مێژووی بەغداد

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2022-11-27-21:57:00 - کۆدی بابەت: 10470
مێژووی بەغداد

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

مێژووی بەغداد (بە عەرەبی: تاریخ بغداد، بە ئینگلیزی: History of Baghdad) بەغدادی ناسراو بە شاری ئاشتی خاوەن مێژووەییەکی دێرین و دەوڵەمەندە، ئەمڕۆ پایتەختی عێراقە و لە گەورەترین شارەکانێتی، هاوکات دووەم گەورەترین شاری عەرەبییە و چوارەمین گەورە پایتەختی ئیسلامییە کە ژمارەی دانیشتووانەکەی زۆرە و قەرەباڵغە. هەموو ساڵێک ڕۆژی ١٥ـی تشرینی دووەم ساڵیادی بنیاتنانی بەغدادە، کە لە ساڵی ٧٦٢ـی زایینی بەرانبەر بە ساڵی ١٤٥ـی کۆچی لە سەردەمی عەباسییەکان و لەلایەن جێنشینی دووەمی عەباسییەکان ئەبووجەعفەری مەنسووڕەوە بنیاتنرا، کرا بە پایتەختی عەباسییەکان و بە شاری ئاشتی ناسێندرا.

مێژووی دێرینی بەغداد

بەپێی بەڵگە مێژووییەکان و پاشماوەی شوێنەوارە دێرینەکان لە بەغداد، دەرکەوتووە کە شوێن و ناوچەی بەغداد لە سەدەکانی پێش زایینەوە دانیشتووانی لێ بووە، تەنانەت پێش ئەوەی عەرەبەکان لە ساڵی ٦٣٨ـی زایینی بێنە ناوچەکەوە ناوچەی بەغداد شوێنێکی گرنگ بووە و دەوروبەری کراوە بە پایتەختی ئیمپراتۆرییە ناودارەکان نموونەی ئیمپراتۆریەتی بابلی و سلوقییەکان.

فەتحی ئیسلامی

بەغداد و ناوچەکانی بەغداد لە سەردەمی ئەبووبەکری سدیق ئیسلامیان پێگەیشت، بە دیاریکراوی لە ساڵی ١٣ـی کۆچی بەرانبەر بە ساڵی ٦٣٤ـی زایینی ناوچەکانی نزیک بەغداد فەتح کران و ئیسلامی تێدا بڵاوکرایەوە.

سەرەتای بنیاتنانی بەغداد

لە سەردەمی عەباسییەکان خەلیفەی عەباسی دووەم ئەبووجەعفەری مەنسووڕ بڕیاری دا پایتەختێکی ئیسلامی بۆ دەسەڵاتی خەلافەتەکەی دروست بکات، بۆیە شوێنێکی لە عێراق لە نێوان هەردوو ڕووباری دیجلە و فوراتدا هەڵبژارد، ئەو شوێنەش گوندێکی بچووک بوو بە ناوی "بغداذ" و ئەو گوندەی کردە بناغە و ناوەند بۆ بنیاتنانی شارەکە، بە تێپەڕبوونی کات ناوەکە گۆڕانکاری بەسەردا هات و بوو بەغداد. ماوەی بنیاتنانەکەی نزکەی چوار ساڵی خایاند و لە ساڵی ٧٦٢ـی زایینی بەرانبەر بە ساڵی ١٤٥ـی کۆچی بنیاتنانی بەغداد کۆتایی هات. شێوازی بنیاتنانی بەشێوەیەکی بازنەیی بوو کە سێ شورای بازنەیی لە دەوری گوندی بەغداذ دروست کرد، خەلیفە ویستی ئەم شارە جیاوازتر لە شارەکانی تر بنیاتبنێت، شێوەی بازنەیی هەڵبژارد چونکە تاکوو ئەو سەردەمە شێوەی شارەکان لاکێشەیی بوونە نموونەی شاری فیستات، یان چوارگۆشەیی بوونە وەکوو قاهیرە یاخود هێلکەییەکی ناڕێک بوونە وەکوو شاری سەنعا، بۆیە شاری بەغداد بووە یەکەمین شاری ئیسلامی ئەو سەردەمە کە بەشێوازی بازنەیی بنیاتنرا و تیرەکەی نزیکەی ٢٧٠٠ مەتر بوو.

