دەرمانی دۆپامین

له‌لایه‌ن: - مەبەست کوردە مەبەست کوردە - به‌روار: 2022-08-29-22:47:00 - کۆدی بابەت: 10064
دەرمانی دۆپامین

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

دەرمانی دۆپامین (بە ئینگلیزی: Dopamine drug، بە عەرەبی: دواء دوبامین)، سەر بە کۆمەڵەیەکی دەرمانە بە ناوی گرژکەرەکان (Inotropic agents) دەرمانەکە لە شێوەی دۆپامیندایە کە ماددەیەکە بە سروشتی لە جەستەدا بوونی هەیە، دۆپامین کار دەکات بۆ نەهێشتنی نیشانەکانی نزمەپەستانی خوێن و باشترکردنی توانای پاڵنانی دڵ بۆ خوێن، هەروەها تەوژمی خوێن بۆ گورچیلەکان زیاد دەکات.

دەرزیی دۆپامین بۆ چارەسەرکردنی چەند حاڵەتێک بەکاردێت، وەکوو جەڵتەی دڵ، زەبر، نەشتەرکاری، پەککەوتنی دڵ، پەککەوتنی گورچیلە و نەخۆشییە مەترسیدارەکانی تر.

بەکارهێنان

دۆپامین هایدرۆکلۆراید بۆ ڕاستکردنەوەی ناهاوسەنگیی خوێنجووڵەیی (Hemodynamic imbalances) بەکاردێت کە لە کۆنیشانەی شۆکدا بەهۆی جەڵتەی دڵ، زەبر، ژەهراویبوونی خوێن، نەشتەرکاریی کردنەوەی دڵ، پەککەوتنی گورچیلە و پەککەوتنی درێژخایەنی دڵەوە ڕوودەدەن.

کەمیی دەرکردنی شلە لەلایەن ئەندامە ژێوەرەکان

دۆپامین بۆ ئەو کەسانە بەکار دێت کە گورچلەکانیان بەشێوەیەکی باش میز دەر ناکەن، هەروەها لەو کەسانەی کە میزدەرکردنیان لە ڕێژەیەکی ئاساییدایە دۆپامین دەتوانێت ڕێژەی دەرکردنی میز زیاد بکات بۆ ئەوەی ئاستی کۆبوونەوەی شلەی پێشوەختە کەمبکاتەوە.

کەمتواناییی پاڵنانی دڵ

بەهۆی کاریگەریی گرژکەری دۆپامین لەسەر ماسولکەی دڵ، دەرمانی دۆپامین بۆ زیادکردنی توانای دڵ بۆ پاڵنانی خوێن، هەروەها بۆ زیادکردنی تەوژمی خوێن بۆ گورچیلە و ڕیخۆڵەکان بەکاردێت.

نزمەپەستانی خوێن

نزمبوونەوەی پەستانی خوێن کە بەهۆی ناتەواوی لە پاڵنانی دڵەوە ڕوودەدات، دەتوانرێت بەهۆی بڕێکی کەم بۆ مامناوەندی دەرمانی دۆپامین هایدرۆکلۆراید چارەسەر بکرێت کە کاریگەرییەکی کەمی لەسەر بەرگریی لوولەخوێنەکان هەیە.

چۆنییەتی بەکارهێنانی دەرزیی دۆپامین

دەرزیی دۆپامین هایدرۆکلۆراید بە بڕەکانی ٤٠ ملیگرام لەسەر ملیلیتر، ٨٠ ملیگرام لەستر ملیلتر و ١٦٠ ملیگرام لەسەر ملیلیتر بەردەستە.

دۆپامین هایدرۆکلۆراید دەرمانێکی بەهێزە و پێویستیی بە ڕوونکردنەوەیە پێش ئەوەی وەربگیرێت، بۆیە تەنیا دوای ڕوونکردنەوە لەڕێی لێدان لە خوێنهێنەرەوە وەردەگیرێت، شێوازی ڕوونکردنەوەی دەرزیی دۆپامین لەڕێی گیراوەی خۆراکدەر یان ژیناوەوە دەکرێت، کە دەرزییەکی دۆپامین دەکرێتە نێو گیراوەیەکی ٢٥٠ ملیلتر یان ٥٠٠ ملیلتر، وەکوو گیراوەی کلۆریدی سۆدیۆم، دێکسترۆز، دێکسترۆز لە کلۆریدی سۆدیۆم یان لاکتەیت ڕینگەر. نابێت دەرزیی دۆپامین لەنێو بایکاربۆناتی سۆدیۆم و گیراوە تفتەکانی تر ڕوونبکرێتەوە، هەروەها پێویستە ئەم دەرمانە دووربێت لە بەرکەوتن بە ماددە تفتەکان، خوێیەکانی ئاسن و هۆکارە ئۆکسێنەرەکان.

وەرگرتنی ٥٠ مایکرۆگرامی دۆپامین بۆ هەر کیلۆگرامێکی کێشی جەستە لە خولەکێکدا لە حاڵەتە پەرەسەندووەکانی پەککەوتنی دڵدا بەکاردێت.

