سوودەکانی نوێژکردن

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار مونا ڕزگار - به‌روار: 2022-08-10-21:19:00 - کۆدی بابەت: 9778
سوودەکانی نوێژکردن

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا 

سودەکانی نوێژ (بە عەرەبی: فوائد الصلاة، بە ئینگلیزی: Benefits of prayerنوێژ یەکێکە لە پایەکانی ئیسلام و موسوڵمانان وەک پەرستشێک ئەنجامی دەدەن. خوای گەورە فەرمانی کردووە کە موسوڵمانان ڕۆژانە پێنج جار نوێژ بکەن. نوێژکردن جگە لەوەی ئەرکە لەسەر موسوڵمانان و فەرمانی خوای گەورەیە، چەندین سوودی گرنگی هەیە بۆ جەستە و ڕۆحی نوێژخوێنان.
نوێژکردن بە کۆمەڵ و لە مزگەوتدا سوودەکانی زیاترە وەک لە ماڵەوە، ئەویش بەهۆی ئەوەی لە مزگەوتدا کاتێکی زیاترت پێ دەچێت و جەستەت زیاتر بەکاردێت لەگەڵ جووڵەکانی نوێژدا.

نوێژ و نەهێشتنی بارگە ئەلیکترۆنییەکان

لەدوای دەستنوێژگرتن واباشە جەستەت وشک نەکەیتەوە و چاوەڕێ بکەیت تاکوو خۆی وشک دەبێتەوە، لە ڕوانگەی پزیشکییەوە جەستە خۆی بەرانبەر بە سەرما پلەی گەرمی خۆی بەرز دەکاتەوە تاکوو شوێنە تەڕەکان وشک بکاتەوە. هەر ئەمەش وادەکات کە کونیلەکانی پێست بکرێنەوە و ئۆکسجین بگات بە ماسولکەکانی ژێر پێست.
بارگە ئەلیکترۆنییەکان بەهۆی بوونی ئەم هەموو ئامێرە ئەلیکترۆنییانەوە زۆرن لە ژیاندا. کاریگەری زۆر دەخەنە سەر شەپۆلەکانی مێشک هەبوونیان لە چەند ناوچەیەکی لەشدا کاریگەری خراپ بەجێ دەهێڵێت ئەم ناوچانەش هەمان ئەوانەن له کاتی دەستنوێژگرتندا تەڕ دەکرێن کە ڕووخسار، سەر، دەست تا ئانیشک، قاچ تا قولەپێ دەگرێتەوە. 
بەپێی چەند لێکۆڵینەوەیەک کە لەلایەن پڕۆفیسۆر (لای) ئەنجامدراوە، ئەوە دەردەخات کە DNA خانەکانی مێشک، بەهۆی شەپۆلە موگناتیسییەکانی دەرەوە زیانی زۆریان پێ دەگات. کاتێک نوێژخوێنێک ڕووبەڕووی قیبلە دەوەستێت و سەری خوار دەکاتەوە لە کاتی سوجدە بردندا هەموو ئەم شەپۆلە موگناتیسییە زیانبەخشانە لەناودەچن.

سوودەکانی وەستان لە نوێژدا

سەرەتای نوێژ کاتێک بە پێوە دەوەستیت و جەستەت ڕێک دەکەیت. جەستە هەمووی ڕێک دەبێت. لە کاتی وتنی (الله اكبر) دەستەکانت بەرز دەکەیتەوە بۆ لای گوێت، واباشە سێ بۆ پێنج چرکە بەمشێوەیە ڕاوەستیت. یەکێک لە سوودەکانی ئەمەش ڕێککردنەوەی کێشەی چەمانەوەی پشتە. هەروەها ماسولکەکانی سەر سنگت بەهێز دەبێت. سنگت بەرز دەبێتەوە و بۆشای سنگت زیاتر دەکات و بەمەش هەناسەدانت باشتر دەبێت. 
کاتێک هەردوو دەستت لەسەر یەک دادەنێیت و قورئان دەخوێنیت شانەکانت پشوو دەدەن و هەناسەدانیشت باشتر دەبێت. ئەم جووڵەیەش واباشە ٤٠ بۆ ٦٠ چرکە بخایەنێت. کاتێک نوێژ دەکەیت دەبێت قاچت بە ئەندازەی شانت بکەیتەوە نە زیاتر و نە کەمتر، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی جەستەت هاوسەنگ بێت بەتایبەت هاوسەنگی لای ڕاست و چەپ. 

