گرنگیی ئاو بۆ زیندەوەران

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد جوانە محەمەد - به‌روار: 2022-09-11-23:07:00 - کۆدی بابەت: 10220
گرنگیی ئاو بۆ زیندەوەران

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

ئاو (بە ئینگلیزی: Water، بە عەرەبی: الماءئاو یەکێکە لە گرنگترین پێکهێنەرەکانی بەڕێوەبردنی ژینگە و بزوێنەری هەموو بوونەوەرە زیندووەکانە، بەبنچینەی سەرەکی هەموو دروستکراوەکان دادەنرێت، واتە ئاو یەکێکە لە پێویستییەکان و تەواوکەری ژیانە کە نەمانی ئاو واتای لەناوچوونی ژیان دەگەیەنێت، ئاویش پێکهاتووە لە دوو توخم کە بریتین لە ئۆکسجین و هایدرۆجین، هەبوونی ئاو بۆ هەموو زیندەوەرەکانی سەر زەوی پێویستە، لە ئەنجامدا بۆ پەرەسەندنی وڵات و بەرهەمهێنانیش یەکێکە لە پێویستییەکان، کە هەبوونی ئاو دەبێتە هۆی گەشەسەندنی بوارەکانی، ئابووری، تەندروستی، کشتوکاڵ، پیشەسازی، کارەبا لەگەڵ دەریاگەری یاخود پێی دەوترێت ڕێنیشاندەری.

گرنگیی ئاو بۆ مرۆڤ

  • ئاو ٧٠% جەستەی مرۆڤەکان پێکدەهێنێت و دەبێتە هۆی دروستکردنی هاوسەنگی لە جەستەدا.
  • بزوێنەری بەکارخستنی ئەرک و فرمانی ئەندامەکانە، بۆ نموونە بەشدارە لە دروستبوونی شانە و ماسولکەکان، هاوکارە لە کرداری هەرسکردندا لەگەڵ گواستنەوەی ماددە خۆراکییە گرنگەکانی گەشەکردن و پەرەسەندن.
  • هاوکاری دەکات لە وشکنەبوونەوەی جەستە، مەبەست لە وشکبوونەوەی جەستە ئەوەیە کە لە ئەنجامی ئارەقکردنەوە، میزکردن، هەناسەدان و گەرمی کەشوهەوای هاوینەوە دروست دەبێت، کە ڕێژەی ئاو بەهۆی بەهەڵمبوونەوە لە ئاووهەوای گەرمدا کەمدەبێتەوە، بۆیە ئاو ڕێژەی شێی پێویست بۆ هەموو جەستە دەگەڕێنێتەوە.
  • دەرکردنی هەموو ژەهر و ماددە کەڵەکەبووەکان لەگەڵ پێکهاتە زیادەکانی جەستە، کە لە ڕێگەی ئارەقکردنەوە و میزکردنەوە یاخود هەناسەدان و بەهەڵمبوونەوە ڕوودەدات.
  • ئاو خوێیە کانزاییەکانی تێدایە و لە دوای خواردنەوەی وزە دەدات بە جەستە.
  • جگە لە سوودەکانی بۆ ناوەوەی جەستە، مرۆڤەکان ئاو بۆ دروستکردنی خۆراک و بەرهەمهێنان و خاوێنکردنەوەش بەکاردەهێنن.

گرنگیی ئاو بۆ گیانەوەران

  • ئاژەڵەکان هاوشێوەی مرۆڤەکان بۆ بەردەوامبوون لە ژیان پێویستییان بە ئاو هەیە.
  • ئاو ٦٠-٧٠% کێشی جەستە پێکدەهێنێت و پێکهێنەری سەرەکییە، بۆ نموونە پێکهاتەی ماسولکەکان ٣٠% پڕۆتینە و ٧٠% ئاوە، یاخود پێکهاتەی چەورییەکان ٩٠% چەورییە و ١٠% ئاوە.
  • هاوکارە لە زۆرینەی کردار و فرمانەکاندا وەک هەرسکردن و جوین.
  • گواستنەوەی ماددە خۆراکییەکان بۆ هەموو بەشەکانی جەستە و لە دواتریشدا هێنانەوەی پاشەڕۆکان.
  • ئاو ناوەندی سروشتی گونجاوی هەموو کارلێکە بایۆلۆجییەکانە.
  • ڕێکخستنی پلەی گەرمی.
  • پێدانی وزە بە ئەندامەکان.

