کونبوونی دوانزەگرێ

له‌لایه‌ن: - شارا نەوزاد شارا نەوزاد - به‌روار: 2024-02-13-11:37:00 - کۆدی بابەت: 11959
کونبوونی دوانزەگرێ

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

کونبوونی دوانزەگرێ (بە ئینگلیزی: duodenal perforation، بە عەرەبی: ثقب الاثني عشر) نەخۆشییەکە حاڵەتێکی دەگمەنە بەڵام کوشندەیە. ڕێژەی مردن لە نێوان ٨٪ بۆ ٢٥٪ تۆمارکراوە. لە ساڵی ١٦٨٨، لە لایەن مۆراڵتۆوە وەسف کرا و لەلایەن لێنێپنۆوە ڕاگەیەندرا. دواتر، لە ساڵی ١٨٩٤، دیان یەکەم حاڵەتی ڕاگەیاند، کە بە سەرکەوتوویی نەشتەرکاری بۆ داخستنی برینێکی دوانزەگرێ کرد. لە ساڵی ١٩٢٩، سیلان-جۆنز تەکنیکێکی وەسف کرد بۆ چاککردنەوەی کونەکان بە بەکارهێنانی بەرگی سک.

دواتر لە ساڵی ١٩٣٧، گراهام ئەو تەکنیکەی گۆڕی. نەخۆشی برینەکانی هەرس یەکێکە لە هۆکارە گرنگەکانی کونبوونی دونزەگرێ. دەتوانرێت بە سەربەخۆ ڕووبدات یان بەهۆی هۆکارێکی ترەوە بێت. کونبوونی سەربەخۆ کاتێک ڕوودەدات کە ناوەڕۆکی ڕیخۆڵە بە ئازادی دزە دەکات بۆ ناو بۆشایی سک و دەبێتە هۆی بڵاوبوونەوەی هەوکردنی بۆشایی سک. لە کونبوونی ناسەربەخۆدا دزەکردنی ئازاد ڕێگری لێدەکرێت لەلایەن ئەندامە هاوسێکان وەک دیواری پەنکریاس لە دەرەوەی ناوچەکە.

دوانزەگرێ

لە ڕووی ئەناتۆمییەوە، دوانزەگرێ بەشێکە لە ڕێڕەوی هەرس لە نێوان گەدە و ڕیخۆڵە باریکەدایە. چوار بەش لەخۆ دەگرێت:

  • بەشە نزیکەکەی ناسراوە بە دەرپەڕیوی دوانزەگرێ، کە بە جگەرەوە دەبەسترێتەوە لە ڕێگەی پەیوەندی جگەر - دوانزەگرێ کە خوێنبەری جگەری تێدایە، هەروەها خوێنهێنەر، و جۆگەی زراو.
  • بەشی دووەم یان بەشی خوارەوەی دوانزەگرێ دەوری سەری پەنکریاس دەدات.
  • بەشی سێیەم بریتییە لە بەشی ئاسۆیی. لوولە گەورەکانی مەزەنتەر لە سەرەوەی ئەم بەشەن.
  • بەشی چوارەم بە دوای جوجینەمدا دێت.

پەتاناسی

ڕێژەی ساڵانەی نەخۆشی برینەکانی هەرس (PUD) چوار ملیۆن کەس لە جیهاندایە، بە ڕێژەی ١.٥٪ بۆ ٣٪. نزیکەی ٥٪ی ئەو نەخۆشانەی کە تووشی برینەکانی هەرس دەبن لە ژیانیاندا ئەزموونی کونبوون دەکەن. کەمبوونەوەی ڕێژەی PUD ڕوونکراوەتەوە بە چارەسەری ڕیشەکێشکردن بۆ بەکتریای هێلیکۆباکتەر پایلۆری و بەکارهێنانی بەربەستەکانی پەمپی پرۆتۆن (PPIs).

