شاژنە ئیلیزابێث

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2022-09-09-11:29:00 - کۆدی بابەت: 10186
شاژنە ئیلیزابێث

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

شاژنە ئیلیزابێسی دووەم یان شاژن ئێلیزابێز یان شاژنی بەریتانیا (بە عەرەبی: الملكة إليزابيث الثانية، بە ئینگلیزی: Queen Elizabeth II)، ئەو شاژنەی بەریتانیاییە کە لە مێژوودا خاوەن درێژترین ماوەی دەسەڵات بوو و توانی بۆ ماوەی ٧٠ ساڵ و حەوت مانگ لەسەر تەختی پاشایەتی بمێنێتەوە، بەو شاژنە دادەنرێت کە زۆرترین ماوە لەسەر کورسی دەسەڵات ماوەتەوە.

زانیاری گشتی

ناو

ئیلیزابێسی دووەم، شاژنە ئیلیزابێس

ساڵی لەدایکبوون

٢١ـی نیسانی ساڵی ١٩٢٦

شوێنی لەدایکبوون

لەندەن، بەریتانیا

ڕەگەزنامە

بەریتانی

هاوسەر

شازادە فیلیپ

منداڵەکانی

شا چاڕلز، شازادە ئاندرۆ، شازادە ئێدوارد و شازادە ئان

ژیاننامەی

لەدایکبوون و سەرەتای ژیانی شازادە ئیلیزابێس ئەلیکساندەر ماری لە ٢١ـی نیسانی ساڵی ١٩٢٦ لە گەڕەکی مایفه‌یێری شاری لەندەن لەدایکبووە و خاوەن یەک خوشکی لەخۆی بچووکتر بووە بەناوی مارگرێت، خوێندن و پەروەردەکردنی هەردوو خوشکەکە لە کۆشکی شاهانە بووە، هەر لە منداڵییەوە وێژە، مێژوو و مۆسیقای فێرکراوە و فێری زمانی فەڕەنسی بووە.

دوای هەڵگیرسانی جەنگی جیهانیی دووەم لە ساڵی ١٩٣٩ ئیلیزابێس و مارگرێتی خوشکی لە دەرەوەی لەندەن نیشتەجێ بوونە، ئیلیزابێس یەکەمین وتاری خۆی وەکوو هاندان و ورەبەرزی بۆ دانیشتووان لە ڕادیۆ بڵاوکردەوە، لەو وتارەدا وەکوو شازادەیەکی ١٤ ساڵ داوای خۆڕاگری و ئارامی لە خەڵکی بەریتانیا دەکرد. دوای ئەو وتارەی لە چەند بۆنە و ئاهەنگێکی فەرمی دەرکەوت و زیاتر ناسێنرا. لە ساڵی ١٩٤٥ بۆ ماوەی چەند مانگێک وەکوو خۆبەخشی جەنگ لەگەڵ چەند ژنێکی بەریتانی لە بەشی پسپۆڕی میکانیکی جەنگی و سەربازی لەگەڵ سوپا بەژدار بووە.

وەرگرتنی دەسەڵاتی پاشایەتی لەلایەن باوکییەوە

لە ساڵی ١٩٣٦ دوای ئەوەی باپیری کە پاشا جۆرجی پێنجەمی بەریتانیا بوو کۆچی دوایی کرد، مامی کە ناوی "شازادە ئێدواردی هەشتەم" بوو وەکوو جێنشین دیاریکرا، بەڵام مامی لە پەیوەندییەکی سۆزداری بوو لەگەڵ ژنێکی ئەمریکی کە لە هاوسەرەکەی جیاببووەوە، ناچارکرا ئەگەر هاوسەرگیری لەگەڵ ئەو ژنە بکات لە دەسەڵات دووردەخرێتەوە و نازناوی جێنشینی لێدەسەنرێتەوە، بۆیە ئەویش بڕیاری هاوسەرگیریدا و بڕیاری پاشەکشەی لە دەسەڵاتدا، ئەم ڕووداوە بۆشایی دەستووری لە وڵات دروستکرد، بۆیە پاش ئەم ڕووداوە ڕاستەوخۆ دەسەڵاتی جێشینی و پاشایەتی گواسترایەوە بۆ باوکی ئیلیزابێس و بوو بە پاشا جۆرجی شەشەم و دەسەڵاتداری بەریتانیا و ئیلیزابێسیش کرا بە شازادەی جێنشینی باوکی.

