ویچێستەر

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر سازگار عومەر - به‌روار: 2022-08-17-22:03:00 - کۆدی بابەت: 9883
ویچێستەر

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ویچێستەر (بە ئینگلیزی: Winchester، بە عەرەبی: ونشستر)، شارێکی كاتێدراڵی مێژوویی و پایتەختی پێشووی ئینگلتەرایە، هەروەها پایتەختی هامپشایەرە لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئینگلتەرا. ئەم شارە دەکەوێتە ناوەندی شاری فراوانتری ویچێستەر، کە ناوچەیەکی حکوومەتی ناوخۆییە، لە کۆتایی ڕۆژئاوای پارکی نەتەوەیی ساوس داونز، لەسەر ڕووباری ئیچن (Itchen). ویچێستەر ٩٧ کیلۆمەتر لە باشووری ڕۆژئاوای لەندەن و ٢٣ کیلۆمەتر لە ساوسهامپتۆنەوە دوورە، کە نزیکترین شارە لە ویچێستەرەوە. ژمارەی دانیشتووانی شارەکە لە سەرژمێری ساڵی ٢٠١١ـدا  ٤٥٫١٨٤ کەس بوو. هەروەها ژمارەی دانیشتووانی ناوچەی فراوانتری شاری ویچێستەر کە شارۆچکەکانی دەوروبەری لەخۆ دەگرێت ١١٦٫٥٩٥ کەس بوو.

كاتێدراڵی ویچێستەر شوێنێکی گرنگی مێژوویی شارەکەیە. هەروەها ویچێستەر نیشتیمانی زانکۆی ویچێستەر و کۆلێجی ویچێستەرە، کە کۆنترین فێرگەی گشتین لە شانشینی یەکگرتوو و تا ئێستاش بینا ڕەسەنەکانی بەکار دەهێنرێت.

دانیشتووان

ژمارەی دانیشتووانی شاری ویچێستەر لە سەرژمێری ساڵی ٢٠١٠ـدا ٢٨٫١٢٠ کەس بوو، ئەم ژمارەیە لە ساڵی ٢٠٢٠ـدا گەشتە ٢٨٫٥٠٤ٚ کەس، هەروەها گەشەی ساڵانەی دانیشتووانی شارەکە بە ڕێژەی ٠٫٦٨٪ـیە و لە سەرژمێری پێشووەوە کە لە ساڵی ٢٠١٠ـدا ئەنجامدرا و ژمارەی دانیشتووانەکەی بە ڕێژەی ١٫٣٧٪ زیادی کردووە. تێکڕای تەمەنی دانیشتووانی شارەکە ٣٨٫١ ساڵییە، نێر ٣٦٫٤ و مێ ٣٩٫٦ ساڵی.

پێکهاتە نەتەوەییەکانی ناو شاری ویچێستەر

سپی پێست: ٧٧٫٤٥٪

ڕەش پێست یان ئەفریقی ئەمریکی : ١٠٫٠١٪

ئەوانەی دوو نەتەوە یان زیاتریان هەیە: ٨٫٢٣٪

ئاسیایی: ٢٫١٣٪

نەتەوەکانی تر: ١٫٩٣٪

ئەمریکی ڕەسەن: ٠٫٢١٪

هاوایی ڕەسەن یان دوورگەنشینەکانی زەریای هێمن: ٠٫٠٣٪

ئایین

٤٣٫٩٪ـی دانیشتووانی ویچێستەر ئایینیان هەیە، ئایینە جۆراوجۆرە پەیڕەوکراوەکانی نێو دانیشتووانی ئەم شار بریتین لە:

- باپتیست: ٢٫٦٪

- ئەندامی کڵێسای ئێپیسکۆپال: ١٫٢٪

- کاسۆلیک: ١٥٫٥٪

- لۆسەری: ١٫٩٪

- میتۆدیست: ٨٫٢٪

- پێنتاکۆستال (سەر بە گرووپێکی ئایینی مەسیحی کە باوەڕیان بە هێزی گیانی پیرۆز هەیە بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشی‌یەکان): ٣٪