لەگەڵ ئەوەشدا، هێشتا نیگەرانییەکانی کونبوون بە هۆی برینەکانی هەرسەوە بەردەوامە. پیربوونی دانیشتوان و بەکارهێنانی دەرمانی دژە هەوکردنی ناستێرۆید (NSAIDs)، کارلێککردنی NSAIDs لەگەڵ ڕێگرییەکانی دووبارە وەرگرتنەوەی سیرۆتۆنین و ستێرۆیدەکان هۆکاری شیاون کە دەتوانن ڕێژەی بەرزی کونبوون ڕوون بکەنەوە. هەروەها لێکۆڵینەوەکان دەریدەخەن کە ڕێژەی بڵاوبوونەوەی H. pylori لە نێوان ٥٠٪ بۆ ٨٠٪ لەو نەخۆشانەدایە کە برینەکانیان هەیە. لێکۆڵینەوەکان ئەوە نیشان دەدەن کە کونبوونی برینەکان لە بەیانیاندا زیاتر ڕوودەدات، و میکانیزمەکە ڕوون دەبێتەوە بە جیاوازی ڕۆژانە لە دەردانی ترش.

دوای ناوبینی، دوای هێڵکاری زراو - پەنکریاس (ERCP)، کونبوونی دوانزەگرێ ڕاپۆرت کراوە لەگەڵ ڕێژەی مەودا لە نێوان ٠.٠٩٪ بۆ ١.٦٧٪. شێواندنی کارکردنی ئۆدی، تەمەنی پیری، برینی پێشوەختە، نائاساییەکانی ئەناتۆمی و دەرزی جیاوازی مامناوەند ئەو هۆکارانەن کە دەبنە هۆی زیادبوونی مەترسی کونبوونی دوانزەگرێ دوای ERCP.

کەمتر لە ٢٪ی برینەکانی سک لە ئەنجامی کارەساتەوە (ڕووداو) دەبنە هۆی کونبوونی دوانزەگرێ. کەمتر لە ١٪ی جەستە بیانییەکان دەتوانن ببنە هۆی کونبوونی گەدە و ڕیخۆڵە.

نیشانەکان

بە شێوەیەکی نموونەیی ئەو نەخۆشانەی کە برینەکانی دوانزە گرێیان هەیە ئازاری سکیان هەیە یان هەست بە برسێتی دەکەن. ئەگەر کونبوون ڕووبدات، بەزۆری دەبێتە هۆی دەستپێکردنی ئازاری لەناکاو لە سەرەوەی سک. لەگەڵ ئەوەشدا، لە نەخۆشە بەساڵاچووەکان یان نەخۆشە بەتەمەنەکان، نیشانەکانی کلینیکی لەوانەیە نەدۆزرێنەوە و دەستنیشانکردن دوابخرێت. وێنەگرتن ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە دەستنیشانکردنی، و دواتر، هەڵبژاردنی گونجاوی جێگرەوەی چارەسەری و هەڵسەنگاندنی مەترسیییەکان.

مێژوو و سروشتی نەخۆشییەکە

ئەگەر بکرێت، بۆ بەدەستهێنانی مێژوویەکی تەواو، پزیشکەکان پێویستە پرسیار لە نەخۆشەکان بکەن سەبارەت بە هۆکارەکانی مەترسی برینەکانی هەرس. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەگەر کونبوونی بیرنەکانی هەرس PPU ڕوویدا، مێژووی نەخۆشەکە پلانی چارەسەرەکە ناگۆڕێت. نیشانە نموونەییەکان بۆ کونبوونی برینەکانی هەرس پێناسە دەکرێن بە دەستپێکردنی ئازاری سکی لەناکاو، کە هەرگیز بەتەواوی کەم نابێتەوە تەنانەت بە چارەسەری پێش پزیشکیش. سێ بەشی کلاسیک لە نەخۆشەکانی PPU بریتییە لە خێرا لێدانی دڵ، دەستپێکردنی ئازاری سک لەناکاو و توندی سک.

سێ قۆناغ پێناسەی دەرکەوتنی کلینیکی PPU دەکەن. لە ماوەی دوو کاتژمێر لە دەستپێکردنی قۆناغی سەرەتایی، خێرا لێدانی دڵ، ئازاری سەرووی گەدە و ساردبوونی پەلەکان دەردەکەون.

لە ماوەی دوو بۆ دوانزە کاتژمێردا (قۆناغی دووەم) ئازارەکە گشتگیر دەبێت و بە جووڵە زیاد دەکات. جووڵەی شلە بە درێژایی جۆگەی پاراکۆلیکی ڕاست دەتوانێت ببێتە هۆی نیشانە ئاساییەکان وەک نەرمبوونی بەشی ڕاستی خوارەوە و توندبوونی سک.

