جەنگی ئۆکتۆبەر (١٩٧٣)

له‌لایه‌ن: - مەزن ڕێبوار مەزن ڕێبوار - به‌روار: 2023-10-30-19:20:00 - کۆدی بابەت: 11556
جەنگی ئۆکتۆبەر (١٩٧٣)

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

جەنگی ئۆکتۆبەر (بە عەرەبی: حرب ٲکتوبر، بە ئینگلیزی: Yom Kippur war) ئەم جەنگە چەند ناوێکی هەیە جگە لە جەنگی ئۆکتۆبەر ئەوانیش جەنگی غوفران و جەنگی یۆم کیپوور و جەنگی عەرەب و ئیسڕائیل. جەنگەکە لە مانگی تشرینی یەکەمی ١٩٧٣ ڕوویداوە، کە بە گوێرەی وڵاتانی بەشداربووی عەرەبی مایەی شانازی و دەستکەوت بوو چونکە زیانێکی گەورە لە قەوارەی جولەکە و ئیسڕائیل درا و نزیک بوو لەوەی قەوارەی جولەکە بەتەواوی هەڵبوەشێتەوە. 

زانیارییە گشتییەکان

بەرواری دەستپێکی جەنگەکە ٦ی تشرینی یەکەمی ١٩٧٣
بەرواری کۆتایی هاتی جەنگەکە ٢٥ی تشرینی یەکەمی١٩٧٣
ماوەی جەنگەکە ١٩ ڕۆژ
شوێنی جەنگەکە بەرزایی جۆلان، بیابانی سینا، هەردوو لای کەناڵی سوێس و ناوچەکانی دەوروبەری
ئەنجام سەرکەوتنی ئیسڕائیل بە ڕێکەوتن
وڵاتانی هاوپەیمان سوریا و میسڕ 
وڵاتانی هاوکار بە هاوکاری سعودیە و ئەردەن و عێراق و لیبیا و کوێت و تونس و مەغریب و کوبا و باکووری کۆریا لەبەرامبەر ئیسڕائیل

فەرماندەکان

  • ئیسڕائیل: گۆڵدا مێیر، ئیپراهیم کاتزیر، مۆشی دایان، دەیڤد عالازیر، شاموێل گۆنێن، ییت ژاک هۆفی، بنیامین پێلێد، هەیم بەرلیڤ، ئەلبێرت ماندلەر، عەریال شارۆن.
  • میسڕ: ئەنوەر سادات، موستەفا تلاس، سەعد ئەلشازلی، عەبدول غەنی ئەلجمسی.
  • سوریا: حافز ئەسەد، ئەحمەد ئیسماعیل عەلی.

ژمارەی سەرباز

  • ئیسڕائیل: ٣٧٥ بۆ ٤١٥ هەزار سەرباز
  • هاوپەیمانی عەرەبی و وڵاتانی هاوکار: ٦٥٠ بۆ ٨٠٠ هەزار سەرباز. 

چەک و کەرەستەی جەنگی

  • ئیسڕائیل: ١٧٠٠ تانک، ٣٠٠٠ ئۆتۆمبیلی زرێپۆش، ٩٤٥ تۆپهاوێژ، ٤٤٠ فڕۆکەی شەڕکەر.
  • میسڕ: ١٧٠٠ تانک، ٢٤٠٠ ئۆتۆمبیلی زرێپۆش، ١١٢٠ تۆپهاوێژ، ٤٠٠ فڕۆکەی جەنگی، ١٤٠ هەلیکۆپتەر، ١٠٤ کەشتی، ١٥٠ موشەکی زەمین بۆ ئاسمان.
  • سوریا: ١٢٠٠ تانک، ٨٠٠-٩٠٠ ئۆتۆمبیلی زرێپۆش کراو، ٦٠٠ تۆپهاوێژ.
  • وڵاتانی هاوکار: ١٢٠ هەزار سەرباز، ٥٠٠-٦٧٠ تانک، ٧٠٠ زرێپۆش.
  • کۆی گشتی هێزی هاوپەیمانی عەرەبی و وڵاتانی هاوکار: ٩١٤-١٫٠٦٧٫٥٠٠ سەرباز، ٣٤٣٠-٣٦٠٠ تانک، ٣٩٠٠-٤٠٠٠ زرێپۆش، ١٧٢٠ تۆپهاوێژ، ٤٥٢ فڕۆکەی جەنگی، ١٤٠ هەلیکۆپتەر، ١٠٤ کەشتی، ١٥٠ موشەکی زەمین بۆ ئاسمان،