دوای تەواو بوونی شارەکە خەلیفە هەموو کاروباری دەسەڵاتی عەباسییەکانی گواستەوە نێو ئەو ناوچەیە و کردی بە ناوەندی بەڕێوەبردنی دەسەڵات و بە شاری ئاشتی ناساندی. پاشان چوار ڕێگای سەرەکی لە ناوەوە بۆ دروستکرا، هاوکات چوار دەرگای سەرەکیش بۆ شارەکە دروستکرا کە هاوشێوەی سنوور بوو لەگەڵ ناوچەکانی تری نزیک سنووری بەغداد، کە بریتی بوون لە دەرگای خۆراسان یان دەرگای وڵات کە هاوسنووری ناوچەی خۆراسان بوو، دەرگای شام هاوسنووری وڵاتی شام بوو، دەرگای کووفە کە هاوسنووری شاری کووفە بوو لەگەڵ دەرگای بەسڕە کە هاوسنووری شاری بەسڕە بوو.

ڕووبەری شارەکە لە ناوەوە تا ڕادەیەک بچووک و دیاریکراو بوو، بۆیە دەوروبەری شارەکە پەرەی زیاتری پێدرا و بازرگانان لە نزیک دەرگاکان و شوراکان خانوو و دووکانی بازرگانییان دروستکرد و ناوچەی کەرخ و ڕەسافەیان پێکهێنا، کە بە تێپەڕبوونی کات بوونە بەشێک لە شارەکە و تاکوو ئێستاش ئەو ناوچانە لە بەغداد ماون.

بەغداد لە سەردەمی عەباسییەکان

سەردەمی بەغداد لەژێر دەسەڵاتی عەباسییەکان بە سەردەمی زێڕین ناوزەد دەکرێت، بە تایبەتی لە سەدەی هەشتەمی زایینی تاکوو سەرەتای سەدەی نۆی زایینی و بە دیاریکراوی لە سەردەمی دەسەڵاتی خەلیفە مەهدی و دەسەڵاتی هاروونە ڕەشید، چونکە گرنگییەکی تەواویان لە هەموو ڕووییەکەوە پێدا و ببووە ناوەندی بەڕێوەبردنی دەسەڵات، هاوکات ببووە ناوەندێکی ڕۆشنبیری گرنگ بۆ جیهانی ئیسلامی و هەموو تۆماری زانستی و توێژینەوە و وەرگێڕانەکان لە بەغداد تۆماردەکران و پارێزگارییان لێدەکرا، بۆیە ببووە مۆڵگە و پەناگەی زانایان و ڕۆشنبیران کە لە هەموو ناوچەکانی جیهانەوە بە مەبەستی فێربوون و وەرگرتنی زانست سەردانی بەغدادیان دەکرد.

بەغداد لەو سەردەمەدا بە دەوڵەمەندترین شاری جیهان دەناسرا. دوای کۆچی دوایی هاروونە ڕەشید، جەنگی ناوخۆ لە نێوان هەردوو کوڕەکەی هاروونە ڕەشید، ئەمین و مەئموون ڕوویدا، زیانێکی زۆری بە ناوچەکانی بەغداد گەیاند، بەڵام دوای وەرگرتنی دەسەڵات لەلایەن خەلیفە مەئموونەوە شارەکە نۆژەن کرایەوە.

لە ناوەڕاستی سەدەی نۆیەم و ساڵانی دواتر دەسەڵاتی عەباسییەکان بەرەو لاوازبوون هەنگاوی نا، بەهۆی شەڕ و دووبەرەکی ناوخۆییەوە خزمەتگوزارییەکان پشتگوێ خران و سیستمی ئاودان و کشتوکاڵی لە بەغداد شکستی هێنا و تووشی وشکەساڵی بوو. لە نێوان ساڵانی ٨٣٦ بۆ ٨٩٢ جێنشینەکانی عەباسی کۆچیان کرد بۆ سامەڕڕا، لەو ماوەیەدا سەربازی تورکی بەبیانووی پارێزگاری و ئاساییش هێنرانە بەغداد و دانیشتووانی بەغدادیان هەراسان کردبوو. لە ماوەی ساڵانی ٩٤٥ بۆ ١٠٥٥ لە سەردەمی دەسەڵاتی بوەیهی و سەلجووقییەکان بەشێک لە ناوچەکانی بەغداد خاپوور بوون و زیانیان بەرکەوت.

