چۆن ببین بە كەسێكی پڕ وزە لە بەیانیاندا؟

له‌لایه‌ن: - بەنان ئەحمەد بەنان ئەحمەد - به‌روار: 2023-01-03-21:21:00 - کۆدی بابەت: 10836
چۆن ببین بە كەسێكی پڕ وزە لە بەیانیاندا؟

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

چۆن ببین بە كەسێكی پڕ وزە لە بەیانیاندا؟ (بە ئینگلیزی: ?How to become an energetic person in the morning، بە عەرەبی: كيف تصبح شخص نشيط في الصباح؟چۆن بەیانیان پڕ وزە بین و ڕۆژێکی خۆش دەست پێبکەین؟ پڕ وزە بوون لە بەیانیاندا چەند تەکنیکێکی هەیە کە ئەگەر پەیڕەوی لێبکەیت بەیانییەکی پڕ لە وزە ئەزموون دەکەیت. بێ گوێدانە ئەوەی کە شەوانە چەندە خەوتوویت، ئەگەر كەسێك نەبیت كە بەیانیان زوو لە خەو هەڵبسیت، ئەوەی كە بەیانیان بە پڕ وزەوە لە خەو هەڵسیت وەک ئەفسانەیەکە.

بۆچی بەیانیان پڕ وزە نیم؟

وەڵامی ئەو پرسیارەی کە بۆچی بەیانیان پڕ وزە نیم، پەیوەستە بە بابەتی جۆراوجۆرەوە، واتە چەندین هۆکار هەن کە دەبنە هۆی هەستکردنت بە بێهێزی لە بەیانیاندا. بۆ نموونە:

  • خەوی خراپ لە شەودا
  • خۆراكی نەگونجاو
  • ڕۆتینی هەڵەی بەیانیان
  • بیرکردنەوە نەرێنییەکان 
  • بێ بەرنامەیی
  • ژینگەیەکی نەگونجاو

هەروەها زۆر حاڵەتی تریش دەتوانن وەڵامی ئەو پرسیارە بن کە هۆکاری بێهێزی بەیانیان چییە.

چۆن بەیانیان پڕ وزە بین؟

لەم بەشەی خوارەوەدا باسی ئەو شێوازانە دەکەین کە ئەگەر نزیکەی یەك مانگ ئەنجامی بدەیت ئەنجامێکی نایاب بەدەست دەهێنیت. لەڕاستیدا بەدەستهێنانی ئەو وزەیە لە بەیانیاندا پێویستی بە ڕاهێنان هەیە کە دەتوانیت فێری بیت.

١. واز لە خەوتنەوە بهێنە

ئەگەر دەتەوێت بەیانیان پڕ وزە لە خەو هەڵسیت، دەست بە دوگمەی دواخستن مەنێ و یەکسەر لە خەو هەڵسە، ئەمە نەک هەر بەیانیان کاتێکی زیاترت پێدەبەخشێت، بەڵکوو ڕێگری دەکات لە بێزارکردنی خۆت بۆ خەوێك كە ئیتر مۆڵەتت پێنادرێت بگەڕێیتەوە بۆی. بۆیە ئەگەر بەردەوام پرسیار دەکەیت کە چۆن بەیانیان پڕ وزە بیت، دەکرێت ئەم تەکنیکە سوودبەخش و یارمەتیدەر بێت.

٢. کاتێک لە خەو هەڵدەستیت یەکسەر لە جێگاکەت وەرە دەرەوە

هەموومان ئەم کارە دەکەین کە لانیکەم دە خولەک لە ژێر جێگادا دەمێنینەوە و بیر لە ئەو خەونانەی دیومانە لەگەڵ پلانەکانمان بۆ ئەو ڕۆژە دەكەینەوە، بەڵام تا زیاتر لەسەر جێگاكەت پاڵ بکەویت، زیاتر حەز دەکەیت لە هەمان شوێن بمێنیتەوە. هەستانەوە لە جێگاکەت وا دەکات چیتر حەز نەکەیت بەبێ دەسەڵاتی لە جێگادا بمێنیتەوە. بۆیە بۆ ئەوەی بەیانیان پڕ لە وزە لە خەو هەڵسن، پێویستە دەستبەجێ لە جێگاكەت بێیتە دەرەوە.

٣. هەوڵبدە بەیانی زوو کافایین بخۆیتەوە

وزە هەمیشە بەشێوەیەکی سروشتی بوونی نییە، بەڵام ئەگەر بتەوێت بەیانییان بە وزەوە لە خەو هەڵسیت، خواردنەوەی کافایین دەتوانێت ئەو وزەیەت پێبدات. ئەم تەکنیکە زۆر بەسوودە بۆ پڕ وزەیی لە بەیانیاندا، بەڵام پێویستە چێژ لە خواردنەوەی قاوە وەربگریت، نەک بە ناچاری بیخۆیتەوە.

٤. پێویستە لە سەرەتای بەیانیدا نانی بەیانی بخۆیت  

ئایا تۆ یەکێکیت لەو کەسانەی کە دەڵێن بەیانیان برسییان نییە؟ ئەم حاڵەتە وادەكات کە ئارەزووی خواردنی نانی بەیانیت بەبڕی پێویست نەبێت، لە كاتێكدا جەستەت پێویستی پێیەتی. خۆراک وزەیە و تا ئەو کاتەی ئەو وزەیە بە جەستەت بدەیت، بە دڵنیاییەوە بەیانییەكی پڕ وزەتر دەبێت. کەواتە، پێویستە نانی بەیانی بخۆیت بۆ ئەوەی جەستەت وزەی پێویستی هەبێت بۆ بەردەوامبوون لە ڕۆژەکە.