زیاتر لە دوانزە کاتژمێر (قۆناغی سێیەم) دەتوانێت وەک ناڕەحەتی سک، تا و نزمبوونەوەی پەستانی خوێن دەربکەوێت.

هۆکارەکان

  • نەخۆشی برینەکانی هەرس (PUD)، هەوکردنی ئێچ پایلۆری و دەرمانی دژە هەوکردنی نا ستێرۆیدی (NSAIDs) دوو هۆکاری سەرەکین بۆ PUD و دواتر کونبوونی دوانزەگرێ. هەرچەندە لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا ڕێژەی تووشبوون بە برینی هەرس کەمی کردووە، بەڵام هێشتا هۆکاری سەرەکییە بۆ تووشبوون بە کونبوونی دوانزەگرێ.
  • جگەرەکێشان، فشاری فیزیۆلۆجی، مێژووی پێشووی PUD، و کۆرتیکۆستیرۆیدەکان هۆکاری دیکەی مەترسین بۆ کونبوونی برینەکانی هەرس (PPU).
  • بەکارهێنانی کحول دەبێتە هۆی زیادبوونی دەردانی دەردراوەکانی هەرس و زیان گەیاندن بە لینجە پەردەی گەدە. بەڵام لێکۆڵینەوەکان ئەوەیان نیشان نەداوە کە کحول دەتوانێت ببێتە هۆی PUD.
  • Duodenal diverticula
  • نەخۆشییە گوازراوەکانی (TB، Rotavirus، norovirus، Ascaris lumbricoides)
  • بارودۆخی بەرگری خۆیی، لەوانە فرەڕەقبوون، نەخۆشی کرۆن و هەوکردنی خوێنبەرەکانی سک
  • کەمخوێنی دوانزەگرێ (نەچوونی خوێن بۆ دوانزەگرێ)
  • بوونی بەردی گورچیلە لە دوانزەگرێ
  • چارەسەری کیمیایی
  • گرێکان
  • بارودۆخی پزیشکی، بەهۆی بەکارهێنانی ئامێری ناوبینییەوە زیاتر باو دەبێت.
  • ناوبینی، پرۆسەی دەستنیشانکردن و چارەسەری دەگرێتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا، ڕێژەی کونبوون لە چارەسەرییا زیاترە. 
  • نەشتەرکاری، ئامێرەکانی نەشتەرکاری دەتوانن ببنە هۆی کونبوونی دوانزەگرێ. هەناوبینی لابردنی دوانزەگرێ دەتوانێت ببێتە هۆی کونبوونی دوانزەگرێ (٠.٠١٥٪) لە کاتی سووتانی گەرمی بە ئەلیکترۆ سکێتری یان لادانی لار یان تیژ کون بکات.
  • کارەسات، برینی دوانزەگرێی جیاواز ئاسایی نییە و بە شێوەیەکی ئاسایی لەگەڵ برینەکانی ئەندامەکانی تر ڕوودەدات.
  • تەنە بیانییەکان، تەنە بیانییە تەنک و تیژەکان پەیوەندییان هەیە لەگەڵ مەترسی کونبوون
  • کونبوونی بێ هۆکاری دوانزەگرێ، لە تازە لەدایکبووان بەهۆی هۆکارێکی نەزانراوەوە ڕوودەدات.

هۆکارە سەرەکییەکانی برینەکانی هەرس هێشتا بەکارهێنانی NSAIDs و بەکتریای گەدەیە. NSAIDs دەتوانێت دەردانی پرۆستاگلاندین کەم بکاتەوە بە ڕێگریکردن لە COX-1 لە ڕێڕەوی هەرس کە ئەمەش دەبێتە برینداربوونی ناوپۆشی گەدە و دوانزەگرێ. بەکارهێنانی NSAIDs لە نەخۆشە دیاریکراوەکاندا وەک هاو-ڕەچەتەی دژە پەڕەکانی خوێن، کۆرتیکۆستێرۆیدەکان، دژە خوێنمەیین، تەمەنی سەروو ٦٥ ساڵ، نەخۆشی دڵ، و مێژووی نەخۆشی برینەکانی هەرس دەتوانێت مەترسی برینی دوانزەگرێ و گەدە زیاد بکات. بەکارهێنانی درێژخایەن و ژەمی زۆری NSAIDs هۆکاری مەترسی زیاترن بۆ برینی لینجە ماددەی گەدە و دوانزەگرێ. هەروەها لێکۆڵینەوەکان ئەوەیان ئاشکرا کردووە کە piroxicam و ketorolac بەرزترین کاریگەری برینی ناوپۆشیان هەیە لە خێزانی NSAIDs.

