سوودەکانی تیشکی خۆر

له‌لایه‌ن: - لەنیا بەختیار لەنیا بەختیار - به‌روار: 2022-11-30-18:41:00 - کۆدی بابەت: 10503
سوودەکانی تیشکی خۆر

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

سوودەکانی تیشکی خۆر (بە ئینگلیزی: benefits of sunlight، بە عەرەبی: فوائد أشعة الشمس) تیشکی خۆر چەند سوودێکی تەندروستی بۆ جەستەی مرۆڤ هەیە، یەکێک لە سەرەکیترین سوودەکانی زیادکردنی ڕێژەی ڤیتامین Dـیە، کە ڕۆڵێکی سەرەکی لە هێشتنەوەی ئێسکەکان بە تەندروستی و فرمانی سیستمی بەرگریدا هەیە. هەندێک کەس تەنها پێویستییان بە دە خولەک دەبێت تاکوو سوود لە تیشکی خۆر وەربگرن، بەڵام ئەو کەسانەی ڕەنگی پێستیان تۆخترە ڕەنگە پێویستییان بە کاتێکی زۆرتر هەبێت تاکوو هەمان سوود لە تیشکی خۆر وەربگرن.

تیشکی خۆر دەبێتە هۆی لەناوبردنی بەکتریاکان

مرۆڤەکان ڕۆژانە کاتێکی زۆر لە دەرەوەی ماڵەوە بەسەر دەبەن، تۆز و پیسی ژینگە بڕێکی زۆر بەکتریای هەڵگرتووە. هەندێکیان دەبنە هۆی هەناسەتەنگی و دروستبوونی ڕەبۆ. تیشکی خۆر دەتوانێت ببێتە هۆی لەناوبردنی ئەو بەکتریایانەی کە لە خاکدا دەژین. ڕۆژانە کردنەوەی دەرگا و پەنجەرەکانی ماڵ سوودی لە لەناوبردنی بەکتریاکان بەهۆی تیشکی خۆرەوە دەبێت.

تیشکی خۆر دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی بەرزی پەستانی خوێن

بەرزی پەستانی خوێن کاریگەری لەسەر دروستبوونی جەڵتەی دڵ و دروستبوونی کێشە لە گورچیلەکاندا هەیە. لە توێژینەوەیەکدا باس کراوە، دەکرێت تیشکی خۆر سوودی لە کەمکردنەوەی پەستانی خوێن لەو کەسانەدا کە تووشی نەخۆشیی گورچیلەکان بوون هەبێت. توێژەرەکان باس لەوە دەکەن تیشکی خۆر ڕێژەی ئۆکسیدی نیتریک لە جەستەدا زیاد دەکات، ئۆکسیدی نیتریک دەبێتە هۆی فراوانکردنی لوولەکانی خوێن، بەهۆی ئەمەش پەستانی خوێن کەم دەکات.

تیشکی خۆر سیستمی بەرگری ڕێکدەخات

بەرکەوتن بە تیشکی خۆر یارمەتی دروستبوونی ڤیتامین D لە کۆڵیسترۆڵ لە خانەکانی پێستەوە دەدات. ڤیتامینD یارمەتی ڕێکخستنی سیستمی بەرگری دەدات، بەهۆی ئەمەش لەش لە تووشبوون بە هەوکردنەکان خۆی دەپارێزێت.

دەبێتەهۆی بەهێزکردنی ئێسکەکان

یەکێکی تر لە سوودەکانی ڤیتامین D کە بەهۆی تیشکی خۆرەوە دروست دەبێت بریتییە لە بەهێزکردنی ئێسکەکان، ڤیتامین D یارمەتی هەڵمژینی کالسیۆم کە بۆ بەهێزکردنی ئێسکەکان پێویستە دەدات. ئەمەش لە تووشبوون بە نەخۆشیی پوکانەوەی ئێسکەکان ڕێگری دەکات.

دەبێتە هۆی دابینکردنی خەوێکی باشتر

تیشکی خۆر ڕۆڵێکی گرنگی لە هێشتنەوەی ڕیتمی شەو و ڕۆژی (Circadian rhythm) دا دەبێت. ئەم ڕیتمە دەبێتە هۆی خەوتن لە کاتی تاریکی و هەستان لە خەو لە کاتی ڕووناکیدا. بەرکەوتنی تیشکی خۆری زیاتر لە بەیانیاندا دەبێتە هۆی زووتر خەوتن لە شەواندا، بەهۆی ئەوەی تیشکی خۆر ڕێژەی هۆڕمۆنی میلاتۆنین زیاد دەکات. هۆڕمۆنی میلاتۆنین ڕۆڵی لە ڕێکخستنی ڕیتمی شەو و ڕۆژیدا هەیە.

چەند بەرکەوتنی تیشکی خۆر لە ڕۆژێکدا سوودی دەبێت؟

بەرکەوتن بە تیشکی خۆر بەشێوەیەکی گشتی باشترە لە ڕۆژێکدا دە بۆ ١٥ خولەک بێت. بەڵام ئەو کەسانەی ڕەنگی پێستیان تۆخترە باشترە ٢٠ بۆ ٤٠ خولەک ڕۆژانە تیشکی خۆریان بەربکەوێت. ئەمەش بەهۆی ئەوەی ئەو کەسانەی پێستیان تۆخترە ڕێژەی میلانین لە پێستیاندا زیاترە، میلانین پارێزگاری لە پێست دژی تیشکی خۆر دەکات، هەر بۆیە ئەو کەسانەی ڕێژەی میلانین لە پێستیاندا زیاترە، کاتێکی زۆرتریان پێویستە تاکوو سوود لە تیشکی خۆر وەربگرن.

لەگەڵ ئەوەشدا بەرکەوتن بە تیشکی خۆر زیاتر لە کاتی ئاسایی دەکرێت زیان بە پێست بگەیەنێت. پێویستە لە کاتی چوونە بەر خۆر چاویلکە لە چاو بکرێت، بە تایبەت ئەگەر لە ماوەی زیاتر لە ٣٠ خولەک لە بەردەم تیشکی خۆردا بمێنیتەوە. لەچاوکردنی چاویلکە لە وەرگرتنی سوودی تیشکی خۆر ڕێگر نابێت، لەشی مرۆڤ بۆ دروستکردنی ڤیتامین D تەنها پێویستی بە بڕێکی کەم لە تیشکی خۆر هەیە. لەبەر ئەمەش لەچاوکردنی چاویلکە کاریگەری لەسەر سوود وەرگرتن لە تیشکی خۆر نابێت.


سەرچاوەکان



800 بینین