گرنگیی ئاو بۆ ڕووەکەکان

ئاو بۆ ڕووەکەکان گرنگە و هاوشێوەی مرۆڤەکان هاوکاری ژیانکردنیانە، بەڵام ڕێژەی ئاو لە ڕووەکەکاندا بەگوێرەی جۆر و ئەندام و نشینگەکەیان دەگۆڕێت، بۆ نموونە سوبێرەکان ٩٠-٩٣% پێکهاتەکەی ئاوە، گرنگترین و دیارترین سوودەکانیش ئەمانەن:

  • زۆرینەی فرمانە فیزیاییەکانی ڕووەک پێویستی بە ئاو و ماددە تواوەکانی ناویەتی.
  • هەموو ڕووەکەکان بۆ گەشەسەندن پێویستیان بە ئاودان هەیە.
  • گواستنەوەی هەموو ماددە ئەندامی و پێکهاتە کانزاییەکان، پێویستی بە ناوەندی ئاوی هەیە، واتە بۆ ئەوەی ماددەیەک لە گەڵایەکەوە بۆ بەشێکی تری ڕووەکێک بگوازرێتەوە ئەوا پێویستی بە ئاوە.
  • دەبێتە هۆی تواندنەوە و نەهێشتنی خوێ لە جێگەکەیدا، لە ئەنجامدا ڕووەکەکان سوود لە کانزا و ماددە خۆراکییە پێویستەکان وەردەگرن.
  • ڕووەکەکان پێویستیان بە ئاوە بۆ ئەوەی ڕێژەی شێی پێویستییان هەبێت، بەتایبەتی لە جێگە گەرمەکاندا، واتە ئاو دەبێتە هۆی ڕێکخستنی پلەی گەرمی.
  • ئاو ڕێگە دەدات بە تێپەربوونی تیشکی سەروو وەنەوشەیی، کە دواتر ڕووەکەکان سوود لە تیشکەکە وەردەگرن بۆ بەدەستهێنانی خۆراکی گەشەکردن.
  • بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ بەشداری دەکات لە زۆرینەی کارلێکە بایۆکیمیاییەکان.

هۆکارەکانی بەفیڕۆدانی ئاو

  • بەرزبوونەوەی ژمارەی دانیشتووان، دەبێتە هۆی دروستکردنی کێڵگەی زیاتر بۆ بەرهەمهێنانی خۆراک، لە ئەنجامدا ئاوی زۆر زیاتر بە فیڕۆدەچێت بۆ ئاودان و بەکاردەهێنرێت، بەڵام کردەی بەفیڕۆچوون زیانبەخشە و وادەکات لە داهاتوودا ژمارەیەکی زۆری خەڵکی بەهۆی نەبوونی ئاوەوە خۆراکیان نەبێت، پاشان بە هۆکاری برسێتی بمرن.
  • خۆشۆردنی درێژخایەن، بە باوەڕی شارەزایان خۆشۆردنێک کە زیاتر لە پێنج خولەک بخایەنێت، دەبێتە هۆی بەفیڕۆچوونی چەندین لیتری ئاو، بۆیە باشترە خەڵکی بە ماوەیەکی کەمتر خۆیان بشۆن و بڕێکی کەمتر ئاو بەربدرێتەوە.
  • بەکارهێنانی ئاوی زۆر لە کاتی خاوێنکردنەوە و شۆردنی کەلوپەل و خۆراکەکان.
  • هەبوونی ئەو بەلوعە و بۆرییانەی کە ئاوی بە تەواوەتی ناوەستێتەوە دوای بەستنی.


سەرچاوەکان



1962 بینین