ئاگربەست چییە؟

له‌لایه‌ن: - شاگوڵ فوئاد شاگوڵ فوئاد - به‌روار: 2024-02-02-14:13:00 - کۆدی بابەت: 11919
ئاگربەست چییە؟

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

ئاگربەست چییە (بە عەرەبی: ما هو وقف إطلاق النار؟، بە ئینگلیزی: What is a ceasefire?). ئاگربەست بریتییە لە ڕێککەوتنێک کە تێیدا ئەو لایەنانەی ناکۆکیان لەنێواندایە پابەند دەبن بە وەستاندنی کاتی یان هەمیشەیی توندوتیژی. ئاگربەست خاسیەتێکی باو و ناسراوە لە ڕووبەڕووبوونەوە توندوتیژانەکاندا. لە نێوان ساڵانی ١٩٨٩ و ٢٠٢٠دا، زیادتر لە ٢٠٠٠ ئاگربەست لە سەرانسەری جیهاندا ڕاگەیانراوە. هەر ساڵێک، نزیکەی لە ناو سێیەکی ناکۆکییە مەدەنییە جیهانییەکان بە لایەنی کەمەوە، ئاگربەست لە یەکێکیاندا رادەگەیەنرێت. ئاگربەستەکان بەشێکی گرنگی پرۆسەی بەرقەرارکردنی ئاشتیین.

ئاگربەست

ئاگربەست وەستاندنێکی کاتی جەنگە کە تێیدا هەر لایەنێک لەگەڵ ئەوی تردا ڕێکدەکەوێت بۆ وەستاندنی توندوتیژی. ئاگربەست دەکرێت وەکوو بەشێكی پەیمانێکی فەرمی ڕابگەیەنرێت، بەڵام لە هەمان کاتیشدا دەکرێت وەکوو بەشێك لە ڕێککەوتنێکی نافەڕمی لە نێوان لایەنە دژ بە یەکەکاندا ڕابگەیەنرێت. دەکرێت لە ڕێگەی میانگیرییەوە ئاگربەستەکە ئەنجام بدرێت، یاخوود وەکوو بەشێک لە پرۆسەی ئاشتی، یانیش لە لایەن ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بسەپێنرێت.

ئامانجی دەستبەجێی ئاگربەست بۆ وەستاندنی توندوتیژییە، بەڵام مەبەستەکانی دەکرێت جیاوازبن. دەکرێت ئاگربەست بۆ دابینکردنی پێداویستییە سنووردارەکان بێت لە ماوەیەکی کەمدا، بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەک بێت بۆ ئەوەی سەر بەرەو خراپتر نەکێشێت، یاخوود هەوڵی زیادتر بێت بۆ ئەوەی بە ئاشتیانە ناکۆکییەک چارەسەر بکات.

ماوەی ڕێککەوتنە ئاگربەستییەکان چەندین هۆکار کاریان تێدەکات، وەکوو چەک داماڵین، کشانەوەی هێزە سەربازییەکان و دڵنیایی و چاودێریکردن لە لایەنی سێیەمەوە (پاراستنی ئاشتی). ڕێککەوتنە ئاگربەستییەکان ئەگەری مانەوەیان زۆرترە کاتێک هاندەرەکانی هێرشکردن کەم دەکرێنەوە، نادڵنیایی لەمەڕ نیازی دوژمنەوە کەم دەکرێتەوە و میکانیزمەکانی دابینکراوەکان ڕێگە لەو ڕووداوانە دەگرن کە بەرەو ناکۆکی سەردەکێشن. ڕێککەوتنە ئاگربەستییەکان بەزۆری لەو کاتانەدا جێبەجێ دەکرێن کە ناکۆکییەکان زیان و باجێکی زۆری دەبێت و لایەنە بەشداربووەکان پاڵپشتیان نابێت.

بە پێی توێژینەوەیەک لە ساڵی ٢٠٢٢دا ئەنجامدراوە، لە ماوەی نێوان ساڵانی ١٩٨٩ بۆ ٢٠٢٠دا بە لایەنی کەمەوە ٢٢٠٢ ئاگربەست ئەنجامدراوە لە نێو ٦٦ وڵاتدا و بۆ ١٠٩ ناکۆکیی مەدەنی.