چەند ڕووداوێکی گرنگی سەردەمی عەباسییەکان

  • ساڵی ٧٥٨ـی پلانی دروستکردنی شارەکە دانرا و دەستکرا بە جێبەجێ کردنی.
  • ساڵی ٧٦٢ کۆتایی بە دروستکرنی شارەکە هێنرا.
  • تاکوو ساڵی ٧٦٣ زۆرێک لە کاروبارە گرنگەکانی دەسەڵاتی عەباسییەکان گوازرانەوە بۆ بەغداد و بووە ناوەندی دەسەڵات عەباسییەکان.
  • لە ساڵی ٧٦٧ ئیمام ئەبووحەنیفەی نوعمان کۆچی دوایی کرد، لە گۆڕستانی خەیزەران نێژرا و شوێنی گۆڕەکەی کرا بە مزگەوت، ئێستا بە مزگەوتی ئیمام ئەعزەم ناسراوە و سێیەم کۆنترین مزگەوت و زانکۆی ئیسلامییە لە جیهاندا.
  • بنیاتنانی ناوچەی ڕەسافە و کەرخ لە دەوری شوراکانی بەغداد، کە ئێستا دوو گرنگترین ناوچەی بەغدادن.
  • لە ساڵی ٩٠٤ بۆ ٩٤٥ بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاستی ڕووباری دیجلە چەند لافاوێکی گەورە لە بەغداد دروست بوو، زۆرێک لە ناوچەکانی بەغداد زیانیان بەرکەوت و نوقمی ژێر ئاو بوون.

دوای دەسەڵاتی عەباسییەکان و داگیرکارییەکانی مەغۆل

ماوەی دەسەڵاتی عەباسییەکان لە بەغداد پێنج سەدەی خایاند، لە کۆتایی سەردەمی دەسەڵاتیاندا زۆر لاواز ببوون و بەهۆی ناکۆکییە ناوخۆییەکان شاری بەغداد لە زۆر ڕووەوە پشتگوێ خرابوو. لە ساڵی ١٢٥٨ مەغۆلەکان بە سەرکردایەتی هۆلاکۆی نەوەی جەنگیز خان هێرشیان کردە سەر بەغداد و بەخراپترین شێوە ناوچەکەیان داگیرکرد، بە سەدان هەزار کەس لە دانیشتووانەکەی بوونە قوربانی و شارەکە بە تەواوی خاپوور و وێران بوو، زۆرێک لە بەنداو و پردەکان ڕووخێنران، بۆیە بەغداد لەو سەردەمە دووچاری وشکەساڵی و بێ ئاوی بووەوە و بواری کشتوکاڵی زۆر سست بوو. هەروەها کتێبخانە و تۆمارگەکانی کتێبە زانستییەکان سووتێنران و بەشێک لە کتێبەکان دەخرانە نێو ڕووباری دیجلەوە.

لەدوای داگیرکارییەکانی مەغۆل، بەغدا پایتەختی ئیمپراتۆرییەتەکە نەبوو، بەڵکوو بووە پایتەختێکی ناوچەیی و هەرێمی تایبەت بە مەغۆلەکان. لە سەردەمی مەغۆلەکان چەند هۆز و بنەماڵەیەکی مەغۆلی بوونە دەسەڵاتداری بەغداد، نموونەی ئەلخانییەکانی فارس کە هۆز و گەلێکی سەر بە مەغۆلەکان بوون، لە نێوان ساڵانی ١٢٥٨ بۆ ١٣٣٩ دەسەڵاتداری داگیرکاری بەغداد بوون.

لە نێوان ساڵانی ١٣٣٩ بۆ ١٤١٠ جەلایرییەکان دەسەڵاتداری داگیرکاری بەغداد بوون، کە بەهەمان شێوە هۆزێکی سەر بە مەغۆلییەکان بوون و دەسەڵاتیان بەسەر ئێران و ئازەربایجان و عێراق هەبوو، بەغدادیان وەکوو پایتەختی دەسەڵاتەکەیان دانابوو. لە ساڵی ١٤٠١ تەیموورلینک بەغدادی داگیرکرد و جەنگێکی خوێناوی بەرپاکرد، بەڵام جەلارییەکان هەرزوو ناوچەکەیان لەدەستی سەندەوە.

