تۆفانی ئەقسا

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد جوانە محەمەد - به‌روار: 2023-10-20-23:01:00 - کۆدی بابەت: 11498
تۆفانی ئەقسا

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

تۆفانی ئەقسا یان جەنگی غەززە ٢٠٢٣ (بە ئینگلیزی: Israel-Hamas war 2023، بە عەرەبی: عملیة طوفان الاقصی)، ئیسرائیل ڕووبەڕووی ئیفلیجییەکی تەواوەتی بووەوە لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنی تۆفانی ئەقسا، کە لەلایەن بەرگری فەڵەستینەوە یاخود هێزەکانی حەماسەوە ئەنجامدرا، بەهۆیەوە لە شاری تەل ئەبیبدا جەنگ بەرپابوو، لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا جەنگاوەرەکانی حەماس لە سێ ڕێگاوە کە بریتیبوون لە هێڵی وشکانی و ئاوی لەگەڵ هێڵی ئاسمانی هێرشیان کرد بۆ سەر چەندین خاڵی هەستیاری ئیسرائیل.

ئیسرائیل بەوە بەناوبانگە کە یەکێک لە بەهێزترین سوپاکانی جیهان و دەزگای هەواڵگری هەیە، جگە لە ئەمانەش بە درێژایی مێژوو بەوە ناسرابوو کە بڕێکی زۆری داهاتەکەی تەرخانکردووە بۆ خزمەتکردنی لایەنی سەربازی، بەڵام سەرەڕای هەموو ئەمانە تۆفانی ئەقسای ڕانەوەستاند و هێرشێکی گەورەی کرایە سەر، بەهۆیەوە تەواوی گەشتەکانی هێڵە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل وەستان و چەندین سەربازی پلە یەک و خەڵکی ئاسایی کوژران، چەندین ئیسرائیلی تریش بە دیل گیران.

دەستپێکی هێرشکردن

کتائب عزالدین القسام کە باڵێکی سەربازی بزووتنەوەی بەرگری ئیسلامییە (حەماس)، جەنگی تۆفانی ئەقسای ڕاگەیاند لە بەرەبەیانی ٧ـی مانگی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣، ئەمەش وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ هەموو ئەو چەواشەکارییانەی کە هێزی داگیرکاری ئیسرائیلی بەرانبەر بە هاوڵاتییانی فەڵەستین ئەنجامی دەدەن.

٧ـی ئۆکتۆبەر

  • یەکەم ڕۆژی جەنگ دەستیپێکرد بە دابەزینی چەندین پەڕەشووت بە جەنگاوەرەوە کە سنووری نێوان ئیسرائیل و غەززەیان بڕی، بە تێپەڕبوونی کاتێکی زۆر کەم جەنگاوەری تر بە بەکارهێنانی ماتۆڕسکیل و ئۆتۆمبێلی چوار بستۆن و بەرزکەرەوە سیاجی نێوان سنوورەکەیان شکاند، لەگەڵیدا چەندین جەنگاوەری پیادە بە سنوورەکەدا تێپەڕین.
  • سەرکردەی (کتائب القسام) محەمەد ضەیف ئۆپەراسیۆنی تۆفانی ئەقسای ڕاگەیاند، وتی لێدانی یەکەم بریتیبووە لە تەقاندنی زیاتر لە ٥٠٠٠ ساروخ بۆ سەر سنووری دوژمن، ئەمەش ڕوونکردنەوەیە بۆ ئەوەی کە تۆفانی ئەقسا زۆر گەورەترە لە ئەوەی هێزی داگیرکەر چاوەڕوانی دەکەن.
  • سوپای داگیرکاری ئیسرائیلی ڕایگەیاند کە هێزەکانی حەماس ئۆپەراسیۆنێکیان دەستپێکردووە بە تەقاندنی ساروخ و هاتنە ناوەوەی جەنگاوەری چەکدار بۆ سنووری ئیسرائیل.
  • (کتائب القسام) چەندین وێنەیان بڵاوکردەوە کە دەرخەری بە دیلگرتنی هاوڵاتی ئیسرائیلی بوو.
  • دەزگاکانی هەواڵی ئیسرائیل ڕایانگەیاند کە سەدان کەس کوژراون لە یەکەم ڕۆژدا و بریندارەکانیش نزیکبوونەتەوە لە هەزار، هەروەها چەندین ئیسرائیلی بە دیل گیراون.
  • وتەبێژی جەنگی ئیسرائیلی ڕایگەیاند کە لە ئەنجامی هێرشەکەوە سەرکردەیەک کوژراوە بە ناوی (لواء ناحال).