کاریگەرییە لاوەکییەکان

لەکاتی بوونی ئەم نیشانانە پێویستە داوای فریاکەوتنی دەستبەجێ بکرێت:

سەرگێژخواردن

ئازاری سنگ

ناڕێکیی لێدانی دڵ

هەناسەکورتی

مێروولەکردن

شینهەڵگەڕانی دەست و پێیەکان

باوترین کاریگەرییە لاوەکییەکان

سەرئێشە

دڵەڕاوکێ

دڵتێکچوون

ڕشانەوە

لەرز

ڕاکشانی مووەکانی جەستە یان مووچڕکە.

لە حاڵەتی بەکاهێنانی بڕێکی زۆری دۆپامین هایدرۆکلۆراید بۆ ماوەیەکی درێژ، گانگرین لە پەلەکاندا تێبینی کراوە، کە بریتییە لە مردنی شانەکانی ئەو شوێنە بەهۆی کەمبوونەوەی پاڵپشتیی خوێن.

کارلێک لەگەڵ دەرمانەکانی تر

لەبەر ئەوەی دۆپامین لەلایەن ئەنزیمی ئۆکسێنەری یەکەئەمینییەوە (MAO) زیندەگۆڕانی بەسەردا دێت، ئەوا ڕێگرتن لەو ئەنزیمە دەبێتە هۆی درێژکردنەوەی ماوە و زیادکردنی کاریگەریی دۆپامین. ئەو نەخۆشانەی کە بەماوەی چەند هەفتەیەک پێش چارەسەری دۆپامین دەرمانی ڕێگرەکانی MAOـیان وەرگرتووە وەکوو دەرمانی سیلیگلین، پێویستە سەرەتا بە بڕێکی کەم دەست پێ بکەن کە لە یەک لەسەر دەی بڕی ئاسایی زیاتر نەبێت.

  • وەرگرتنی دۆپامین و میزپێکەرەکانی وەکوو هایدرۆکلۆتایەزاید پێکەوە دەبێتە هۆی کاریگەریی زیاتر لەسەر میزدەرکردن.
  • هەندێک لە کاریگەرییە دڵییەکانی دۆپامین لەلایەن دەرمانە بلۆکەرەکانی ئەدرینیی بێتای وەکوو پڕۆپانۆڵۆلەوە دوژمنایەتییان دەکرێت، واتا ڕێگری لە کاریگەرییەکەیان دەکرێت.
  • هالۆپریدۆڵ کە دەرمانێکی دژەسایکۆتیکە تایبەتمەندیی بەهێزی دژەدۆپامینیی هەیە و کاریگەریی فراوانکردنی لوولەخوێنەکانی گورچیلە و ڕیخۆڵەکان لەلایەن دۆپامینەوە کەمدەکاتەوە.
  • ئەو نەخۆشانەی کە دەرمانی سایکلۆکاپرۆن یان سڕکەرە هالۆجینەیتەکانی هایدرۆکاربۆن وەردەگرن پێویستە وریایییەکی زۆر بگیرێتەبەر لە کاتی بەکارهێنانی دۆپامیندا، چونکە دەبێتە هۆی ناڕێکیی لێدانی دڵ، لەکاتی ڕوودانی ئەم حاڵە لە ماوەی سڕکردندا دەتوانرێت بە دەرزیی پڕۆپانۆڵۆڵ حاڵەتەکە ڕێک بکرێتەوە.
  • بەکارهێنانی فێنیتۆین کە دژەگەشکەیە لەگەڵ دۆپامین بەیەکەوە دەبێتە هۆی دابەزینی پەستانی خوێن و هێواشلێدانی دڵ.

بەکارنەهێنان 

دۆپامین هایدرۆکلۆراید نابێت لەم حاڵەتانەدا بەکار بێت:

گرێی شێرپەنجەیی لە ڕژێنەکانی ئەدریناڵ لە گورچیلە (Pheochromocytoma).

خێرالێدانی دڵی ڕێکنەکراوە، یان فڕینی سکۆڵەکان (Ventricular fibrillation).

وەگرتنی بڕێکی زۆر

وەرگرتنی بڕێکی زۆری دۆپامین (Overdose) ئەگەر بەڕێکەوت ڕووبدات ئەوا پەستانی خوێن زۆر بەرز دەبێتەوە، لەم حاڵەتەدا چارەسەری بارودۆخە نەخوازراوەکە لەڕێی کەمکردنەوەی بڕی دۆپامینەکە یانیش ڕاگرتنییەوە دەکرێت، لەبەر ئەوەی دۆپامین هایدۆکلۆراید دەرمانێکی کورتماوەیە واتا ماوەی کارکردنی خێرایە ئەوا پێویست بە گرتنەبەری هیچ ڕێکارێکی تر ناکات، بەڵام ئەگەر ڕاگرتنی دەرمانەکە شکستی هێنا لە ڕێککردنەوەی بارودۆخی نەخۆشەکە پێویستە دەرمانێکی بلۆکەری وەرگری ئەدرینیی ئەلفای کورتماوەی وەکوو فێنتۆلەماین بەکار بهێنرێت.


سەرچاوەکان



623 بینین