ڕێگاکانی پێشبینیکردنی کەشوھەوا

له‌لایه‌ن: - کارێز ڕەسووڵ نەبی کارێز ڕەسووڵ نەبی - به‌روار: 2023-10-20-14:00:00 - کۆدی بابەت: 11476
ڕێگاکانی پێشبینیکردنی کەشوھەوا

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

ڕێگاکانی پێشبینیکردنی کەش و هەوا (بە عەرەبی: طرق للتنبؤ بالطقس، بە ئینگلیزی: Forecasting methods) پێشبینی کردنی کەش و هەوا بریتییە لە ڕوانین لە بارودۆخی کەش و هەوا بۆ کاتی ئێستا یان داهاتووییەکی نزیک، لە ڕێگای پشت بەستن بە چەندین نیشانە و مۆدیڵینگی زانستی بۆ گەیشتن بە ئەنجام، بەڵام مەرج نییە هەموو ئەو پێشبینییە کەشیانەی کە دەکرێن بۆ ئێستا و داهاتوو ڕاست و دروستی بارودۆخی کەش بسەلمێنن، چونکە خێرایی ڕوودانی بارودۆخە کەشییەکان لە ماوەییەکی کورت خێرا ئاڕاستەی پێشبینییە کەشیەکان دەگۆڕن بەرەو ئاڕاستەیەکی تر.

پێشبینی کردن بە گوێرەی نیشانە ناوخۆییەکان

لە ناوچە خولگەییەکان بە گشتی سیستمی کەش لە ڕۆژهەڵاتەوە بەرەو ڕۆژاوا دەجووڵێت، بەڵام لە دەرەوەی ناوچە خولگەییەکان پێچەوانەییە سیستمی کەش لە ڕۆژاوا بەرەو ڕۆژهەڵات دەجووڵێت. لە ڕابردوودا ڕێگاکانی پێشبینی کردنی کەش بریتی بووە لە تێڕامانی ئاسمان و هێما و گۆڕانکارییەکانی، بۆ نموونە (خەرمانەی مانگ) هێما دەری بارانە لە داهاتوو، سوور هەڵگەڕانی ئاسمان لە بەیانیان ئاماژەیەکە بۆ دەریاوانان کەشەکە سەختە، بەڵام سوور هەڵگەڕانی ئاسمان لە شەودا ئاماژەیە بۆ دەریاوانان کە کەش ئارامە.

ڕێبازی بەردەوامی

ئەم ڕێبازە کاتێک کارایە کە بارودۆخ زۆر بە هێواشی بگۆڕێت، ئەم ڕێبازە بۆ پێشبینی کردنی چەند دەقەیەک یان چەند کاتژمێرێک زۆر دروستە، بەڵام بۆ پێشبینی کردنی ڕۆژێک یان زیاتر پێشبینییەکەی دروست نییە، ئەم ڕێبازە زۆر گونجاوە بۆ پێشبینی کردنی کەش و هەوای شاری (تۆکسۆن) لە ویلایەتی ئەریزۆنای ئەمریکا لە مانگی شەش. 

ڕێبازی کڵایمەتۆلۆجی

تۆمارێکی ماوە درێژە هەموو ڕۆژەکانی ساڵ بەکاردێنێت، تیشک دەخاتە سەر ڕۆژانی مەبەست بۆ پێشبینی کردن. ئەم ڕێبازە پێشبینی بارودۆخی گشتی کەش و هەوای ساڵێک دەکات، بەڵام پێویستی بە تۆمارێکی زۆری چەند ساڵە هەیە.

ڕێبازی ئەنەلۆگ

تۆمارێکی ماوە درێژە کە ڕیزبەندی دۆخی کەش و هەوا دەکات، ئەم ڕێبازە سەیری ڕیزبەندییەکانی ڕابردوو دەکات کە هاوشێوەی چەند ڕۆژی ڕابردووی هەفتەیەکە، لایەنی ئەرێنی ئەم ڕێبازە ئەوەییە زۆر سادەیە و سەرکەوتووە لە پێشبینی کردنی گێژەلوکەکان بەکاردێت، بەڵام لایەنە نەرێنییەکەی زۆر کارا نییە، چونکە ئەستەمە مانگێک بدۆزیتەوە لە ڕابردوو بە تەواوی لە هی ئێستا بچێت بۆ ئەم مەبەستەش پێویستی بە تۆمارێکی دوور و درێژی چەند ساڵە هەیە.

ڕێبازی تەکنیکی ئاڕاستە

ئەم ڕێبازە زۆر دروستە بۆ پێشبینی کردنی چەند کاتژمێرێک، ئەم ڕێبازە ڕێژەی گۆڕانکاری بە نەگۆڕ دادەنێت. خەمڵاندنی خێرایی بۆ جووڵەی دیاردەکان وەکوو بەرەی هەوایی و چەقی پەستان دیاری دەکات.

ڕێبازی پێشبینی کەشی ژمارەیی

ئەم ڕێبازە لە ڕێگای پڕۆسە فیزیاییەکان سادەکراوەتەوە بۆ کۆمەڵێک هاوکێشە کە وەسفی گۆڕانکاری فیزیایی و چۆناییەتی دەکەن لە کات و ساتی دیاریکراو. 

پێویستییە سەرەتاییەکانی ئەم ڕێبازە

  • کۆمپیوتەری خێرا و بەهێز وەکوو (Super Computer).
  • لە خۆگرتنی گشت پڕۆسە فیزیاییەکان.
  • پێوانەکردنی ناوچەیەکی فراوان.

یەکەمین پێشبینی کەشی سەرکەوتوو لە ساڵی (١٩٥٠) بووە لەلایەن (Jule charney Fjortoft,Von Neumann) بە بەکارهێنانی کۆمپیوتەری (ئینیاک) ئامادەکردنی ئەم پێشبینییە ٢٤ کاتژمێریە پێویستی بە کاری بەردەوامی ٣٣ شەو ڕۆژ هەبوو.

ماوەکانی پێشبینی کردن

  • پێشبینی ماوە زۆر کورت (پێشبینی ئێستا): لە نێوان (١ بۆ ٦) کاتژمێرە.
  • پێشبینی ماوە کورت: لە نێوان (٦ کاتژمێر بۆ ٢.٥) ڕۆژ دایە.
  • پێشبینی ماوە مامناوەند: لە نێوان (٣ ڕۆژ بۆ ٨.٥ ڕۆژ) دایە.
  • پێشبینی ماوە درێژ: لە نێوان (٨.٥ ڕۆژ بۆ ٢ هەفتە) دایە.
  • پێشبینی مانگانە و وەرزی. 
  • پێشبینی ماوە درێژ کەمتر دروستە بە بەراورد بە پێشبینی ماوە کورت.

ڕاستی و دروستی پێشبینی کردنی کەش و هەوا

  • بە زیادبوونی ماوەی پێشبینی دروستییەکەی کەم دەکات.
  • بەر لە بەکارهێنانی کۆمپیوتەر پێشبینی کردنی کەش و هەوا بۆ ماوەی (٤٨) کاتژمێر تەنها (٪٣٥) دروستبوو، بەڵام ئێستا ڕێژەی دروستی پێشبینی (٪٨٥) زیاترە.
  • پێشبینی کردن بۆ ئاستی پەستانی (٥٠٠) ملیبار کە دەکاتە نزیکەی (٥٦٠٠) مەتر، زۆر دروست ترە لە پێشبینی کردنی نزیکی ڕووی زەوی بۆ پلەی گەرمی و باران.


سەرچاوەکان



413 بینین