سوودە تەندروستییەکانی بایۆتین

له‌لایه‌ن: - بەنان ئەحمەد بەنان ئەحمەد - به‌روار: 2022-12-04-21:22:00 - کۆدی بابەت: 10545
سوودە تەندروستییەکانی بایۆتین

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

سوودە تەندروستییەکانی بایۆتین (بە ئینگلیزی: Health Benefits of Biotin، بە عەرەبی: الفوائد الصحية للبيوتين) بایۆتین جۆرێكی ڤیتامین Bـیە کە ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لەگەڵ ئەنزیمەکانی لەشدا و بەڕێژەیەکی کەم لە خۆراکەکانی وەک هێلکە، شیر و مۆزدا هەیە. تەواوکەری بایۆتین بۆ ئەو کەسانە بەکاردەهێنرێت کە کەمییان هەیە لەم ڤیتامینەدا، لەگەڵ نیشانەکانی وەکو هەڵوەرینی قژ و زوو شکانی نینۆک و حاڵەتەکانی تر.

بایۆتین چییە؟

بە ڤیتامین H یان ڤیتامین B7 ناسراوە، بایۆتین یەکێکە لە ڤیتامینەكانی B، کە یارمەتی جەستە دەدات خۆراک بگۆڕێت بۆ وزە. وشەی بایۆتین لە وشەی یۆنانی کۆن وەرگیراوە کە بە مانای ژیان یان خۆراك دێت. ڤیتامینەکانی B و بەتایبەتی ڤیتامین B7، یارمەتی تەندروستی پێست و قژ و چاو و جگەر و کۆئەندامی دەمارەکانت دەدەن. هەروەها بایۆتین ماددەیەکی خۆراکی گرنگی دووگیانییە، پێویستە بۆ گەشەکردنی کۆرپەلە. زۆربەی خەڵک لە خۆراكی تەندروستەوە بەشی پێویست ڤیتامین H وەردەگرن. زۆرێک لە پسپۆڕان دەڵێن زیادکردنی بایۆتین دەبێتە هۆی ڕێکخستنی شەکری خوێن، هاندانی گەشەی قژ، باشترکردنی تەندروستی پێست و نینۆک، هەروەها یارمەتی دایکانی دووگیان دەدات کە منداڵی تەندروستتریان ببێت.

سوودە تەندروستییەکانی بایۆتین چین؟

١- تەواوکەری بایۆتین بۆ نەخۆشی شەکرە: چەند لێکۆڵینەوەیەک لەسەر مرۆڤ و ئاژەڵەکان باس لەوە دەکەن کە نەخۆشانی شەکرەی جۆری دووەم لەوانەیە سوود لە تەواوکەری ڤیتامین B7 وەربگرن، ئەمەش بەهۆی توانای یارمەتیدانی ڕێکخستنی ئاستی شەکری خوێن و باشترکردنی میتابۆلیزمی گلوکۆز. بەگوێرەی توێژینەوەیەکی تر کە لەسەر ئاژەڵ ئەنجامدراوە، ڤیتامین H هەروەها کاردەکات بۆ ڕێگریکردن لە تێکچوونی گورچیلە لەو کەسانەی کە نەخۆشی شەکرەی جۆری یەکەمی پەیوەست بە ئەنسۆلینیان هەیە. 

٢- بۆ قژ، پێست و نینۆکی تەندروست: ئەو کەسانە زۆر دەگمەنن کە کەمی ڤیتامین B7 یان هەیە، ئەگەر هەبوو، زۆرجار نیشانەکانی هەڵوەرینی قژ یان پەڵەی سووری توێکڵدارن. هەروەها کەمبوونەوەی ئاستی بایۆتین دەبێتە هۆی شکانی نینۆک و تەنکبوونەوەی قژ. هەندێک لە پزیشکان پێشنیاری وەرگرتنی ڤیتامین H لە خۆراکەکەت دەکەن بۆ باشبوونی ئەم حاڵەتانە. 

٣- گەشەکردنی کۆرپەلە: ژنانی دووگیان دەكرێت لە حاڵەتە دەگمەنەكاندا کەمیی بایۆتینیان هەبێت. بۆ باشتربوونی تەندروستی کۆرپەلە، پێویستە خانمانی دووگیان ئەو ڤیتامینانە پێش لەدایکبوون بخۆن کە ڤیتامین B و فۆلیک ئەسیدیان تێدایە. بەڵام ژەمە زۆرەکانی بایۆتین دەتوانێت مەترسیدار بێت بۆ منداڵێکی لەدایک نەبوو. بۆیە نابێت بە ئارەزووی خۆت تەواوکەری ڤیتامین B7  بەبێ ڕەچەتەی پزیشك بەكاربێنیت.

٤- سوودەکانی تری تەندروستی ڤیتامین B7 کە ناوێکی ترە بۆ بایۆتین، بەشێکی گرنگە لە میتابۆلیزمێکی تەندروست و دروستکردنی ئەنزیمە گرنگەکان. زۆرێک لە سیستمەکانی تری لەش سوود لە ڤیتامین B7 وەردەگرن، لەوانە دەمارەکان و کۆئەندامی هەرس و خانەکان. هەروەها بایۆتین پێویستە بۆ دروستبوونی ترشە چەوریەکان و گلوکۆز کە بۆ وزە لە جەستەدا بەکاردێت. هەروەها ڤیتامین H لەلایەن جەستەوە بەکاردەهێنرێت بۆ میتابۆلیزمی کاربۆهیدرات و چەوری و ترشە ئەمینییەکان.

سەرچاوە سروشتییەکانی بایۆتین

جگە لە تەواوکەرە دەرمانییەکان، بایۆتین دەتوانرێت لە کۆمەڵێک خۆراکی سروشتیشدا بدۆزرێتەوە، لەوانە:

  • زه‌ردێنه‌ی هێلكه‌
  • گۆشتی ئەندامەکان: جگەر و گورچیلە
  • چەرەسات: بادەم، بستە، پیکان و گوێز
  • کەرە بۆ نمونە کەرەی بستە
  • سۆیا و پاقلەمەنییەكانی تر
  • قەرنابیت
  • دانەوێڵەی تەواو (پوختە نەكراو)
  • مۆز  
  • قارچك

 شێوازەکانی لێنان و گەرمی دەتوانێت ببێتە هۆی ئەوەی بایۆتین کاریگەری نەمێنێت. بۆیە ئەگەر دەکرێت بە کاڵی یان کەمترین دەستكاری بیانخۆن بۆ ئەوەی ئەم خۆراکانە کە ڤیتامین B7 یان تێدایە زۆرترین سودیان لێببینیت.


سەرچاوەکان



548 بینین