٥. خواردنی هەندێک کاربۆهیدرات لە شەودا

یەکێک لە ڕێگاکانی پڕ وزە بوون لە بەیانیاندا ئەوەیە کە شەوانە لەگەڵ ژەمی ئێوارەدا هەندێک کاربۆهیدرات بخۆیت. خواردنی قاپێک سوپی جۆ یان هاوشێوەکانی پێش خەوتن نەک تەنها خەوێکی باشترت پێدەبەخشێت، بەڵکو یارمەتیت دەدات لە بەیانیاندا بە وزەیەكی زیاتر لە خەو هەڵسیت. چونکە خۆراکی ناو گەدەت وردە وردە وزە دەردەدات، وزەیەک كە تا بەیانی دەمێنێتەوە. كەواتە، ئەمە ڕێگەیەکی باشە بۆ ئەوەی بەیانیان بە وزەوە لە خەو هەڵسیت.

٦. بەرەنگاربوونەوەی ماندوێتی بە وەرزشکردن بەیانیاندا

کاتێک بەیانیان بە ماندوویی لە خەو هەڵدەستیت، دوا شت كە بە مێشکتدا بێت وەرزشکردنە. لە کاتێکدا مانەوەی کاتژمێرێکی زیادە لە جێگادا ڕەنگە وەک باشترین چارەسەر دەربکەوێت، بەڵام لە ڕاستیدا وەرزشکردن وا دەکات بەیانیان بە وزەوە لە خەو هەڵسیت. جوڵاندنی لەش دەبێتە هۆی نەهێشتنی ماندوێتی بەیانیان. جگە لەوەش ئەو ئەندۆرفینەی کە لە چالاکیی جەستەیی دەردەچێت، بە دڵنیاییەوە دەتخاتە دۆخێکی دەروونی باشترەوە.

٧. هۆکارێکت هەبێت بۆ بەئاگابوونەوە

ئەگەر هیچ پلانێكت بۆ ڕۆژەکەت نەبێت، ئەم حاڵەتە دەكرێت ببێتە هۆی تەمەڵی. ئەگەر هیچ شتێکت نەبێت بیکەیت، ئەوا پێویستت بە وزە نابێت و بە ئەگەرێکی زۆرەوە حەزەكەیت بخەویت. تەنانەت ئەگەر لە ماڵەوە دەرچوونێك بێت و تەنها چەند هەناسەیەکی قووڵ لە هەوای پاکدا هەڵمژیت، ئەوە وا دەکات بەیانیان بە وزەوە لە خەو هەڵسیت.

٨. تێڕامان ئەنجام بدە

تێڕامان (Meditation) هۆشیاری زەینی لە تۆدا بەئاگا دەهێنێتەوە. ئەگەر پرسیار دەکەیت کە چۆن بەیانیان پڕ وزە بیت، باشتر وایە دوای لە خەو هەڵسان و ئەنجامدانی هەندێک چالاکیی جەستەیی بەشێوەیەكی ڕێكخراو تێڕامان ئەنجام بدەیت. بەم کارە خۆت لە بیرکردنەوە نەرێنییەکان بەدوور دەگریت و وزەی ڕاستەقینە بەدەست دەهێنیت. زۆربەی کەسە سەرکەوتووەکان ئەم تەکنیکە سادەیە بەکاردەهێنن بۆ ئەوەی بەیانیان بە وزەوە لە خەو هەڵسن.

٩. بەیانیان تەنها سەرنجت لەسەر خواستەکانت بێت

زۆر کەس، هەر کە لە خەو هەڵدەستن، بیر لەو شتانە دەکەنەوە کە نایانەوێت لە ژیانیاندا ڕوو بدەن. واتە سەرنجیان لەسەر ئەوانەیە كە نایانەوێت، ئەم كارەش دەبێتە هۆی ئەوەی كە وزەیەکی زۆری مێشکت لێ ببات و ڕۆژەکەت بە باشی دەست پێنەکات! بۆیە لەبیرت بێت، یەکێک لە ڕێگاکانی پڕ وزە بوون لە بەیانیان و سەرەتای ڕۆژدا ئەوەیە کە سەرنجت لەسەر ئارەزووەکانت بێت نەک ئەو شتانەی ناتەوێن و حاڵت خراپ دەكەن. بێگومان ئەمە پێویستی بە مەشق و ڕاهێنان هەیە، بەڵام بە تێپەڕبوونی کات باشتر و باشتر دەبیت لەو کارەدا.

١٠. لە شەودا پلان بۆ ڕۆژی دواتر دابنێ

ئەمە بە کەم مەزانە، هەبوونی پلان مێشکت ڕێکدەخات و یارمەتیت دەدات کەمتر تووشی فشاری دەروونی ببیت لە سەرەتای بەیانیاندا. هەرچەندە لە مێشکتدا بزانیت سبەی دەبێت چی بکەیت، بەڵام بۆ ئەوەی پڕ وزە بیت، پێویستە سەرەتا خشتەی ڕۆژانەت بنووسیت. گرنگ ئەوەیە شەوی پێشتر ئامانجەکانی سبەینێ بنووسیت بۆ ئەوەی بە تەواوی بزانیت چی دەکەیت، ئەم تەکنیکە کاریگەرییەکی زۆری هەیە لەسەر پڕ وزە بوون لە بەیانیان زوودا.


سەرچاوەکان



296 بینین