٨ـی ئۆکتۆبەر

  • حزب اللە لوبنانی: لە دووەم ڕۆژدا هێرشیکردە سەر سێ خاڵی داگیرکراو لە لوبنان کە لەلایەن ئیسرائیلی داگیرکارەوە داگیرکرابوو.
  • وەزیری بەرگری ئەمریکی: فرمانی کرد بە جووڵەپێکردنی فڕۆکەکانی لە سوودی ئیسرائیل.
  • دەزگا هەواڵگرییەکانی ئیسرائیل ڕایانگەیاند کە ژمارەی هەریەک لە مردوو و برینداربوو لەگەڵ دیلکراوەکانیش بەرزبووەتەوە.
  • وتەبێژی حەماس ڕایگەیاند کە لە فڕۆکەکانی ئەمریکا ناترسن، بەڵام پێویستە ئەمریکا چاوەڕوانی کاریگەرییەکان بکات، هەروەها ڕایانگەیاند کە ڕێژەی دیلەکان لەوە زیاترە ئیسرائیلییەکان پێشبینی دەکەن.
  • ژمارەی سەرکردە کوژراوەکانی ئیسرائیل زیادیکرد.

بەردەوامبوونی جەنگ

لە ڕۆژەکانی دواتردا ئامارەکانی کوشتنی ئیسرائیلییە داگیرکارەکان و فەلەستینییە شەهیدەکان بە بەردەوامی ڕووی لەزیادبوون بوو، لە ناویشیاندا چەندین جەنگاوەر و سەرکردە هەبوون، ئەمریکای زلهێز هەڕەشەی بۆ وڵاتی ئێران نارد و جەنگاوەرەکانی حەماسیش بەردەوامبوون لە جەنگ، لە چوارەم ڕۆژدا ئیسرائیل ڕایگەیاند کە تەواوی ئەو سنوورانەی لە غەززە تێپەڕێنراون بەدەستهێنراونەتەوە، هەروەها پاککراونەتەوە لە جەنگاوەرەکانی حەماس.

١١ـی ئۆکتۆبەر

لە یانزەیەم ڕۆژی تۆفانی ئەقسادا هێزەکانی ئیسرائیلی داگیرکار نەخۆشخانەی مەعمەدانیان لە غەززە بۆردومان کرد، لە ئەنجامیدا زیاد لە ٥٠٠ کەس شەهیدبوون، لەهەمان کاتدا لە ناوچەکانی تری غەززەشدا هێرشی داگیرکاران بەردەوامبووە و دەیان شەهید و برینداری تر هەبوون، سەرەڕای ئەم کردەوە نامرۆڤایەتییانەی ئیسرائیل بەڵام هێشتا وڵاتەکانی ڕۆژاوا پاڵپشتی بۆ ئیسرائیل دەردەبڕن، بە سەردانکردن، پێدانی پەیمان، پاڵپشتی ماددی بۆ کڕینی چەک یان بە شێوەی مەعنەوی پشتیان دەگرن.

وەزارەتی تەندروستی غەززە ڕایگەیاند کە ٣٠٠٠ شەهیدیان هەبووە لەگەڵ ١٢٠٠٠ بریندار لەماوەی یانزە ڕۆژی جەنگەکەدا، هەروەها کتائب القسام ڕایگەیاند کە یەکێک لە سەرکردە ناوەندییەکانیان شەهیدبووە، لە میسڕیش ڕێکخراوی مانگی سوور دەستیکردووە بە جووڵە و گواستنەوەی کۆمەڵێک پێداویستی و کۆمەک بۆ غەززە.

