لویزیانا

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر سازگار عومەر - به‌روار: 2023-01-18-21:48:00 - کۆدی بابەت: 10926
لویزیانا

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ویلایەتی لویزیانا (بە ئینگلیزی: Louisiana، بە فەڕەنسی: La Louisiane، بە عەرەبی: لويزيانا)، ویلایەتێکە لە ناوچەکانی باشووری قووڵ و باشووری ناوەڕاستی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا. لەڕووی ڕووبەرەوە ٢٠ـەم بچووکترین ویلایەتی ئەمریکا و لە ٢٥ـەم قەرەباڵغترین ویلایەتی نێو هەر ٥٠ ویلایەتەکەی ئەمریکایە. لویزیانا لە ڕۆژاوا لەگەڵ ویلایەتی تەکساس، لە باکوورەوە لەگەڵ ویلایەتی ئارکانساس، لە ڕۆژهەڵاتەوە لەگەڵ ویلایەتی میسیسیپی و لە باشوورەوە لەگەڵ کەنداوی مەکسیک هاوسنوورە. بەشێکی زۆری سنووری ڕۆژهەڵاتی ویلایەتەکە بە ڕووباری میسیسیپی دیاری کراوە. پایتەختی ویلایەتەکە شاری باتۆن ڕۆج (Baton Rouge)ـە و گەورەترین شاری نیو ئۆرلینزە کە ژمارەی دانیشتووانەکەی نزیکەی ٣٨٣ هەزار کەسە. ئەم ویلایەتە لە ٣٠ـی نیسانی ١٨١٢ـدا وەکوو ١٨ـەیەم ویلایەتی ئەمریکا دانیپێدانرا.

بە پشتبەستن بە تێکڕای نیشتیمانی، لویزیانا زۆرجار لە نێو ویلایەتەکانی ئەمریکادا لە پێوەرەکانی تەندروستی، پەروەردە و گەشەپێداندا لە نزمترین پلە و لە پێوەرەکانی هەژاریدا لە بەرزترین پلەدا پلەبەند دەکرێت. لە ساڵی ٢٠١٨ـدا ویلایەتەکە وەک ناتەندروستترین ویلایەتی وڵات ڕیزبەندی کرا و ڕێژەی مردنی تاکەکانی بەهۆی ماددە هۆشبەرەکانەوە زۆر بەرز بوو. هەروەها لە ساڵانی نەوەدەکانەوە بەرزترین ڕێژەی کوشتنی تێدا تۆمارکراوە.

لەڕووی دیمۆگرافییەوە

دانیشتووان

ویلایەتی لویزیانا لە دوای ویلایەتی تەکساسەوە دووەم قەرەباڵغترین ویلایەتی باشووری ناوەڕاستی ئەمریکایە. دانیشتووانی ویلایەتەکە لە باشووری لویزیانا ڕوو لە زیادبوونە بەڵام لە ناوەڕاست و باکووری لویزیانا ڕوو لە کەمبوونە. ژمارەی دانیشتووانی ویلایەتەکە لە ساڵی ١٨١٠ـدا ٧٦٫٥٥٦ کەس بوو، ئەم ژمارەیە لە سەرژمێری ساڵی ٢٠١٠ـی ئەمریکادا گەشتە ٤٫٥٣٣٫٣٧٢ کەس. پاشان و لە ساڵی ٢٠١٩ـدا نووسینگەی سەرژمێری ئەمریکا ژمارەی دانیشتووانی ویلایەتەکەی لە ١ـی تەممووزی ٢٠١٩ـدا بە ٤٫٦٤٨٫٧٩٤ کەس مەزندەکرد، ئەم ژمارەیەش بە بەراورد بە ژمارەی دانیشتووان لە سەرژمێری ساڵی ٢٠١٠ـی ئەمریکا بە ڕێژەی ٢٫٥٥٪ زیادی کردووە. دواتر لە سەرژمێری ساڵی ٢٠٢٠ـی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا، ژمارەی دانیشتووانی دابەشکراوی ویلایەتی لویزیانا گەشتە ٤٫٦٦١٫٤٦٨ کەس. گەشەی دانیشتووانی ویلایەتەکە لە ساڵی ٢٠٠٠ بۆ ٢٠١٠ـدا بە ڕێژەی ١٫٤٪ بوو. بەپێی نوێترین ACS، پێکهاتە ڕەگەزییەکانی ویلایەتەکە بریتی بوون لە:

  • سپی پێست: ٦١٫٢٥٪
  • ڕەش پێست یان ئەفریقیی ئەمریکی: ٣٢٫١٧٪
  • ئەوانەی دوو نەتەوە یان زیاتریان هەیە: ٢٫٦٩٪
  • ئاسیایی: ١٫٧٣٪
  • ڕەگەزەکانی تر: ١٫٥٦٪
  • ئەمریکی ڕەسەن: ٠٫٥٦٪
  • هاوایی ڕەسەن یان دوورگەنشینی زەریای هێمن: ٠٫٠٤٪

ڕێژەیەکی زۆری ئەمریکییە ئەفریقییەکان لە ویلایەتەکەدا چڕبوونەتەوە کە زیاتر ٣٢٪ـی دانیشتووانی لویزیانا پێک دەهێنن. گرووپە ڕەچەڵەکییەکانی تری ویلایەتەکە بریتین لە:

  • فەڕەنسی: ١٦٫٨٪
  • ئەمریکی: ٩٫٥٪
  • ئەڵمانی: ٨٫٣٪
  • ئێرلەندی: ٧٫٥٪
  • ئینگلیز: ٦٫٦٪
  • ئیتاڵی: ٤٫٨٪

شوێنی لەدایکبوون

٩٦٪ـی دانیشتووانی ویلایەتی لویزیانا لە ئەمریکا لەدایکبوون و لەو ڕێژەیەش ٧٨٫١٢٪ـیان لە لویزیانا لەدایکبوون. لە کاتێکدا ٢٫٤٣٪ـی دانیشتووانی ویلایەتەکە هاوڵاتی ئەمریکی نین، زۆرترین ڕێژەی ئەو دانیشتووانانەشی کە لە ویلایەتە یەکگرتووەکان لەدایک نەبوون خەڵکی ئەمریکای لاتینن.

بەپێی ئامارەکانی کۆچبەری لە ساڵی ٢٠١٨ـدا نزیکەی لە سەدا چواری خەڵکی لویزیانا کۆچبەر بوون، لەگەڵ ئەوەشدا لە سەدا چواری تری دانیشتووان هاووڵاتی ئەمریکی ڕەسەن بوون کە لانیکەم یەکێک لە دایک یان باوکیان کۆچبەر بوون. زۆربەی کۆچبەرانی لویزیانی کە بە ڕێژەی ١٦٪ـی کۆچبەرانی ویلایەتەکە لە مەکسیکەوە هاتوون، بەدوای ئەویشدا ھیندوراس دێت کە ١٥٪، ڤێتنام ١٠٪، فلیپین ٥٪ و گواتیمالا ٤٪ـی کۆچبەران پێکدەهێنن.

ڕووبەر و چڕی دانیشتووان

ڕووبەری ویلایەتەکە ١٣٥٫٣٨٢ کیلۆمەتر دووجایە، لەو ژمارەیەش ١١٢٫٩٢٧ کیلۆمەتر دووجای وشکانی و ٢١٫٤٥٥ کیلۆمەتر دووجای کە دەکاتە ١٥٪ تەواوی ڕووبەرەکەی ئاوییە. جگە لەوەش، چڕی دانیشتووانی ئەم ویلایەتە لە ساڵی ٢٠٢٠ـدا ٤١٫٣ کەس بوو لە هەر کیلۆمەتر دووجایەکدا و لە پلەی ٢٣ـی وڵاتەکەیدا بوو.