پاشان لە نێوان ساڵانی ١٤١٠ بۆ ١٥٠٨ هەردوو هۆزی بنەماڵەی تورکمانی ئاق قۆینلۆ و قرە قۆینلۆ یەک لە دوای یەک بوونە دەسەڵاتداری بەغداد، بەڵام دەسەڵاتدارەکانی ئەم دوو بنەماڵەیە ڕۆڵێکی لاوازیان هەبوو لە بووژانەوەی بەغداد. لە ساڵی ١٥٠٨ بەغداد بووە بەشێک لە ئیمپراتۆرییەتی فارسی نوێ کە شا ئیسماعیلی سەفەوی دایمەزراندبوو، سەفەوییەکان تاکوو ساڵی ١٥٣٤ دەسەڵاتداری بەغداد بوون.

بەغداد لە سەردەمی عوسمانییەکان

لە ساڵی ١٥٣٤ لەلایەن سوڵتان سلێمانی قانوونییەوە کۆتایی بە دەسەڵاتی سەفەوییەکان هێنرا و بەغداد کەوتە ژێر دەسەڵاتی عوسمانییەکان، بەو ماوەیە دەوترێت ماوەی یەکەمی دەسەڵاتی عوسمانییەکان بۆسەر بەغداد. لە ساڵی ١٦٢١ تاکوو ١٦٣٨ دووبارە سەفەوییەکان بەغدادیان داگیرکردەوە و کۆتاییان بە ماوەی یەکەمی دەسەڵاتی عوسمانی هێنا لە بەغداد. لە ساڵی ١٦٣٨ لەلایەن سوڵتان موڕادی چوارەمەوە کۆتایی بە دەسەڵاتی سەفەوییەکان هێنرا و ماوەی دووەمی دەسەڵاتی عوسمانی لە بەغداد دەستی پێکرد.

لە ماوەی ساڵانی ١٧٧٩ بۆ ١٨٠٢ گرنگی بە بووژانەوەی بەغداد درا، چەندان مزگەوت و شوێنی گرنگ دروستکران و نۆژەنکرانەوە. لە ساڵی ١٨٢٢ نەخۆشی تاعوون لە بەغداد بڵاوبووەوە و زۆرێک لە دانیشتووانەکەی تووشی نەخۆشییەکە بوون و قوربانی زۆری لێکەوتەوە. لە کۆتایی سەدەی هەژدەوە بەریتانییەکان و وەفدی ئەورووپی سەردانی بەغدادیان کردووە و پەیوەندی دیبلۆماسییان لەگەڵ عوسمانییەکان هەبووە. لە شەستەکانی سەدەی نۆزدە بەغداد بووژانەوەی زیاتری بەخۆیەوە بینی و لەلایەن سوڵتانە عوسمانییەکانەوە چاکسازی زۆری تێداکرا.

کۆتایی دەسەڵاتی عوسمانییەکان و سەرەتای داگیرکاریی بەریتانی

دەسەڵاتی عوسمانییەکان بۆ سەر بەغداد چوار سەدەی خایاند، لە ساڵی ١٩١٤ و لە ماوەی سەرەتای هەڵگیرسانی جەنگی جیهانیی یەکەم بەریتانییەکان جەنگیان دژی عوسمانییەکان ڕاگەیاند و ناوچەکانی ژێردەسەڵاتیانیان داگیر دەکرد، بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاستی ڕووباری دیجلەوە بەشی باشووری ڕۆژهەڵاتی بەغداد نوقمی ئاوبوون، بۆیە هێزەکانی بەریتانیا لە شاری بەسرەوە چوونە نێو عێراقەوە.

بەدووریی ٣٢ کیلۆمەتر لە بەغداد و بە دیاریکراوی لە ناوچەی کووت لە ساڵی ١٩١٥ جەنگی کووت لە نێوان سوپای عوسمانی و سوپای بەریتانی هەڵگیرسا، دەرەنجامی جەنگەکە بە شکستی بەریتانییەکان کۆتایی پێهات و بۆ ماوەی ساڵێک و چوار مانگ گەمارۆدران، سوپای بەریتانی نەیانتوانی بچنە نێو بەغدادەوە و لە ئەنجامدا سوپاکە خۆی ڕادەستی سوپای عوسمانی کرد. لە سەرەتای ساڵی ١٩١٦ هێزی بەریتانی بە سوپایەکی چل هەزار سەربازەوە چوونە ناوچەی کووت و سوپای عوسمانییەکانیان تێکشاند. لە ١٧ ئازاری ساڵی ١٩١٧ بەغداد بە تەواوی لەلایەن سوپای بەریتانیاوە داگیرکرا.

