ئەلبینیزم چییە؟

له‌لایه‌ن: - بەنان ئەحمەد بەنان ئەحمەد - به‌روار: 2022-12-12-20:34:00 - کۆدی بابەت: 10626
ئەلبینیزم چییە؟

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

ئەلبینیزم چییە؟ (بە ئینگلیزی: ?What is albinism، بە عەرەبی: ما هو المهق؟ئەلبینیزم (Albinism) کۆمەڵێک تێکچوونی بۆماوەییە کە بە کەمی بەرهەمهێنان یاخود بەرهەم نەهێنانی ڕەنگی میلانین دەناسرێت. جۆر و بڕی میلانین کە جەستەت بەرهەمی دەهێنێت، ڕەنگی پێست، قژ و چاوەکانت دیاری دەکات. زۆربەی ئەو کەسانەی تووشی ئەلبینیزم بوون، هەستیاریان بە تیشکی خۆر هەیە و ئەگەری تووشبوونیان بە شێرپەنجەی پێست زیاترە. هەرچەندە ئەلبینیزم هیچ چارەسەرێکی نییە، بەڵام ئەو کەسانەی کە ئەلبینیزمییان هەیە دەتوانن کۆمەڵە کارێک ئەنجام بدەن بۆ پاراستنی پێستیان و باشترکردنی بیناییان. ڕەنگە هەندێک کەسی تووشبوو بە ئەلبینیزم هەست بە تەنیایی بکەن لە کۆمەڵگادا یان هەست بکەن کە جیاوازی لە نێوان ئەوان و کەسانی تری کۆمەڵگادا دەکرێت.

نیشانەکانی ئەلبینیزم

نیشانەکانی ئەلبینیزم بەزۆری لە ڕەنگی پێست، قژ و چاودا دەردەکەوێت. بەڵام هەموو ئەو کەسانەی ئەم ئەلبینیزمیان هەیە تووشی کێشەکانی بینایی دەبن.

پێست

هەرچەندە ناسراوترین جۆری ئەلبینیزم قژی سپی و پێستی پەمەییە، بەڵام ڕەنگی پێست دەتوانێت لە سپییەوە بگۆڕێت بۆ قاوەیی، هەروەها دەکرێت بە نزیکەیی هەمان شێوەی پێستی دایک، باوک، خوشک و برایەکی بێت کە ئەلبینیزمیان نییە. بۆ هەندێک کەس کە تووشی ئەلبینیزم بوون، ڕەنگی پێست هەرگیز ناگۆڕێت. بۆ هەندێکی تر لەوانەیە بەرهەمهێنانی میلانین لە کاتی منداڵی یان هەرزەکارییدا دەست پێبکات یان زیاد بکات، لە ئەنجامدا گۆڕانکارییەکی کەم لە ڕەنگی پێستدا ڕوودەدات. ڕەنگە هەندێک کەس بە بەرکەوتنیان بە تیشکی خۆر تووشی ئەم ئاڵۆزییانەی خوارەوە ببن:

  • پەڵە
  • خاڵی بێڕەنگ یان ڕەنگدار
  • پەڵەی گەورەی هاوشێوەی خاڵ
  • بڕۆنزی بوونی پێست

قژ

ڕەنگی قژ دەکرێت لە زۆر سپییەوە بگۆڕێت بۆ قاوەیی. ئەو کەسانەی کە بە ڕەچەڵەک ئەفریقی یان ئاسیایین و تووشی ئەلبینیزم بوون، ڕەنگە قژیان زەرد، سوور، یان قاوەیی بێت. هەروەها ڕەنگە لە سەرەتای تەمەنی باڵغبووندا ڕەنگی قژ تۆختر بێت.

ڕەنگی چاو

ڕەنگی چاو دەکرێت لە شینێکی زۆر کاڵەوە تا قاوەیی بێت و ڕەنگە لەگەڵ تەمەندا بگۆڕێت. نەبوونی ڕەنگ لە بەشی ڕەنگی چاو لە گلێنەی چاودا وا دەکات تا ڕادەیەک بەشێکی ڕوون بێت. ئەمەش بەو مانایەیە کە گلێنەی چاو ناتوانێت بە تەواوی ڕێگری بکات لە چوونە ژوورەوەی ڕووناکی بۆ چاو. بەهۆی ئەمەوە ڕەنگە هەندێک جار ئەو چاوانەی ڕەنگیان کاڵە لە ڕووناکیدا سوور دەربکەون. ئەمەش لەبەر ئەوەیە کە تۆ ڕوناکییەک دەبینیت کە لە پشتی چاوەوە گەڕاوەتەوە و دیسان بە گلێنەی چاودا تێپەڕیوەتەوە. ئەمە هاوشێوەی سوور بوونی چاوە کاتێک فلاشی لێدەدەیت لە کاتی وێنەگرتندا.

بینایی ئەو کەسانەی کە تووشی ئەلبینیزم بوون

بەبێ گوێدانە ئەوەی کام جین کەموکوڕی تێدایە، تێکچوونی بینین تایبەتمەندییەکی باوی هەموو جۆرەکانی ئەلبینیزمە. ئەم تێکچوونانە بەهۆی گەشەی ناڕێکی ڕێڕەوی دەماری چاو لە چاوەوە بۆ مێشک و گەشەی نائاسایی تۆڕی چاو دروست دەبێت.

