بەرهەم ساڵح

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2022-08-13-15:13:00 - کۆدی بابەت: 9816
بەرهەم ساڵح

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

بەرهەم ساڵح (بە عەرەبی: برهم صالح، بە ئینگلیزی: Barham Salih) سیاسەتوان و کەسایەتییەکی کوردە. سەروەزیرانی پێشووتری هەرێمی کوردستان و جێگری سەروەزیرانی حکوومەتی فیدراڵی بووە و هەشتەم سەرکۆماری کۆماری عێراقە. لە ٢ـی تشرینی یەکەمی ٢٠١٨ بوو بە سەرۆکی عێراق.

ژیان

بەرهەم ئەحمەد ساڵح لە ١٢ی ئەیلوولی ١٩٦٠ لە شاری سلێمانی لەدایکبووە. لە ١٩٧٩ دوو جار لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە بە تۆمەتی پەیوەندیکردن بە ڕیزەکانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان دەستگیر کراوە. ماوەی ٤٣ ڕۆژ لە زیندانەکانی ئاسایش لە لیژنەی لێکۆڵینەوەی تایبەت لە کەرکووک دەستگیرکراوە. دوای ئازادکردنی لە زیندان خوێندنی ئامادەیی بە سەرکەوتوویی تەواو کردووە و پلەی یەکەمی لەسەر ئاستی کوردستان و پلەی سێیەمی لەسەر ئاستی عێراق بەدەستهێناوە. پاشان بەهۆی چاودێریی ئاسایشەوە عێراقی جێهێشت و چووە بەریتانیا.

بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە ئەندازیاریی شارستانی و تەلارسازی لە ساڵی ١٩٨٣ لە زانکۆی کاردیف لە بەریتانیا بەدەستهێناوە. خاوەنی بڕوانامەی دکتۆرایە لە بواری ئامار و پراکتیزەی کۆمپیوتەر لە ئەندازیاریی گشتی. لە ساڵی ١٩٨٧ لە زانکۆی لیڤەرپووڵ لە بەریتانیا. وەک ئەندازیاری ڕاوێژکار لە کۆمپانیایەکی ئەورووپی کاری کردووە.

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

بەرهەم ساڵح لە کۆتایی ساڵی ١٩٧٦ پەیوەندی بە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە کرد و لەوێ بوو بە ئەندامی بەشی یەکێتی لە ئەورووپا، هەروەها بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی یەکێتی بوو لە لەندەن. هەر لەو ماوەیەدا کە لەوێ بووە خوێندن تەواو دەکات.

لە یەکەمین کۆنفرانسی حیزبیدا کاتێک باشووری کوردستان دوای جەنگی کەنداو لە دەستی حیزبی بەعس ڕزگارکرا، بە ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی هەڵبژێردرا و ئەرکی سەرۆکایەتی ئۆفیسی یەکێتی لە ئەمریکا پێ سپێردرا. دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە ساڵی ٢٠٠٣، لە ناوەڕاستی ساڵی ٢٠٠٤ بوو بە جێگری سەروەزیران لە حکوومەتی کاتیی عێراق و دواتریش وەزیری پلاندانان لە حکوومەتی ڕاگوزەر لە ساڵی ٢٠٠٥، و جێگری سەروەزیران لە حکوومەتی هەڵبژێردراوی مالیکی بۆ بەڕێوەبردنی پۆرتفۆلیۆی ئابووری و بووە سەرۆکی لیژنەی ئابووری.

بە نوێنەرایەتی حکوومەتی عێراق، پەیمانی نێودەوڵەتیی لەگەڵ عێراق دەستپێکرد کە دەستپێشخەرییەکی پابەندبوونی هاوبەشی نێوان عێراق و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بوو بۆ یارمەتیدانی عێراق لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانی و بنیاتنانی وڵاتێکی ئاوەدان و دیموکراسی و فیدراڵی ئاشتی لەگەڵ خۆی و ناوچەکەدا.

هەوڵی تیرۆرکردن

لە ٢ی نیسانی ٢٠٠٢ بەرهەم ساڵح کەوتە بەر هەوڵی تیرۆری گرووپی ئەنسارولئیسلام بەڵام ڕزگاری بوو.

