شەوکوێری

له‌لایه‌ن: - شنیار کەمال شنیار کەمال - به‌روار: 2022-09-17-23:46:00 - کۆدی بابەت: 10291
شەوکوێری

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

شەوکوێری (بە ئینگلیزی: Night blindness یان Nyctalopia، بە عەرەبی: العشی یان العشی الليلي) حاڵەتێکە تێیدا لە کاتی نەبوونی ڕووناکیدا بینایی لەدەست دەدەیت یاخود توانای بینین زۆر قورسە، شەوکوێری نەخۆشی نییە بەڵکوو نیشانەی نەخۆشییەکانی چاوە و زۆربەی جار لە کاتی لەدایکبوونەوە یان بەهۆی زیانگەیشتن بە چاو دروست دەبێت.

هۆکارەکان

کۆمەڵە هۆکارێک دەبنە هۆی دروستبوونی شەوکوێری ئەوانیش بریتین لە:

  • هەوکردنی تۆڕی چاو: کە تێیدا خانە چیلکەییەکان تۆڕی چاو توانای وەڵامدانەوە بۆ ڕووناکی لەدەست دەدەن.
  • کەمی ڤیتامین A
  • لێکجیابوونەوەی تۆڕی چاو لە چینەکانی ژێرەوەی
  • هەندێک جۆری دەرمان وەک فینۆسایەزین
  • نەخۆشی ئۆگوچی
  • نەخۆشی کورتبینی
  • تەڵخبوونی بینایی
  • دروستبوونی ئاوی سپی لە چاودا
  • کزبوونی چاو
  • نەشتەرکاری
  • لەیزەرکردن بۆ چاو
  • بەساڵاچوون
  • وشکبوونەوەی چاو
  • شیبوونەوەی پەردە و تۆڕی چاو
  • ئاوی ڕەشی چاو: ئەمیش دەبێتە هۆی لەدەستدانی بینایی.
  • شەکرە

لە کاتی تاریکیدا چاوەکان چییان لێ دێت؟

لە کاتی ئاساییدا کاتێک لە شوێنێکدایت ڕووناکییەکی کەمی لێیە یان هیچ ڕووناکییەکی لێ نییە گلێنەی چاو فراوان دەبێت بۆ ئەوەی ڕووناکی زیاتر هەڵبمژێت، لە دوای هەڵمژینی ڕووناکی لەلایەن گلێنەوە وێنە و ڕووناکی دەگوازرێنەوە بۆ تۆڕی چاو کە لە دوو جۆر خانە پێکدێن ئەوانیش خانە چیلکەییەکان و خانە قوچەکییەکانن، خانە چیلکەییەکان بۆیەی ڕۆدۆبسینیان تێدایە و وەڵامدانەوەیان بۆ ڕووناکی کز یان تاریکی هەیە و یارمەتی بینین دەدەن، بە پێچەوانەوە خانە قوچەکییەکان وەڵامی ڕەنگە جیاوازەکان دەدەن و بەرپرسن لە بەرهەمهێنانی وێنە لە چاوەکاندا، لە کاتی هەر زیانگەیشتنێک یان تووشبوون بە نەخۆشییەکی چاو و خانە چیلکەییەکان دەبێتە هۆی شەوکوێری و لەدەستدانی توانای بینایی لە ڕووناکی کزدا.

مێژوو

لە ساڵی ٣٠ زایینی ئاولۆس کۆرنیلیۆس کێلسوس لە بواری پزیشکییدا کاری کردووە و ئینسکڵۆپیدیانووسی ڕۆمای کۆن بووە باسی شەوکوێری کردووە، باشترین تەواوکەری خۆراکی بۆ چارەسەرکردنی پێشنیار کردووە بۆ کزی چاوەکان کە (جگەر)ـە و باشترین سەرچاوەیە بۆ دەستکەوتنی ڤیتامین A، لە کۆندا خەڵکی بە شەوکوێریان گوتووە چاوەتروسکێی مانگ و پێیان وابووە کە بەهۆی خەوتن لە کاتی مانگەشەو و تەواوکردنی سووڕانەوەی مانگ لە خولگەکەیدا ڕوودەدات.

چارەسەرکردنی شەوکوێری

شەوکوێری لەلایەن پزیشکەوە و بەهۆی بەکارهێنانی ئامێری پێشکەوتووەوە دەستنیشان دەکرێت، دواتر لە ڕێگەی دۆزینەوەی هۆکاری نەخۆشییەکە چاوەکان چارەسەر دەکرێن، لە کاتی هەبوونی هەوکردنی چاو پزیشک پێشنیاری دژە زیندەییەکان دەکات بۆ نەهێشتنی هەوکردنەکە، ئەگەر چاوی کەسەکە تووشی ئاوی سپی بووبوو نەشتەرکاری بۆ ئەنجام دەدرێت و شەوکوێرییەکەی نامێنێت، ئاوی ڕەشی چاویش بەهۆی دەرمانی تایبەتییەوە چارەسەر دەکرێت، لەچاوکردنی چاویلکە بۆ پاراستنی چاوەکان لە تیشکی سەروو وەنەوشەیی زۆر سوودبەخشە بۆ ڕێگریکردن لەم حاڵەتە، ئەگەر کەسەکە کەمی ڤیتامین A هەبوو پزیشک تەواوکەری خۆراکی ڤیتامین A پێ دەدات و پێشنیاری ئەو خواردنانە دەکات کە دەوڵەمەندن بە ڤیتامین A.

ئەو خواردنانەی دەوڵەمەندن بە ڤیتامین A

هەندێک خواردن دەوڵەمەندن بە ڤیتامین A و دەتوانن ڕێگری لە دروستبوونی شەوکوێری و کزبوونی چاو بکەن کە بریتین لە:


سەرچاوەکان



631 بینین