مینیماڵیزم

له‌لایه‌ن: - شاگوڵ فوئاد شاگوڵ فوئاد - به‌روار: 2023-09-17-03:29:00 - کۆدی بابەت: 11309
مینیماڵیزم

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

مینیماڵیزم (بە عەرەبی: المینیمالیزم، بە ئینگلیزی: Minimalism) جووڵانەوەیەکی هونەری بینراو و مۆسیقایە لە کۆتایییەکانی ساڵانی ١٩٦٠دا لە شاری نیویۆرک سەری هەڵدا، تایبەتمەندی ئەم جووڵانەوەیە ئەوپەڕی سادەیییە لە شێوە و ڕێبازی وشەیی و بابەتی.

مێژووی مینیماڵیزم

بنچینەی جووڵانەوەی مینیماڵیزم دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی ١٩٦٠ و ١٩٧٠. هونەرمەندەکان دەستیان کرد بە لایەنگری شێوە، هێڵە ئەندازەییە سادەکان و واتای وشەیی و بابەتییانە، دوورکەوتنەوە لە دەربڕینگەرایی ئەبستراکت و چینە زیادەکانی. ئەم ڕەوتە تەنها جیهانی وێنەکێشان و پەیکەرسازی نا، بەڵکوو تەلارسازی، دیزاینی بەرهەم، دیزاینی ناوەوە و شێوازی ژیانیشی گرتەوە.

جەختکردنەوە لەسەر پێویستییەکانی هونەر و دوورکەوتنەوە لە زیادەکان، دەکرێت بگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩١٥، کاتێک وێنەکێشی ڕووسی کاسمێر مالڤێچ پێکهاتەیەکی چواگۆشەیی ڕەشی لەسەر تەختێکی سپی دروست کرد، پارچەیەکی مینیماڵیزمی بوو کە سادەیی تێدا کۆکرابووەوە. بە تێپەڕبوونی کات، کەسە شارەزا کاریگەرەکان زیاتر مەیلیان بە لای هونەرێکدا دەچوو کە تەنها ئاماژەی بە خودی هونەر خۆی دەکرد، ڕێبازێكی ڕاست و دروستی نیشان دەدا و هەر شتێکی کەم دەکردەوە کە وەکوو زیادەڕەوەیی دەردەکەوت.

فەلسەفەی مینیماڵیزم

بە پێچەوانەی ئەو هەڵە تێگەیشتنە باوەی کە هەیە، مینیماڵیزم دابڕان یان بە قوربانیکردن نییە. لە جیاتی ئەوە، مینیماڵیزم سەرنج دەخات سەر هەڵبژاردنی جۆریەتی بەسەر چەندێتیدا. مینیماڵیستەکان لە هەڵبژاردنی شتەکانیاندا زیرەکن، دڵنیا دەبنەوە لەوەی هەموو ئەو شتانەی خاوەنیانن مەبەستێکیان هەیە و ئەزموونیان زیاد دەکات.

فەلسەفەی مینیماڵیزم بریتییە لە "کەمیش زۆرە". مینیماڵیزم بریتییە لەوەی بە خواستی خۆت، ئەو شتانە دووربخەیتەوە کە سەرقاڵت دەکەن، و وات لێ دەکات کە بە وریایییەوە بڕیار بدەیت. هانی بەرەوپێش بردنی بەهای ئەزموون دەدات بەسەر خاوەندارییەتی ماددیدا، بایەخی زیادتر دەبەخشێت بەسەر کەرەستە واتابەخشەکاندا لە جیاتی ئەوانەی تەنها شوێن دەگرن. شێوازی ژیانی مینیماڵیزمییانە پێکدێت لە سەرنجی ناوەکی، گەڕان بە دوای هارمۆنی و گونجانی تاکەکەسیدا پێش ڕەزامەندی دەرەکی.

ڕەوتی مینیماڵیزمی لە جیهانێکدا کە پڕە لە هەڵبژاردەی کڕین، لەوانەیە زەحمەت بێت. سەرەڕای ئەمە هەڵبژاردنی ئەم جۆرە شێوازی ژیانە دەتوانێت ببێتە هۆی زیادکردنی قەدرزانی، سەرنجدان و کەمکردنەوەی سترێس. لە هەمووی گرنگتر میمیناڵیزم ئەوە نییە هەڵبژاردەکانت شتانی هەرزان و بێ کەڵک بێت، بەڵکوو بریتییە لەوەی زیرەکانە شت بکڕیت و شتانی بە بەها بکڕیت کە ئامانجی خۆیان بپێکن.