نیشانەکانی ئەلبینیزم کە پەیوەندییان بە کارکردنی چاوەوە هەیە بریتین لە:

  • جوڵەی خێرا و لائیرادی چاوەکان بۆ پێشەوە و دواوە (nystagmus).
  • بێ توانایی لە چڕکردنەوەی چاوەکان لەسەر خاڵێک یان هەماهەنگیان لە جوڵەدا (strabismus).
  • نزیکبینی یان دووربینی.
  • هەستیاری بە ڕووناکی.
  • کێشکردنی نائاسایی ڕووی پێشەوەی چاو یان عەدەسەی ناو چاو (astigmatism) کە دەبێتە هۆی کاڵبوونەوەی بینین.

جۆرەکانی ئەلبینیزم

- Oculocutaneous albinism: باوترین جۆری ئەلبینیزمە. ئەو کەسانەی کە تووشی OCA بوون قژ و پێست و چاویان لەڕادەبەدەر کاڵ دەبێتەوە. حەوت جۆری جیاوازی OCA هەیە، بەهۆی گۆڕانکاری لە یەکێک لە حەوت جینەکەدا دروست دەبێت (OCA1 بۆ OCA7).

- Ocular albinism: زۆر کەمترە لە OCA و تەنها چاوەکان دەگرێتەوە. ئەو کەسانەی کە OA یان هەیە بەزۆری چاویان شینە. هەندێک جار ڕەنگی چاوەکە زۆر کاڵ دەبێت، بۆیە ڕەنگە چاو سوور یان پەمەیی دەردەکەوێت و بەزۆری ڕەنگی پێست و قژ ئاساییە.

- Hermansky-Pudlak syndrome: جۆرێکە لە ئەلبینزم کە بریتیە لە OCA لەگەڵ تێکچوونی خوێن، کێشەی سووربوونەوە و نەخۆشیی سییەکان، گورچیلە یان ڕیخۆڵە.

- Chediak-Higashi syndrome: جۆرێکە لە ئەلبینیزم کە جۆرێک لە OCA لەخۆ دەگرێت لەگەڵ کێشەکانی بەرگری و دەمار.

هۆکارەکانی تووشبوون بە ئەلبینیزم

ئەلبینیزم بەهۆی گۆڕانکاری لە چەند جینێکدا دروستدەبێت. هەریەکێک لەم جینانە بەرپرسە لە دروستکردنی یەکێک لە چەند پرۆتینێک کە بەشدارن لە بەرهەمهێنانی میلانین. میلانین لە لایەن ئەو خانانەوە بەرهەم دێت کە پێیان دەوترێت میلانۆسایت (Melanocyte)، کە لە پێست و چاودا هەیە. گۆڕانێک لەوانەیە ببێتە هۆی نەبوونی میلانین یان کەمبوونەوەی بەرچاو لە ڕێژەکەی.

چ کێشەیەک بەهۆی ئەلبینیزمەوە ڕوودەدات؟

ئەو کەسانەی کە ئەلبینیزمیان هەیە لەوانەیە تووشی یەکێک لەم کێشانەی خوارەوە ببن:

- کێشەکانی پێست: بەهۆی ڕەنگی پێستیانەوە، ئەو کەسانەی تووشی ئەلبینیزم بوون، ئەگەری سووتان بە خۆریان زیاتر دەبێت. هەروەها مەترسی تووشبوونیان بە شێرپەنجەی پێست زیاترە.

- کێشەی بینین: ئەو کەسانەی تووشی ئەلبینیزم بوون لەوانەیە تووشی کوێر بوون ببن، بەڵام بە تێپەڕبوونی کات دەتوانن فێربن سوود لە بیناییان وەربگرن و ڕەنگە هەندێک کەس بتوانن کێشەکانی دووربینی یان نزیکبینی بە چاویلکە یاخود بە ڕێگای تر چارەسەر بکەن. 

- کێشە کۆمەڵایەتییەکان: کاردانەوەی خەڵک لە بینینی ئەو کەسانەی کە تووشی ئەلبینیزم بوون زۆرجار کاریگەری خراپی لەسەر ئەو کەسانە دەبێت کە ئەم نەخۆشییەیان هەیە. ڕەنگە ببێتە هۆی دابڕانی کۆمەڵایەتی، نەبوونی متمانە و فشار.

چارەسەری ئەلبینیزم چییە؟

ئەلبینیزم چارەسەری نییە. دەبێت بە هۆشیارییەوە خۆت لە تیشکی خۆر بپارێزیت. دەتوانیت پێست، قژ و چاوەکانت بەم شێوەیە بپارێزیت:

  • دوورکەوتنەوە لە تیشکی خۆر.
  • لە چاوکردنی چاویلکەی خۆر.
  • کڵاو لەسەر کردن.
  • بەکارهێنانی دژەخۆر بە بەردەوامی.
  • لە ئەگەری بوونی خێلیی چاو (Strabismus)، لەوانەیە بە نەشتەرگەری چارەسەر بکرێت.

ئایا دەتوانرێت ڕێگری لە ئەلبینیزم بکرێت؟

ئەلبینیزم حاڵەتێکی بۆماوەییە. ئەو کەسانەی کە مێژووی خێزانەکەیان تووشبووی ئەلبینیزمی تێدایە، پێویستە بیر لە ڕاوێژکاری بۆماوەیی بکەنەوە.


سەرچاوەکان



374 بینین