سوودەکانی ڕکوع 

لە کاتی ڕکوعبردندا نابێت ئەژنۆکانت بچەمێتەوە، پێویستە ئەژنۆکانت ڕێک بێت، واباشە ماوەی ڕکوعی ١٠ بۆ ١٢ چرکە بێت.
ئەمە هاوسەنگییەک دروست دەکات لە نێوان ماسولکەکانی پشت، حەوز، ڕان، قاچ. هەروەها هاوسەنگییەکی زۆر دروست لە نێوان سەر و پشتدا دروست دەبێت. هەر لە کاتی ڕکوعدا بڕبڕەکانی پشت دەکشێن و بەمەش پەستان لەسەر دەمارەکانی پشت نامێنێت، ماسولکەکانی پشت بەهێز دەکات، هەروەها جومگەکانیش بەهێز دەکات. پاشان هەڵدەستیتەوە و ڕێک دەبیتەوە بەهەمان شێوەی سەرەتا دەستەکانت بەرز دەکەیتەوە بۆ ماوەی دوو بۆ سێ چرکە و پاشان دەچیتە سوجدەوە.

سوودەکانی سوجدە 

لە سوجدەدا هەردوو ماسولکەی حەوز و ڕانەکان زۆرترین سوودیان بەردەکەوێت، هەروەها دەبێتە هۆی جووڵەیەکی زۆر باشی کەمەر. هەروەها ماسولکەکانی سک گرژ دەبن، ئەمەش یارمەتیدەرە بۆ دابەزاندنی ورگ. واباشە ماوەی سوجدە هەشت بۆ دە چرکە بێت. هەروەها یارمەتیدەرە خوێنێکی زیاتر و شەکری پێویست بچێت بۆ مێشک. هۆکارێکە بۆ کەمکردنەوەی جەڵتەی مێشک

سوودەکانی خوێندنی تەحیات 

لەم کاتەدا هەردوو دەستت لەسەر ڕانەکانت دادەنێیت. سەیری بەردەمت دەکەیت، چەمانەوەی پێیەکانت لەدواوە زۆر گرنکە وادەکات گرژ ببێت، لێرەدا قاچەکانت وادەکات خوێن بڕوات بۆ سەرەوە. هەروەها پاڵپەستۆی خوێن ڕێکدەخات، ماسولەکانی پشتت ڕێک و پتەو دەکات. خوێندنی تەحیاتیش دەبێت ٤٠ بۆ ٦٠ چرکە بخایەنێت.

سوودەکانی سەلامدانەوە

لە کاتی سەلامدانەوەدا دەبێت سەرت ڕێک بێت و بەتەواوی بیسوڕێنیت بەرەو لای ڕاست، ئەمەش دەبێت چوار بۆ پێنچ چرکە بخایەنێت. ئەمەش سوودێکی زۆری بۆ مل هەیە.

سوودە جەستەییەکانی نوێژ

تەندروستی دڵ و لوولەکانی خوێن

هەر وەرزش و ڕاهێنانێک ئەگەر بەردەوام ئەنجام بدرێت سوودێکی زۆری دەبێت بۆ جەستە. ئەنجامدانی هەموو نوێژەکان وەک وەرزشێکی ڕۆژانەیە کە سوودێکی تەواوی هەیە بۆ دڵ و لوولەکانی خوێن.

پاکوخاوێنی

ئایینی پیرۆزی ئیسلام گرنگییەکی تەواوی بە پاکوخاوێنی داوە، لە ڕوانگەی پزیشکیشەوە پاکوخاوێنی هۆکارێکی سەرەکییە بۆ کەمکردنەوەی هەندێک جۆری نەخۆشییەکان، نوێژخوێنان پێش نوێژکردن دەستنوێژ دەگرن ئەمەش وادەکات جەستە پاک ببێتەوە و دوور بێت لە هەر میکرۆبێک.

پاراستنی دەم و ددانەکان

زۆرێک لە نوێژخوێنان لە کاتی دەستنوێژگرتندا بڕێک ئاو دەکەنە دەمیانەوە و غەرغەرەی پێ دەکەن. ئەمە سوودێکی زۆری هەیە بۆ پاراستنی دەم، ددان، پووک، گەروو. دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی مەترسی تووشبوون بە جۆرە جیاوازەکانی میکرۆبەکان و نەهێشتنی بۆنی ناخۆشی ناو دەم.

چالاککردنی سوڕی خوێن

هەندێک جووڵەی نوێژ بەتایبەت ڕکوع و سوجدە سوڕی خوێن چالاک دەکات و جەستە چالاکتر دەکات.

کەمکردنەوەی ئازاری جومگەکان

ئەو کەسانەی ئازاری جومگەکانیان هەیە، نوێژکردنی بەردەوام وادەکات ئەم ئازەریان کەمتر ببێتەوە. ئەویش بەهۆی بوونی کۆمەڵێکی زۆر لە جووڵە کە هەموو بەشەکانی جەستە دەگرێتەوە.