زمان

بەپێی سەرژمێری ساڵی ٢٠١٠ـی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ٥٫٤٪ـی دانیشتووانی تەمەن پێنج ساڵ و سەرووتر لە ماڵەوە بە زمانی ئیسپانی قسە دەکەن، ئەم ڕێژەیەش بە بەراورد بە ساڵی ٢٠٠٠ کە ٣٫٥٪ بوو زیادی کردووە؛ لەگەڵ ئەوەشدا ٤٫٥٪ـی دانیشتووان بە زمانی فەڕەنسی قسەیان دەکرد و بەبەراورد بە ساڵی ٢٠٠٠ کە ٤٫٨٪ بوو دابەزیوە. زمانە بەکارهێنراوەکانی دانیشتووانی ویلایەتەکە لە ساڵی ٢٠١٠ـدا بەم شێوەیە بوو:

  • ئینگلیزی: ٩١٫٢٦٪
  • فەڕەنسی: ٣٫٤٥٪
  • ئیسپانی: ٣٫٣٠٪
  • ڤێتنامی: ٠٫٥٩٪

تەمەن و ڕەگەز

تەمەنی مامناوەندی دانیشتووانی ویلایەتی لویزیانا ٣٦٫٢ ساڵییە و ڕێژەی مێینەکان کەمێک لە نێرەکان بەرزترە، مێیەکان ٥١٫١٪ـی دانیشتووان پێکدەهێنن لە کاتێکدا نێرەکان ٤٨٫٩٪ـی دانیشتووان پێکدەهێنن.

ئایین

ئایینی سەرەکی دانیشتووانی لویزیانا مەسیحییە و لەلایەن ٨٤٪ـی دانیشتووانی ویلایەتەکەوە دەپەرسترێت، لە کاتێکدا ٢٪ـی دانیشتووان ئایینەکانی تر پەیڕەو دەکەن و ١٣٪ـی دانیشتووان بێ ئایینن.

کەشوهەوا

بەپێی سیستمی پۆلێنکردنی کەشوهەوای کوپن ویلایەتی لویزیانا کەشوهەوایەکی نیمچە خوولگەیی شێداری هەیە. هاوینی درێژ، گەرم و شێدارە و زستانی کورت و مامناوەندە. تایبەتمەندییە نیمچە خوولگەییەکانی ئەم ویلایەتە دەگەڕێتەوە بۆ نزیکی ناوچەکە لە هێڵی ئیستوا، تۆپۆگرافیای نزم و کاریگەری کەنداوی مەکسیک کە ٣٢٠ کیلۆمەتر لە ویلایەتەکەوە دوورە. هەروەها بڕێکی زۆر باران بەدرێژایی ساڵ دەبارێت، مانگی نیسان تا ئەیلول وەرزی بارانە و کەمێک باراناویترە بە بەراورد بە کاتەکانی تری ساڵ.

پلەکانی گەرما لە وەرزی هاوین و لە باشووری لویزیانا بەرزە و تێکڕای پلەی گەرمی لە مانگی حوزەیرانەوە تا مانگی ئەیلول ٣٢ پلەی سەدی یان زیاترە، نزمترین پلەی گەرمی لە کاتەکانی شەودا بە تێکڕایی لە سەرووی ٢١ پلەی سەدیەوەیە. بەڵام پلەکانی گەرما لە وەرزی زستاندا بەگشتی خۆشن، بەرزترین پلەی گەرما ١٩ پلەی سەدیە. هەروها زستانی بەشی باکووری ویلایەتەکە فێنکە و بەرزترین پلەی گەرما بە تێکڕایی ١٥ پلەی سەدیە و نزمترین پلەی گەرمی شەوانە بە تێکڕایی و لە سەرتاسەری ویلایەتەکەدا لە سەرووی پلەی بەستنەوەیە، لە نزیک کەنداو ٨ پلەی سەدی و لە بەشی باکووری ویلایەتەکە ٣ پلەی سەدییه. هەندێکجار لە بەشی باشی باکووری لویزیانا بەرە ساردەکانی باکوور هەڵدەکەن و پلەکانی گەرما بۆ نزیکەی ٧- پلەی سەدی نزم دەکەنەوە بەڵام لە بەشی باشوور بەدەگمەن پلەکانی گەرما دەگەنە ئەو ئاستە. بارینی بەفریش لە ناوچەکانی نزیک کەنداوی مەکسیک دەگمەنە بەڵام پێدەچێت لە ناوچەکانی بەشی باکوور ببارێت. بەرزترین پلەی گەرمی تۆمارکراو ٤٦ پلەی سەدیە کە لە ١٠ـی ئابی ١٩٣٦ـدا تۆمارکرا، لەکاتێکدا نزمترین پلەی گەرمی تۆمارکراو ٢٧- پلەی سەدیە کە لە ١٣ـی شوباتی ١٨٩٩ـدا تۆمارکرا.

