جەنگی غەززە (٢٠١٢)

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2022-11-24-21:06:00 - کۆدی بابەت: 10439
جەنگی غەززە (٢٠١٢)

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

شەڕی غەززە لە ساڵی ٢٠١٢ (بە عەرەبی: عملية عامود السحاب، بە ئینگلیزی: 2012 Israeli operation in the Gaza Strip) کە لەلایەن ئیسرائیلەوە ناوی ئۆپەراسیۆنی پایەی بەرگری لێنرا، شەڕێکی هەشت ڕۆژە بوو کە سوپای بەرگریی ئیسرائیل دژی کەرتی غەززە ئەنجامی دا کە لەژێر کۆنترۆڵی بزووتنەوەی حەماسدایە، لە ١٤ی تشرینی دووەمی ٢٠١٢ بە تیرۆرکردنی ئەحمەد جەعبەری، بەرپرسی باڵی سەربازیی حەماس لە غەززە دەستی پێکرد کە لە ئەنجامی هێرشێکی ئاسمانی ئیسرائیل کوژرا.

جەنگ

پێش ئۆپەراسیۆنەکە قۆناغێک بوو کە ژمارەیەک هێرشی وەڵامدەرەوەی ئیسرائیل-فەلەستینی بەخۆیەوە بینی. بە گوتەی حکوومەتی ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنەکە لە کاردانەوەی تەقاندنی زیاتر لە ١٠٠ مووشەک بووە بۆ ناو ئیسرائیل لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری پێش هێرشەکەدا، هەروەها بەهۆی بۆمبی چێندراو و چالاکییەکانی تری بزووتنەوەی حەماس لە ناوچەکە. حکوومەتی ئیسرائیل ڕایگەیاند کە ئامانجەکانی ئەو ئۆپەراسیۆنە سەربازییە ڕاگرتنی هێرشە مووشەکییەکانە بۆ سەر ئامانجە مەدەنییەکان کە لە کەرتی غەززە سەرچاوە دەگرن و لەکارخستنی تواناکانی ڕێکخراوە چەکدارەکانە.

فەلەستینییەکانیش حکوومەتی ئیسرائیلیان بە هۆکاری هەڵکشانی توندوتیژییەکان زانی، هەروەها هێزەکانی ئیسڕائیلیان بەوە تۆمەتبار کرد کە لە چەند ڕۆژی پێش ئۆپەراسیۆنەکەدا هێرشی کردۆتە سەر خەڵکی مەدەنی لە کەرتی غەززە. هەروەها ئەوان گەمارۆدانی کەرتی غەززە و داگیرکردنی کەرتی ڕۆژاوا و لە نێویاندا قودسی ڕۆژهەڵات بە هۆکاری هێرشە مووشەکییەکان هێناوەتەوە.

لە میانی ئۆپەراسیۆنەکەدا، هێزی ئاسمانی ئیسرائیل ڕایگەیاند کە زیاتر لە ١,٥٠٠ شوێنی لە کەرتی غەززە بۆردمان کردووە، لەوانە شوێنی مووشەک هەڵگر، کۆگای چەک، دامەزراوەی حکوومی شوقەی نیشتەجێبوون. بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی UNHCR، ١٧٤ فەلەستینی کوژراون و سەدان کەسیش بریندار بوون. هەروەها هەشت فەلەستینی لەلایەن یەکینەکانی قەسامەوە لەسێدارەدران، بەهۆی ئەوەی هاوکارییان لەگەڵ ئیسرائیل کردووە.

لە میانی ئۆپەراسیۆنەکەدا حەماس و لیواکانی قەسام و جیهادی ئیسلامیی فەلەستینی هێرشە مووشەکییەکانیان بۆ سەر شار و شارۆچکەکانی ئیسرائیل چڕترکردەوە، کە لەلایەن لیواکانی قەسامەوە ناوی ئۆپەراسیۆنەکە نرا (حجارة السجیل) و زیاتر لە هەزار و ٤٥٦ مووشەک ئاراستەی ئیسرائیل کران، و ١٤٢ مووشەکی دیکەش لەناو خودی غەززەدا کەوتنە خوارەوە. چەکدارەکانی فەلەستین کۆمەڵێک چەکی وەک فەجر-٥ی دروستکراوی ئێران، موشەکەکانی گرادی ڕووسی، قەسام و هاوەنیان بەکارهێناوە. بەشێک لەو مووشەکانە ئاراستەی ڕیشۆن لێزیۆن، بەێرشەبا، ئەشدۆد، ئەشقەلۆن و ناوەندەکانی دیکەی دانیشتووان کران، هەروەها تەلئەبیب بۆ یەکەمجار لە دوای جەنگی کەنداو لە ساڵی ١٩٩١ مووشەکباران کرا و مووشەک ئاراستەی قودسیش کرا. ئەو مووشەکانە لە هێرشێکی ڕاستەوخۆدا بۆ سەر ماڵێک لە شاری کریات مەلاخی سێ هاوڵاتی مەدەنی ئیسرائیلی تێیدا کوژران. تا کۆتایی ئۆپەراسیۆنەکە شەش ئیسرائیلی کوژران و ٢٤٠ کەس بریندار بوون و زیاتر لە دوو سەد کەسیش چارەسەری ترس و دڵەڕاوکێیان بۆ کراوە. نزیکەی ٤٢١ مووشەک لە لایەن سیستەمی بەرگریی مووشەکی گومبەتی ئاسنینی ئیسرائیلەوە ڕێگرییان لێکرا، ١٤٢ مووشەکێکی دیکە لەسەر خودی غەززە نیشتنەوە، ٨٧٥ مووشەکیش لە ناوچە کراوەکاندا کەوتن و ٥٨ مووشەکیان بەر ناوچەی شارستانی ئیسرائیل کەوتن. هەروەها پاسێک لە تەلئەبیب لەلایەن عەرەبێکی ئیسرائیلییەوە تەقێنرایەوە و بەهۆیەوە ٢٨ هاوڵاتی مەدەنی برینداربوون.

کاردانەوەی وڵاتان و کۆتایی

کەنەدا، ئەڵمانیا، شانشینی یەکگرتوو، ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژاوایی پشتیوانیان بۆ ئیسرائیل دەربڕی و ناویان لێنا مافی بەرگری ئیسرائیل لە خۆی و هێرشەکانی حەماسیان ئیدانە کرد. هەریەک لە چین، ئێران، ڕووسیا، میسر، تورکیا و زۆرێک لە وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی ئۆپەراسیۆنەکەی ئیسرائیلیان شەرمەزار کرد.

ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان دانیشتنێکی بەپەلەی لەسەر دۆخەکە ئەنجامدا بەڵام نەگەیشتنە بڕیارێک. دوای چەند ڕۆژێک لە دانوستانەکانی نێوان حەماس و ئیسرائیل، ڕۆژی ٢١ی تشرینی دووەم ئاگربەست بە نێوەندگیری میسر ڕاگەیەندرا و هەردوولا سەرکەوتنیان ڕاگەیاند. ئیسرائیل ڕایگەیاند کە ئامانجی خۆی لە پەکخستنی توانای حەماس بۆ هەڵدانی مووشەک بەجێهێناوە، لە هەمان کاتدا حەماس جەختی لەوە کردەوە کە بژاردەی ئیسرائیل بۆ داگیرکردنی غەززە کۆتایی هاتووە. بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی هیومان ڕایتس وۆچ، هەردوولا لە کاتی شەڕەکەدا یاساکانی شەڕیان پێشێل کردووە.


سەرچاوەکان



213 بینین