دانەخرانەوەی بڕبڕەی پشت

له‌لایه‌ن: - فیردەوس جەزا جاف فیردەوس جەزا جاف - به‌روار: 2024-03-02-21:34:00 - کۆدی بابەت: 12046
دانەخرانەوەی بڕبڕەی پشت

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

دانەخرانەوەی بڕبڕەی پشت (بە ئینگلیزی: Spina bifida، بە عەرەبی: السنسنة المشقوقة) بریتییە لە دانەخرانەوەی ئێسکی بڕبڕەی پشت و وەرنەگرتنی شێوەی ئاسایی خۆی بە دەوری دڕکە پەتکدا لە قۆناغەکانی سەرەتای دروستبوونی منداڵدا.

ئەمە جۆرێکە لە کەموکوڕی لوولەی دەماری. لوولەی دەماری پێکهاتەیەکە لە ئاوڵومەی گەشەکردوودا کە دواتر دەبێتە مێشک، دڕکە پەتک و ئەو شانانەی بەرگیان دەگرێت. بەشێوەیەکی ئاسایی بۆری دەمار لە سەرەتای دووگیانیدا دروست دەبێت و لە ٢٨ەمین ڕۆژی دوای دروست بوونی کۆرپەلە دادەخرێت.

جۆرەکانی دانەخرانەوەی بڕبڕەی پشت

  • دانەخرانەوەی بڕبڕەی پشت بە شێوەیەکی نادیار (Spina bifida occulta): ئەم جۆرەیان باوترینە بەڵام لەبەر ئەوەی کاریگەری زۆر سوکە لەسەر لەش کەسی توشبوو زۆر جار نازانێت کە ئەم ناڕێکییەی هەیە. ئەم جۆرە دەبێتە هۆی جیابوونەوەیەکی بچووک یان بۆشاییەک لە یەکێک یان زیاتر لە ئێسکەکانی بڕبڕە. نیشانەیەکی ڕوون و ئاشکرای نییە یان هەندێک جار وەک پەڵەیەک لەسەر پێست و بوونی هەندێک موو لە ئاستی ئەو بڕبڕەیە دروست دەبێت بەڵام هیچ کاریگەرییەکی لەسەر منداڵەکە نییە و لەوانەیە لە کاتی تاقیکردنەوەی وێنەگرتندا (ئەشیعە) بدۆزرێتەوە کە لەبەر هۆکارێکی تر ئەنجام دەدرێت.
  • مایلۆمێنانگۆسێڵ (Myelomeningocele): توندترین جۆری ئەم حاڵەتەیە کە دەبێتە هۆی دروست بوونی مەترسی بۆ سەر ژیانی کۆرپەلە. کەناڵی بڕبڕەی پشت بە درێژایی بڕبڕە جۆراو جۆرەکان کراوە دەبێت لە بەشی خوارەوە و ناوەڕاستی پشت. بەشەکانی بڕبڕەی پشت کراوە دەبن لەکاتی لەدایک بوون و کیسەیەک دروست دەکەن لە پشتی منداڵەکەدا. بەگشتی شانەکان و دەمارەکان ئاشکرا دەکرێن و ئەمەش وا دەکات منداڵەکە تووشی نەخۆشی مەترسیدار ببێت. هەروەها ئەم جۆرە لەوانەیە ببێتە هۆی لەدەستدانی جووڵە لە قاچەکان و تێکچوونی کارکردنی میزڵدان و ڕیخۆڵە.
  • مێنانجۆسیەڵ (Meningocele): ئەمە جۆرێکی دەگمەنە لە دانەخرانەوەی بڕبڕەی پشت. لەم جۆرەدا، کیسەیەکی شلەی پشت لە ڕێگەی کردنەوەیەکەوە لە بڕبڕەکەدا هەڵدەقوڵێت کە بریتییە لە هەڵئاوسان و هاتنەدەرەوەی پەردەی دەوری دڕکە پەتک. هیچ دەمارێک کاریگەری لەسەر نییە و دڕکەپەتک لە شلەی ناو کیسەکەدا نییە و لە شوێنی خۆیەتی. ئەو منداڵانەی کە ئەم حاڵەتەیان هەیە لەوانەیە کێشەی بچووکیان هەبێت لە کارکردن، لەوانە لەگەڵ میزڵدان و ڕیخۆڵە.

ئەم دوو جۆرەی کۆتایی دەکرێت کێشەی گەورە بۆ منداڵەکە دروست بکات و تەنانەت زۆر جار ڕەنگە ببێتە هۆی شەلەلبوونی هەردوو قاچ.

بەگشتی ئەو منداڵانەی ئەم حاڵەتەیان هەیە چەند نیشانەیەکیان هەیە لەوانە:

  • کێشەی دڵ.
  • گەورەبوونی سەری منداڵ زیاد لە ئاستی ئاسایی.
  • کێشەی ئێسک.
  • لاوازی ئاستی زیرەکی.

هۆکارەکان

هۆکاری سەرەکی ئەم حاڵەتە ئاشکرا نەکراوە، پێشبینی دەکرێت کە تێکەڵەیەک لە هۆکارەکانی بۆماوەیی، خۆراکی و ژینگەییەکان ببنە هۆی ئەم حاڵەتە. ئەمە ئەوە دەگرێتەوە کە مێژوویەکی خێزانیت هەبێت لە کەموکوڕییەکانی بۆری دەمار و زۆر کەمی فۆلەیت، کە هەروەها ناسراوە بە ڤیتامین B-9 لە ماوەی دووگیانیدا دەکرێت هۆکار بێت.

هۆکارە مەترسیدارەکانی توشبوون بەم حاڵەتە

  • بوونی ڕێژەیەکی زۆر کەم لە فۆلەیت لە جەستەی کەسی دووگیاندا.
  • هۆکاری بۆماوەیی بەتایبەت لەو خێزانانەی ناڕێکیان هەیە لە بۆری دەمار.
  • هەندێک دەرمان.
  • شەکرە.
  • قەڵەوی.
  • بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی لەش.

خۆپاراستن

دەتوانیت بە شێوەیەکی بەرچاو مەترسی ئەوە کەم بکەیتەوە کە منداڵێکت هەبێت لەگەڵ دانەخرانەوەی بڕبڕەی پشت یان کەموکوڕییەکانی تری بۆری دەمار بە بەکارهێنانی تەواوکەری ترشی فۆلیک. بە لایەنی کەمەوە یەک مانگ پێش دووگیانی دەست بە بەکارهێنانی تەواوکەرەکان بکە و بەردەوام بە لە سێ مانگی دووگیانی.


سەرچاوەکان



114 بینین