هەوکردنی ئێچ پایلۆری هۆکارێکی دیکەیە بۆ تووشبوون بە برینەکان. لەوانەیە ئێچ پایلۆری بە هاندانی شانەگۆڕکێی گەدە، هاندانی وەڵامی بەرگری و دەردانی ترشی گەدە و کەمکردنەوەی بەرگری لینجە ماددە، دەتوانێت ببێتە هۆی برینداربوونی دوانزەگرێ و دواتر کونبوونی دوانزەگرێ.

بەهۆی ڕێکارە پزیشکییەکان

پۆلێنکردنی Stapfer پۆلێنکردنی کونبوونەکانی دوای ERCP بە چوار جۆر پۆلێن دەکات. ناوبینی خۆی دەبێتە هۆی کونبوونی جۆری یەکەم (کونکردنی دیواری لاوەکی یان دیواری دوانزەگرێی ناوەندی).

جۆری دووەمی کونبوونی دوانزەگرێ ڕوودەدات لەماوەی sphincterotomy. جۆری سێیەمی کونبوونی دوانزەگرێ یان برینەکانی ڕێڕەوی گورچیلە بەهۆی ئامێری باسکێت یان وایەرەوە ڕوودەدات و کونەکانی جۆری چوارەم دەستنیشان دەکرێن بەهۆی هەوای پشتەوەی بەرگی سک retroperitoneal لەسەر وێنەگرتن و زۆرجار نیشانەیان نییە.

لە کونبوونی دوانزەگرێدا ترشی گەدە دەچێتەوە  ناو بۆشایی سک و لەوێدا دەبێتە هۆی هەوکردنی کیمیایی بۆشایی سک. لەم قۆناغەدا، نەخۆشەکان دەکرێت بەبێ نیشانە دەربکەون. ئەگەر دزەکردنەکە دانەخرێت، ئەوا تەنۆلکەکانی خۆراک دەتوانن بگەنە بۆشایی سک و هەنگاو بە هەنگاو گەشە بکەن بۆ هەوکردنی بەکتریایی کە دەبێتە هۆی نیشانەکانی سک و دەبێتە هۆی بڵاوبوونەوەی هەوکردنی بۆشایی سک.

ئالۆزییەکان

ژەهراویبوونی خوێن باوە و لە ٤٠٪ بۆ ٥٠"٪ی ئەو نەخۆشانە پێکدەهێنێت کە PPUیان هەیە. کاتێک دەگەنە ژووری نەشتەرکاری، نزیکەی ٣٠٪ بۆ ٣٥٪ی نەخۆشەکانی PPU نەخۆشی هەوکردنی خوێنیان دەبێت. زیاتر لە ٢٥٪ی لە یەکەم مانگی نەشتەرکارییەکەدا تووشی شۆکی ژەهراوی دەبن، کە دەبێتە هۆی ڕێژەی مردن لە نێوان ٥٠٪ بۆ ٦٠٪. تەمەنی گەورەتر لە چل ساڵ، مێژووی شۆک، و قەبارەیەکی گەورەتری کونبوون ڕاپۆرت دەکرێن وەک هۆکاری مەترسی کە دەبێتە هۆی زیادبوونی ڕێژەی ئاڵۆزییەکانی دوای نەشتەرکاری. ئاڵۆزییە باوەکانی نەشتەرکاری بریتین لە هەوکردنی سییەکان، نەخۆشی برین، هەوکردنی بۆشایی سک، incisional hernia، enterocutaneous fistula، کۆبوونەوەی ناو سک و هەوکردن لە شوێنی نەشتەرکاری و گیرانی ڕیخۆڵە. لەو حاڵەتانە، هەوکردنی شوێنی نەشتەرکاری بە ڕێژەی ٣٢٪ وەک باوترین ئاڵۆزی دوای نەشتەرکاری تۆمارکراوە.


سەرچاوەکان



142 بینین