مینیماڵیزم ئامرازێكە یارمەتیت دەدات لە دۆزینەوەی ئازادیدا. ئازادی لە ترس، ئازادی لە دڵەڕاوکێ، ئازادی لە نیگەرانی. ئازادی لە هەستکردن بە تاوان. ئازادی لە خەم، ئازادی لە تەڵەی ئەو کولتوورە بەکاربەرەی لە دەوری ژیانی خۆمان بنیادمان ناوە. مینیماڵیزم ئامرازێکە بۆ ڕزگاربوون لە زیادەکانی ژیانت و سەرنج خستنەسەر ئەوەی کە گرنگە، بۆ ئەوەی بتوانیت دڵخۆشی، قەناعەت و ئازادی بدۆزیتەوە.

گرنگترین بنەماکانی مینیماڵیزم

  1. بڕیاری ژیرانە بنچینەی ژیانی مینیماڵیزمانەیە و ئەولەویەت (لە پێشینەیی) ئەنجامە. بە دانانی ئەولەویەتەکان لە لایەنە جیاوازەکانی ژیاندا وەکوو کار، پەیوەندییەکان، ژیانی کۆمەڵایەتی، دروستی جەستەیی و خەرجییەکان، بە ئاسانی بڕیارەکانت دەدەیت. ئەم بڕیار و هەڵبژاردنانە دەبنە هۆی ئەوەی جڵەوی زیاتر بە دەستبهێنیت، زیاتر ئازاد بیت و توانای داهێنەرانەت زیادتر بێت. کاتێک ڕووبەڕووی بڕیاردانێک دەبیتەوە، ئەوە دیاری بکە چی بڕیارێک زۆرترین ڕێز لە ئەولەویەتەکانت دەگرێت.
  2. شتە مۆدەکان کاتین و هەمیشە دەگۆڕێن. هەمیشە ڕۆشتن لەگەڵ مۆدەدا تەڵەیەکی گەورەیە چونکە گەڕان بە دوای شتە مۆدەکاندا هەرگیز کۆتایی نایەت و گیرفانت بەتاڵ دەکات. مینیماڵیزم سەرنج دەخاتە سەر ئەو شتانەی بەسەرناچن. کاتێک شتە گرنگەکانی ناو دۆڵابەکەت هەڵدەبژێریت، دەبێت سەرنج بخەیتە سەر جۆرییەتی و ماوەی مانەوەی پۆشاکەکە نەک ئەوەی مۆدەیەتی یان نا.
  3. ئەوە گرنگ نییە کە چی دەکڕیت، ئەوە گرنگە کە بۆچی دەیکڕیت. بەم شێوەیە بە پرۆسەیەکی بیرکردنەوە ئەوە دیاری دەکەیت ئایا کڕینی ئەو شتە سوودی هەیە یان نا.
  4. لە سەردەمی بە دیجیتاڵی کردن و خێرا بەرەوپێشچوونی ڕۆژانەی تەکنەلۆژیادا، جۆرێکی نوێی ئالوودەبوون بووە بە سووتەمەنی بازاڕ: ئالوودەبوون بە بەرزکردنەوەی مۆدێل. مێژووی ئەم دوایییانەی ئایفۆنەکانی ئەپڵ نموونەیەکی دیارە. لە ماوەی ساڵانی ٢٠١٥-٢٠١٩دا پێنج مۆدێلی سەرەکی ئایفۆن دەرچوون، بێگومان هەموو وەشانێک بەرەوپێشچوون و تایبەتمەندی نوێی خۆیان هەیە، بەڵام قورسە هەموو ساڵێک زیادتر لە هەزار دۆلار بۆ کڕینی وەشانێکی نوێی هەمان مۆبایل خەرج بکرێت. وەکوو مینیماڵیستێک، چارەسەرە ئاسانەکە ئەوەیە لە بەکارهێنانی مۆبایلێک بەردەوام بیت تا دەشکێت و پاشان بیگۆڕیت بە دانەیەکی تر.
  5. مینیماڵیزم بریتییە لە کەمکردنەوەی سەرقاڵییەکان، کە سەرقاڵییەکان کەم بوونەوە، دەتوانیت لە ساتی ئێستادا بژیت. دەتوانیت چێژ لەوە ببینیت کە لە بەردەمتدا ڕوودەدات و بە تەواوی سەرنجتەوە خۆشی لێ ببینیت.
  6. مینیماڵیزم بریتییە لە جڵەوکردنی ژیانی خۆت. شێوازی ژیانی مینیماڵیزمییانە فێرت دەکات پرسیار لەسەر هەموو شتێک بکەیت و خۆت بڕیار بدەیت چی ڕێگایەک دەگریتە بەر لە جیاتی ئەوەی دوای کەسانی تر بکەویت.

دەرئەنجام

ژیانی مینیماڵیزمییانە ڕێگە دەدات بەوەی سەرنجی زیاتر بخەیتەسەر ژیانت، ئازادی زیادترت هەبێت، دروستی جەستەیی و جۆریەتی ژیانت بەرەو پێشبەریت بە کەمکردنەوەی کەرەستە ماددی و دەروونییەکان بۆ ڕادەی پێویستبوون.


سەرچاوەکان



403 بینین