چاندنی داری قەیسی

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد جوانە محەمەد - به‌روار: 2022-11-24-01:52:00 - کۆدی بابەت: 10430
چاندنی داری قەیسی

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

چاندنی داری قەیسی یاخود پێی دەوترێت داری زەردالوو (بە ئینگلیزی: Planting apricot tree، بە عەرەبی: زراعة شجرة المشمش)، ئەم جۆرە دارە پێویستی بە ناوچەی ئاووهەوا مامناوەندەکان هەیە، لە سەرەتای بەهاردا گوڵدەگرێت و ڕەنگەکەشی سپییە لەگەڵ کەمێک پەمەیی، پاش تێپەڕبوونی ١٢٠ ڕۆژ بەرهەمەکەی پێدەگات و دەبێت بە میوەی قەیسی، کە ڕەنگی پرتەقاڵییە و بەرگەکەی قەیفەییە هەروەها بەشی ژێر بەرگەکەشی هەردوو تامی شیرین و تیژ دەدات.

بەڵام زۆرینەی دار قەیسییەکان تووشی نەخۆشی دەبنەوە، بۆ نموونە نەخۆشییە بەکتریایی و کەڕووییەکان زیان دەگەیەنن، بۆ هەردووکیان باشترە کە پرژێنەری دژە کەڕوو و میکرۆبی بۆ بەکاربهێنرێت و چارەسەربکرێت، یاخود ڕووبەڕووی نەخۆشییە مێرووییەکان دەبێتەوە و زیانی زۆر بە دارەکە دەگەیەنن، بۆ ئەمەش چارەسەری گونجاو ڕشتنی دەرمانی قڕپێکەری مێرووە بەڵام گونجاوترە کە لە پێش خونچەکردن و گوڵگرتن بێت، چونکە دواتر مێرووەکان دەبنە هۆی وەرینی گوڵەکان و کەمبوونەوەی ڕێژەی بەرهەمهێنان.

هەنگاوەکانی چاندن بە تۆو

  • دەرهێنانی تۆوەکەی لە قەیسیدا کە بە بەرگی ڕەق دەورەدراوە.
  • دواتر دروستکردنی کونێک لە بەرگە ئەستوورەکەدا بۆ دەرکردنی تۆوی قەیسییە نەرمەکە کە لە ناویدایە.
  • سەرەتا پێویستە تۆوەکە بۆ ماوەی شەوێک لە ئاودا نوقم بکرێت.
  • دواتر بۆماوە ١-٢ مانگ لە جێگەیەکی سارددا هەڵبگیردرێت.
  • پاشان لە سەرەتای بەهاردا بچێنرێت لە چاڵێکدا کە قوڵییەکەی بگاتە ١٥ سانتیمەتر.
  • هەروەها دەبێت بە خاکێک چاڵەکە پڕبکرێتەوە کە بڕێکی زۆر ماددەی ئەندامی تێدابێت.
  • بۆ دڵنیابوونەوە لە ئەوەی کە ئاژەڵ چاڵەکە هەڵناکۆڵێت باشترە کە بە پارێزەرێک دابپۆشرێت.

شێوازی گرنگیپێدان

داری قەیسی لە جێگەیەکدا گەشەی باش دەکات کە ڕۆژانە بۆ ماوەیەکی زۆر خۆری هەبێت، هەروەها مەودایەکی باش لە دەوروبەریدا بە بەتاڵی هەبێت بۆ ئەوەی بوار بە دارەکە بدات هەتاکوو گەشەبکات و لق و چڵی زۆر دروستبکات، دەبێت خاکەکەی بە باشی ئاوی پێدا تێپەڕبێت و وشکببێتەو، باشترە کە پلەی ترشێتییەکەشی لە نێوان ٦.٥-٨ پلە بێت.  

شێوازی ئاودانی بە گوێرەی ناوچەکان دەگۆڕێت، بۆ نموونە ئەگەر لە جێگەیەکی فێنکدا بچێنرێت هەفتانە تەنها یەکجار ئاودانی دەوێت، بەڵام لە جێگە گەرمەکاندا دەبێت لە هەفتەیەکدا سێ جار ئاوی پێبدرێت، واتە خاکەکەی بە شێداری بهێڵرێتەوە بەڵام نابێت ئاویشی تێدا کەڵەکە ببێت.  

بەگشتی داری قەیسی لەپاش ٣-٤ ساڵ لە چاندنی بەر دەگرێت، بەڵام بۆ دڵنیابوونەوە لە ئەوەی کە بەرهەمەکەی پێدەگات دەبێت پێویستییەکانی دابینبکرێت، بۆ نموونە لە ساڵی یەکەمی تەمەنیدا و لە کەشوهەوای سارددا دەبێت بە بەرگێکی پارێزەر دابپۆشرێت، هەروەها ساڵانە لە کۆتایی دوو وەرزی هاوین و زستانەوە ماددەی خۆراکی بۆ خاکەکەی زیادبکرێت و بەپیت ببێت.

جگە لە ئەمانەش زۆر گرنگە کە ساڵانە هەڵبپاچرێت بۆ ئەوەی ڕووناکی خۆر و هەواگۆڕکێی پێویست بۆ هەموو چڵەکان یاخود بۆ زۆرینەیان هەبێت، کە باشترە لە سەرەتای بەهار و پێش ئەوەی دارەکە دەستبکاتەوە بە گەشەکردن هەموو لقە لاواز و نەخۆشەکانی ببڕدرێت، هەروەها ئەو لقانەی کە زیاد لە شەش ساڵ تەمەنیان هەیە یاخود ئەوانەی کە میوە ناگرن باشترە لێبکرێنەوە.  

کاتێک وەرزی پێگەیشتنی بەرەکەیەتی ئەوا دەستە و کۆمەڵەی زۆر لە قەیسی لەنزیک یەکترییەوە دروستدەبن، باشترە کە تەنکبکرێن بۆ ئەوەی مەودای زیاتر بڕەخسێت بۆ پێگەیشتنی تەواوەتی زۆرینەیان، هەروەها بۆ تێگەشتن لە ئەوەی کە قەیسییەکە پێگەشتووە دەبێت لەکاتی لێکردنەوەدا زۆر بەئاسانی لێببێتەوە، بەڵام ئەگەر هێشتا پێنەگشتبێت ئەوا ئەو چڵەی کە قەیسییەکەی گرتووە و بەدارەکەوەیە هێشتا ئەستوورە و بەئاسانی لێناکرێتەوە.


سەرچاوەکان



333 بینین