بهێنێت.

کێشەکان

لە ساڵی ٢٠١٢ لەگەڵ مەسعوود بارزانیی سەرۆکی هەرێمی کوردستانی ئەوکات، دەستی بە ململانێ کرد، ئەو ململانێیە بە ململانێی کورد و عەرەب ناودەبرێت.

لەڕووی گەندەڵیشەوە کێشەگەلێکی زۆر لەنێو کابینەکانیدا هەبوو، بەوپێیەی ڕێکخراوی شەفافیەتی نێودەوڵەتی لە ساڵی ٢٠١٢ ڕایگەیاند کە عێراق لە پلەی سێیەمی گەندەڵترین وڵاتانی جیهاندایە، دوای سۆماڵ و سوودان.

لە سەرکردایەتیدا مالیکی زۆر دژی سوننەکان دەوەستایەوە، بەتایبەت لە سەرکوتکردنی خۆپێشاندانەکانی ٢٠١٢-٢٠١٣ کە بووە هۆی سەرهەڵدانی داعش. هەروەها بەشی سەربازی و سوپا لە سەردەمی بەڕێوەبردنی مالیکی بە گەندەڵی ناسرابوو و کۆمەڵێکی زۆر بندیواری لەخۆی دەگرت. کاتێک داعش چالاکییەکانی لە بەشی یەکەمی جەنگی ٢٠١٣-٢٠١٧ لە عێراق زیاد کرد، مالیکی بووە هۆی شکستێکی گەورە بۆ عێراق، بەتایبەت لە هێرشی حوزەیرانی ٢٠١٤ بۆ باکووری عێراق و مووسڵ کە بووە هۆی کەوتنی شارەکە، کە سوپایەکی ١٥٠٠ چەکداری داعش لە زیاتر لە ٦٠ هەزار سەربازی عێراقی بردەوە.

لە مانگی ئابی ٢٠١٤دا نووری مالیکی هەوڵیدا خولی سێیەم بەدەستبهێنێت، هەرچەندە هاوپەیمانی نیشتمانی زۆرترین دەنگی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی بەدەستهێنا، بەڵام هەوڵەکانی مالیکی بۆ بەدەستهێنانی خولی سێیەم لە هەموو ئاستەکاندا ڕووبەڕووی ڕەتکردنەوە بووەوە. لەم نێوەندەدا هاوپەیمانی نیشتمانی بڕیاریدا حەیدەر عەبادی، جێگری مالیکی لە حیزبی دەعوە بۆ سەروەزیرانی کاندید بکات.

لە ٩ی ئابی ٢٠١٥ حەیدەر عەبادی کۆمەڵێک بڕیار و چاکسازی ڕاگەیاند، دیارترینیان هەڵوەشاندنەوەی پۆستەکانی جێگرانی سەرکۆمار (نووری مالیکی، ئوسامە نوجەیفی و ئەیاد عەلاوی) و جێگرانی سەروەزیران (بەها ئەعرەجی و ساڵح موطلەک و ڕۆژ نووری شاوەیس)، بەوەش دوایین پۆستی حکوومی لەدەستدا.

دزەکردنی ٢٠٢٢

هاوینی ساڵی ٢٠٢٢ کۆمەڵێک تۆماری دەنگی بڵاوبوونەوە کە دەگەڕێنەوە بۆ مالیکی و بەهۆی قسەکانییەوە شەقامی عێراقی و زۆرێک لە لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانی جووڵاند، بەتایبەتی ڕەوتی سەدر و بارزانییەکان و حەلبووسی. تۆمارە دەنگییەکان چەند پارچەیەکن و لە هەر بەشێکیدا بە شێوەیەک لە شێوەکان هەڵدەکوتێتە سەر کەسایەتییەک و بەتایبەتی سەدر. بەپێی ئەوەی لەلایەن ئەو کەسانەی کە بەرپرسن لە دزەکردنی تۆمارەکە دەڵێن چەند مانگێک لەمەوبەر لە میانی کۆبوونەوەی مالیکی لەگەڵ ژمارەیەک کادر و ئەندامانی حیزبی دەعوە ڕوویداوە.

لە بەشی یەکەمی تۆمارە دزەپێکراوەکەدا، مالیکی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، مەسعوود بارزانی بەوە تۆمەتبار دەکات کە بە لەباوەشگرتنی سوننەکان لە شیعەکان دەدات. هەروەها بەهۆی موقتەدا سەدرەوە دزەی کردووەتە ناو شیعەکان.

لە تۆماری دووەمدا مالیکی دەڵێت "ئەوان (سەدرییەکان) دەناسم، لە کەربەلا و بەسرە و شاری سەدر لێمداون. ئەوان ترسنۆکن، ئێستاش ترسنۆکترن، چونکە دەستیان چووەتە ناو چەوری و پارە و حەرام".

هەروەها پرسیار دەکات: "موقتەدا سەدر لە بەغدا چەندی کوشت؟ و بە ئۆتۆمبێلێکی بەتتە (تۆیۆتا کراون) ڕفێندرا". هەروەها لە شوێنێکدا دەڵێت "دەمویست حەشدی شەعبی هاوشێوەی سوپای پاسدارانی ئێران لێ بکەم". 

هەروەها دەڵێت موقتەدا سەدر نەزانە و هیچ لە سیاسەت نازانێت، ئێران پاڵپشتی لێ دەکات و دەیەوێت نموونەیەکی تری وەک سەرۆکی حیزبوڵڵای لوبنان دروست بکات. 

سەبارەت بە تۆماری سێیەمیش ئاماژەی بەوە کردووە کە "ڕێکخراوی بەدر (بە سەرۆکایەتی هادی عامری) هێزی هەیە و مووچەی ٣٠-٤٠ هەزار چەکدار وەردەگرێت، موقتەدا سەدریش دوو هەزار سەربازی لە سامەڕا هەیە، بەڵام مووچەی ١٢ هەزار کەسیان بۆ وەردەگرێت".

لە شوێنێکی تردا دەڵێت: "قۆناغی داهاتوو قۆناغی شەڕە، و سەدر خوێنی دەوێت، منیش بە موستەفا کازمی سەروەزیرانم گوت کە من متمانەم بە سوپا و پۆلیس نییە، هەرکەسێک بەرگری لە خۆی دەکات، منیش بەرگری لە خۆم دەکەم و کاری بۆ دەکەم، تانک و زرێپۆش و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانمان هەیە".

هەروەها دەڵێت: "عێراق لە لێواری شەڕێکی وێرانکەردایە کە تاوەکوو پڕۆژەی موقتەدا سەدر و سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان مەسعوود بارزانی و محەمەد حەلبووسی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لەناو نەچێت کەس لێی دەرناچێت".

ژیانی تایبەت

مالیکی هاوسەرگیری لەگەڵ فەلیحە خەلیل کردووە و خاوەنی چوار کچ و کوڕێکە. ئەحمەدی کوڕی بەرپرسی ئاسایشی مالیکی بووە، هەروەها دوو زاواکەی لە ئۆفیسەکەیدا کاریان دەکرد. بەهۆی ئەوەی کچە گەورەکەی ناوی ئیسرایە، زۆرجار لە شەقامی عێراقی و میدیاکانیشدا بە باوکی ئیسرا دەناسرێتەوە.


سەرچاوەکان

177 بینین