بەغداد لە سەردەمی شانشنینی عێراق

لە ساڵی ١٩٢١ لەسەر بڕیاری بەریتانیا شانشینی عێراق ڕاگەیەندرا و شا فەیسەڵی یەکەم بووە یەکەم پاشای شانشینەکە، لە حوزەیرانی ساڵی ١٩٢١ فەیسەڵی یەکەم گەیشتە بەغداد و لە پێنجی تەممووزی هەمان ساڵ فەیسەڵی یەکەم وەکوو یەکەمین پاشای شانشینی عێراق لە بەغدادەوە ڕاگەیەندرا. لە شەشی کانوونی دووەمی ساڵی ١٩٢١ سوپای عێراقی دامەزرا، سوپاکە بناغەکەی لە ناوچەی کازمییەی بەغداد دامەزرا.

دوای ڕاگەیاندنی شانشینی عێراق، خێزانی شاهانە لە حیجازەوە کۆچیان کرد بۆ شاری بەغداد و چەند شوێنێکیان لە بەغداد بۆ تەرخانکرا و کرا بە کۆشکی تایبەتی شاهانە. لە ساڵی ١٩٣٢ دوای سەربەخۆیی عێراق و کۆتایی ئینتیدابی بەریتانی، بەغداد بووە ناوەندێکی گرنگی شانشینی عێراق. لە ساڵی ١٩٣٣ لەلایەن شارەوانی بەغدادەوە بڕیاری جێگیرکردنی ناونانی شەقامەکانی بەغداد دەرچوو، نموونەی شەقامی ڕەشید، شەقامی ئەبوونەواس و شەقامی مووسای کازم کە تاکوو ئێستا ئەو شەقامانەی بەغداد هەربەو ناوانە ماونەتەوە. سەردەمی پاشایەتی لە عێراق تا ساڵی ١٩٥٨ـی خایاند، بەهۆی کودەتای ١٤ـی تەممووزەوە کە لەلایەن عەبدولکەریم قاسم ڕێکخرا کۆتایی بە دەسەڵاتی پاشایەتی لە عێراق هێنرا.

بەغداد دوای سەردەمی پاشایەتی

لە دوای کۆتایی هاتنی سەردەمی پاشایەتی لە عێراق چەند کودەتایەکی سەربازی ڕوویدا و هەموو کودەتاکان لە بەغدادەوە سەرچاوەی گرت. دوای ئەوەی عەبدولکەریم قاسم دوای کودەتای ١٩٥٨ دەسەڵاتی وەرگرت، ماوەی دەسەڵاتەکەی زۆری نەخایاند لە ساڵی ١٩٦٣ لەلایەن نەتەوەپەرستەکانەوە لەسەر کار لابرا و گولـلە بارانکرا، عەبدولسەلام عارف بووە جێگرەوەی.

لە ساڵی ١٩٦٨ حیزبی بەعس بە کودەتای سەربازی دەسەڵاتیان گرتەدەست و ئەحمەد حەسەن بەکر بووە سەرۆک، حیزبی دەسەڵاتدار دوای ١٩٧٣ بارودۆخی ناوخۆیی وڵاتی جێگیر کرد، بەهۆی بەرزی نرخی نەوت زۆر بوار گرنگی پێدرا، لەو سەردەمەدا بەغداد بووژایەوە و فراوانکرا و زۆر شوێنی نۆژەن کرایەوە. دوای سڕکردنی دەسەڵاتی ئەحمەد حەسەن بەکر، سەدام حسێن بووە سەرۆکی وڵات.

لە سەرەتای هەشتاکانی سەدەی ڕابردووەوە بەهۆی جەنگی هەشت ساڵەی ئێران و عێراقەوە، ئابووری عێراق زیانی پێگەیشت و بەغدادیش بێبەش نەبوو لەو زیانە، لەلایەن سوپای ئێرانییەوە بە چەندان جۆر موشەک چەند ناوچەیەکی بۆردمان کرا. لە ساڵی ١٩٨٨ جەنگی عێراق و ئێران کۆتایی پێهات، لە نێوان ساڵانی ١٩٩٠ بۆ ١٩٩١ جەنگی کەنداو هەڵگیرسا و ئابڵووقەی ئابووری کرایە سەر عێراق، زۆرێک لە ناوچەکانی بەغداد تووشی بۆردومانی سەربازی بوون و بەهۆی ئابڵووقەی ئابوورییەوە زیانێکی زۆر بە ژێرخانی ئابووری و کارەبا و ئاوەڕۆ و خزمەتگوزاییەکانی تری پایتەخت گەیشت.

