بۆچی ئازاری ددان لە شەواندا زیاتر دەبێت؟

له‌لایه‌ن: - شنە شەماڵ شنە شەماڵ - به‌روار: 2023-10-25-14:52:00 - کۆدی بابەت: 11528
بۆچی ئازاری ددان لە شەواندا زیاتر دەبێت؟

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

بۆچی ئازاری ددان لە شەواندا زیاتر دەبێت؟ (بە ئینگلیزی: ?Why does toothache get worse at night، بە عەرەبی: لماذا يزداد ألم الأسنان سوءًا في الليل؟)، ئازاری ددان لە هەر کاتێکی ڕۆژدا بێزارکەر دەبێت، بەڵام بە شێوەیەکی بەرچاو لە شەودا خراپترە. چەند هۆکارێکی گرنگ بۆ ئەم کێشەیە هەیە وادەکەن ئازاری ددانەکانت شەوانە بێدارت بکەنەوە، هەروەها ئامۆژگاری وەربگرە بۆ ئەوەی چۆن ئازارەکە کەم بکەیتەوە بۆ ئەوەی بتوانیت پشوویەکی باشی شەوانە وەربگریت.

هۆکارەکانی زیاتربوونی  ئازاری ددان لە شەواندا

زیاتر ڕۆیشتنی خوێن

هۆکاری سەرەکی کە ئازاری ددانەکان لە شەودا زیاتر ئازاری هەبێت، دۆخی خەوتنمانە. پاڵکەوتن دەبێتە هۆی ڕۆشتنی زیاتری خوێن بۆ سەرمان، ئەمەش فشارێکی زیاتر دەخاتە سەر شوێنە هەستیارەکان وەک دەممان. ئێمە لە ڕۆژدا ئەوەندە هەست بەوە ناکەین چونکە زیاتر وەستاوین یان دانیشتووین.

مێشکمان کەمتر سەرقاڵە

شەوانە زیاتر ئاگاداری هەستەکانی ناو جەستەمان دەبین چونکە کەمتر سەرقاڵین، بۆیە زیاتر هەستیار دەبین بە ئازار. 

خواردنی درەنگانی شەو

ئەگەر شیرینیت خواردووە بۆ نانی ئێوارە یان خواردنەوەیەکی شیرینی نیوەشەو بخۆیت، هەندێک لەو خواردنانە لە نێوان ددانەکانمان یان پووکماندا دەمێننەوە، بۆیە لەبیرکردنی شوشتنی ددانەکانت دوای ژەمێکی درەنگانی شەو دەتوانێت ئازاری ددانت خراپتر بکات.

جیڕە جیڕپێکردنی ددان یان لێکخشاندنی ددانەکان

زۆرجار بە ئازاری ددان یان چەناگە لە خەو هەڵدەستیت ئەگەر وایە لەوانەیە شەوانە ددانەکانت جیڕە جیڕ پێبکەیت. ئەو کەسانەی بەو شێوەیەن هیچ بیرۆکەیەکیان نییە کە ئەو کارە دەکەن، بەڵکو بەیانیان بە ئازاری ددان لە خەو هەڵدەستن. هەندێک جار ئەم ئازارە لە ددانەکانتەوە دەڕوات بۆ ناو چەناگەت و تەنانەت لە پشتی ددانەکانی پێشەوەش ئازار دروست دەبێت. 

کلۆربوونی ددان

خراپبوونی ددان هۆکاری ژمارە یەکە بۆ ئازاری ددانەکان. خراپبوونی ددان یان بۆشایی ددان لە شێوەی کون لە مینای ددانێکدا دەبێت. خراپبوونی ددان زۆرترین جار بەهۆی:

  • شۆردنی ددان بە فڵچە بە کەمی یان بە ناتەواوی
  • زۆر خواردنی شیرنی
  • پاککردنەوەی زۆر کەم
  • کەمی ڤیتامین D یان کالیسیۆم

تێکچوونی ددان

تێکچوونی جەستەیی بەهۆی زەبر یان فشارەوە دەتوانێت ببێتە هۆی ئازاری ددان. ئەو نەخۆشانەی گلەیی لە ئازاری ددان دەکەن زۆرجار ددانەکانیان درز یان شکاوە کە ئاگاداری نین. هەندێک جار درزەکان بە بچووکی دەست پێدەکەن و بە تێپەڕبوونی کات خراپتر دەبن. زۆرجار نەخۆشەکان لەکاتی خواردندا ئەم جۆرە زیانانەیان پێدەگات و تا دواتر هەست بە ئازار ناکەن.

هەوکردنی پووک

کۆمەڵەی پزیشکی ددانی ئەمریکی پێشنیاری ئەوە دەکات کە مرۆڤەکان ڕۆژانە لانیکەم جارێک فڵچەی ددان بەکاربهێنن. ناتەواوی بەکارهێنانی دەبێتە هۆی هەوکردنی پووک کە ئەگەر چارەسەر نەکرێت، دەبێتە هۆی هەوکردنی تەواوەتی.

چۆنیەتی کەمکردنەوەی ئازاری ددان لە شەودا

ئەگەر لە نیوەی شەودا هەستت بە ئازاری ددانەکانت کرد کە بەرگەی ناگریت، ئەوە واتای وایە کە زۆر درەنگ بووە بۆ ئەوەی بچیتە لای پزیشکی ددان. چەند ڕێگایەک هەیە کە ڕزگاربوونێکی کاتیت پێدەبەخشێت بۆ ئەوەی بتوانیت ئازارەکە کە بکەیتەوە و بگەڕێیتەوە سەر خەوتن. پێش خەوتن دوور بکەوەرەوە لە خواردنی خۆراکی سارد و ترش یان شیرین. ئەمانە دەتوانن هەر بۆشایییەک کە لە ددانەکانتدا دروست بووە خراپتر بکەن. دوای شۆردنی ددان بە فڵچە پاشان دەمت بە پێکهاتەیەک بشۆ کە کحولی تێدا بێت. ئەمانە پێکهاتەی دژە بەکتریایان هەیە کە یارمەتی کەمکردنەوەی هەوکردن دەدەن بۆ ئازاری ددانێکی سووک تا مامناوەند، هەوڵبدە دەرمانی ئازارشکێن بەکاربهێنیت وەک پاراسیتامۆڵ یان ئیبوپڕۆفین، هەروەها دەتوانیت هەوڵبدەیت مەڵهەمی سڕکەر، بەکاربهێنیت ئەمانە بە شێوەی جێڵ یان کرێمن کە پێکهاتەی سڕکەریان تێدایە بۆ ئەوەی ڕزگاربوونێکی کاتیت پێببەخشن.

هەروەها دەتوانیت هەوڵ بدەیت کۆمەڵێک سەهۆڵ بە قوماشێک یاخود زەرفێکی بچووک بەکاربهێنیت لەسەر لای تووشبووی دەموچاوت یان چەناگەکەت. پەستانی سارد بۆرییەکانی خوێن لە ناوچەکە کەم دەکاتەوە و بۆ ماوەیەک ئازارەکە لاواز دەکات. پێویستە سەرت بەبەرزی دابنێیت لەسەر سەرینێکی بەرز، ئەمە دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی لێشاوی خوێن کە دەچێت بۆ سەرت. لەبیرت بێت کە ئەم ئامۆژگارییانە بۆ کەمکردنەوەی ئازارەکەیە و تەنها کاتین، بۆیە پێویستە بۆ چارەسەر سەردانی پزیشکی پسپۆڕ بکەیت.


سەرچاوەکان



1240 بینین