کۆی گشتی زیانەکان و کوژراو و بریندار

  • ئیسڕائیل: ٢٥٢١-٢٨٠٠ سەرباز کوژراو، ٧٢٥٠-٨٨٠٠ بریندار، ٢٩٣ دیلکراو، ٤٠٠ تانک تێکشکاو، ٦٦٣ تانک زیانیان پێگەیشت یان دەستی بەسەرداگیرا، ٤٠٧ زرێپۆش تێکشکا، ١٠٢-٣٨٧ فڕۆکە تێکشکاوە.
  • هاوپەیمانی عەرەبی و وڵاتانی هاوکار: ٨٠٠٠-١٨٥٠٠ کوژراو، ١٨٠٠٠-٣٥٠٠٠ بریندار، ٨٧٨٣ دیلکراو، ٢٢٥٠-٢٣٠٠ تانک تێکشکا، ٣٤١-٥١٤ فڕۆکە تێکشکا، ١٩ کەشتی نوقم بوو.

جەنگی یۆم کیپوور لای جولەکە بە جەنگی غوفران یان جەنگی بەڕۆژوو بوون ناسراوە چونکە جەنگەکە لە میانەی جەژنی غوفران کە تایبەتە بە جولەکەکان ڕوویداوە. ئەم جەنگە چوارەم جەنگی نێوان عەرەب و ئیسڕائیلییەکان بووە. کە لە نێوان ٦-٢٥ی تشرینی یەکەمی ١٩٧٣ ڕوویداوە. جەنگەکە بە گشتی دوو بەرە بووە بەرەیەک میسڕ و سوریا و وڵاتانی هاوکار و دووەم بەرە ئیسڕائیل بووە. گۆڕەپانی جەنگەکەش بە گشتی دوو ناوچە بووە یەکەم بەرزاییەکانی جۆلان و دووەمیشیان بیابانی سینا. هەردوو ناوچەکە لە جەنگی شەش ڕۆژەی ١٩٦٧ لەلایەن ئیسڕائیلەوە داگیرکرابوون.

هۆکارەکانی هەڵگیرساندنی جەنگەکە

چوار مانگ پێش هەڵگرساندنی جەنگەکە، هێنری کیسنجەر وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەڵێنی دابوو بە ئەنوەر سادات کەوا ناوچەی سینا بگەڕێنرێتەوە بۆ میسڕ جگە لە چەند ناوچەیەک نەبێت کە ئیسڕائیل لێی ناکشێتەوە. بەڵام ئەم بەڵێنە نەبرایە سەر. ئەنوەر سادات بڕیاری جەنگی دا و فەرمانی بە سوپا کرد خۆیان ئامادەی شەڕ بکەن بۆ گێڕانەوەی سینا بۆ کۆنتڕۆڵی میسڕ. ئەوەبوو لە ماوەی چەند مانگێکدا سوپایەک ئامادە کرا بەتەواوی پێداویستییەکانی چەک و زەخیرەی سەربازی وەک فیشەک و گولـلە تۆپ و موشەک و دژە تانک و دژە فڕۆکە و چەندان شتی تر کە لەلایەن یەکێتی سۆڤێت پێیان درابوو وەک فڕۆکەی میگ ٢١ و دژە فڕۆکەی SA-2 و SA-3 و SA-6 و SA-7 و تانکی T-55 و T-62 و دژە تانکی RPG-7 و AT-3 کە بە مالیوتکا ناسراوە. هۆکاری ئەو هاوکارییە زۆرەی سۆڤێت ئەوە بوو بەرژەوەندی سیاسی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەبوو دەیویست پێگەی خۆیان بەهێزبکەن لە ناوچەکە لەلایەک و لەلایەکی تریش ئایدۆلۆجیا و فیکری کۆمۆنیزم لە ناوچەکەدا بچەسپێنن کە ئەوکاتە سۆڤێت وەکو ئاشکرایە وڵاتێکی کۆمۆنیزم بوو.

دەستپێکی جەنگ

بەرەی سینا

میسڕ لە بەرەی سینا ١٠٠ هەزار سەربازیان دابەشکرد بۆ پێنج یەکە، ١٣٥٠ تانک و ٢٠٠٠ چەکی تری قورسیان دابەشکرد بەسەر ئەو پێنج یەکەیە کە لە بەرانبەریاندا ٤٥٠ سەربازی یەکەی ئورشەلیم هەبوو کە بەسەر ١٦ بەرەدا دابەشببوون و ٢٩٠ تانک لە سینا بڵاوەیان پێکرابوو لەگەڵ یەک تانکی هێزی ئاشتی پارێز لە نزیک کەناڵەکە.

