زەردەچەوە

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2023-08-29-14:46:00 - کۆدی بابەت: 11139
زەردەچەوە

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

زەردەچەوە یان زەردەچێوە (بە عەرەبی: كركم، بە ئینگلیزی: Turmeric) بەهارات و ڕووەکێکی ناودارە، بەخشەری ڕەنگی زەرد و تامی زۆرێک لە خواردنەکانە، تامەکەی کەمێک توونی کەمی هەیە و سادەیە. لە جیهاندا وڵاتی هیندستان بە یەکەمین وڵاتی بەرهەمهێنەری زەردەچەوە دادەنرێت و لەو وڵاتە ئەم بەهاراتە زۆر بەکاردێت. لە وڵاتەکانی ڕۆژهەڵاتی ئاسیا نموونەی چین، کۆریا  لە زۆرێک لە خوانەکانیاندا زەردەچەوە زۆر بەکاردێت. زەردەچەوە ڕووەکێکی خولگەییە و لە خێزانی زەنجەفیل پۆلێن کراوە.

پێکهاتەی خۆراکی

بڕی ١٠٠ گرام زەردەچەوە پێکهاتووە لە:

سوودە تەندروستییەکانی زەردەچەوە

  • زەردەچەوە دژەهەوکردنە چونکە چەند جۆرێکی دژەئۆکسێن لە پێکهاتەکەی هەیە بۆیە بۆ هەوکردن زۆر سوودبەخشە.
  • بۆ چەند جۆرە نەخۆشییەکی پێست نموونەی نەخۆشی سەدەف سوودبەخشە.
  • زەردەچەوە بۆ تەندروستی جگەر زۆر باشە و سووڕی خوێن لە لەشدا چالاک دەکات.
  • ڕێژەی کولیستڕۆڵ و چەوری زیانبەخش لە خوێندا کەم دەکاتەوە.
  • کۆنتڕۆڵی ئاست و ڕێژەی شەکری خوێن دەکات.
  • زەردەچەوە چەند تایبەتمەندییەکی هەیە کە هاوکاری تەندروستی پێست دەدات و قژ بەهێز دەکات، بۆیە لە پێکهاتەی زۆرێک لە ماسک و کرێمی سروشتی بە بڕێکی دیاریکراو بەکاردێت.

زیانە تەندروستییەکانی زەردەچەوە

  • بەکارهێنانی زیاد لە پێویستی زەردەچەوە و زیادکردنی لەناکاوا لە خواردنەکاندا زیانی زۆر بە تەندروستی دەگەیەنێت، بە تایبەتی زیانی تەندروستی بە کۆئەندامی هەرس دەگەیەنێت، نموونەی ئەندامەکانی گەدە و جگەر، هاوکات لە هەندێک بارودۆخدا کەسەکە تووشی وشکبوونەوە و قەبزی دەکات.
  • ئەو کەسانەی کێشە و نەخۆشییەکانی زراو و بەردی زراویان هەیە زەردەچەوە بۆیان خراپە.
  • زەردەچەوە بۆ هەندێک لە ژنانی دووگیان ناپەسەندە و کاریگەری هەیە لەسەر دروستبوونی گرژبوونی منداڵدان.
  • ئەو کەسانەی دەرمانی ئیسپرین بەکاردەهێنن پێویستە ئاگادار بن و بە بڕێکی زۆر زەردەچەوە بەکارنەهێنن.
  • ئەو کەسانەی کەمیی ڕێژەی ماددەی ئاسنیان هەیە پێویستە دووربکەونەوە لە بەکارهێنانی زەردەچەوە چونکە لە ڕیخۆڵەکان ڕێگری لە هەڵمژینی ماددەی ئاسن دەکات.
  • بەکارهێنانی زەردەچەوە بە بڕێکی زۆر لە خواردندا تامی تاڵی دەبەخشێتە خواردنەکە و ڕەنگی خواردنەکە زیاد زەرد دەکات.

بەکارهێنانی زەردەچەوە لە خواردندا

زەردەچەوە بۆ پێدانی ڕەنگی زەرد و تام خۆشکردنی خواردن وەکوو بەهارات لە زۆر خواردندا بەکاردەهێنرێت، لە کولتووری هیندستان و وڵاتانی ڕۆژهەڵات لە زۆر خواردن بەکاردەهێنرێت. زەردەچەوە دروستکردنی برنج و بریانیدا بەکاردەهێنرێت، لە دروستکردنی شۆربای سەوزەوات و شۆربای مریشک بە بڕێکی دیاریکراو بەکاردێت. لە هەندێک ناوچەی هیندستان لەگەڵ شیر و چادا تێکەڵ دەکرێت، یان هەر لەگەڵ ئاوی گەرم تێکەڵ دەکرێت و گیراوەکەی وەکوو چا دەخوورێتەوە.


سەرچاوەکان



389 بینین