چاندنی داری مۆز  

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد جوانە محەمەد - به‌روار: 2022-08-18-15:01:00 - کۆدی بابەت: 9892
چاندنی داری مۆز  

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

چاندنی داری مۆز (بە ئینگلیزی: Planting banana tree، بە عەرەبی: زراعة شجرة الموزداری مۆز دەیان پۆل و لقی جیاوازی هەیە و تایبەتە بە ناوچەکانی هێڵی کەمەرەیی، نشینگە بنەڕەتییەکەی کیشوەرەکانی ئەفریقا و ئاسیا لەگەڵ ئوستوڕالیا دەگرێتەوە، ئەم ڕووەکە جۆرێکی هەمیشەییە و ساڵانە لەسەر هەمان بنجی خۆی دەڕوێتەوە، هەرچەندە خەڵکی بە درەخت ئاماژەی پێدەدەن، بەڵام لە ڕاستیدا و لە ڕووی تەکنیکییەوە لە بنەڕەتدا مۆز دار نییە بەڵکو ڕووەکێکی وەک دەوەنەکانە، ئەمەش بەواتای ئەوەیە کە قەدێکی تەختەیی نییە بەڵکو لقی هەیە کە بە گەڵا کۆتاییان دێت.

درێژییەکەی لە نێوان ٠.٦-٩ مەتر دەبێت و پانییەکەشی بەگشتی لە نێوان ٠.٣-٤.٥ مەتر دەبێت، بەڵام بەگوێرەی جۆرەکانی دەکرێت فراوانی جیاوازتریشی هەبێت، هەروەها ئەو کەسانەی کە ئەم درەختەیان هەیە دەبێت ئاگاداری تەندروستی دارەکە بن، چونکە تووشی چەندین نەخۆشی جیاوازی مێروویی و میکرۆبی زیانبەخش دەبێتەوە.

هەنگاوەکانی چاندن

  • سەرەتا دڵنیابوونەوە لەوەی کە جێگەکە بەشی پێویستە بۆ بەرزبوون و بڵاوبوونی درەختەکە.
  • دواتر ئامادەکردنی خاکەکە و بەپیتکردنی بە ماددەی خۆراکی دەوڵەمەندی وەک سەماد.
  • هەڵکۆڵینی چاڵێکی گەورە بۆ چاندنی درەختەکە، دڵنیابوونەوە لەوەی کە ئاو بەباشی تێپەڕدەبێت و کۆنابێتەوە.
  • لە وەرزەکانی بەهار هەتاکوو پاییز پێویستە ڕۆژانە ئاوبدرێت، چونکە خاکێکی شێداری پێویستە.
  • لەکاتی بەرگرتنیشدا دەبێت خاکەکەی خۆراکی زیاتری پێبدرێت بۆ گەشەسەندنی پێویست.

شێوازی گرنگیپێدان

وەرزی چاندنی مۆز دەکەوێتە بەهارەوە و پێویستە لە جێگەیەکدابێت کە بەدرێژایی ڕۆژ خۆری هەبێت، یاخود بەلایەنی کەمەوە ڕۆژانە شەش کاتژمێر خۆری بەربکەوێت، هەندێک لە جۆرەکانی دەتوانن لە جێگەی سێبەریشدا گەشە بکەن، خاکەکەی دەبێت ترشبێت، بەڵام بەرگەی هەبوونی خوێ و سوێری ناگرێت، هەروەها بەباشی ئاو تێیدا تێپەڕێت و کەڵەکەنەبێت، کاتی خونچەکردنی ئەم درەختە دەکەوێتە بەهارەوە و ڕەنگی گوڵەکەشی دەکرێت هەریەک لە سپی و پرتەقاڵی یان مۆر بێت.

دەکرێت مۆز لەماڵەوەش بچێنرێت و وەک گوڵی ماڵەوە گەشە دەکات، بەڵام بەرهەمی نابێت واتە بەرناگرێت، هەروەها باشترە کە ساڵانە پێش ئەوەی درەختەکە بەربگرێت هەموو چڵەکانی ببڕدرێت، هەتاکوو تەنها یەک قەدی سەرەکی هەبێت بۆ بەرگرتن، لە وەرزی بەرگرتنی دواتردا ئەو تاکە چڵە دەبێتە لقی سەرەکی درەختەکە، پاش لێکردنەوەی بەرهەمەکەشی لقەکە دەبڕدرێت و تەنها قەدە ئەستوورە سەرەکییەکەی دەمێنێتەوە.


سەرچاوەکان



638 بینین