مانچستەر

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر سازگار عومەر - به‌روار: 2022-07-30-21:28:00 - کۆدی بابەت: 9616
مانچستەر

ناوه‌ڕۆك

مانچستەر

مانچستەر، مەنچستەر یان مانچستێر (بە ئینگلیزی: Manchester، بە عەرەبی: مانشستر)، شارێکە لە وڵاتی ئینگلتەرا، لە شانشینی یەکگرتوو، ژمارەی دانیشتووانی ئەم شارە لە ساڵی 2018ـدا بە 547,627 کەس خەمڵێندرا. هەروەها مانچستەر لەڕووی ئابوورییەوە سێیەم شاری شانشینی یەکگرتووە، لەگەڵ ئەوەشدا لە دوای شارەکانی لەندەن و ئەدینبۆرگەوە سێیەم شاری وڵاتەکەیەتی کە زۆرترین گەشتیاری بیانی سەردانی دەکات.

مێژووی مانچستەر

مێژووی تۆمارکراوی شارەکه بە قەڵای ماموسیومی ڕۆمانی دەست پێدەکات، کە لە دەوروبەری ساڵی 79ـی زایینی دامەزراوە. لەو کاتەوە تا ئێستا ناوچەکە بۆ هەمیشە خەڵکی لێ نیشتەجێ بووە. نموونە مێژووییەکانی مانچستەر تا ئەمڕۆش لە کڵێسای مانچستەر (کە لە ساڵی 1421 دروستکراوە) و پەرتووکخانەی چیتەم بەدی دەکرێت، لەگەڵ ئەوەشدا شارەکە لە ساڵی 1282ـدا وەک بازاڕێک لە نووسراوەکاندا باسکراوە. مانچستەر لە سەدەی نۆزدەهەمدا بە خێرایی دەستی بە فراوانبوون کرد، چونکە خەڵکانێکی زۆر بۆ کارکردن لە سکۆتلەندا و ئێرلەندا و ناوچەکانی دیکە لە ماوەی شۆڕشی پیشەسازیدا هاتنە ناو شارەکەوە. تا ساڵی 1835 مانچستەر گەورەترین شاری پیشەسازی سەر زەوی بوو.

دانیشتووان

شاری مانچستەر شەشەم گەورەترین شاری شانشینی یەکگرتووە و ژمارەی دانیشتووانی شارەکە لە ساڵی 2016ـدا 530,300 کەس بووە. هەروەها چڕی دانیشتووانی شارەکە 4,716 کەسە لە هەر کیلۆمەتر دووجایەکدا، لەڕووی چڕی دانیشتووانەوە نۆیەم چڕترین شاری شانشینی یەکگرتووە. لەگەڵ ئەوەشدا ڕووبەری ڕووی تەواوی شارەکە 115.6 کیلۆمەتر دووجایە.

شاری مانچستەر خاوەنی زۆرترین ڕێژەی خەڵکی جگە سپی پێستە بە بەراورد بە هەر ناوچەیەکی مانچستەری گەورە. لە سەرژمێری ساڵی 2011ـدا دەرکەوتووە کە پێکهاتەی ڕەگەزی و نەتەوەیی مانچستەر بریتین لە:

  • سپی پێست: 66.7%
  • ڕەگەزی تێکەڵ: 4.7%
  • ئاسیایی: 17.1%
  • ڕەش پێست: 8.6%
  • عەرەب: 1.9%
  • نەتەوەکانی تر: 1.2%

ئایین

لە ساڵی 2001ـەوە ڕێژەی هاوڵاتییە مەسیحییەکان لە شارەکەدا لە 62.4% بۆ 48.7% کەم بۆتەوە، لە کاتێکدا ڕێژەی ئەو کەسانەی کە سەر بە هیچ ئایینێک نین لە 16% بۆ 25.4% بەرزبووەتەوە. سەرەڕای ئەوەش ڕێژەی موسڵمانان لە 9.1% بۆ 15.8% زیادی کردووە. جگە لە شاری لەندەن شارەکه خاوەنی گەورەترین ژمارەی جوولەکەکانی شانشینی یەکگرتووە. نەتەوە کەمینەکانی تر بە سەر چەند ناوچەیەکی تری شارەکەدا دابەشبوون. هەروەها مانچستەر‌ ڕێژەیەک لە خەڵکی هاوڕەگەزخوازی لێیە کە ڕێژەیان لە تێکڕای ڕێژەی نیشتمانی ئینگلیزی زیاترە، 0.23%ـی دانیشتووانی شارەکه هاوڕەگەزخوازن، بە بەراورد بە تێکڕای نیشتمانی کە 0.16%ـە.