هەڵسەنگاندنەکان

بە گوێرەی زانستە سەربازییەکان و ئۆپەراسیۆنە جەنگییە تایبەتەکان هەنگاوی یەکەمی تۆفانی ئەقسا نایاببوو، هەروەها بە گوێرەی تێڕوانین و ئاسایشی ئیسرائیلیش ئەو جەنگە زۆر توند و یەکلاکەرەوە بوو بۆ داگیرکارەکان و زیانبەخش بوو، جگە لە ئەمانەش بە گوێرەی ئەو ڕوونکردنەوانەی کە دوو لە سەرکردەکانی ئاسایشی ئیسرائیل بە ڕۆژنامەی نیۆرک تایمزییان ڕاگەیاند، هۆکاری سەرکەوتنی تۆفانی ئەقسا بەهۆی کەموکورتی دەزگای هەواڵگری ئیسرائیلەوە بووە، کە نەیانتوانیوە چاودێری پەیوەندییەکانی فەڵەستین و جەنگاوەرەکانی بکەن. بەم شێوەیە دەرکەوت کە ئەو قسە و قسەڵۆکانەی دەکرێت دەربارەی بەهێزی ئیسرائیل و ئاسایشەکەی ناڕاستە، چونکە لە بەیانییەکی ڕۆژێکی نەزانراو و نادیاردا هێرشێکی گەورە کرایە سەر ئیسرائیلی داگیرکار و زیانێکی گەورەی پێگەیشت.

کاردانەوەکان

هەر لەیەکەم ڕۆژی دەستپێکردنی تۆفانی ئەقساوە هەموو وڵاتە عەرەبییەکان و تەنانەت بیانییەکانیش کاردانەوەی جیاوازیان هەبووە بەرانبەر بە جەنگەکە، ئەمەش هەندێک لە کاردانەوەکانە:

  • ئەمریکا: سەرچاوەیەکی ڕۆیتەرز لە دوانزەیەم ڕۆژی ئۆپەراسیۆنەکەدا ڕایگەیاند کە جۆن بایدن لێکۆڵینەوە دەکات دەربارەی پێدانی هاوکاری بە ئیسرائیل، هەروەها بڕیار وایە کە وەزارەتی دارایی ئەمریکا ١٠ ملیار دۆلار ببەخشێتە ئیسرائیل وەک هاوکاری، لەهەمان کاتدا جۆ بایدن لەگەڵ سەرۆکی میسڕ ڕێکەوتووە هەتاکوو کۆمەکی بگەیەننە غەززە.
  • جوولەکەکانی ئەمریکا: سەدان  جوولەکە کە دانیشتووی ئەمریکان لە باڵەخانەی کۆنگرێس کۆبوونەوە بۆ پاڵپشتکردنی غەززە و داواکردنی وەستاندنی جەنگ لەلایەن ئیسرائیلی داگیرکارەوە.
  • عەممان: لە وڵاتی عەممان خەڵکی خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و داوایانکرد بە داخستنی هەردوو باڵیۆزخانەی واشنتۆن و تەل ئەبیب.
  • فلیپین: لە باشووری فلیپن کە زۆرینەی دانیشتووانەکەی موسوڵمانن خۆپیشاندان ئەنجامدرا، بەمەبەستی پشتگیریکردنی فەڵەستین و خەڵکەکەی، لە کاتێکدا سەرۆکی وڵاتەکە پشتگیری خۆی بۆ ئیسرائیلی داگیرکار دەربڕیوە.
  • لوبنان: لە وڵاتی لوبنانیش لە چەندین ناوچەدا خۆپیشاندانی گەورە سازکرا، بە مەبەستی پشتگیریکردنی غەززە و داواکردنی وەستاندنی ئیسرائیلی داگیرکار.
  • سەرۆکایەتی مالیزیا، کۆڵۆمبیا و ئەفریقای باشوور: پاڵپشتیان ڕاگەیاند بۆ غەززە.
  • وڵاتە ئەورووپییەکان: دانیشتووانی چەندین پایتەخت و شار لە وڵاتە ئەورووپییەکاندا خۆپیشاندانیان کردووە، بە مەبەستی داواکاری بۆ وەستاندنی هێرشەکان بۆسەر غەززە.
  • ئیسپانیا: وەزیری مافە کۆمەڵایەتییەکان ئیدانەی هێرشەکانی ئیسرائیلی کرد، وتویەتی کە ئەوە تاوانێکی جەنگی و کۆمەڵکوژییە.


سەرچاوەکان



485 بینین