هێزەکەی میسڕ لە ٦ی تشرینی یەکەمی ١٩٧٣ هێرشەکەیان دەستێکرد و دوای دوو ڕۆژ ئیسڕائیل هێرشی پێچەوانەی دەست پێکردەوە، هەردوولا لەم دوو ڕۆژەدا زیانی زۆریان بەرکەوت. لە ڕۆژانی ٩-١٢ی هەمان مانگ میسڕ دژە تانکی جووڵاوی وەرگرت کە توانایەکی بەرزی لە تێکشکاندندا هەبوو. 

لە ڕۆژی ١٢ی تشرینی یەکەم زەخیرەی ئیسڕائیل ڕووی لە کەمی کرد و بە داوای ڕیچارد نیکسۆن سەرۆکی ئەمریکا ڕازی بوون کە ئاگربەست بکەن بەڵام ئەنوەر سادات ڕازی نەبوو وجەنگەکە بەردەوامی هەبوو، لەلایەکی تر سۆڤێت هاوکاری سەربازی پێشکەشی سوریا کرد بەتایبەتی بۆ زەخیرەی فڕۆکە.
ئامانجی هێزی IDF "هێزی بەرگری ئیسڕائیل" بە فیڕۆدانی ڕێژەیەکی زۆری زەخیرە بوو بە میسڕ هاوشانی جەنگی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا کە ڕووسیا چەکەکانی ئۆکرانیا وەریدەگرێت وای لی دەکات بە خێرایی تەواویان بکات. لەو ساتەدا ئەوە پلانی ئیسڕائیل بوو کە بەرگری سەخت بکات پاشان هێرش بکاتەوە کە لەو کاتەدا هێزەکانی بەرانبەر کەرەستەکانیان توانای شەڕیان نەماوە بەمەش دەتوانێت پێشڕەوییەکی زۆر بکات و زیانی زۆریان لێ بداتەوە.

بەرەی بەرزاییەکانی جۆلان

کاتژمێر ٢ی دوانیوەڕۆی ڕۆژی ٦ی تشرینی یەکەم، هێزەکانی سوریا، لە بەرەی بەرزاییەکانی جۆلان هێرشیان دەست پێ کرد. بە درێژایی هەردوو بەرەکە جەنگێکی خوێناوی دەستی پێکرد. هێزەکانی ئیسڕائیل بەتایبەتی لە بەرزاییەکانی جۆلان تەواو شپرزە ببوون. هێزەکانی سوریا بە ژمارە لە لیواکانی ئیسڕائیل لەو ناوچەیە زیاتر بوون. فەرماندەکانی ئیسڕائیل بڕیاریان دابوو بە ڕۆژ بەرگرییەکی سەخت بکەن لە بەرامبەر سورییەکان و لە شەوانیشدا هێرشی بەهێز بکەن کە خۆی ئەم بابەتە دژی یاسای نێودەوڵەتییە لە بڕگەکانی تایبەت بە جەنگ، کە هیچ لایەنێک نابێت لە شەودا هێرش بکاتە سەر دوژمنەکەی.

دوای ١٢ کاتژمێری شەڕ، هەواڵ بە وەزیری بەرگری ئیسڕائیل "مۆشی دایان" و سەروەزیران "گۆڵدا مێیر" درا کە لیوای باراک، لەلایەن سورییەکان تێک شکێنراوە و بەسەریدا زاڵبوون. هەروەها، بەرەو کەرتی باشوور جووڵە دەکەن. بەپێی زانیارییەکان لە ناوەندی ڕێگاکە و بەرەو ڕووباری ئەردەن بەڕێوەن. ئەمەش ئەو خاڵە بوو ئیسڕائیل ترسی لێی هەبوو، چونکە پێشبینیان کردبوو ئەگەر هێزەکانی سوریا لە ڕووبارەکە بپەڕنەوە ئەوا پێشڕەوییان ڕاناگیرێت.

شکستی هێرشە پێچەوانەکەی ئیسڕائیل

لە ڕۆژی ٧ی تشرینی یەکەم، دەیڤد ئەلازار سەردانی شاموێل گۆنینی کرد کە فەرماندەی بەرەی باشوور بوو. ئیسڕائیل پلانی وابوو بەرگری سەخت بکات تا زەخیرەی میسڕ ڕوو لە کەمی بکات ئینجا هێرش بکەنەوە. یەکەی ١٦٢ی زرێپۆش هەوڵیان دا بەرگریی میسڕییەکان تێکبشکێنن و هێرشێکی کتوپڕ و وێرانکەر بکەنە سەریان لەم چالاکییەدا حەوت بنکەی ئاسمانی میسڕ زیانیان بەرکەوت. لە ڕۆژی ٨ی تشرینی یەکەم دوای ڕۆیشتنی ئالازار، گۆنین پلانەکانی داڕشتەوە و سێ یەکە و ١٨٣ تانک ی بەسەردا دابەشکردن. ئەم یەکانە بەرەو شاری ئیسماعیلییە ڕۆیشتن بەڵام لەوێ شکستێکی گەورەیان هێنا. بە درێژایی ئەو ڕۆژە یەکەی ١٤٣ ی زرێپۆشی ئیسڕائیل بەتەواوی لەناوچوون.