بەغداد دوای ساڵی ٢٠٠٣

لە نۆی نیسانی ساڵی ٢٠٠٣ بەغداد بە تەواوی لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوە داگیر کرا، ئەو ڕۆژە بە ڕۆژی کەوتن و داگیرکاری بەغداد ناوزەد دەکرێت. بارودۆخی ئاساییشی عێراق بە گشتی و بەغداد بە تایبەتی بەتەواوی تێکچوو و ناسەقامگیر بوو، دوای دوو مانگ لە کۆتایی مانگی حوزەیران حکوومەتێکی کاتی لە بەغداد ڕاگەیاندرا، بڕیاردرا کاروباری وڵات لەلایەن عێراقییەکان خۆیانەوە بەڵام لەژێر فرمانی ئەمریکاوە بەڕێوەببرێت.

لە ساڵی ٢٠٠٤ بۆ ٢٠٠٧ بە ساڵانی تایفەگەریی بەغداد ناوزەد دەکرێت، شەڕی نێوان سوننە و شیعە لێکەوتەوە و کاریگەری زۆری بەسەر بەغدادەوە بەجێهێشت، شەڕی تایفی ناوچەکانی بەغدادی جیاکردەوە و زۆرترین تەقینەوەی خۆکوژی لەو ساڵانەدا ئەنجامدرا، بارودۆخی ئەمنی شارەکە ناسەقامگیر و ئاڵۆز بوو و وێرانگاری زۆری تێدا ئەنجام درا.

لە دوای ساڵی ٢٠٠٧ بارودۆخی بەغداد تاڕادەیەک ئارام بووەوە و هێزەکانی ئەمریکا بە چەند قۆناغێک بڕیاری پاشەکشێیان دا لە بەغداد و عێراق، تاکوو بە فەرمی لە ساڵی ٢٠١١ هەموو سوپای ئەمریکا لە عێراق کشانەوە. لە ساڵی ٢٠١٤ و سەردەمی دروستبوونی داعش بەغداد بێبەش نەبوو لە زیانی ئەو گرووپە، چەندان تەقینەوەی خۆکوژی لەلایەن ئەو گرووپەوە لە بەغداد ئەنجامدرا و ناوچەکەی ناسەقامگیرتر کرد. لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٩ خۆپیشاندان و ڕێپێوانی سەرتاسەری لە بەغداد دروستبوو و داوای ڕووخاندنی حکوومەتیان دەکرد و دژی گەندەڵی و دەستێوەردانی دەرەکی وەستانەوە.

لە سێی کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠٢٠ هەواڵی ڕووداوی کوشتنی ئەبوومەهدی موهەندیس و قاسم سلێمانی لە بەغداد لە هەموو جیهاندا دەنگی دایەوە، کە لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکاوە بۆردمانی ناوچەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغداد کرا لە ئەنجامدا دوو لە ناودارترین کەسایەتی شیعەی جیهان کوژران. لە مانگی حوزەیرانی ساڵی ٢٠٢٠ پەیڕەوانی شیعە و چەند کۆمەڵێکی توندڕەوی ڕەگەزپەرست بڕیاری ڕووخانی پەیکەری بنیاتنەری بەغدادیان دا، پەیکەری ئەبووجەعفەری مەنسووڕ کە لە ناوچەی مەنسووڕی بەغداد بوو، بەڵام هێزە ئەمنییەکان ڕێگربوون لە جێبەجێکردنی بڕیارەکە.