- تایبەت بە کڵێسای پریسبەتێری ( لقێکە لە کڵێسای پرۆتستانتی): ٣٫٤٪

- ئەندامانی کڵێسای عیسا مەسیح: ٢٫١٪

- ئایینێکی تری مەسیحی: ٥٫٢٪

- ئایینی جوولەکه: ٠٫٥٪

- ئایینێکی ڕۆژهەڵاتی: ٠٫٠٪

- ئایینی ئیسلام: ٠٫٢٪

زمان

٨٠٫٢٤٪ـی دانیشتووانی شاری ویچێستەر تەنیا بە زمانی ئینگلیزی قسە دەکەن، لە کاتێکدا ١٩٫٧٦٪ـی دانیشتووان بە زمانەکانی تر دەدوێن. گەورەترین زمانی نا ئینگلیزی زمانی ئیسپانییە و لەلایەن ١٦٫١٨٪ـی دانیشتووانەوە قسەی پێ دەکرێت.

ئاستی هەژاری

ڕێژەی هەژاری لە شاری ویچێستەردا ١٥٫٢٦٪، ڕێژەی هەژاری لەنێو ئەو دانیشتووانەی کە بە شێوەیەکی فوڵ تایم کار دەکەن ٢٫٩٠٪ـیە، لەنێو ئەوانەشی بە شێوەی پارت تایم کار دەکەن ١٦٫٦٠٪ـە و لەنێو ئەو کەسانەشی کە بێکارن ٢٣٫٣٩٪ـیە.

شوێنی لەدایکبوون

٨٦٫٢٣٪ـی دانیشتووانی ویچێستەر لە ئەمریکا لەدایکبوون، ٤٧٫٢٤٪ لە ویلایەتی ڤێرجینیا لەدایکبوون. هەروەها ٨٫٦٤٪ـی دانیشتووان هاوڵاتی ئەمریکی نین. لەو کەسانەشی لە ئەمریکا لەدایک نەبوون، زۆرترین ڕێژەیان خەڵکی ئەمریکای لاتینن.

مێژووی شارەکە

ویچێستەری ڕۆمانی

مێژووی ویچێستەر وەکوو شارۆچکەیەکی ڕۆمانی دەستی پێکرد، کە لە دەوروبەری ساڵی ٧٠ـی زایینیدا دروستکراوە. سەرەتا و لە سەدەی سێدا بینا و باڵەخانەکانی ویچێستەر لە دار  و تەختە دروست دەکران، پاشان بە خشت و بەرد. خەڵکە دەوڵەمەندەکەی لە خانووی گەورەدا دەژیان کە پەنجەرەکانیان شووشە بوون و ڕەسیفی خانووەکانیان مۆزاييك بوون و بەشی دەرەوەی خانووەکانیان بە فڕێسكۆ یان دیواربەند بۆیە کرابوون. بەڵام خەڵکە هەژارەکەی لە خانووە سادە دارینەکاندا دەژیان. لە سەدەی چواردا و وەکوو هەموو شارۆچکە ڕۆمانییەکانی تر ویچێستەر پووکایەوە ، کاتێک سەربازە ڕۆمانییەکان لە ساڵی ٤٠٧ـدا بەریتانیان جێهێشت، شارۆچکەکە چۆڵکرا.

ویچێستەری سەکسۆنی

لە سەدەی شەشدا ژمارەیەکی کەم لە سەکسۆنییەکان لەنێو زنجە دارین و لەپاڵ دیوارەکانی شارۆچکەکەدا نیشتەجێ بوون. لە ساڵی ٦٧٦ـدا قەشەیەکی سەکسۆنی لە شارۆچکەکەدا جێگیر بوو و وردە وردە ویچێستەر گەشەی بەخۆیەوە بینی، لە سەدەی ١٠ـدا نزیکەی ٨٫٠٠٠ کەس لە شارۆچکەکەدا نیشتەجێ بوون.