هەست کردن بە لاوازی و داڕوخان

ڕۆژی ١٠ی تشرینی یەکەم، کە سەرکردەکانی ئیسڕائیل هەستیان بە لاوازی خۆیان دەکرد و دەیان گوت وزەمان نەماوە، هەر لەو کاتەشدا وەزیری بەرگری ئیسڕائیل بە شپرزەییەوە بیری لە بەکارهێنانی بۆمبی ناوکی "ئەتۆمی" دەکردەوە! ڕاپۆرت دوای ڕاپۆرت لە ڕێگەی بێتەلەکانەوە دەگەیشتە سەرۆک ئەرکان و وەزیری بەرگری لە ژووری نەبەردییەکان کە لەم سەردەمەدا ناوی گۆڕاوە بۆ ژووری پلان دانان بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەکان. ڕاپۆرتەکان ئاماری شکست هێنان، هەروەها کوژرانی لیوایەکی تەواو، یاخود بۆردومانی فڕۆکە بوون بۆ سەر پێگەکانی ئیسڕائیل. لەو دەمەدا وەزیری بەرگری ئیسڕائیل گوتەیەکی پێشکەش کرد کە تەواو نائومێد و بێ وزە بوو گرنگترین بەشی گوتارەکەی ئەمە بوو "هێزەکانمان دەتوانن ١٠٠ تانکی دوژمن تێک بشکێنن، بەڵام بەمە دڵخۆش نابین. چونکە لە بەرانبەردا لیوایەک لە دەست دەدەین، کە ئەمەش نەک سوپا بەڵکو تەواوی نەتەوەکەمان پێی خەمبار و داڕوخاو دەبن". لەو جەنگەدا ئیسڕائیل گەورە ئەفسەر و فەرماندەی  زۆری لێ کوژرا، ڕۆژانە هەواڵی کوژرانی ئەفسەر و فەرماندەکان دەگەیشتەوە بە خێزانەکانیان.

کۆتایی جەنگەکە

پاش زیاتر دوو هەفتە لە جەنگ و لێکەوتنەوەی قوربانییەکی زۆر لە هەردوولا، ویلایەتە یەکگرتووەکان لەسەر داوا و تکای زۆری ئیسڕائیل هەوڵی ئاگربەستیان دا، ئەوەبوو هێنری کیسنجەر، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا سەردانی تەلئەبیب دەکات، و لە ماڵی گۆڵدا مێیر سەروەزیراندا لە تەلئەبیب کۆدەبنەوە و باس لە هەڵوێست و بیر و بۆچوونی سەرۆکی ئەمریکا چییە؟ هێنری کیسنجەر بە ڕوونی پێی دەڵێت، کەوا ئەمریکا هەڵوێستی ڕوونە و پێی ڕادەگەیەنت، کەوا نێردەیەکی چاودێری دەنێرن بۆ قاهیرە بۆ ڕاگەیاندنی ئاگربەست.

هێنری کیسنجەر، لەگەڵ مۆشی دایانیشدا کۆبووەوە و دەرئەنجامەکانیان بۆ یەکتر شیکردەوە. دوای ئەوە لە ڕۆژی ٢٥ی تشرینی یەکەمی ١٩٧٣ لەسەر داوای زۆری ئیسڕائیل ئاگربەست لە نێوان وڵاتانی هاوپەیمانی عەرەبی (میسڕ و سوریا) لەگەڵ ئیسڕائیل واژۆ کرا. هەر چەندە ئیسڕائیل لە ڕووی هێزی سەربازی لەم جەنگەدا تەواو ڕوخابوو و فەرماندە و سەربازی زۆری لە دەستدا بەڵام لە ڕاگەیاندنی ئاگربەستەکەدا براوە بوو چونکە بەپێی ئاگر بەست ئەو خاکەی کۆنتڕۆڵی کردبوو لە ماوەی ١٩ ڕۆژی جەنگەکەدا بۆی مایەوە و لە دەستی نەدا.


سەرچاوەکان



416 بینین