نموونە مێژوویییەکان

لە ڕووی مێژوویییەوە، چەمکی ئاگربەست بە لایەنی کەمەوە لە کاتی چاخەکانی ناوەڕاستەوە بوونی هەبووە. ئەمانەی خوارەوەش کۆمەڵە نموونەیەکی مێژووییی ئاگربەستن:

جەنگی جیهانیی یەکەم

لە ماوەی جەنگی جیهانیی یەکەمدا، لە ڕێکەوتی ٢٤ی کانوونی یەکەمی ساڵی ١٩١٤، ئاگربەستێکی نافەڕمی لە ئارادابوو لە بەرەی پێشەوەی ڕۆژاوا وەکوو وڵاتەکانی فەڕەنسا، شانشینی یەکگرتوو و ئەڵمانیا. چەند ئاماژەیەک هەبوون بۆ ئەوەی کە ئاگربەستێکی نافەڕمی جێبەجێکراوە لە ماوەی هەفتەیەک پێش جەژنی کریسمسدا، و هێزە سەربازییەکانی ئەڵمانیا و بەریتانیا لە نێوان یەکدا سڵاویان لە یەکتر کردووە و پیرۆزبایی ساڵی نوێیان لە یەکتر کردووە. ئاگربەستەکە ماوەکەی کەم بووە بەڵام شتێک بووە خۆڕسکانە ڕوویداوە. سەرەتاکەی لەوێوە دەستی پێکردووە کە سەربازە ئەڵمانییەکان دارێکی کریسمسیان سووتاندووە و بە خێرایی بە تەواوی بەرەی پێشەوەی ڕۆژاوادا بڵاوبووەتەوە. لە ماوەی ئاگربەستی جەژنی کریسمسدا هیچ پەیمانێکی ئاشتی واژۆ نەکراوە و دوای چەند ڕۆژێک جەنگ دەستی پێکردەوە.

ڕێککەوتنی کاراچی

ڕێککەوتنی کاراچیی ساڵی ١٩٤٩ لە لایەن نوێنەرانی سەربازیی هندستان و پاکستانەوە واژۆکرا، بە سەرپەرشتی لیژنەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هندستان و پاکستان، لەسەر سنووری کشمیر ئاگربەستێکی ڕاگەیاند دوابەدوای جەنگی هندستان و پاکستان لە ساڵی ١٩٤٧.

جەنگی کۆریا

لە ڕێکەوتی ٢٩ی تشرینی دووەمی ساڵی ١٩٥٢، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا، دوایت دی. ئایزنهاوەر، سەردانی کۆریای کرد بۆ ئەوەی کۆتایی بە جەنگی کۆریا بهێنێت. بە قبووڵکردنی پێشنیاری شەڕڕاگرتنی هندستان لە لایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە، ئاگربەستی نێوان فەرماندەییی نەتەوە یەکگرتووەکان لە لایەک، و سوپای گەلی کۆری و سوپای خۆبەخشی گەل لە لایەکی ترەوە، لە نزیکەی پلەی ٣٨ی هاوتەریبی باکور هاتە جێبەجێکردن. ئەم لایەنانە لە ڕێکەوتی ٢٧ی تەمموزی ساڵی ١٩٥٣ ڕێککەوتنی شەڕڕاگرتنی کۆریایان واژۆکرد، بەڵام سینگمن ڕیی سەرۆکی کۆریای باشور، کە هێرشی کردە سەر ڕێوشوێنەکانی بەستنی ئاگربەستەکە، واژۆی نەکرد. لە پاڵ ڕازی بوون بە ئاگربەستەکە کە داوای لە میرییەکانی کۆریای باشور، ئەمریکا، کۆریای باکور و چین دەکرد تا بەشداربن لە بەردەوامیپێدان بە گفتوگۆکانی ئاشتی، شەڕکەرانی جەنگەکە ناوچەی لە چەک داماڵینی کۆرییان دامەزراند و لەو کاتەوە لە لایەن سوپای هاوبەشی کۆماری کۆریا، ئەمریکا و فەرماندەیی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە لە لایەک، و سوپای گەلی کۆریا لە لایەکی ترەوە، چاودێری دەکرێت. لەو کاتەوە وا دادەنرێت کە جەنگەکە کۆتایی هاتووە هەرچەندە هیچ پەیمانێکی ئاشتیش لە ئارادا نییە.