هاوسەرگیری لەگەڵ شازادە فیلیپ

لە تەمەنی ١٣ ساڵی بۆ یەکەم جار شازادە ئیلیزابێس چاوی بە شازادە فیلیپ ماونتباتن کەوتووە، شازادە فیلیپ کوڕی شازادە ئاندرۆی یۆنانی بووە و ناسیاو و نزیکی خێزانی شاهانە بوونە. لە پاییزی ساڵی ١٩٤٧ شازادە ئیلیزابێس لەگەڵ شازادە فیلیپی ئەوینداری خۆی به ڕەزامەندی خێزانی هەردوولا هاوسەرگیرییان کردووە. ساڵێک پاش هاوسەرگیرییەکەیان بوونە خاوەن کوڕی یەکەمیان شازادە چاڕلز. لە ساڵی ١٩٥٠ بوونە خاوەنی کچە گەورەکەیان بە ناوی "ئان"، پاشان بوونە خاوەن دوو کوڕی تر، لە ساڵی ١٩٦٠ ئاندرۆ و لە ساڵی ١٩٦٤ ئێدواردیان بوو. لە ساڵی ١٩٦٩ بە فەرمی شازادە چاڕلزی کوڕە گەورە وەکوو شازادەی جێنشین و جێگرەوەی دایکی دیاریکرا.

دیاریکردنی وەکوو شاژنی بەریتانیا

لە ساڵی ١٩٥٢ دوای کۆچی دوایی پاشا جۆرجی شەشەمی باوکی، شازادە ئیلیزابێس بە فەرمی وەکوو شاژنی بەریتانیا دیاریکرا و لە ٢ـی حوزەیرانی ساڵی ١٩٥٣ بە فەرمی تاجی پاشایەتی لەسەر نرا. بۆ یەکەمین جار مەراسیمی تاج لەسەر نانی لە تەلەڤزیۆن بڵاوکرایەوە. شاژن بووە شاژنی بەریتانیای مەزن و ١٤ وڵاتی سەر بە شانشینی بەریتانیای مەزن. 

سەردەمی دەسەڵاتی

ماوەی دەسەڵاتی شاژن لە بەریتانیا تاڕادەیەک ئارام بوو، کاتێک شازادە ئیلیزابێس دەسەڵاتی گرتە دەست تازە جەنگی جیهانیی دووەم کۆتایی هاتبوو، بەهۆی ئەوەی سیستمی دەسەڵاتی بەریتانیا سیستمی پاشایەتی دەستوورییە، شاژن کاریگەرییەکی زۆری لەسەر پرسە سیاسییەکانی وڵات نەبوو و بۆچوونە سیاسییەکانیشی دەرنەدەبڕی، بەڵام هەموو هەفتەیەک لەلایەن سەروەزیرانی وڵات زانیاری و داتای تەوای لەسەر بارودۆخی وڵات بەدەست دەگەشت.

ژیانی تایبەتی خێزانی شاژن

ژیانی تایبەتی خێزانی شاژن دوای پێگەشتنی منداڵەکانی گرنگی زۆری پێدرا، چەندین ڕووداوی گرنگ لەو خێزانە ڕوویاندا. شازادە چارڵز لە ساڵی ١٩٨١ هاوسەرگیری لەگەڵ شازادە دیانا کرد و هاوسەرگیرییەکەیان دەنگدانەوەیەکی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا. پەیوەندییە سۆزدارییەکەی شازادە چارلز و دیانا پێش هاوسەرگیرییان و دوای هاوسەرگیریشیان بەهۆی خیانەتی شازادە چاڕلز چەندان گرفتی بۆ خێزانی شاهانە دروستکرد تا لە ساڵی ١٩٩٢ جیابوونەوە.

هاوکات پەیوەندیی سۆزداریی شازادە ئاندرۆ بە سارە فێرگسۆن و بڵاوبونەوەی وێنەیان بووە هۆی ئابڕووچوون. لە هەمان کاتدا شازادە ئاندرۆی کوڕی وەکوو فڕۆکەوانی کۆپتەری دەریایی خزمەتی دەکرد و لە جەنگی فۆکڵاند بەشدار بوو. لە ساڵی ١٩٩٧ دوای کۆچی دوایی شازادە دیانا بە ڕووداوی ئۆتۆمبێل، کە بە ڕووداوێکی نامۆ و تەمومژاوی دانرا و هەندێک خێزانی شاهانەیان بە ڕووداوەکە تۆمەتبار کرد، لەو ڕووداوە شازادە ئیلیزابێس بۆ ماوەی هەفتەیەک بێدەنگی هەڵبژارد و لە بارەی ڕووداوەکەوە هیچ لێدوانێکی فەرمی نەدا، ئەمەش توڕەیی جەماوەری بەریتانیای لێکەوتەوە، دوای هەفتەیەک لە ڕووداوەکە شاژن لێدوانی فەرمی سەرەخۆشی لە بارەی ڕووداوەکەوە دا.