کەمکردنەوەی ئازاری پشت

ئازاری پشت ئەو ئازارەیە زۆرینەی خەڵکی بەدەستییەوە دەناڵێنن بەتایبەت کەسانی بە تەمەن. ئەنجامدانی جووڵەکانی نوێژ بەتایبەت ڕکوع وادەکات ئەم ئازارە کەمتر بێتەوە.

دابەزینی ورگ

ئەنجامدانی جووڵەکان وەک خۆی وادەکات ماسولکەکانی سک گرژببن و بەمەش ڕێگری دەکات لە گەورەبوونی ورگ، وردە وردە ورگیش بچووکتر دەکاتەوە.

سوودە دەروونییەکانی نوێژکردن

کەمکردنەوەی خەمۆکی و دڵەڕاوکێ

قۆناغی خەوی خێرا جووڵاندنی چاو قووڵترین قۆناغە و جەستە بەتەواوی چووەتە ناو خەوێکی قووڵەوە و کەسەکە بە قوورسی خەبەری دەبێتەوە. لە قۆناغی خەوی خێرا جووڵاندنی چاوی ئەو کەسانەی خەمۆکی و دڵەڕاوکێیان هەیە بەرانبەر بە خەڵکی ئاسایی درێژترە. ئەمە وادەکات کە خەونی ئاڵۆزتر و ناخۆشتر ببینن. زیادبوونی قۆناغی خەوی خێرا جووڵاندنی چاو لە کاتژمێرەکانی نزیکی بەیانیدا ڕوودەدات. کاتێک کەسێک خەبەری دەبێتەوە بۆ نوێژی بەیانی ئیتر ناچێتە ناو قۆناغی خەوی خێرا جووڵاندنی چاو و بەمەش خەوی ناخۆشی کەم دەکات و خەمۆکی و دڵەڕاوکێی نامێنێت.

زیادبوونی چالاکی و دڵخۆشی

هەستان لە خەو لە بەیانیاندا دەبێتە هۆی زیادبوونی هۆڕمۆنی کۆرتیزۆڵ، کە وادەکات کەسەکە دڵخۆش بێت بەدرێژای ڕۆژەکەی و چالاکییەکانی زیاتر ببێت.

دەردانی هۆڕمۆنی میلاتۆنین

بەپێی توێژینەوەکانی پزیشک (مەدحەت ئەلشامی) کە پزیشکێکی میسڕییە دەڵێت پێوست بە هیچ دەرمانێک ناکات بۆ دەردانی هۆڕمۆنی میلاتۆنین لە شەو و بەیانیاندا، جگە لە ئەنجامدانی نزا و نوێژکردن. پێنج بۆ نۆی بەیانی زۆرترین حاڵەتەکانی جەڵتەی دڵ تۆمار دەکرێت بە هەستان بۆ نوێژی بەیانی و ئەنجامدانی چەند جووڵەیەک، دەردانی هۆڕمۆنی میلاتۆنین دوور دەبیت لە مەترسی جەڵتەی دڵ.
هەروەها دەردانی هۆڕمۆنی میلاتۆنین ڕێگری دەکات لە تووشبوون بە شێرپەنجەی مەمک و شێرپەنجەی پڕۆستات، ئەلزەهایمەر و پیری پێشوەختە. هەروەها خانەکانی مێشک توانای بیرکردنەوە و چالاکییان زیاتر دەبێت و توانای خڕۆکە سپییەکانی خوێن لە بەرانبەر نەخۆشییەکاندا زیاد دەکات.

کەمکردنەوەی تووڕەیی

لە کاتی ئەنجامدانی نوێژدا جەستە نوێ دەبێتەوە و ڕۆح و دەروون ئاسوودە دەبن، بەمەش تووڕەیی کەم دەکات.

زیادبوونی چالاکی جەستە و دڵخۆشی

کەسێک بتوانێت ڕۆژانە پێنج جار نوێژ بکات کەسێکی چالاک دەبێت و کاتەکانی بە فیڕۆ نادات، ڕۆژانە چالاکی زۆر ئەنجام دەدات. هەروەها ئەم کەسانە کەسانێکی دڵخۆش و گەشبینن لە ژیانیاندا.

بەهێزکردنی پەیوەندی کۆمەڵایەتی

زۆرێک لە موسوڵمانان ڕۆژانە بۆ ئەنجامدانی نوێژەکان دەچنە مزگەوتەکان و لەوێ پێکەوە لە نزیک یەکتری نوێژ دەکەن. دەتوانیت ڕۆژانە خەڵکی ببینیت و ئاگاداری حاڵ و تەندروستییان بیت.


سەرچاوەکان



1286 بینین