لیمۆ بەسڕە

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2023-01-08-22:32:00 - کۆدی بابەت: 10855
لیمۆ بەسڕە

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

لیمۆ بەسرە، لیمۆی بەسرایی، یان لیمۆی وشک یاخود لیمۆی ڕەش (بە عەرەبی: نومي بصرة، ليمون المجفف، ليمون ٲسود، بە ئینگلیزی: Dried lime) جۆرە بەهاراتێکی ڕۆژهەڵاتییە و لە زۆرێک لە خوانەکانی ڕۆژهەڵات بە تایبەتی خوانی عێراقی و ئێرانی بەکاردەهێنرێت.

لیمۆی وشک لە مزرەمەنییەکانە و لە ناوچەکانی دەریای سپی ناوەڕاست و ئاسیا بەرهەم دەهێنرێت و نشینگەکەی دەگەڕێتەوە بۆ هەردوو وڵاتی هیندستان و عوممان. تۆوی لیمۆی وشک جیاوازە لە تۆوی لیمۆی ئاسایی بە جیا دەچێندرێت، لیمۆی ڕەش هەر لە ڕەگەزی مزرەمەنییەکان هەژمار دەکرێت و گەڵای دارەکەی تاڕادەیەک هاوشێوەی گەڵای دار پرتەقاڵە و زۆر بە ئاسانی بەشێوەی تۆو دەچێندرێت، بەڵام لەسەرەتای ناشتنی بۆ ماوەی پێنج ساڵ بەری نابێت، دوای ماوەی پێنج ساڵ بە خێرایی گەشە دەکات و بەر دەگرێت و بەرەکەی بەپێی جۆرەکە ڕەنگێکی ڕەشی تێر یان ڕەنگێکی سەوزی تۆخی هەیە. دوای لێکردنەوەی بەرەکەی پێویستە وشک بکرێتەوە. تامی لیمۆی وشک جیاوازە لە تامی لیمۆی ئاسایی، لیمۆی وشک تامێکی تیژ و بەهێزی هەیە و لەهەمان کاتدا خاوەن تامێکی نیمچە ترشی مەیلەو تاڵە، تامی تاڵییەکەی بە تایبەتی لە توێکڵەکەیدا چڕ بووەتەوە. لیمۆی وشک هەمان بەهای خۆراکی لیمۆی ئاسایی هەیە و دەوڵەمەندە بە ڤیتامین و دژە ئۆکسێن و کانزای هەمەجۆر، بەڵام بەهۆی پرۆسەی کوڵاندن و وشکردنەوەی بەشێک لە سوود و بەها خۆراکییەکەی لەدەست دەدات.

ڕێگاکانی وشکردنەوەی لیمۆ بەسرە

ڕێگای یەکەم

ئەگەر بەرەکە لەسەر دارەکە وشک ببیتەوە ڕەنگێکی بێجی پەیدا دەکات، پاشان دواتر ڕەنگێکی قاوەیی تۆخ وەردەگرێت، تامێکی بەهێزی مەیلەو تاڵی دەبێت کە لە کاتی بەکارهێنانیدا لە چێشتلێنان تامی تیژی و تاڵییەکەی دەردەکەوێت، ئەو لیمۆیەی کە بەم جۆرە وشککراوەتەوە لە ناوەوە ڕەنگی ڕەشێکی بریقەدار وەردەگرێت و توێکڵەکەی ڕەقە.

ڕێگای دووەم

دوای لێکردنەوەی بەری لیمۆکان لە دارەکەی، لە ئاو و خوێدا بۆ ماوەی پێنج خولەک دەکوڵێندرێت، پاشان بەڕاخستنی لەبەر خۆر وشک دەکرێنەوە و بۆ ماوەی چەند هەفتەیەک لەبەر خۆری گەرمدا دەمێننەوە، ڕەنگی ئەو لیمۆیەی کە بەم جۆرە وشک کراوەتەوە لە دەرەوە ڕەش و وشک و ناسک دەبێت و هەموو تاڵییەکەی لە دەست دەدات، ئەم جۆری وشکردنەویە زۆر باو و بڵاوە و لە زۆر ناوچە هەر ئەم ڕێگایە بۆ بەرهەمهێنانی لیمۆی وشک بەکاردەهێنرێت.

هۆکاری ناونانی بە لیمۆ بەسرە

لیمۆی وشک ناسراوە بە لیمۆ بەسرە یان لیمۆی بەسرایی، لە ڕابردوودا لە عوممان و هیندستانەوە ڕەوانەی مینای بەسرە کراوە، هەر لە شاری بەسرەوە بە هەموو عێراق و زۆرێک لە ناوچە عەرەبییەکان بڵاوبووەتەوە و لەو شارەوە لیمۆی وشک ڕەوانەی زۆرێک لە ناوچەکان دەکرا، بۆیە بە لیمۆ بەسرە ناوی دەرکرد و بڵاوبووەوە.