سەروەزیرانی هەرێمی کوردستان

به‌رهه‌م ساڵح له‌ هه‌ڵبژاردنی یاسادانانی باشووری کوردستان ساڵی ٢٠٠٩ سه‌رۆکایه‌تی لیستی کوردستانی کرد. لیستەکە لە کۆی ١١١ کورسی ٥٩ کورسی بەدەستهێنا. لە دوای نێچیرڤان ئیدریس بارزانی پۆستی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی وەرگرت. ماوەی سەرۆکایەتییەکەی لەگەڵ سەرهەڵدانی ئۆپۆزسیۆنێک (بزووتنەوەی گۆڕان، یەکگرتووی ئیسلامی و کۆمەڵی ئیسلامی) بوو.

دوای داڕشتن و هەموارکردنەوەی یاسایەکی نوێی نەوت، یەکەم گرێبەستی گەورەی نەوتی لەگەڵ کۆمپانیای ئێکسۆن مۆبیل واژۆ کرد. لە ٥ی نیسانی ٢٠١٢ لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی سیاسیی نێوان هاوپەیمانی پارتی و یەکێتیی دەسەڵاتدار، دەستبەرداری پۆستی سەروەزیرانی بۆ نێچیرڤان ئیدریس بارزانی بوو.

بوون بە ئۆپۆزسیۆن

لە مانگی ئەیلوولی ٢٠١٧دا بەرهەم ساڵح ڕایگەیاند واز لە یەکێتی دەهێنێت و پارتێکی نوێی ئۆپۆزسیۆن پێکدەهێنێت بەناوی هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری بۆ ئەوەی بەشداری لە هەڵبژاردنەکانی داهاتووی باشووری کوردستان بکات. دوای کۆچی دوایی جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی و نەوشیروان موستەفا، بەرهەم ساڵح وەک کەسێکی فریادڕەس سەیر دەکرا بۆ گۆڕانکاری لە دۆخی چەقبەستووی کوردستان، بەڵام لە کۆتاییدا لەدوای هەڵبژاردن گەڕایەوە نێو یەکێتی و پارتەکەی جێهێشت. لەبەر ئەمەش کەوتە بەر ڕەخنەیەکی زۆری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان.

سەرکۆماری عێراق

لە ٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٨ بەرهەم ساڵح بە هەشتەمین سەرکۆماری عێراق هەڵبژێردرا. بە ٢١٩ دەنگی پەرلەمان شکستی بە فوئاد حسێن هێنا کە ٢٢ دەنگی مسۆگەر کردبوو. ساڵح لە مانگی ئازاری ٢٠١٩دا پێشنیازی "یاسای رزگاربووانی مێینەی ئێزیدی" پێشکەشی پەرلەمان کرد بۆ پێداچوونەوە. لە پڕۆژە یاسا پێشکەوتووەکەدا کۆمەڵێک ڕێوشوێنی قەرەبووکردنەوە بۆ ئەو ژنانەی ئێزدی ڕزگاری بوون لە دیلێتیدا خرایەڕوو.

لە ٢٦ـی کانوونی دووەمی ٢٠١٩دا، بەرهەم ساڵح نامەی دەستلەکارکێشانەوەی پێشکەش کرد، دوای ئەوەی ڕەتیکردەوە ئەسعەد عیدانی پارێزگاری بەسرە ببێتە سەروەزیران لەدوای دەستلەکارکێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی، ئەمەش لەکاتێکدابوو کە خۆپیشاندان بەردەوامە لە سەرتاسەری وڵاتدا. چونکە پێی وابوو عیدانی لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە پەسەند ناکرێت.

ژیانی تایبەتی

بەرهەم ساڵح هاوسەرگیری لەگەڵ سەرباغ ساڵح، بەرپرس و ئەندامی دامەزرێنەری دەزگای ڕووەکی کورد و چالاکوانی مافی ژنان کردووە. ئەو دوو هاوسەرە خاوەنی دوو منداڵن.


سەرچاوەکان



320 بینین