لە ساڵی ٢٠٠٢ دایکی شاژن و خوشکەکەی شاژن کۆچی دواییان کرد. لە ساڵی ٢٠٠٥ کاتێک شازادە چارڵز لەگەڵ کامیلیا بارکەر هاوسەرگیری کرد لە سەرەتادا شاژن بەم هاوسەرگیرییە ڕازی نەبوو، بەڵام دواتر پەسەندیکرد. لە نیسانی ساڵی ٢٠٢١ شازادە فیلیپی هاوسەری کۆچی دوایی کرد.

کۆچی دوایی

لە ٨ـی ئەیلوولی ساڵی ٢٠٢٢ کۆشکی باکینگهام ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و پشتڕاستی کردەوە کە شاژنە ئیلیزابێسی دووەم لەو ڕۆژەدا و لە تەمەنی ٩٦ ساڵی دوای تێکچوونی بارودۆخی تەندروستی لە کۆشکی باڵمۆڕاڵ لە سکۆتلەندا کۆچی دوایی کردووە. کوڕە گەورەی شاژن "شازادە چاڕلز" وەکوو جێگرەوە و جێنشینی فەرمی لە تەمەنی ٧٣ ساڵی شوێنی دایکی گرتەوە و بووە پادشای بەریتانیا.

ماتەمینی جیهان و بەریتانیا پاش مردنی شاژن

ڕاستەوخۆ دوای ڕاگەیاندنی هەواڵی شاژن بەریتانیا بۆ ماوەی دە ڕۆژ ماتەمینی گشتی لە وڵات ڕاگەیاند و ئاڵای وڵاتی داگرت. لە ڕۆژی بەخاکسپاردنی بۆرسەی لەندەن داخرا، هەروەها خولی پریمەرلیگ و خولی ئینگلیزی تۆپی پێ ڕاگیرا، هاوکات لە هەمان ڕۆژی بەخاکسپاردن بۆ ماوەی دوو خولەک بێدەنگی گشتی لە وڵات ڕاگەیەندرا. زۆرێک لە سەرۆک وڵاتان و کەسایەتییەکانی جیهان هاوخەمی و ماتەمینیان بۆ کۆچی دوایی شاژن ڕاگەیاند. کۆشکی سپی ئەمریکا ئاڵای وڵاتەکەی داگرت و ئەنجوومەنی ئاساییشی نێودەوڵەتی خولەکێک بە بێدەنگی وەکوو ڕێزێک بۆ شاژن وەستان.

چەند زانیارییەکی سەرنج ڕاکێش لەسەر شاژنە ئیلیزابێس

  • بەتەمەنترین پاشا بووە کە لەسەر دەسەڵات ماوەتەوە و تا تەمەنی ٩٦ ساڵی لەسەر دەسەڵات بوو.
  • بەو شاژنە دادەنرێت کە زۆرترین ماوە لەسەر کورسی دەسەڵات ماوەتەوە و بۆ ماوەی ٧٠ ساڵ لەسەر دەسەڵات بوو.
  • لە ماوەی دەسەڵاتیدا زیاتر لە چوار هەزار پڕۆژە یاسای واژۆ کردووە.
  • لە ماوەی دەسەڵاتی ١٦ سەروەزیرانی بەریتانیای بینیوە، لە وێنستۆن چەرچڵەوە بۆ کۆتا سەروەزیران کە لیزا تراس بوو.
  • یەکەم دەسەڵاتداری بەریتانیا بوو لە ساڵی ١٩٩٦ سەردانی چینی کرد، هەروەها یەکەمین شاژن بوو کە لە ساڵی ١٩٩١ وتاری لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا پێشکەش کرد.
  • بەو شاژنەی بەریتانیا دادەنرێت کە زۆرترین سەردانی بۆ وڵاتان کردووە و هاوکات زۆرترین چاوپێکەوتنی لەگەڵ سەرۆکەکانی جیهان هەبووە.
  • تاکە کەس بوو کە دەیتوانی بەبێ هەبوونی مۆڵەتی شۆفێری لە بەریتانیا شۆفێری بکات، هاوکات ئەم شاژنە پاسەپۆرتی گەشتکردنی نەبووە و دەیتوانی بەبێ پاسپۆرت سەردانی وڵاتانی جیهان بکات.


سەرچاوەکان



1400 بینین