جەنگی ڤێتنام

لە رۆژی سەری ساڵی تازەدا لە ساڵی ١٩٦٨، پاپا پۆڵی شەشەم ڤێتنامی باشور و ئەمریکای رازی کرد کە ئاگربەستێکی ٢٤ کاتژمێری ڕابگەیەنن. بەڵام ڤیەت کۆنگ و ڤێتنامی باکور پابەندی ئاگربەستەکە نەبوون، و دە خولەک دوای نیوەشەو  لە می تۆ، بۆسەیان بۆ فیرقەی دووەمی هێزی دەریاییی کۆماری ڤێتنام دانا. ڤیەت کۆنگ هێرشیشی کردە سەر بنکەیەکی پشتیوانی سوپای ئەمریکی لە نزیک سایگن و قوربانی زیاتری لێ کەوتەوە.

لە ڕێکەوتی ١٥ی کانوونی دووەمی ساڵی ١٩٧٣دا، ڕیچارد نیسکنی سەرۆکی ئەمریکا فەرمانی بە بەستنی ئاگربەستێک کرد بۆ وەستاندنی بۆردومانە ئاسمانییەکانی سەر باکوری ڤێتنام. بڕیارەکە دوای ئەوە هات کە هێنری کیسینگەری ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەییی سەرۆک، لە پاریسەوە گەڕایەوە بۆ واشنتن و ڕەشنوسێکی پێشنیاری ڕێککەوتنی ئاشتی لەگەڵ خۆیدا هێنابوو. شەڕ لە باشوری ڤێتنام بەردەوام بوو. لە ڕێکەوتی ٢٧ی کانوونی دووەمی ساڵی ١٩٧٣دا، هەموو لایەنەکانی جەنگی ڤێتنام ڕێککەوتنێکی ئاگربەستیان وەکوو پێشەکییەک بۆ ڕێککەوتنی ئاشتیی پاریس، واژۆکرد.

جەنگی کەنداو

دوای ئەوەی لە ئۆپەراسیۆنی زریانی بیابان، هێزەکانی هاوپەیمانان کە لە لایەن ئەمریکاوە ڕابەری دەکرا، عێراق لە کوەیت دەرکرا، عێراق و ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕێکەوتی ٣ی ئازاری ساڵی ١٩٩١دا ڕێککەوتنێکی ئاگربەستیان واژۆکرد. دوابەدوای ئەوە لە ماوەی ساڵەکانی ١٩٩٠ـەکاندا، ئەنجومەنی ئاسایش چەندین جار داوای لە عێراق کردووە کە دەستبەجێ و بەبێ مەرج چەکی کۆمەڵکوژی دابنێت. لەبەرئەوەی دوای جەنگی کەنداو هیچ پەیمانێکی ئاشتی واژۆنەکرا، بۆیە جەنگەکە هەر بەردەوام بوو تا ساڵی ٢٠٠٣، کە هێزەکانی ئەمریکا و بەریتانیا عێراقیان داگیرکرد و سەدام حوسێنیان لە دەسەڵات لابرد.