کودەتا و شۆڕشەکانی سەدەی بیسەم لە عێراق کاریگەرییەکانی لەسەر بەغداد

  • لە ساڵی ١٩٢٠ شۆڕشی بیستەم لەلایەن دانیشتووانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق دژی ئینتیدابی بەریتانیا هەڵگیرسا و بەغداد بووە ناوەندی شۆڕشەکە، ڕاگەیاندنی ئینتیداب و ژێر فرمانی بەریتانیا بۆ سەر عێراق ناڕەزایەتی دانیشتووانی لێکەوتەوە و بووە هۆی هەڵگیرسانی شۆڕشی بیستەم لە باشوور و ناوەڕاستی عێراق، بەغداد ناوەندێکی گرنگی شۆڕش و ناڕەزایەتییەکە بوو.
  • له ساڵی ١٩٣٦ دوای سەربەخۆیی عێراق بە چوار ساڵ، یەکەمین کودەتای سەربازی لە هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە بەغداوە دروست بوو، لەلایەن بەکر سدقییەوە کودەتای سەربازی دژی دەسەڵاتی شا ڕاگەیاند و بۆ چەند ڕۆژێک بەغداد لەلایەن سوپاوە داگیرکرا، بەڵام زوو کودەتاکە شکستی هێنا و کۆتایی پێهێنرا. کودەتای بەکر سدقی بە یەکەمین کودەتای سەربازی دادەنرێت لە ناوچەکە.
  • لە ساڵی ١٩٤١ ڕاگەیاندنی شۆڕشی مایس ناسراو بە شۆڕشەکەی ڕەشید عالی گەیلانی، ڕەشید گەیلانی لە بەغداد حکوومەتێکی نوێی ڕاگەیاند، بەو هۆیەوە دووبارە بەریتانیا بەغداد و عێراقیان داگیرکردەوە.
  • ١٤ـی تەممووزی ١٩٥٨ لەلایەن عەبدولکەریم قاسم و عەبدولسەلام عارف کودەتای سەربازی لە بەغداەوە هەڵگیرسا و کۆتایی بە سەردەمی  پاشایەتی لە عێراق هێنرا.
  • لە ساڵی ١٩٦٣ کودەتای ٨ شوبات لەلایەن چەند سەربازێک دژی عەبدولکەریم قاسم ڕاگەیەندرا و لەنێو بینای ڕادیۆی بەغداد قاسم بەبێ هیچ دادگاییەک کوژرا، دواتر دەسەڵات گوازرایەوە بۆ عەبدولسەلام عارف.
  • لە ساڵی ١٩٦٨ حیزبی بەعس کودەتای ١٧ـی تەممووزی ئەنجامدا و ئەحمەد حەسەن بەکر کرا بە جێگرەوەی عەبدولڕەحمان عارف و وەکوو سەرکۆمار دەستبەکاربوو. 

داگیرکارییەکانی سەر شاری بەغداد

داگیرکارییەکانی بەغداد یان هێرشەکانی سەر بەغداد یاخود هەندێک بە کەوتنی بەغداد ناودێری دەکەن، بەغداد لە هەر سەردەمێک بەر هێرشی داگیرکاری کەوتووە، زیانی بەرکەوتووە و شارەکە داگیرکراوە و خاپوور و وێران کراوە، گرنگترین داگیرکارییەکانی سەر شاری بەغداد بریتین لە:

  • داگیرکردنی شاری بەغداد لەلایەن مەغۆلەکانەوە، کاتێک مەغۆلەکان بە سەرکردایەتی هۆلاکۆ هێرشیان کردە سەر شاری بەغداد و کۆتاییان بەدەسەڵاتی عەباسییەکان هێنا و کۆتا خەلیفەی عەباسییەکان کوژرا، لە ١٠ـی شوباتی ساڵی ١٢٥٨ هێرشکرایە سەر بەغداد و بە دڕندانەترین شێوە داگیرکرا.
  • لە ساڵی ١٥٠٨ لەلایەن سەفەوییەکانەوە بەغداد داگیرکرا.
  • لە ساڵی ١٨٣١ بەغداد لەلایەن عوسمانییەکانەوە داگیرکرا.
  • لە ١١ـی ئازاری ساڵی ١٩١٧ دوای شکستهێنانی عوسمانییەکان لە جەنگی جیهانیی یەکەم بەغداد کەوتە ژێر کۆنتڕۆڵی بەریتانییەکانەوە و لەلایەن هێزی بەریتانیاوە داگیرکرا.
  • لە ٩ـی نیسانی ساڵی ٢٠٠٣ لەلایەن سوپا و هێزی ئەمریکاوە بەغداد داگیرکرا.


سەرچاوەکان



1074 بینین