شێوازی کارکردنی سووڕی خوێن لە جەستەدا

له‌لایه‌ن: - پەیوەست غەفوور پەیوەست غەفوور - به‌روار: 2023-11-17-21:26:00 - کۆدی بابەت: 11646
شێوازی کارکردنی سووڕی خوێن لە جەستەدا

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

شێوازی کارکردنی سووڕی خوێن لە جەستەدا (بە ئینگلیزی: The way blood circulation works in the body، بە عەرەبی: طريقة عمل الدورة الدموية في الجسمسیستمی سوڕی خوێن لە گرنگترین سیستمەکانی لەشە، هەر بۆیە لە ئاڵۆزترین و کار وردترین سیستمەکانیشە و پێداویستی بۆ ملیاران خانە دەگوازێتەوە و لەهەمانکاتدا لە پاشەڕۆکانیش دووریان دەخاتەوە.

دڵ

ناوەندی ئەم سیستمە لە هەمانکاتدا ناوەندی جەستەشە بریتییە لە دڵ، دڵ دەکەوێتەوە بەشی ناوەڕاستی سەرەوەی قەفەزەی سنگ و بەڕێژەیەکی زیاتر دەکەوێتە لای چەپەوە، پارچە گۆشتێکە و بە ماسولکەیەکی ڕەق دابەش دەبێت بۆ دوو بەش لای چەپ و لای ڕاست، ئەم دوو بەشەش دووبارە هەر یەکەیان دابەش دەبنەوە بۆ دوو بەشی دیکە بەشی سەرەوەیان پێی دەوترێت گوێچکەڵە و بەشی خوارەوەیان پێی دەوترێت سکۆڵە.

سووڕی گەورەی خوێن

١- خوێنی کەم ئۆکسجین لە لەشەوە دەگەڕێتەوە بۆ گوێچکەڵەی لای ڕاست لە دڵدا و پاش ئەوەی کە گوێچکەڵەکە پڕ بوو لە خوێن زمانەی نێوان گوچکەڵە و سکۆڵەی لای ڕاست دەکرێتەوە و خوێنەکە دەڕژێتە سکۆڵەی ڕاستەوە، سکۆڵەی ڕاستیش  بە کرداری گرژبوون پاڵ بە خوێنەکەوە دەنێت بۆ سییەکان و زمانەی نێوان سکۆڵەی لای ڕاست و سییەخوێن بەر دەکرێتەوە و لەڕێگەی سییە خوێنبەرەوە خوێنەکە دەگاتە سییەکان.

٢- لەهەمانکاتدا خوێنی تێر ئۆکسجین لە سییەکانەوە دەگەڕێتەوە بۆ گوێچکەڵەی لای چەپ و دوای ئەوەی زمانەی نێوان گوێچکەڵە و سکۆڵەی لای چەپ دەکرێتەوە خوێنەکە دەڕژێتە ناو سکۆڵەی لای چەپ، سکۆڵەی لای چەپ بە هێزێکی زۆرەوە و بە کرداری گرژبوون خوێنە تێر ئۆسجینەکە پاڵ پێوە دەنێت بۆ شادەمارە خوێنبەر دوای ئەوەی زمانەی نێوانیان کرایەوە، ئەویش لەڕێگەی خوێنبەرەکانەوە خوێنەکە بۆ تەواوی جەستە بڵاو دەکاتەوە.

گوێچکەڵە و سکۆڵە، لە کاتی پڕبوون و خاڵیبوونەوەدا دەکشێن و پاشان گرژ دەبن، ئەم دوو کردارە پێیان دەوترێت: لێدانی دڵ. ئەو خوێنەی کە لە ڕێگەی خوێنبەر و موولووکانی خوێنەوە دەگاتە شانە و خانەکانی جەستە، ئۆکسجین و ماددەی خۆراکی لەگەڵیان ئاڵوگۆڕ دەکات و دوانەئۆکسیدی کاربۆن و پاشەڕۆکانی خانەکانیش دەگوازێتەوە بۆ جگەر و گورچیلەکان تا لە ڕێگەی پیسای و میزەڕۆوە بکرێنە دەرەوەی جەستە. موولوولە خوێنبەرەکان پاش ئەوەی بەناو شانەکاندا بڵاو دەبنەوە و تۆڕێک پێک دەهێنن، دووبارە یەکدەگرنەوە و وەک خوێنهێنەکانی خوێن بەرەو دڵ ڕێ دەگرنە بەر. ئەم سووڕەی خوێن لە دڵەوە بۆ بۆ خانەکانی جەستە و پاشانیش لە خانەکانەوە بۆ دڵ بە سووڕی گەورە ناوزەند دەکرێت.

سووڕی بچووکی خوێن

لە هەمانکاتدا سووڕێکی دیکەی خوێنە لە دڵەوە بۆ سییەکان کە بە سووڕی بچووک ناوزەندی دەکەین، کە بەبێ ئەم سووڕە جەستەمان ناتوانێت خوێنی تێر ئۆکسجین بەدەست بخات. وەک پێشتر باسمان کرد کە خوێنی کەم ئۆکسجین پاش ئەوەی لە جەستەوە گەشتە دڵ، دڵیش دەینێریت بۆ سییەکان و دواتریش لە سییەکانەوە دەگەڕێتەوە بۆ دڵ و دڵیش پاڵی پێوە دەنێت بۆ هەموو جەستە.

فشاری خوێن

تێپەڕینی خوێن بەناو خوێنبەرەکاندا فشار لەسەر دیوارەکانیان دروست دەکات و بەم فشارەش دەوترێت پەستانی خوێن، زیاتر یان کەمتر بوونی ئەم فشارە لە ئاستێکی دیاریکراو دەبێتە هۆی نەخۆشی فشار بەرزی یاخود فشار نزمی خوێن.


سەرچاوەکان



376 بینین