لویزیانا زۆرجار کاریگەری گێژەڵووكە خولگەییەکانیان لەسەرە بەتایبەتیش لە ناوچە نزمەکانی دەوروبەر و ناوچەی نیو ئۆرلینز. هەروەها ڕەشەبای بروسکاویش شتێکی باوە لە ناوچەکەدا بەتایبەتیش لە وەرزی هاویندا، ساڵانە لە تەواوی ویلایەتەکەدا بەتێکڕایی زیاتر لە ٦٠ ڕۆژ ڕەشەبای بروسکاویی ناوچەکە دەگرێتەوە کە زیاترە لە هەموو ویلایەتەکانی تری وڵات جگە لە فلۆریدا. هەروەها ساڵانە بە تێکڕایی ٢٧ گەردەلوول هەڵدەکات. گەردەلوولەکان لە مانگی کانوونی دووەم تا مانگی ئازار لە بەشی باشووری ویلایەتەکەدا و لە مانگی شوبات تا مانگی ئازار لە بەشی باکووری ویلایەتەکەدا زیاتر ئەگەری ڕوودانیان هەیە.

ئابووری ویلایەتەکە

دانیشتووانی لویزیانا، بەرهەمە کشتوکاڵییەکان، زۆری نەوت و گازی سروشتی و کۆریدۆری پزیشکی و تەکنەلۆجیای باشووری لویزیانا بەشدارییان لە گەشەسەندن و هەمەچەشنکردنی ئابووری ویلایەتەکەدا کردووە. بەرهەمە کشتوکاڵییە سەرەکییەکانی ویلایەتەکە بریتین لە خواردنە دەریاییەکان، (لویزیانا گەورەترین بەرهەمهێنەری کوللەی دەریایە لە جیهاندا)، لۆکە، پاقلەی سۆیا، ڕەشە وڵاغ، قامیشی شەکر، پەلەوەر و هێلکە، بەرهەمی شیرەمەنی و برنج. لەنێو وزە و پیشەسازییەکانی تری ویلایەتەکەدا، بەرهەمە کیمیاییەکان، بەرهەمە نەوتییەکان و خەڵووز، خۆراکی ناسروشتی یان دەستکرد، ئامێری گواستنەوە و بەرهەمە کاغەزیەکان بەشێکی بەرچاوی GSP (تێکڕای بەرهەمی ناوخۆیی)ـی ویلایەتەکە پێکدەهێنن. هەروەها گەشتیاری و قومارکردن دوو توخمی گرنگی ئابووریی ویلایەتەکەن بەتایبەتی لە نیو ئۆرلینزی گەورە. لە ساڵی ٢٠١٠ تا ٢٠٢٠، تێکڕای بەرهەمی ناوخۆیی ویلایەتی لویزیانا لە ٢١٣٫٦ ملیار دۆلارەوە بۆ ٢٥٣٫٣ ملیار دۆلار زیادی کرد  و لە پلەی ٢٦ـی ئەمریکادا بوو. لە ساڵی ٢٠٢٠ـدا، GSPـی ویلایەتەکە زیاتر بوو لە GDPـی یۆنان، پیرۆ و نیوزلەندا. داهاتی تاکەکانیشی لە ساڵی ٢٠١٤ـدا ٣٠٫٩٥٢ دۆلاری ئەمریکی و لە ڕیزبەندی ٤١ـی ویلایەتەکانی وڵاتدا بوو.


سەرچاوەکان



416 بینین