ئازاری پێیەکان لە شەواندا

له‌لایه‌ن: - لەنیا بەختیار لەنیا بەختیار - به‌روار: 2023-09-06-21:41:00 - کۆدی بابەت: 11234
ئازاری پێیەکان لە شەواندا

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

ئازاری پێیەکان لە شەواندا (بە ئینگلیزی: Leg cramps and pain at night، بە عەرەبی: ألم في الساق في الليل) ئایا هەرگیز لە شەواندا لە کاتی خەودا بەهۆی ئازاری قاچەکانت خەبەرت بۆتەوە؟ ئەگەر ئەمە ڕووی داوە ئەوە تۆ تەنها کەس نیت کە تووشیی ئەم حاڵەتە دەبیت، بە نزیکەی ٪٦٠ کەسانی تازە پێگەیشتوو لە شەواندا ئەزبوونی ئەم بارودۆخە دەکەن. بەزۆری ئازارەکە لە نەرمایی قاچ، پێیەکان و ڕاندا دروست دەبێت. کاتێک ئەم ئازارە بە بەردەوامی لە شەواندا دووبارە دەبێتەوە، دەبێتە هۆی دروستبوونی کێشە لە ماوەی خەوتندا.

نیشانەکان و جۆرەکانی ئازاری قاچ لە شەواندا

  • ئازاری پووز

ئەم جۆرە باوترین جۆری ئازاری پێیەکانە، ئەمە بەزۆری لە ماسولکەکانی پووز (gastrocnemius or soleus muscle) دا ڕوودەدات، بەڵام دەتوانێت کاریگەری لەسەر بەشەکانی تری قاچیش دروست بکات.

  • ئازاری پێ

ماسولکەکانی بنی پێ بەهەمان شێوەی ماسولکەکانی پووز کاردەکەن و شەوان لەم بەشەی قاچدا هەست بە ئازار دەکەیت.

  • ئازاری ڕان
  • ئازاری ئەژنۆکان

ئەم جۆرە ئازارە دەکرێت نیشانە بێت بۆ هەوکردنی جومگەکان.

هۆکاری ئازاری پێیەکان لە شەواندا

  • ماندووبوونی ماسولکەکان

ئەنجامدانی ڕاهێنانی زۆر یەکێکە لە هۆکارە پەوەندیدارەکانی ئازاری ماسولکەکان. کارکردنی زۆری ماسولکەکان دەبێتە هۆی دروستبوونی ئازار بە درێژایی شەو.

  • کێشەی دەماری

برینداربوونی دڕکە پەتک دەبێتە هۆی دروستبوونی پەستان لەسەر دەمارەکان و دروستبوونی ئازاری ماسولکەکان.

  • ماوەی دووگیانی

زۆربەی دایکانی دووگیان لە ماوەی دووگیانیدا بەزۆری لە سێیەکی دووەم و سێیەمدا دووچاری ئازاری قاچەکانیان دەبنەوە. دەکرێت ئەمەش بەهۆی گۆڕانی سوڕی خوێن و زیادبوونی کێش ڕووبدات. گەشەکردن و گەورەبوونی منداڵەکەش بەهەمان شێوە پەستان لەسەر دەمارەکان و لوولەکانی خوێن دروست دەکات. هەندێک لە پزیشکەکانیش پێیان وایە، کەمی ڕێژەی کالسیۆم دووبارە هۆکارە بۆ دروستبوونی ئەم حاڵەتە لەماوەی دووگیانیدا.

  • دەرمان

دەکرێت ئازاری قاچەکان بەهۆی کاریگەری لاوەکی هەندێک دەرمانەوە بێت، بەتایبەت دەرمانەکانی پەستانی خوێن.

  • تەمەن

دەکرێت بە تەمەنداچوونیش هۆکارێکی تری ڕوودانی ئەم حاڵەتە بێت، کاتێک خەڵکی بە تەمەندا دەچن زیاتر هەست بە ئازاری قاچەکانیان دەکەن بەتایبەت لە شەواندا.

  • هەوکردنی ماسولکەکان

ڕەنگە شەوان هەست بە ئازاری ماسولکەکان بکەیت، چونکە لە شەواندا و لە کاتی خەودا ئەم ماسولەکانە خاو دەبنەوە، بەتایبەت ئەگەر کەسەکە تووشی برینداری بوبێت. دەکرێت بە بەکارهێنانی دەرمانەکانی دژە هەوکردن لە ماڵەوە چارەسەر بکرێت. هەروەها پێویستە شوێنی خەوتن شوێنێکی گونجاو بێت، بەکارهێنانی سەهۆڵ یان گەرمی بۆ نەهێشتنی نیشانەکان.

  • مەیینی خوێن

مەیینی خوێن زیاتر لەو کەسانەدا ڕوودەدات کە بە بەبەردەوامی گەشت دەکەن. بەتایبەت ئەو کەسانەی بۆ شوێنی دوور گەشت دەکەن و بۆ ماوەیەکی زۆر دادەنیشن و ناجوڵێن. نیشانە باوەکانی ڕوودانی ئەم حاڵەتە بریتن لە سووربوونەوەیەکی نائاسایی، بەزۆری کار تەنها لە ئێسکی قاچ دەکات و ڕەنگە ببێتە هۆی دروستبوونی ئاوساویی. ئەگەر هەریەک لەم نیشانانەت هەبوو پێویستە بە خێرایی سەردانی پزیشک بکەیت.

چارەسەر

ئەنجامدانی چەند تەکنیکێک سوودی لە کەمکردنەوەی ئازاری قاچەکاندا دەبێت ئەم تەکنیکانەش بریتین لە:

  • ڕاکێشان و چەماندنەوەی ماسولکەکان، بۆ خاوکردنەوەی هەر ماسولکەیەکی گرژبوو.
  • شێلان، شێلان و مەساج کردن بۆ ماسولکەکان، ئەنجامدانی ئەم کارە دەبێتە هۆی خاوکردنەوەی ماسولکەکان و کەمکردنەوەی ئازار.
  • جووڵە، دەتوانیت چەند خولەکێک لە ژوورەکەتدا پیاسە بکەیت و بجووڵێیت، ئەمە یارمەتی جوڵانی ماسولکەکان و جوڵەی خوێن دەدات.
  • کیسە یان هەرشتێکی تری گەرم یان سارد دەتوانیت بخەیتە سەر ئەو ناوچەیەی تێیدا هەست بە ئازار دەکەیت.


سەرچاوەکان



432 بینین