ناکۆکیی کشمیر

لە ڕێکەوتی یەکی کانوونی دووەمی ساڵی ١٩٤٩، ڕێكکەوتنێکی ئاگربەست بە نێوەندگیری نەتەوە یەکگرتووەکان بەسترا و جەنگی هندستان و پاکستانی کۆتایی پێهێنا. لە تشرینی یەکەمی ساڵی ١٩٤٧دا شەڕ لە نێوان هەردوو وڵاتە تازە سەربەخۆکەدا هەڵگیرسا لە کشمیر، هندستان بە ناوی فەرمانڕەوای کشمیرەوە دەستوەردانی دەکرد کە چووبووە پاڵ هندستان و پاکستانیش پاڵپشتی یاخیبووەکانی دەکرد. شەڕەکە تەنها لە کشمیردا بوو بەڵام لە ئەگەری ئەوەی کە سەر بکێشێت بەرەو جەنگێکی نێودەوڵەتی، هندستان لەژێر مادەی ٣٥ی جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا بابەتەکەی ڕەوانەی ئەنجومەنی ئاسایش کرد، و بابەتەکەی بە "ئەگەری هەیە مەترسی بۆ سەر ئاسایشی نێودەوڵەتی دروستبکات" وەسف کرد. ئەنجومەنی ئاسایش لیژنەی نەتەوە یەکگرتووەکانی بۆ هندستان و پاکستان دامەزراند کە بۆ ماوەی ساڵێک بە درێژایی شەڕەکە لە کارکردن بەردەوام بوو. دوای چەندین دانیشتن بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ ناکۆکییەکان لە ڕێگەی ڕاپرسییەکەوە، گەشتنە ڕێكکەوتنێکی ئاگربەست لە کۆتایییەکانی کانوونی یەکەمی ساڵی ١٩٤٨، کە لە سەری ساڵی تازەدا جێبەجێ کرا. هندستان لە مانگی ڕەمەزانی ساڵی ٢٠١٨دا ئاگربەستی لە دۆڵی کشمیر ڕاگەیاند.

ئێرلەندای باکور

لە ماوەی ناکۆکییەکانی باکوری ئێرلەندادا سوپای کۆماری ئێرلەندا چەندین ئاگربەستی بە بۆنەی جەژنی کریسمسەوە ڕاگەیاندووە.

ناکۆکیی ئیسرائیل – فەڵەستین

نموونەیەک لە ئاگربەستی ناکۆکییەکانی نێوان ئیسرائیل و فەڵەستین لە نێوان ئیسرائیل و دەسەڵاتی ناوخۆی فەڵەستینیدا بوو لە ڕێکەوتی ٥ی شوباتی ساڵی ٢٠٠٥. کاتێک ڕێککەوتنەکە ڕاگەیەندرا، سەرۆکی دانوستانکاری فەڵەستینی سەعیب عەرەکات بەم شێوەیە ئاگربەستەکەی بۆ ڕای گشتی خستەڕوو: "ئەمڕۆ ڕێککەوتووین لەسەر ئەوەی سەرۆک مەحموود عەباس وەستاندنی تەواوەتی توندوتیژییەکان لە دژی ئیسرائیلەکان ڕادەگەیەنێت، لەهەر شوێنێک بن و سەرۆک وەزیران ئێریەل شارن وەستاندنی تەواوەتی توندوتیژییەکان و چالاکییە سەربازییەکان لە دژی فەڵەستینییەکان ڕادەگەیەنێت، لەهەر شوێنێک بن."

شەڕی ناوخۆی سوریا

چەندین هەوڵ دراون بۆ ئەنجامدانی ئاگربەست لە شەڕی ناوخۆی سوریادا.

ئاگربەستی جیهانیی ٢٠٢٠

ئاگربەستی جیهانیی ٢٠٢٠ وەڵامدانەوەیەک بوو بۆ داواکارییەکی فەڕمی لە لایەن سکرتێری گشتی ئەنجومەنی ئاسایش لە ڕێکەوتی ٣٢ی ئادار بۆ ئاگربەستێکی جیهانی وەکوو بەشێک لە وەڵامدانەوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەتای کۆڤید-١٩. لە ٢٤ی حوزەیرانی ٢٠٢٠دا، ١٧٠ دەوڵەتی ئەندام لە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕێککەوتنێکیان واژۆکرد بۆ پشتیوانی لەو داوایە، لە ٢٥ی هەمان مانگدا ژمارەکە بۆ ١٧٢ دەوڵەت بەرزبووەوە و لە یەکی تەمموزی هەمان ساڵدا، ئەنجومەنی ئاسایش بڕیارنامەیەکی پەسەندکرد و داوای وەستاندنی جیهانی و دەستبەجێی شەڕەکانی کرد لە جیهاندا بە لایەنی کەمەوە بۆ ماوەی ٩٠ ڕۆژ.


سەرچاوەکان



164 بینین