بەکارهێنانی لیمۆ بەسرە

لە زۆرێک لە خواردن و خوانەکانی ڕۆژهەڵات لیمۆ بەسرە وەکوو بەهارات بۆ تام خۆشکردنی خواردن بەکاردەهێنرێت، لە دروستکردنی سوپ و شۆربا لەگەڵ خوانەکانی گۆشت و مریشک و برنج و بریانی بەبڕی دیاریکراو بەکاردەهێنرێت. بەشێوەی کوتراو و تۆز بەردەستە هەروەها بە ساغییش بەکاردەهێنرێت، تامێکی تاڵی مزری مەیلەوترش دەبەخشێتە خوانەکان. دەتوانرێت بهاڕدرێت و بکوڵێندرێت وەکوو چای گەرم سوودی لێ ببینرێت، هەروەها وەکوو شەربەتیش دەتوانرێت بە ساردی سوود لە گیراوەکەی ببینرێت، دەکرێت شەکر یان هەنگوین بۆ چای و شەربەتی لیمۆی ڕەش زیاد بکرێت و تامی تاڵییەکەی ناهێڵێت. چای و شەربەتی لیمۆی وشک بە زۆری لە ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق بەربڵاون.

سوودەکانی لیمۆ بەسرە

کەمکردنەوەی مەترسی نەخۆشییەکانی دڵ

لیمۆی ڕەش چەندین ماددەی خۆراکی گرنگی تێدایە بۆ تەندروستی دڵ زۆر بەسوودن، گرنگترینیان بوونی ماددەی پۆتاسیۆمە کە زۆر پێویستە بۆ کارکردنی ماسولکەی دڵ و بەهێزکردنی لەگەڵ ڕێکخستنی جووڵەی خوێن لە لەشدا، هەروەها یارمەتی کەمکردنەوەی پەستانی خوێن و ڕێژەی کۆلیسترۆلی بەرزی زیانبەخش دەدات.

سیستمی هەرسکردن دەپارێزێت و بەهێزی دەکات

یەکێک لە سوودەکانی لیمۆی ڕەش ئەوەیە کە لە چارەسەرکردنی سکچوون و هەندێک کێشەی هەرسی جیاوازدا بەکاردەهێنرێت، بەگشتی سوودی گرنگی بۆ کۆئەندامی هەرس هەیە و یارمەتی پاککردنەوەی دەدات، دژی قەبزییە و ئارەزووی خواردن زیاد دەکات. تەنانەت سوودی بۆ جگەر و ڕیخۆڵەکانیش هەیە.

کۆئەندامی بەرگری لەش بەهێز دەکات

لیمۆی ڕەش لەشی مرۆڤ لە ژەهر و میکرۆب  پاکدەکاتەوە، لە پێکهاتەی لیمۆی ڕەشدا ڤیتامین سی و دژە ئۆکسێن هەیە کە بە تایبەتی کاری سیستمی بەرگری لەش دژی میکرۆب بەهێز دەکەن.

بەسوودە بۆ ئەو ژنانەی تازە منداڵیان بووە

بەهۆی پێکهاتەی خۆراکییەوە لەگەڵ دەوڵەمەندی بە ڤیتامینە هەمەجۆرەکان، زۆرجار بۆ ئەو خانمانەی کە تازە منداڵیان بووە وەکوو چای یان وەکوو شەربەت لەگەڵ هەنگوین تێکەڵ دەکرێت و بەکاردەهێنرێت و سوودی زۆری بۆیان هەیە.

زیانەکانی لیمۆ بەسرە

لیمۆی ڕەش لە زۆر ژەمی خواردندا بەکاردەهێنرێت، بەڵام بەبڕی کەم و سنووردار چونکە تامەکەی بەهێز و تیژە، ئەگەر بەبڕێکی زۆری زیاد لە پێویست بەکاربهێنرێت و زیادەڕۆیی لە خواردنی بکرێت زۆر زیانبەخش دەبێت، گرنگترین زیانەکانی بریتیین لە:

  • زۆر کەس پێیان وایە ئەگەر گیراوەی لیمۆی ڕەش لە بەیانیان پێش خوانی بەیانی و لەسەر گەدەی بەتاڵ بخۆنەوە ئەوە سوودی تەندروستییان پێدەگەیەنێت، بەڵام بە پێچەوانەوە کێشە بۆ کۆئەندامی هەرس دروست دەکات و دەبێتە هۆی دڵەکزە و سووتانەوەی گەدە و زیان بە گەدە و گەروو دەگەیەنێت.
  • خانمانی دووگیان پێویستە بەبڕێکی سنووردار لیمۆ بەسرە بەکاربهێنن، چونکە زیادەڕەوی کردن لە بەکارهێنانی دەبێتە هۆی زیان گەیاندن بە کۆئەندامی هەرس و دروستبوونی دڵەکزە.
  • چەند جۆرێک دەرمان هەیە کارلێک دەکات لەگەڵ لیمۆی وشک و کاریگەرییان کەم دەکاتەوە، نموونەی ئەو دەرمانانەی کە جگەر گۆڕانکاریی کیمیاییان بەسەردا دەهێنێت تاکوو لە لەشدا کار بکەن، نموونەی دەرمانی (Lovastatin) و (Ketoconazole).
  • ئەو کەسانەی هەستیارییان بە مزرەمەنییەکان هەیە، پێویستە ئاگاداربن لەکاتی خواردنی لیمۆی وشک دڵنیابن کە هەستیارییان نییە.


سەرچاوەکان



632 بینین