گەشەی دانیشتوانی مانچستەر

لە سەرژمێری ساڵی 2011ـدا، ئەوە نیشان دەدات کە جگە لە شاری لەندەن، مانچستەر سێیەم خێراترین ناوچەی گەشەسەندوو بوو لە شانشینی یەکگرتوو کە زۆرترین گەشەی بەخۆیەوە بینی، گەشەی شارەکە لە ماوەی دە ساڵدا بە ڕێژەی 19% زیادیکردووە. هەروەها پێشبینی دەکرێت مانچستەر لە ساڵانی داهاتوودا لە گەشەکردنێکی تاڕادەیەک خێرا بەردەوام بێت.

کەشوهەوای مانچستەر

شاری مانچستەر کەشوهەوایەکی ئۆقیانووسی هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا مانگەکانی وەرزی زستان زۆر ساردە و مانگەکانی وەرزی هاوینیش مامناوەندە و بەدرێژایی ساڵ بارانێکی زۆری لێ دەبارێت.

شارەکە نزیکەی 50 کیلۆمەتر لە کەناری دەریای ئێرلەنداوە دوورە، کە شاری لیڤەرپووڵ کەوتۆتە سەر کەنارەکەی. لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی شارەکە، زنجیرەیەک گرد و شاخی نزمی لێیە کە لە باکوورەوە بۆ باشوور وەک بڕبڕەی پشت بەناو ئینگلتەرادا دەڕوات.

وەرزی زستان لە مانگی کانوونی یەکەمەوە دەست پێ دەکات تا مانگی شوبات، زستانی ئەم شارە زۆر ساردە، پلەکانی گەرما بۆر نزم نین بەڵام ڕەشەبا و ڕێژەی شێ کەشی شارەکە سارد دەکەن. هەروەها بەزۆری ئاسمانی شار هەوراوییە و باران زۆر دەبارێت، لەگەڵ ئەوەشدا بەفر بەدەگمەن دەبارێت. پلەکانی گەرما لەم وەرزەدا بەدەگمەن بۆ خوار 7- پلەی سەدی دادەبەزن. نزمترین پلەی گەرمی تۆمارکراو لە کانوونی دووەمی ساڵی 2010ـدا بوو کە پلە گەرمی 15- پلەی سەدی بوو.

بەهاری مانچستەر، لە مانگی ئازارەوە دەست پێ دەکات تا ئایار، پلەکانی گەرما لەم وەرزەدا وردەوردە بەرز دەبنەوە و کەشی شارەکە کەمێک خۆشترە وەک لە زستان. لە نیوەی دووەمی مانگی ئایاردا پلەکانی گەرما مامناوەند دەبن.

هاوینی شارەکە، لە مانگی حوزەیرانەوە دەست پێ دەکات تا مانگی ئاب دەخایەنێت، کەشی شارەکە لەم وەرزەدا مامناوند و باراناویی و هەوراوییە، بە شێویەکی گشتی لە ڕۆژە گەرمەکاندا پلەکانی گەرما بەرزدەبنەوە و دەگەنە 28 بۆ 30 پلەی سەدی، بەڵام بەرزترین پلەی گەرمی تۆمارکراو لە ئابی 1990ـدا بوو کە پلەی گەرمی گەیشتە 34 پلەی سەدی.

هەروەها پاییزی مانچستەر لە مانگی ئەیلوولەوە دەست پێ دەگات و تا مانگی تشرینی دووەم دەخایەنێت، لەم وەرزەدا کەشی شارەکە لێڵ و هەوراویی و باراناوییە، هەر هەفتەیەک کە تێدەپەڕێت کەشی شارەکە وردەوردە ساردتر دەبێت.

ڕێژەی دابارینی ساڵانەی شارەکە 830 مللیمەترە، باراناوییترین وەرز وەرزی پایزە. هەروەها ساڵانە 1,415 کاتژمێری تیشکی خۆر بەشەر شارەکەوە دەدرەوشێتەوە.

باشترین کات بۆ سەردانکردنی مانچستەر ناوەڕاستی ئایار تا ناوەڕاستی ئەیلولە‌، مانگەکانی تەممووز و ئاب گەرمترین مانگن، بەڵام باشتر واییە چاکەت و بلوزێک لەبەربکەین.

هەندێک لە شوێنە گەشتیارییە سەرنجڕاکێشەکانی شارەکە

  1. کەناڵەکانی کاستڵفیڵد
  2. مۆزەخانەی زانست و پیشەسازی
  3. مۆزەخانەی جەنگی ئیمپراتۆری باکوور
  4. کڵێسای مانچستەر
  5. مۆزەخانەی مانچستەر
  6. کڵێسای کاسۆلیکی سەینت ماری
  7. مۆزەخانەی نیشتمانی تۆپی پێ
  8. پەرتووکخانەی چیتەم
  9. پێشەنگای نیگارکێشی مانچستەر
  10. زانکۆی مانچستەر
  11. مۆزەخانەی مێژوویی
  12. فەرمانگەی شارەوانی مانچستەر


سەرچاوەکان



299 بینین