سەدەکانی ناوەڕاست

لە سەدەکانی ناوەڕاستدا کڵێسا و باڵەخانە و نەخۆشخانە دروست کران. لە سەدەی ١٣ـدا ڕەبەنەکان گەشتنە شارۆچکەکە و یارمەتی کەسانی نەخۆش و هەژاریان دەدا و ئامۆژگاری خەڵکەکەیان دەکرد. لە ساڵی ١١٤١ـدا شەڕێک لە شارۆچکەکە هەڵگیرسا و بەهۆیەوە بەشێک لە شارەکە وێران بوو و سووتا. هەروەها لە ساڵی ١٢٦٤ـدا شەڕێکی ناوخۆیی لە نێوان پادشا و بارۆنەکانیدا ڕوویدا کە لەلایەن دو مۆنفۆڕت (De Montfort)ـەوە ڕابەری دەکران و دانیشتووانی شارۆچکەکە لە بەرەی پاشا بوون و ڕەبەنەکانیش لەبەرەی بارۆنەکان، خەڵکی شارۆکەکە ژمارەیەک ڕەبەنیان کوشت، ساڵی دواتر، لە ساڵی ١٢٦٥ـدا پیاوەکانی دو مۆنفۆڕت ویچێستەریان داگیر کرد و دووکانەکانیان تاڵان کرد و ژمارەیەکی زۆر جوولەکەیان کوشت. دواتر شارۆچکەکە بوژایەوە، پیشەسازی خوری پیشەسازییەکی سەرەکی ناوچەکە بوو لە سەدەکانی ناوەڕاستدا و بازاڕی هەفتانە و پێشەنگای ساڵانە لە شارۆچکەکەدا کرایەوە. لە ساڵی ١٣٤٨/١٣٤٩ و پاشان لە ساڵی ١٣٦١ـدا نەخۆشی تاعوون لە شارۆکەکەدا بڵاوبوویەوە و بەهۆیەوە ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی ناوچەکە گیانیان لەدەستدا. سەرەڕای ئەوەش، لە سەدەی ١٥ـدا ویچێستەر پووکایەوە و کێبڕکێی زیاتری پیشەسازی جلوبەرگ لە نێوان شارۆکەکاندا دروست بوو، هەروەها ژمارەی دانیشتووانی شارۆچکەکە بۆ نزیکەی ٤٫٠٠٠ کەس دابەزی.

سەدەکانی ١٦ و ١٧

لەم سەدەیەدا ویچێستەر شارۆچکەیەکی گرنگ نەبوو، لە ساڵی ١٥١٨ـدا ژمارەی پێشەنگا ساڵانەکان بەرزبوویەوە بۆ سێ پێشەنگا و کاروباری بازرگانی کەمێک بووژایەوە. بەدرێژایی سەدەی ١٦، بێکاری ڕووی لە دانیشتووانی ئینگلتەرا کرد و ئیشی پێویست بۆ هەموو کەسێک نەبوو. لە سەدەی ١٧ـدا چەند جارێکی تر نەخۆی تاعوون لە شارۆچکەکەدا بڵاوبوویەوە و ژمارەیەک خەڵکی گیانیان لەدەستدا. لە ساڵی ١٦٤٢ـدا جەنگی ناوخۆیی لە نێوان پادشا و پەڕلەماندا ڕوویدا، بەدرێژایی ئەم جەنگە ویچێستەر چەندین دەستی گۆڕی، و دواجار سەربازانی پەرلەمان دەستیان بەسەر شارۆچکەکەدا گرت.

لە سەدەی ١٨ بەدواوە

بەدرێژایی سەدەی ١٨ـدا زۆربەی زۆری ویچێستەر دروست کرایەوە و ژمارەیەک خانووی جۆرجی لە شارۆکەکەدا دروستکرا، و خانووە کۆنەکان لەسەر شێوەی خانووی جۆرجی نۆژەنکرانەوە. لە ساڵی ١٨٠٠ـدا ژمارەی دانیشتووانی ویچێستەر کەمتر لە ٦٫٠٠٠ کەس بوو. لە سەدەی ١٩ـدا شارۆچکەکە بووژایەوە، ئەمەش زیاتر بەهۆی گەیشتنی هێڵی ئاسنین بوو بە ناوچەکە، ئەمەش وایکرد گەشتیاران بە ئاسانی بگەنە ویچێستەر. هەروەها ژمارەی دانیشتووان لەناکاو بەرزبوویەوە بۆ ١٧٫٠٠٠ کەس. پاشان لە سەدەکانی ٢٠ و ٢١ـدا ویچێستەر گەشەی زیاتری بەخۆیەوە بینی، لە ئێستادا ژمارەی دانیشتووانەکەی ٤٥٫٠٠٠ کەسە و یەکێکە لە دەوڵەمەندترین ناوچەکانی شانشینی یەکگرتوو.

کەشوهەوا

بەپێی سیستمی پۆلێنکردنی کەشوهەوای کوپن، وەکوو تەواوی ناوچەکانی تری شانشینی یەکگرتوو، کەشوهەوای شاری ویچێستەر ئۆقیانوسییە. کەشی شارەکە لە مانگەکانی وەرزی هاویندا گەرم و شێدارە و لە مانگەکانی وەرزی زستاندا زۆر سارد و بەفراوییە، لەگەڵ ئەوەشدا بەدرێژایی ساڵ ئاسمانی شار هەوراوییە. تێکڕای پلەی گەرمی ساڵانە لە نێوان ٣٫٣- بۆ ٣٠٫٥ پلەی سەدیدا دەگۆڕێت و بەدەگمەن دەگاتە خوار ١١٫١- پلەی سەدی و سەرووی ٣٥ پلەی سەدی.

تێکڕای پلەی گەرمی لە شاری ویچێستەر

وەرزی گەرما ٣٫٥ مانگ دەخایەنێت، لە ٢٩ـی ئایار تا ١٥ـی ئەیلوول و تێکڕای پلەی گەرمی رۆژانە لە سەرووی ٢٥٫٥ پلەی سەدییەوەیە. گەرمترین مانگی ساڵ لە شارەکەدا مانگی تەممووزە، تێکڕای بەرزترین پلەی گەرمی ٣٠٫٥ پلەی سەدی و نزمترین پلەی گەرمی ١٨٫٩ پلەی سەدییە. هەروەها، وەرزی سەرما ٣٫٢ مانگ دەخایەنێت، لە ٢٩ـی تشرینی دووەم تا ٤ـی ئازار و تێکڕای پلەی گەرمی ڕۆژانە لە خوار ١٠ پلەی سەدییەوەیە. ساردترین مانگی ساڵ مانگی کانوونی دووەمە و تێکڕای نزمترین پلەی گەرمی ڕۆژانە ٣٫٣٣- پلەی سەدی و تێکڕای بەرزترین پلەی گەرمی ڕۆژانە ٥٫٥٥ پلەی سەدییە.

باشترین کات

بە پشتبەستن بە نمرەی گەشتیاری، باشترین کات بۆ سەردانکردنی شاری ویچێستەر، سەرەتای مانگی حوزەیران بۆ ناوەڕاستی مانگی تەممووز و کۆتایی تەممووز بۆ کۆتایی ئەیلوولە، کەشی شارەکە لەم کاتانەدا بۆ چالاکییەکان خۆشە.

هەندێک لە شوێنە سەرنجڕاکێشە گەشتیارییەکانی شارەکە

١. كاتێدراڵی ویچێستەر.

٢. نەخۆشخانەی سەینت کرۆس.

٣. باخچەی ئاژەڵانی ماروێڵ.

٤. مۆزەخانەی شاری ویچێستەر.

٥. نموونەی کۆمەڵەی خۆر و سەنتەری زانستی ویچێستەر.

٦. دارستانی بلاک وود.

٧. مۆزەخانەی سەربازی.

٨. کۆلێجی ویچێستەر.

٩. مۆزەخانەیی نەتەوەیی ساوس داونز وەی.

١٠. هۆڵە گەورەکە.


سەرچاوەکان



330 بینین